وتار
لە کانتۆنی باڵ لە سویسرا :
شوان هه‌ورامی

لەسەر تەوقە رەگەزنامەی خێزانێکی موسوڵمان راگیرا !!
دوو مێرمنداڵی موسوڵمانی بە رەگەز سوریایی تەمەن ( ١٤ و ١٥ ) ساڵە ، کە لە ساڵی ( ٢٠٠١ ) ەوە خێزانەکەیان چووەتە کانتۆنی بال لە سویسرا ، بەھۆی ئەوەی تەوقەیان نەکرد لەگەڵ مامۆستا ژنەکەیان لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە پێدانی رەگەزنامە بە تەواوی خێزانەکەیان راگیرا .
وەزیری ناوخۆی سویسرا ( سیمۆنتا سۆمارۆگا ) لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە " تەوقە بەشێکە لە کلتوورمان و قبوڵ نەکردنی – بە ناوی ئازادی بیروباوەڕەوە - لە لایەن ئەو دوو خوێندکارەوە جێگەی قبوڵ کردن نیە " . 
ھەر بۆیە لە ١٩ ی نیسانی ٢٠١٦ دا خێزانەکەیان ئاگادار کرایەوە کە پێدانی رەگەزنامە پێیان لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە راگیراوە !!
میدیای سویسرا و رێکخراوە راستڕەوەکانی ئەو وڵاتە لە کاتێکدا ئەم بابەتەیان زۆر گەورە کردووە ، کە ئەو دوو مێرمنداڵە ھێشتا تەمەنیان نەگەیشتووەتە تەمەنی یاسایی بۆ ئەوەی بەو شێوەیە سزا بدرێن ، گەر ئەوانیش سزا بدرێن خێزانەکەیان بۆچیی ســــزا بدرێت ؟!
بەڵام ھەمان ئەوروپا و خۆرئاوا بێدەنگن لە حاڵەتی تر . بۆ نمونە لە ٣١ ی ئازاری ٢٠١٦ دا کاتێ وەزیری تەندروستیی فەرەنسا ( ماریسۆن تۆرین ) لە گەشتەکەی بۆ خۆرھەڵاتی ناوەڕاست چووە ئیسرائیل ، وەزیری تەندروستیی ئەو وڵاتە ( باکۆف لیتزمان ) لە پێشوازیدا – بە ھۆی باگراوندی ئاینیەوە - تەوقەی لەگەڵدا نەکرد ، نە فەرەنسا و نە خودی وەزیرەکەش ھیچیان باس نەکرد ، بەڵکو میدیا بابەتەکەی باسکرد . ھەر ھەمان وەزیر پێشتریش لە ( ٢٠١٢ ) داو لە پێشوازیی وەزیری تەندروستیی بەلجیکدا کاتێ لۆریت ئەنکیلینکس دەستی بۆ تەوقە درێژ کرد ، باکۆف پێیڕاگەیاند " من لەگەڵ ژناندا تەوقە ناکەم " . کە دواتر لۆریت لە فەیسبوکدا زۆر بە دڵشکاویی باسی لە رووداوەکە کرد . بەڵام نە فەرەنسا و نە بەلجیکا و نە میدیای خۆرئاوا لەسەر ئەم بابەتە نەیانکردە ھەڵا و ئەو رووداوەیان بە کۆنەپەرستیی و دواکەوتوویی و دژی بەھاو کلتووری دیموکراســیی ناو نەبرد . 
بەڵام بە بەراورد لەگەڵ رووداوی ئەو دوو مێرمنداڵەدا کە تەمەنیان لە خواری ١٨ ساڵەوەیە ، خۆرئاواییەکان بەردەوام باسی دیموکراسیی ناوازەی ئیسرائیلی دەکەن ، بەڵام دیموکراسیەکەیان دینیی و داخراوە و تێکەڵەیەکە لە حکومەتی دینیی و عەلمانیی و بەرانبەر ناجولەکەکانیش رەگەزپەرستن ، بەڵام سیاسەتمەدارانی خۆرئاوا شانازییان پێوە دەکەن ، چونکە خاوەنی لۆبی و سەرمایەی زەبەلاح و توانای میدیایی کەمەرشکێنن بۆ ھەر سیاسەتمەدارێ دژایەتییان بکات . بۆیە دەبینین دیموکراسی خۆرئاوا جێگەی بیروباوەڕی مێرمنداڵێکی موسوڵمانی تێدا نابێتەوە ، بەڵام ھەموو شتێکی زایۆنی و جولەکە بە یاسا ‌ پیرۆز دەکرێت ، وەکو یاسای غیتۆ لە فەرەنسای لانکەی دیموکراسیی ، کە قەدەغەی دەکات لەسەر ھەر توێژەرێک کە بە لێکۆڵینەوەی زانستییش گومان بخاتە سەر ژمارەی کوشتاری جولەکەکان لە جەنگی جیھانی دووەمدا ، وەکو ئەوەی کە بەرانبەر بە فەیلەسوفی فەرەنسی ( رۆجێ گاروودی ) کردیان و ١٢٠ ھەزار دۆلار لەسەر کتێبەکەی ( ئەفسانەکانی دروستکەری سیاسەتی ئیسرائیلی ) لە دادگادا سزا درا ، سەرەڕای ئەوەی کە توێژینەوەیەکی تەواو زانستیی لەسەر داتای ھۆلۆکۆست کردبوو .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
24/04/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ