وتار
‌ساڵڕۆژی ئافره‌تانی جیهان
ئاری ھەرسین

لە ساڵڕۆژی جیھانی دایکی ئینسانیەت (ئافرەت)دا، یادەوەری دوو ئافرەت لە دوو جیلی جیاوازلە جێی خۆیدایە.
حاجی پیرۆز دایکی پێشمەرگەی شەھید کەریم دانزێڕ (شەھیدی شۆڕشی ئەیلول) و نەنکی شەھید ڕێبوار، نموونەی ئافرەتی شۆڕشگێڕی نەتەوەیی وئازایەتیەکی بێ وێنە بوو.

 دایە حاجی تەتەری شۆڕش و سەر بە ڕێکخستنەکانی ناوشار بوو. بە شانازیشەوە دەڵێم لە زۆر بواری کارکردندا مامۆستاشمان بوو. دایە حاجی ھەر لە شارەزورەوە ھەتا قەندیل کەم بنکەو بارەگای پێشمەرگە ھەیە سەردانی نەکردبێت و شمەکی بۆ پێشمەرگە نەبردبێت، ھەر لە نوقڵەنامەی ڕێکخستنەکانەوە بگرە ھەتا گواستنەوەی ڕوممانە و دەمانچە بۆ ناو شار. حاجی پیرۆز دایک و ھاوبیری پێشمەرگەی کوردستان بوو.

شیفا گەردی ڕاگەیەندنکار و پەیامنێری بەھرەداری کەناڵی ڕوداو، ئافرەتێکی بەتوانا لە بوارەکەی خۆیدا، بە جورئەت ، ڕێچکە شکێن و مۆدێرن بوو.

دوو ئافرەت لە دوو جیلی جیاواز، بەڵام بە یەک مەرامی چونیەک. مەرامی بەشداریکردن لە دروستکردن و گەشەپێدانی کوردستانێکی ئازاد، میللەتێکی خۆشبەخت وھاوتایی و ھاوسەنگی نێوان ئافرەت و پیاو. ئینجا بە چ ویژدان و مەنتقێک ڕەوایە ئە م دوو خاتونە بەھرەدارو نیشتیمانپەروەرە ، شایەتیان لە دادگا بە پیاوێک بژمێردرێت و، لە دابەشکردنی میراتدا لەتێکیان بەر بکەوێت؟!!!

لەوانەیە باشترین تەعبیر بۆ گازندەکردن لە بێ شانسی ئافرەتانی بەھرەدار و بلیمەتی کوردستان ئەو بەیتە شیعرەی مامۆستا گۆران بێت کە بۆ دەروێش عەبدوڵای نوسیوە:
ئەگەر خیلقەت نەسیبی عومری تۆی مەحکومی ئەم دەورە
نەکردایە، خوا عالەم، لە کام عەرشت ئەسوو داوێن؟!
ڕۆحتان شاد و یاددتان بەخێر...
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
09/03/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ