وتار
کەرکوک لەسێگۆشەی ئاشتی‌و نەوت‌و ھەڵبژاردندا
فەرید ئەسەسەرد

لەم دواییەدا سێ مەلەسە کەرکوکیان ھێناوەتە بەر باس. یەکەمیان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی رۆژئاوای موسڵە کە لەگەڵ کۆتایی ھاتنی، دەست بە ئۆپەراسیۆنی حەویجە دەکرێ. ئەمەش بەم مانایە دێت کە کەرکوک وەک پارێزگا ھەموو ناوچەکانی خۆی لەداعش پاک دەکاتەوەو لەوە بەدواوە پارێزگاکە دەچێتە ناو قۆناغی بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمایەکی نوێ. چەردەیەک کەیسی تایبەتیش سەر ھەڵدەدەنەوە لەوانە مەسەلەی چاڵە نەوتییەکانی سنوری پارێزگاکەو پشکی کەرکوک لەپترۆ دۆلارو بەڕێوەبردنی ناوچەکان‌و سەرلەنوێ رێکخستنەوەی ھێزەکان‌و شێوەی دابەشبونیان بەسەر ناوچەکانداو چەند مەسەلەیەکی دیکەی تەکنیکی. قۆناغی پاش شەڕ ھەمیشە قۆناغێکی ھەستیارە چونکە تێکچڕژانی تێڕوانینەکان‌و ئاڵۆزیی بەرژەوەندییەکان‌و بەئاگا ھاتنەوەی گرفتە خەوتووەکان ھەلومەرجێکی وا لەگەڵ خۆیاندا دێننە پێش کەپێویست بەوریاییەکی زۆر دەکات.
مەسەلەی دووەم ھەوڵی بەغدایە بۆ راکێشانی بۆرییەکی تازەی نەوت لەکەرکوکەوە بەناو ئێراندا بۆ سەر کەنداو. ئەم پڕۆژەیە ھەردوو وەزارەتی نەوتی عیراق‌و ئێران تاوتوێیان کردووەو سەرقاڵی دانانی نەخشە تەکنیکییەکانین.
ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی ستراتیجییەو بایەخەکەی لەبایەخی بۆرییەکەی کەرکوک- جەیھانی تورکیا کەمتر نیە. بەم بۆرییە، بەغدا چیتر پێویستی بە بەکارھێنانی بۆرییەکەی ھەرێمی کوردستان نابێ. ئەمەش لەمانۆرە سیاسییەکاندا پێگەیەکی بەھێزتری بەرامبەر بەھەولێر پێ دەبەخشێ. بەڵام سەرگوزشتەی ئەم بۆرییە تەنھا پەیوەندیی بە ھەرێمی کوردستانەوە نیە، بەڵکو پەیوەندیی بەموسڵیشەوە ھەیە.
بەغدا ھێشتا لەئایندەی موسڵ دڵنیا نیە. ئەگەر موسڵ پاش ئازادکردنی لەداعش، بەرەو پێکھێنانی ھەرێم بچێ، بەغدا بەشێکی زۆری دەسەڵاتەکانی لەھەرێمە تازەکە لەدەست دەداو رەنگە حکومەتی ھەرێمی نەینەوا تەگەرە لەبەردەم ھەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بەناو خاکەکەیدا دروست بکا. بۆیە بەغدا لەئێستاوە دەیەوێ کارتێکی فشار لەدەست موسڵ دەربێنێ. لەھەمان کاتدا پڕۆژەکە ماسیجێکی کاریگەرە بۆ ئەنکەرە کە بەدڵنیاییەوە بەھۆی پڕۆژەکەوە زیانێکی ئابوریی زۆری بەر دەکەوێ، سەرباری ئەوەی کەپڕۆژەکە بەغدا لەتورکیا بێ مننەت دەکاو وای لێ دەکا بەھیچ شێوەیەک پێویستی بە خاکەکەی نەبێ بۆ ھەناردەکردنی نەوت، بەتایبەتی کەبەغدا بەنیازیشە بۆرییەکی تری نەوت لەبەسرەوە بەناو خاکی ئوردوندا بگەیەنێتە سەر کەنداوی عەقەبە. لەھەمان کاتدا بۆرییەکەی کەرکوک رەنگدانەوەی ھەوڵی عیراق‌و ئێرانە بۆ سودمەندبون لەخاکی یەکتر بۆ ناردنە دەرەوەی سەرچاوەکانی وزە. بەمجۆرە، عیراق لەکاتێکدا بۆ ناردنە دەرەوەی نەوتی کەرکوک سود لەخاکی ئێران وەردەگرێ، ئێرانیش بۆ ناردنی گازی کێڵگەی پارس سود لەخاکی عیراق وەردەگرێ‌و کار بۆ ئەوەش دەکات کەپاش کۆتایی ھاتنی شەڕی سوریا، بۆرییەکە بەناو خاکی عیراقدا بگەیەنێتە سەر دەریای ناوەڕاست.
مەسەلەی سێیەم پەیوەندیی بەھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانەوەیە کەھەوڵ دەدرێ کەرکوکیش بەشدار بێ تێیداو لەمافی دەستوریی خۆی بێبەش نەکرێ. بەڵام ھەندێ لایەن، ھەم لەناو ھەرێمی کوردستان ھەم لەپارێزگای کەرکوک‌و ھەم لە بەغدا، ھەر یەکێکیان لەبەر ھۆیەکی دیاریکراو، کار بۆ پەکخستنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکەن‌و ژێر بەژێر گەلەکۆمەکێ لەدژی ھەڵبژاردنەکە دروست دەکەن. کارکردن بۆ درێژەدان بەو چەق بەستنەی کە لەکەرکوکدا ھەیە، نە لەبەرژەوەندیی کەرکوک دایە، نە لەبەرژەوەندیی بەھا باڵاکانی کورد دایەو ئەم ھەڵوێستە زۆرتر رەنگدانەوەی تەنگبینییەکی حزبییانەیە کەھیچ بەھایەک بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان ناھێڵێتەوەو تەنھا لەگۆشە نیگای حزبییەوە دەڕوانێتە مەسەلەکان‌و ھەر بەو پێوەرەش ھەموو مەسەلەکان دەپێوێ. ئەمەش وەک تاقی کراوەتەوە بەھیچمان ناگەیەنێ‌و دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
10/03/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12