وتار
کوردو ئایدۆلۆژیای حزب لە سەدەی بیستەم
دانا مەنمی


سەدەی بیستەم چەند مەترێک لە دوامانەوەیە ، ڕاستە بووەتە بەشێک لە ڕابردوو ، ڕاستە ڕۆژگارێکی تێپەڕیووە ، بەسەرھاتەکانی بە شێوەی حیکایەت دەگێڕدرێنەوە ، بەڵام لە ڕاستیدا حیکایەتی ئێمەو ئەو سەدەیە کۆتایی پێنەھاتووە ، ھێشتا زۆربەی ئەو کێشەو بابەتە گرنگانەی ڕۆژانە ڕوبەڕویان دەبینەوە ، شتگەلێکن لەو سەدەیەوە بۆمان ماونەتەوە ، ئێستاش ھەندێکمان بە سۆزو ھەندێکی ترمان بە ڕق و ھەندێکمان بەشەرم و ھەندێکی تریشمان بە فەخرەوە بیر لە ڕووداوەکان و حیکایەتەکانی دەگێڕینەوە  .
ئێمەی کورد ھێشتا لە ناو تاریکی و ڕوناکی لە ناو کەوتن و ھەستانەوە ،بەڵام ھەمیشە لەناو خۆخۆری و سەنگەرگرتن لە بەرامبەر یەکتریدا نوقم بووین ، بۆ ئێمەی کورد سەدەی بیستەم سەدەیەک نییە کە لە پشتمانەوە بەجێمان ھێشتبێت ، بەڵکو بە شێکە لە ئایندەو بەرەو ڕووی دەچین ، ئاخر مێژوو زۆرجار دووبارە دەبێتەوە ، وەک ئەوەی کە ئێستا نێوماڵی کورد لە ناوەڕاستی شەستەکان و نەوەدەکان سەدەی ڕابردوو بێت ، نێوماڵێکی پەرتەوازەو شەق و شڕو لێکترازاو  ،حکومەتێکی فاشیل و ئیفلیجکراوی دەستی حزب ، کۆمەڵگایەکی چەوساوەو زوڵملێکراو کە تەنانەت مافەکانیشی پێ ڕەوا نابینن .
نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم کورد پێویستی بە خۆبینین و خۆپێناسەکردن و خودناسی بوو ، چونکە بۆ کورد ئەو مێژووە مێژووی بنیاتنانی شوناسی نەتەوەیی بوو ، شوناسێکی مژدەبەخشتر لەوەی کە ناسیۆنالیزمی کوردی بانگەشەی بۆ دەکرد ، جارێ بیست و پێنج ساڵی یەکەمی سەدەی بیستەم ڕۆژگاری لەبەریەکھەڵوەشاندنەوەی ئەو چوارچێوە ئاینیی و سیاسی و کلتورییەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو کە شوناسی ئێمەی کوردی وەکو میلەتانی دیکە دەست نیشان دەکرد ،ئخر ئەو شوناسە دینیە کۆمەڵگای کوردی بە سێنتەری ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەوە گرێ دەدا .
بەھۆی ھەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ھەرجارەو لە سوچێکی دادەڕما و ھەرجارەی نەتەوەو گروپێک لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی جیادەبونەوەو ماڵی نەتەوەی خۆیان بنیات دەنا ، بەڵام دیسانەوە ژێرخانی فکری کورد سەرقاڵی بەیعەت دان بوو بە شوناسی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ،ئەمە ئەو دیمەنەیە لەکاتێکدا نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم ساڵانی لە دایکبوونی خەون و خەیاڵ و پرۆژەی تازە بوو ، ساڵانی ھاتنە کایەی جیابونەوەی شوناسی نەتەوەیی بوو لە شوناسە دینیەکەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ، بەڵام نوخبەی سیاسی کوردی ئۆتۆنۆمی لە جیابونەوەو دروستکردنی دەوڵەتی کوردی بەلاوە گرنگتر بوو .
بەڵام لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم وێنەکە دەگۆڕێت و چونکە دەوڵەتی پۆست کۆلۆنیاڵ لەدایک دەبێت ، واتە دەوڵەتی حیزبۆکراتی شمولی سەربازی ، کورد لە خەمی پاراستنی شوناسی کوردبوون و بەردەوام بەخشینە بە رۆحیەتی بەرگری و شۆرشو خەباتی چەکداری ، لێرەوە چارەنووسی کۆمەڵگاشی پێوە گرێدەدرێت و بەشێکی زۆری توانا و ھێزو وزەی مرۆیی کۆمەڵگا لەگەڵ خۆیدا دەبات ، مەبەستم لەکەدارکردنی خەباتی چەکداری و شۆڕش نییە ، بەڵام لە ئاستی ستراتیژدا خەباتی چەکداری و شۆرشی شاخ زیانی بە شوناسی نەتەوەیی کورد گەیاندووە ، لە ھەندێک دۆخدا ڕێگر بووە لەبەردەم دروستبوون و بنیاتنانی ڕەگەزەکانی نەتەوایەتیدا ، خەباتی چەکداری و شۆڕشی شاخ ئەگەر بە دیوێکدا قەڵغان بووە بۆ پاراستن لە شوناسی کوردبوون ، بەڵام بە دیوەکەی تردا کوردی گەڕاندەوە بۆ قوناغی سەدەی نۆزدەھەم و سەرلەنوێ بەرھەمھێنانەوەی پێکدانانی چەکداری و شەڕی کورد کوژی لە نێوان ھێزە کوردییەکانی ئەو سەردەم و قۆناغە .
کەواتە مێژووی شۆڕشی شاخ و چەکداری ھێزە کوردییەکان لە ناوەڕاستی شەستەکان و نەوەتەکان وێنایەکی لێکچووی مێژووی ئیمارەتە کوردییەکانی سەدەی نۆزدەھەم و ئەوەی ئێستاش دەیبینین لە ھێزە کوردییەکان دەرھاویشتەو گەڕانەوەیە بۆ ھەمان عەقڵ و ئایدۆلۆژیای ناوەڕاستی شەستەکان و نەوەتەکانی سەدەی بیستەم .
کورد ناتوانێت جیاوازییەکانی ھەناوی خۆی کۆبکاتەوە ، لۆژیکی چەک لۆژیکی دابەشبوونە لە ھەناوی خۆیدا ، کورد لە باتی تفەنگ و قامچی پێویستی بە دیالۆگ و پانێڵ ۆرک شۆپە ، لەباتی ھونەری ھۆنینەوەی بوختانی سیاسی و تشھیرو ئیتھامکردنی یەکتر پێویستی بە قبوڵکردن و شوناس و جیاوازییەکانی ھەناوی خۆیەتی ، لەباتی سنورو جوگرافیای حزبی پێویستی بە نەخشاندن و بنیاتنانی سنوری نەتەوەییە .
ھەربۆیە ئەگەر نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم ڕۆژگاری ڕزگاربوون بێت لە فەنتازیای ئاینی لە ژێر قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ، ئەوا نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم ڕۆژگاری دابەشبوون و ھاتنە کایەی شوناسی ناوچەگەرێتی و شارچێتی یە کە ئایدۆلۆژیای حزب بەرھەمی ھێناوە .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
12/03/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ