وتار
بژاردەی ئاشتبوونەوە
فەرید ئەسەسەرد

ھەموو جیھان خۆی بۆ قۆناغی پاش تێکشکانی داعش ئامادە کردوە. قۆناغی پاش داعش بەھەمان شێوەی قۆناغی پێش داعش بەڕێوە ناچێ‌و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زۆر بەلایەوە گرنگە ناوچەکە بەجۆرێک رێک بخرێتە کە ھیچ بوارێک بۆ سەرھەڵدانەوەی داعش یان ھاوشێوەی داعش نەرەخسێ.
بزاوتێکی دیپلوماتکارانەی گەرم‌و گوڕ ناوچەکەی گرتۆتەوە. بەدرێژایی پەنجا ساڵی رابردوو، ھیچ کات ناوچەکە بەقەد ئێستا سەرقاڵی ھەوڵی ئاشتبوونەوە نەبوە. ئەم مانگە وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل جبێر سەردانێکی کتوپڕی بەغدای کرد‌و رێی بۆ ئاشبونەوە خۆش کرد. لە کۆتایی ئەم مانگەشدا، لە پەراوێزی کۆنگرەی لوتکەی وڵاتانی عەرەب لە عەممانی پایتەختی ئوردون، کۆبونەوەیەکی لوتکە لەنێوان سەرۆک وەزیرانی عیراق حەیدەر عەبادی‌و پاشای سعودیە سەلمان کوڕی عەبدولعەزیز دەبەسترێ. لەھەمان کاتدا، لەلایەک روسیا ئامادەیی دەربڕیوە کە لەنێوان تورکیا‌و ئەمریکا ناوبژیوانی بکا‌و لەلایەکی ترەوە چین ئامادەیی دەربڕیوە کە ناوبژیوانی لەنێوان سعودیەو ئێراندا بکات. ئاماژەکانیش سەبارەت بە بزاوتێکی دیپلۆماتکارانەی رانەگەیەنراو لەنێوان ئێران‌و کەنداو ناشاردرێنەوە. سەردانی وەزیری دەرەوەی کوێت بۆ تاران‌و سەردانی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف بۆ قەتەر دیداری لەگەڵ میری قەتەر شێخ تەمیم کوڕی حەمەد ئال سانی وا لێک دەدرێنەوە کە ئاماژەن بۆ ناوبژیوانییەکی قەتەری-کوێتی لەنێوان ئێران‌و کەنداو.
ئەم بزاوتی ئاشبونەوەیە حزبی بەعسیشی گرتۆتەوە کە لەرێی نوسەری ناوداری عیراق حەسەن عەلەوییەوە نامەی بۆ ئێران ناردووەو پێشنیازی ئاشتبوونەوەی کردوە.
حزبی بەعس ھەوڵی تریشی بۆ ئاشتبوونەوە ھەم لەگەڵ ئەمریکا ھەم لەگەڵ کوێت داوە. لەھەموو ناوچەکەدا تەنھا لە ھەرێمی کوردستان ھیچ ھەوڵێک بۆ خۆئامادەکردن بۆ قۆناغی دوای داعش نییە. لەڕاستیشدا ھەرێم ھیچ بەرنامەیەکی بۆ قۆناغی دوای داعش نییەو سەرلێشێواوی‌و تەمومژێکی چڕ بەسەر شێوەی بیرکردنەوەی چینی دەسەڵاتداری ھەرێمدا زاڵە. لەسەر ئاستی ناوخۆ، ھێشتا پرۆسەی سیاسیی بە چەق بەستویی ماوەتەوەو ھێشتا یەکڕیزیی نیشتمانی بەدی نەھێنراوە. لە کوردستاندا کار بە لۆجیک ناکرێ. ئەوەی ئەمە دەسەلمێنێ ئەوەیە کە لە بری ئەوەی ھەولێر ھەموو ھەوڵی خۆی بۆ رێکخستنەوەی ناو ماڵی کورد بخاتە گەڕ، ھەر سەرقاڵی ھاندانی ئەم‌و ئەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان‌و ئەم مەسەلەیەی لێ بووە بە گرێیەکی گەورە. ھێشتا شەڕی داعش کۆتایی نەھاتووە، ھێزی پێشمەرگە بە شەڕێکی نەخوازراوەوە لە شنگال سەرقاڵ کراوەو ھەوڵیش دەدرێ شەڕەکە فراوانتر بکرێ.
نابێ ئەوەمان لەیاد بچێ کە شەڕی داعش رەنگدانەوەی زۆر خراپی لەسەر ھەرێم ھەبوە. ھەر بەھۆی ئەم شەڕەوە ‌و لەبەر پێویستی رۆژئاوا بە دانانی سنورێک بۆ پەلھاویشتنی داعش، بڕێکی زۆری چەک بۆ پشتگیریکردنی ھێزی پێشمەرگە رەوانەی ھەرێم کراوە. لەو بڕە زۆرەی چەک کە ھەرێم وەری گرتووە، تەنھا ٢٥% ی لە شەڕی دژی داعش بەکار ھاتووە. ئەمەش دۆخێکی وای لە ھەرێم دروست کردووە کە بڕێکی زۆری چەک کەڵەکە ببێ بەڕادەیەک کە لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا ھیچ کات ھێزی پێشمەرگە ئەوەندە چەکەی نەبوە.
ھەربەھۆی شەڕی داعشیشەوە، ژیانی کۆمەڵایەتی ملیتاریزە کراوە، بەتایبەتی لە پارێزگای دھۆک‌و نەینەوا. ملیتاریزەکردن توێژێکی زۆری دانیشتوانی گرتۆتەوە. ئەوەی ئەمە دەردەخا ئەوەیە کە لە ساڵی ١٩٣٣، کاتێک سوپای عیراق یەکە چەکدارەکانی سوپای لیڤیی ئاشورییەکانی چەک کرد، ھیچ کات بەقەد ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی دھۆک‌و نەینەوا کۆمەڵگای ئاشوری ملیتاریزە نەبوە. چەندین یەکەی چەکدار بۆ شەبەک‌و کاکەیی‌و عەرەب‌و ئێزدییەکانی پارێزگای نەینەوا دروست کراوە، ھەر ھەموشی بەشێکی ھێزی پێشمەرگە پێک دێنن‌و موچەو بودجەشیان لەسەر وەزارەتی پێشمەرگەیە.
بەم کەرەستەیەی کە ئێستا لە ھەرێمدا ھەیەو بەم لێکترازانە ناوخۆییەی دەبینرێ، ھەرێم لە قۆناغی پاش داعش لە پێگەیەکی بەھێزدا نابێ. ھەر رێککەوتنێک لەنێوان لایەنە سەرەکییەکانی پرۆسەی سیاسیی ھەرێم لەم ھەلومەرجەی ئەمڕۆدا بێتە دی، تەمەنی تەنھا شەش مانگەو ئەرکەکەی فەراھەم کردنی کەشێکی لەبارە بۆ ئاشتبوونەوەی لایەنەکان‌و ھەنگاونان بەرەو ھەڵبژاردن. رێککەوتنێک بۆ ماوەی شەش مانگ پێویستی بەم ھەموو ووتوێژە نییەو دەبوایە ھەموو لایەنەکان زۆرترین بڕی نەرمی لەم بارەیەوە بنوێنن‌و قۆناغی شەش مانگەکە بە سازان‌و ئاشتەوایی تێپەڕێنن. دۆخێکی وەکو ئەوەی ئەمڕۆ پێویستی بە ئاستێکی بەرزی لێپرسراوەتیی وەک ئاست بەرزی لێپرسراوەتیی سەردەمی بەرەی کوردستانی ھەیە. کوردی عیراق ھیچ کات بەقەد ئێستا پێویستی بە ئاشتبوونەوەی نیشتمانی نەبوە. ھەموو ناوچەکە بەرەو ئاشتبوونەوە دەچێ. لەم نێوانەدا کوردی عیراق نە ھیچ زەمینەسازییەکی بۆ ھەلومەرجی پاش نەمانی داعش کردووەو نە ھیچ بەرنامەیەکیشی بۆ ئاشتبوونەوەی گشتی ھەیە. بەردەوامبونی ئەم ڕەوشە، بەدڵنیاییەوە بەبێ زیان تێناپەڕێ.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
16/03/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ