وتار
حەشدی کوردی
ئومێد بابان

دوای پرۆسەی ڕزگارکردنی عێراق لە ٢٠٠٣دا لە دەست ڕژێمی بەعسی (پێشوو) لەلایەن ئەمەریکا و بەشێک لە دەوڵەتانی ھاوپەیمانی واشنتۆنەوە، باشووری کوردستان لە ھەموو ڕووەکانەوە بووژایەوە و سەرخان و ژێرخانی ئابووریی بە جۆرێک گەشەی کرد، کە پێشبینینەکراو بوو.
بەڵام پاش پرۆسەکە بە چەند ساڵێک، کە شیعەکان جڵەوی دەسەڵاتیان گرتە دەست لە (عێراقی نوێ)دا، دۆخەکە تەواو گۆڕا و ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان ھەولێر و بەغداش، وردە وردە چڕتر بوونەوە و گەییشتنە ئاستی لێکڕاسان و ھەڕەشەی (بە لای کەمەوە مێدیایی).
کە دواجار تا ڕادەی بڕینی بوودجە و مووچەی ھاونیشتمانییە کوردستانییەکان لەلایەن قەڵەمڕەوانی بەغداوە، درێژەی کێشا و پەلی بۆ زۆر لایەنی دیکەش ھاویشت، ئەمەش بە پاساوی ناردنەدەرەوەی نەوت لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە (ئەگەرچی لە دەستووری عێراقدا کە زۆربەی عێراقییەکان دەنگیان بۆ داوە)، ھەرێمی کوردستان سەربەست کراوە لە ناردنەدەرەوەی نەوت و سامانە سرووشتییەکانی خۆی.
گەر وردتر بین، دوای شەڕە نەگریسەکەی تیرۆریستانی داعش و دەستبەسەرداگرتنی بەشێک لە پارێزگاکانی عێراقیش، کە لە ٢٠١٤دا ھەڵگیرسا، بارە تەناھی، ئابووری و سیاسییەکەی ئەو وڵاتە ھێندە قورستر بوو کە نەیتوانی شان بداتە بەری و دووچاری تەنگژەگەلێک بووەوە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی کردە سەر ھەرێمی کوردستان و (جگە لە پتر لە ١١ ھەزار و ٥٠٠ قوربانی بە شەھید و بریندارەوە)، ھەرێم باجی ناشارەزایی سیاسییەکانی بەغداشی دا، بەوەی کە حکوومەتی عێراق لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتییش متمانەیان لاواز بوو و نەیانتوانی تەنانەت سەرنجی دەوڵەتانی ئیقلیمییش ڕابکێشن تا ھاوکار بن لە تێپەڕاندنی دۆخێکی سەختدا کە عێراق پێیدا گوزەر دەکات.
ئەوان، لەجیاتی ھاوکاریی لۆجستی و سەربازی و ھتد.. بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەرکێکی گرانتریان خستە ئەستۆی سەرکردایەتیی سیاسیی ھەرێمی کوردستانەوە، کە ئەویش ڕادەستکردنی نەوتەکە بوو بە کۆمپانیایەکی سەر بە (حکوومەتی بەغدا) لە کاتێکدا تا ئێستاش لە عێراقدا بە فەرمی یاسای نەوت و غاز بوونی نییە و لەبری گەنگەشەکردن لەسەر چاککردنی بژێویی ھاووڵاتیان، ئەنجوومەنەکەی نوێنەران ھەندێک یاسا تێدەپەڕێنن کە لە دۆخی ئێستادا شایانی قسەلەسەرکردنیش نین.
ئەسڵی مەتڵەب ئەوەیە، لە کاتێکدا کە تا ئێستاش ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، بە یاسا دانی پێدا نەنراوە کە ھێزێکی نیشتمانیی وڵاتپارێزی دژەتیرۆرە، بۆچی ھێزێکی دیکە، بێباکانە دەخرێتە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە و بوودجەشی بۆ دابین دەکرێت؟ 
بەشێک لەو پەرلەمانتارە کوردانەی کە دەنگیان بۆ بەیاساییکردنی (حەشدی شەعبی) داوە! گلەیی چی لەو کوردانە دەکەن کە دەبنە حەشدی شەعبی؟
ئاخر لە ھەمووان باشتر، ئەندامە کوردەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەزانن کە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان نە لەلایەن بەغداوە بوودجەی بۆ تەرخان کراوە و نە خراویشەتە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە، ئەی خێرە قسەی قەبە لە مێدیاکان دەکەن و دەڵێن: (ئەو کوردانەی دەبنە حەشد، جاشن)؟.
گەلۆ، دەبێ بپرسین، لە ٣ کابینەی حکوومەتی عێراقدا، پەرلەمانتارە کوردەکان لە بەغدا، چییان لە ھەگبەدا بوو بۆ پێشمەرگە و چییان بە چی کرد؟
یان ڕەنگە دروستتر بێت بڵێین، ئیشیان لە بەغدا چییە؟
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
24/03/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ