وتار
گەمەی نوسەری گاڵتەجار
دانا مەنمی
 
نوسەری گەمەکار ھەمیشە لە ئاوی لێڵ دا مەلە دەکات و لە رووت بوونەوە ئەترسێت ، چونکە وەزن قیاس و ھەگبەی خۆی دەناسێت کە ئەگەر ژینگەی سیاسی لە بار نەبێت بۆ دەمشڕی و ھۆنینەوە و ھەلبەستی تۆمەتی سیاسی خۆری تەمەنی لە ئاوابووندا دەبێت .
دەشێ نوسەرو رۆژنامەنووسی مراوغەکار سیاسییەکی درۆزن بێت ، دەشێ سیخورێک بێت لە بەرگی سواڵکەردا یان لە پۆشاکی خێرخوازێک کە ھەر جارەو بە رەنگێک خۆی نمایش بکات ، دەشێ فالچییەک بە سیمای نورانی بێت ،دەشێ خۆی بە بە سەربەخۆو ئازاد لە بیر کردنەوەو تێرامان بشوبھێنیت ،بەڵام لە کرۆکدا کۆیلەیەکی ملکەچپێکراوی حزب بێت !
حزب لە کوردستاندا بووتە دیوەخانی کۆنەجاش و شۆڕشگێڕە فایلدارەکان ، ئەمە نەک ئاسایی و سروشتی نییە ، بەڵکو مەترسیدارە بۆ سەرھوشیاری خەڵک ، دەرکەوتنی ڕووی ڕاستەقینەی ئەم گەمەکارانەو ھەڵدانەوەی دەمامکەکانیان ڕنگە لە کوردستاندا زەحمەت و ئەستەم نەبێت ، بەڵام ئەوەی کە مەترسیدارە شێواندنی ھوشیاری کۆمەڵگاو ناشیرینکردنی پەیامی نوسیینە ، ئاخر ئەو نوسەرە گەمەکارو گاڵتەجارە زیرەکانە کار لەسەر ھەست و نەست و سۆزی ھاونیشتیمانیان دەکات .
فاکتەری سەرەکی بۆ دروستبوونی ئەم جۆرە نوسەرە گەمەکارە کە ناوی دەنێم (گاڵتەجار ) خودی حزبە ، چونکە حزب زەمینەسازی و کارگەی بەرھەمھێنانی ئەم جۆرە لە نوسەری گاڵتەجارە ، ناسینەوەی ئەو جۆرە نوسەرە گەمەکارو گاڵتەجارەی کە ئێستا بووەتە سۆپەر ڕیفۆرمخوازو سۆپەر دیموکراتخواز، ئەگەر بە چاوێکی دیقەت و ووریاییەوە لە خۆیان باکگراوەندو نوسین و ژێرخانە فکرییەکانیان وورد بیتەوە ، باش تێدەگەیت کە لە پشتی نوسینەکانیان لۆژیکێکی کوشندەو دەرونێکی نەخۆش ھەیە ، بە چاوپۆشین لە ناشارەزایی و ھەژاری و دەستکورتی و موفلیسی مەعریفی کە لە پاشخانی فکری و سیاسییان ھەیانە ، ھاوکات لەگەڵ کاڵفامیان لە تەوزیف و تەئویلکردنی چەمک و کرۆکی نوسین لە ڕووی چۆنایەتیەوە .
ھەمیشە ئەمجۆرە نوسەرە گاڵتەجارانە لە بری ئینتیما بۆ بەھاو قییەمی ئینسانبوون ، حەزیان بە کۆیلایەتی و ملکەچبوون ھەیە ، ھەمیشە لە بری ئینتیما بۆ نەتەوەونیشتیمان ، لەخەمی کلتوری خێڵ و ھۆزو بنەماڵەیەکدان ، لەکاتێکدا پێویستە چەمکەکانی خێڵ و عەشیرەت و ھۆزو بنەماڵەو مێگەل و رەعیەت تێپەڕێنین .
ئەم جۆرە نوسەرانە بەیت و بالۆرە بۆ ئاگری شەڕی براکوژی خۆشدەکەن ، دەبێتە پارێزەری خۆی و حاکمی حزب ، وەلێ کە ئاگری شەڕەکە کڵپەی بڵێسەی کرد ، لە بێدەنگییەکی شەرمنانەدا بێ ھیچ روونکردنەوەیەک لە نێو تارمایدا و لە پڕێکا بۆ جوگرافیایەکی تر ھەڵدێت ، ئیدی نە لێدوان و نەپاساوی نییە !
ئەمە نمونەیەکی ئەو جۆرە لە فۆڕمی نوسەرە گاڵتەجارانەیە کە ڕۆژانە لە سەکۆی سیمینارو ماس میدیا و ۆرک شۆپەکاندا دەیانبینین .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
24/03/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ