وتار
ڕیوایەتە کوردییەکەی نەورۆز و ئاماژە ئینسانی و ئیسلامی و نەتەوایەتیەکانی
ئه‌بوبه‌كر كاروانی

بۆ ئێمەمانانی موسڵمان و نیشتیمان پەروەر نەورۆز جگە لەوەی مێژووی دەیان ساڵ لە کار لەسەرکردنی ناسیۆنالیزمی کوردی و خەباتی خوێناوی نەتەوایەتی، کردوویەتی بە جەژن و ھێمایەکی نەتەوە و جوڵانەوە سیاسیە مافخوازەکەی، ھەروەھا لە جەوھەریشدا ھەڵگری ھێما و ڕەگێکی ئیسلامی قوڵە. لانی کەم بەو جۆرەی ئێمەمانان لە نەورۆز و ئیسلام تێگەیشتووین. واتە نەورۆز وەک جەژنی نەتەوایەتی و بۆنەیەکی میللی نەک پەرێشانی و شڵەژاوی بۆ بیرکردنەوە و ئازار بۆ ویژدانی دینی من دروست ناکات، بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە ، یەکێکە لەو لەحزە زەمەنی و سروشتی و ڕەمزیانەی تیایدا ھەست بە کۆکی و سازگاریەکی چێژبەخشی نێوان ھەرسێ ڕەھەندەکەی ناسنامە و کەسێتیم واتە کوردایەتی (نەتەوەیی) و ئیسلامەتی و ئینسانی بوون دەکەم. ھەڵبەت نەک بەو مانایەی لە ھەوڵی ئەوەدا ببم نەورۆز بکەم بە بۆنەیەکی ئاینی، یاخود ڕەگ و ڕیشەیەکی دینی بۆ بدۆزمەوە، نەخێر، چونکە لای من ئیسلامی بوون زۆر جار و لەمەڕ زیاد لە دیاردە و دەرکەوتە و شتێک لە ئاینی بوون جیادەبێتەوە. واتە مەسەلەیەک لە کاتێکدا لە جەوھەردا ئیسلامیە، لە ھەمان کاتدا نا ئاینیە، بە مانا ئاساییە باوەکانی ئاینی بوون. ئەوەی مەبەستمە لێرە و لە پەیوەندی بەم باسەوە سەرنجی بۆ لا ڕابکێشم ئەوەیە کە ڕاڤەی کورد و بزوتنەوە نەتەوایەتیەکەی، لە ڕووی بەھاییەوە بۆ نەورۆز، لە جەوھەردا لەگەڵ ڕووحی ئیسلام و بەھا و مەبەستە خولگەییەکەی کە فەزیلەت و دادپەروەریە سازگارە،نەورۆز لە لێکدانەوە کوردیەکەیدا ڕەمزی بۆ سەرکەوتنی ھەق و فەزیلەت و ئەخلاق و دادپەروەری بەسەر زوڵم و ستەم و ناھەقی و بێ ئەخلاقی و ویژدان مردوویدا، ئاگریش ھێمایەکە بۆ سەرکەوتن و ئاگادارکردنەوەی خەڵک و بە گشتی کردنی سەرکەوتنەکە.
ڕاستی یا ئەفسانە بوونی چیرۆکی کاوەی ئاسنگەر و زوحاک. لە ڕووی مێژووییەوە لەم ڕوەوە ھیچ بایەخێکی نیە بەڵکو ئەوانەی لەناو مێژوونووس و ڕووناکبیرە کوردەکاندا ھەوڵی سەلماندنی پێچەوانەی ئەم ڕیوایەتییە کوردیە دەدەن، پێم وایە ھەوڵەکەیان نەک خزمەت ناکات، بەڵکو پەرێشانیەکی بێ پاساویش لە ھوشیاری مرۆڤی کوردا دەخولقێنێ. 
لە لایەکی تریشەوە گەر لە رابردودا ئیسلامیەک ھەبو بێت نەورۆزمان بۆ لە ئاگردا کورتبکاتەوە، ئاگریش بەو ھەموو ئاماژە زۆر و زەبەندانەی لە مێژوو سەردەمە نوێکاندا ھەیبووە و ھەیەتی، لە ئاتەشگەی زەردەشتیانداقەتیس بدات ولەناسینی ئەو ئاینە شدا کیشەی ھەبوبیت، لە دیدێکی (فقە) ی و ڕواڵەتیەوە روانیبیتیەنەورۆز. بەوەش لانی کەم بە گومانبوو بێت لەوەی لەگەڵ ھاوڵاتیانی وڵاتەکەی بەو بۆنەوە ئاھەنگ بگێڕێت ، خۆشی دەربڕێت، خوێندنەوەکەت ی بە تایبەتیش بۆ ڕیوایەتییە کوردیەکەی نەورۆز، بەھایی و جەوھەریی و قوڵ نیە،چونکە گلانی ستەمکار و سەرکەوتنی ئیرادەی بێ بەشان، ڕمانی قەڵای زۆرداری و، گەشانەوەی ئەستێرەی بەختی بێ نەوایان و جەزر پەچەشتووان، سەرپانکردنەوەی ئەژدیھاکانی زۆرداری و نایەکسانی و تینو بە خوێنی مرۆڤە بێ دەرەتانەکان و پێخوستکراوەکان، بۆ باوەڕدارێکی عەدالەتخواز و کەرامەتپارێز، جەژنێکە شایستەی بەرزڕاگرتن. بۆیە با ھاوڵاتیانی خۆشەویستی ئێمە و ویژدانی و نەتەوەیی و و ئینسانی و ئیسلامی خۆیان ئاسودە بکەن و لە دڵەوە ئەم جەژنە سیمبولێکە بەرز ڕابگرن و خۆشی دەرببڕن. بەڵام لەبیریشیان بێت، ئاھەنگ گێڕان بەم بۆنەوە، بۆ ئێمەی کوردستانیان، جگە لەوەی ئەستورکردنی باسک و ویستی ڕەتکردنەوەی داگیرکاری و کارکردنی بێ و چان و باوەڕ بەخۆبوانە یەبۆ سەربەخۆیی خاک و گەلی کوردستان، بە ئاقاری دەرەوەدا، کە ئەوە بەرجەستەکردنی ڕووە نەتەوایەتیەکەی داخوازی ئاماژەکانی نەورۆزە، بەڕووی ناوخۆشدا. دەبێت سەرجەم پێکھاتەکانی تر ھەست بە ماف و ئازادی و کەرامەتی خۆیان و برایەتی ڕاستەقینەی ئێمە و بەرجەستەبوونی ھاوڵاتێی یەکسان بکەن، ھەروەھا لەپەیوەندی بە سیستمی سیاسیەوە، ھەموان کار بۆ بیناکردنی سیستمێکی دادپەروەر و دیموکراس و ھاوچەرخی شایستە بە مێژوو قەبارەی قوربانی گەلەکەمان و ئایندە خوازراوەکەی بکەین. پشتیوانی لە سیاسەتی ھیچ سەرکردە و حیزب و نوخبەیەک نەکەین، ببێتە ھۆی زوڵم و ناعەدالەتی و بێ دادی و بێ مافی.
چونکە ئێمە چاوەڕێ دەکەین لە نەورۆزدا ھەست بە قوڵایی زیاتری ئینسانی و نەتەوەیی و ئیسلامی خۆمان و بایەخی دژایەتی زوڵم و ڕەتکردنەوەی بکەین، بۆیە نەورۆز لەم ڕوەوە ھاوشێوەی ڕەمەزانی موسڵمانان بۆنەیەکە بۆ چێژ وەرگرتنی روحی و مەعنەوی و بەخۆداچوونەوە و دووبارە پەیماندانی لەگەڵ زوڵما نەبوون.
25/03/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ