وتار
شەڕێكی بێ پاسا‌و لە شنگال ‌
فەرید ئەسەسەرد

وەزیری بەرگریی تورکیا فیکری ئیشک لە لێدوانێکدا لە ١٦ی ئەم مانگە، ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەگەر ھەیە سوپای تورکیا‌و ھێزی پێشمەرگە پێکەوە ھێرش بکەنە سەر ھێزەکانی پەکەکە لە شنگال. ئەگەر لەوە گەڕێین کە ئایا دەشێ ئەم ھێرشە روو بدا یان نا، پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کە کێ بڕیار لەسەر ئەم مەسەلەیە دەدا؟ ئایا ئەوەی کە بڕیار دەدا سەرۆکایەتی ھەرێمە کە بەپێی یاسای ژمارە ١٩ی ساڵی ٢٠١٣ سەرۆکەکەی ماوەی کۆتایی ھاتووە، یان وەزارەتی پێشمەرگەیە کە لە ساڵی ٢٠١٥ وە بێ وەزیرە؟ لێرەدا مەسەلەکە سەرەکییەکە ئەوەیە کە بە پشت بەستن بە کام یاسا، ھێزی پێشمەرگە پشتگیریی ھێرشی ھێزەکانی دەوڵەتێکی تر دەکا لە ناوخۆی کوردستاندا؟
ئەوی راستی بێ، یاساکانی ھەرێم بە ھیچ شێوەیەک رێ نادەن ھێزی ھیچ دەوڵەتێک بێتە ناو سنوری ھەرێم. بەپێی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ کە دەسەڵاتی سەرۆکی ھەرێمی پێ دیاری کراوە، بڕگەی پێنجەم رێ دەدا سەرۆکی ھەرێم، لە کاتی سەرھەڵدانی ھەڕەشەو مەترسیی گەورە لەسەر ھەرێم‌و قەوارە سیاسییەکەی، پاش رێککەوتن لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان‌و ئەنجومەنی وەزیران، بەپەلە چەند بڕیارێک دەکات کە ھێزی یاسایان دەبێ. لە ساڵی ٢٠٠٥ وە تا ئێستا سەرۆکایەتیی ھەرێم ھیچ بڕیارێکی دەرنەکردووە کە ھێزی یاسای ھەبێ، تەنانەت کاتێک داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا مەخموری گرت‌و ھەڕەشەی لەسەر ھەولێری پایتەختی ھەرێمیش دروست کرد، سەرۆکایەتیی ھەرێم ھیچ بڕیارێکی لەم جۆرەی دەرنەکرد.
لەکاتێکدا بڕگەی دەیەمی یاساکە رێ دەدا ھێزی فیدرال بە رەزامەندیی پەرلەمانی کوردستان بێتە ناو سنوری ھەرێمی کوردستان، ھەمان ئەم یاسایە دەسەڵات ناداتە سەرۆکایەتیی ھەرێم یان حکومەتەکەی یان وەزارەتی پێشمەرگە رەزامەندی لەسەر ھاتن‌و ھێنانی ھێزی سوپای دەوڵەتێکی تر بۆ ناو ھەرێم نیشان بدەن‌و ئەم مەسەلەیە تەنانەت رەزامەندیی پەرلەمانیشی بۆ نەکراوەتە مەرج. ئەمەش بەم واتایە دێت کە مەسەلەکە ھەر لە بنەرەتدا رەت کراوەتەوە. 
گواستنەوەی ململانێی ناخۆی تورکیا بۆ ناو کوردستان خزمەتی بەرژەوەندیی نیشتمانیی باڵای گەلی کوردستان ناکا. تێوەگلاندنی ھەرێمی کوردستان لە ململانێیەکی سوپایی لەنێوان تورکیا‌و پەکەکە ھیچ سوودێکی ھەرێمی کوردستانی تێدا نیە، تەنانەت دەشێ ئەم کارە ئاکامی ناچاوەڕوانکراوی لێ بکەوێتەوە، بەتایبەتی کە پێناچێ تورکیا بەپێی رێککەوتنێکی نووسراو دەست بە ئۆپەراسیونەکە بکا. ئەمەش بەم مانایە دێت کە ئۆپەراسیونەکە ھیچ ماوەیەکی دیاریکراوی بۆ دانانرێ‌و ھیچ کاتێکیش بۆ کشانەوەی ھێزەکان دیاری ناکرێ، سەرباری ئەوەی کە دەشێ ئۆپەراسیونەکە دوو ئەگەری لێ بکەوێتەوە، یەکەمیان ئەوەیە کە تورکیا بە بیانوی رێ گرتن لە گەڕانەوەی ھێزەکانی پەکەکە، رەنگە بنکەیەکی عەسکەریی ھەمیشەیی لە شنگال دابنێ. دووەمیشیان ئەوەیە کە ھێزەکانی تورکیا‌و ھێزەکانی عیراق لە شنگال‌و ناوچەکانی دەوروبەری، لەگەڵ یەکتری بە شەڕ بێن‌و لێرەدا چوارچێوە نێودەوڵەتییەکەی مەسەلەکە قوڵتر دەبێتەوەو کاریگەریی خراپی ، ھەم لە ڕوی سیاسییەوە ھەم لە ڕوی یاساییەوە، لەسەر ھەرێم دەبێ.
بەپێی یاساکانی عیراق، شنگال لەگەڵ دھۆک‌و ھەولێر‌و سلێمانی بەراورد ناکرێ، چونکە شنگال یەکێ لەو ناوچانەیە کە بە ناوچەیەکی جێناکۆک دەژمێردرێ. ئەمەش وای کردووە ئەم ناوچەیە لە ڕوی دەستورییەوە سەر بە ھەرێمی کوردستان نەبێ. کێشانی ھێزی دەوڵەتێکی بیانی بۆ ناوچەیەکی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی تورکیا بە ھێزی داگیرکەر بداتە قەڵەم‌و مەسەلەکە بگەیەنێتە ئەنجومەنی ئاسایش.بۆیە لێرەدا ناکرێ مەسەلەی شنگال تەنانەت لەگەڵ مەسەلەی سەربازگەکەی باشیکیش بەراورد بکرێ، لانی کەم لەم روانگەیەوە کە ئەنکەرە بە بیانوی شەڕی داعش‌و مەشق پێ کردنی ھێزەکانی پاسەوانانی نەینەوا بۆ رزگارکردنی موسل لە داعش، سەربازگەی باشیکی کردۆتەوەو ھێزی تێدا جێگیر کردووەو بەھۆی ئەمەشەوە توانراوە کێشەی سەربازگەی باشیک کۆنترۆل بکرێ. بەڵام گەیشتنی ھێزەکانی تورکیا بۆ شنگال لە دەرەوەی چوارچێوەی شەڕی دژی داعش‌و لەکاتێکدا کە ھێشتا کێشەی سەربازگەی باشیک بە ھەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، گرژیی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا‌و ئەنکەرە زیاتر دەکا‌و دەرگا بە ڕووی ھەموو ئەگەرەگاندا بە کراوەیی دەھێڵێتەوە.
ئەنکەرە لە میدیاکاندا بیانوو بۆ جوڵاندنی ھێز بۆ شنگال دەھێنێتەوەو وای رادەگەیەنێ کە نایەوێ قەندیلێکی تر لە شنگال پەیدا ببێ. بەدڵنیاییەوە شنگال لەگەڵ قەندیل بەراورد ناکرێ‌و لەراستیشدا شنگال بۆ پەکەکە ھیچ بایەخێکی ستراتیجیی نیەو نزیکەی ١٢٠ کیلۆ مەتریش لە سنوری نێودەوڵەتیی تورکیا-عیراقەوە دورەو بەھۆی ئەمەوە مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر تورکیا نیە. راستییەکە ئەوەیە کە مەسەلەکە ھیچ دورنمایەکی ئەمنی نیە، بەڵکو دورنمایەکی سیاسیی ھەیەو زۆرتر پەیوەندیی بە راپرسییەکەی مانگی داھاتوی تورکیاوە ھەیە کە تێیدا ئەردۆغان دەیەوێ سیستمی سیاسی لە پەرلەمانییەوە بکاتە سەرۆکایەتی‌و دەسەڵاتێکی نیمچە رەھا بۆ خۆی مسۆگەر بکات. پاش رێگرتن لە جوڵاندنی ھێزەکانی تورک بەرەو منبج‌و دورخستنەوەی تورکیا لە بەشداری کردن لە شەڕی رەققەو بەھێزبونی بزوتنەوەی»نەخێر بۆ ھەموارکردنەوەی دەستور»، ئەردۆغان پێویستی بە وەدەست ھێنانی سەرکەوتنە لە بوارێکی دیاریکراودا تاکو پێگەی خۆی لە راپرسییەکەی مانگی داھاتوو پێ بەھێز بکا. ئەمەش ھانی داوە بیر لە ئۆپەراسیۆنێک لە شنگال بکاتەوە تا شایستەیی خۆی وەک سەرۆکێکی شایستەی دەسەڵاتێکی نیمچە رەھا پێ سەلمێنێ. پرسیارەکە ئەوەیە : ئێمە، لە ھەرێمی کوردستان، چ پەیوەندییەکمان بەم بابەتەوە ھەیە؟
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
26/03/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12