وتار
بەرەی تورکمانی یان بەرەی پیلان گێڕی.!!
پارێزەر: لوقمان مصطفی


مێژوو ئەوەی سەلماندووە کە کەرکووک شارێکی کوردستانیە،لەتەک ئەوەشدا وا ناسراوە کە شاری فرە نەتەوەو فرەئاینیەکانە،شاری پێکەوە ژیانە،شارێکە لە چەشنی مۆم خۆی دەسوتێنێو  و دەتوێتەوەو ڕوناکی بەخشە بۆ ھەمووان،بەڵام خەڵکانێک ھەن خۆیان کردووە بەدەم ڕاستی کەمە نەتەوەیەکی دیاری کراوو ئەجندای ووڵاتێکیتر جێبەجێدەکەن،وەک تووتی قسەی خەڵکیتر دەڵێنەوە،بیریان دەچێت یا بە ئەنقەست خۆیان لە گێلی دەدەن وچاویان مێژووی ڕاستەقینەی ئەوشارە کوردستانیە نابێنێت.!!
زۆر دوور ناڕۆین تەنھا دەگەڕێینەوە بۆ ئاماری ساڵی ١٩٥٧بابزانین ڕێژەی دانیشتوان وتەنانەت گەڕەکەکانی ئەوشارە چەند بووەو چۆنە:
ژمارەی دانیشتووان:
ژمارەی دانیشتووانی خەڵکی شاری کەرکوک لەساڵی (١٩٥٧) بەم جۆرە بووە:
کورد (١٧٨٠٠٠) بووە.
عەرەب(٤٨٠٠٠) بووە.
تورکومان (٤٣٠٠٠) بووە.
ئاشووری و کلدان (١٠٠٠٠) بووە.
لەھەمان ساڵی (١٩٥٧) دا ژمارەی کرێکارو کاربەدەستانی کورد لە کۆمپانیای نەوتی کەرکوکدا لەسەدا ھەشتا (٨٠%) بووە بەڵام سەرژمێری کردنی کرێکاری کورد لەساڵی (٢٠٠٣) دا لەسەدا بیست (٢٠%) بووە ئەمە بەڵگەی ئەوپەڕی شۆڤێنیستی بەعس و دەووڵەتی عێراق دەردەخات کەچۆن ساڵ لەدووای ساڵ کوردیان نان بڕاوو دەربەدەر کردووە. کارێکی تری ژێربەژێر ھەیە لەبارەی کەرکوکەوە ئەویش پەیمان و ڕێککەوتنی (تورکیا / عێراق) ە کەمن دڵنیام بەنھێنی ئەم کارە کراوە چونکە لەچەند ساڵی دووای سەربەخۆیی و دەووڵەمەندبوونی کوردستان دەترسن.
گەڕەکەکانی شاری کەرکوک:
گەرەکە کوردنشینەکان (ڕەحیم ئاوا، ئازادی، مامۆستایان، شۆرجە، ئیسکان، بلاخ، قۆرییەشکاو، حەسیرەکە، تەپەی مەلا عەبدوڵڵا، دەروازەی باکووری کەرکوک، ئیمام قاسم، شۆراو، ئەحمەد ئاغا.خەبات)
گەڕەکە تورکومان نشینەکان (مێلی، معلمین،ڕێگەی بەغدا، قەسابخانە، ئەڵماس).
گەڕەکە عارەب نشینەکان (گریق بغداد، ١ی حزیران، وحدە، حریە، اشتراکیە، ممدودە، ٧نیسان، حی البعپ، نێروالعروبە، قادسیە، غرناگە).
گەڕەکە کلدوئاشوورییەکان (شاگرلو، عرفە، الماس).
کەچی بەرەی تورکمانی دروشمی کەرکووک شارێکی تورکمانیەو ھەربەتورکمانیش دەمێنێتەوە لەوشارەدا بەرزکردۆتەوە،خەریکی پیلان وئاژاوە گێریە وھەوڵی شێواندنی مێژووی شارەکەدەدات،پشت ئەستوریان بە ئاغاکانیان  خۆیان لێبوە بەوپشیلەیەی کەلە ئاوێنەدا خۆی بەشێر دێتە پێش چاو.!
دژی ھەمووجۆرە بڕیارو جموجوڵێکی کوردو ھێزەکوردیەکانە لەوشارە کوردستانیەدا،لەھیچ ھەڵبژاردنێکدا دوکورسیان بەتەواوەتی نەھێناوە،ئامادەن لەژێر ئاڵای نەک عێراق تەنانەت داعشدا بژین،بەڵام ئاڵای کوردستان کوێریان دەکات وھیچ نابینن ونابیسن.
لەکاتێکدا لەژێر ئاڵای کوردستاندا دەژین وپلەوپۆستیان لەناو حکومەتی ھەرێمی کوردستانداھەیە،ئاساییەلایان ئاڵای کوردستان بەچواردەوری کەرکوکدا ھەڵکرێ بەرانبەر بەداعش،خۆیان باش دەزانن کە پێشمەرگە شەری مان ونەمان دەکات بۆ خاتری سەرجەم پێکھاتەکانی شاری کەرکوک بەبێ جیاوازی ،بێگومان ئەوەش باش دەزانن لەسایەی سەری پێشمەرگەوەیە کە ئەوان بێخەم بەبیجامەوەلەماڵەوە دەخۆن ودەخەون.
بەڵام لایان ئاسایی نیە ئاڵای شەرەف وبەرگری لەخاکی عیراق وکوردستان بەتایبەتی وکەرکوک وکەرکوکیەکان لەسەر دامامودەزگا حکومیەکان ھەڵکرێت.!ھەر لەژێر ئەو ئاڵایەدابوو کە ھەمان ئەوتورکمانەبوون کە ئێستا دژی ئاڵای کوردستان خۆپێشاندان دەکەن پێش چەند مانگێک ھاتنە بەردەم پارێزگاری کەرکوک دەپاڕانەوەوداوایان دەکرد کە پێشمەرگە شارۆچکەی بەشیریان بۆ ئازادبکات.! ھێشتا خوێنی شەھیدە پێشمەرگەکان بەتەواوەتی ووشک نەبۆتەوە  ھەرزوو لەبیریان کردو کەوتنە پیلان گێڕان.
لەئێستادا لەڕێ ئەودوو نوێنەرەی کە لەپەڕلەمانی عێراق ھەیانە ولەگەڵ ھەندێ عەرەبی شۆڤێنی وبە فیتی ئاغاکانیان خەریکی پیلان گێڕانن بۆ لابردنی ئاڵای کوردستان لەسەردامودەزگا حکومیەکانی شاری کەرکوک.
بەڵام ..مەخابن ئەنجامی ململانێی بیر تەسکی حیزبایەتی لە شاری کەرکوک بەرەی تورکمانی لێکردووین بەشت.
لەلایەک پارتی دیموکراتی کوردستان پاڵپشتیەکی باشیان بوو بۆ جێگیر کردنی پێنچ کورسی کۆتای پەڕلەمانی لە پەڕلەمانی کوردستان،کەچی لە پەڕلەمانی عێراق تەنھا دووکورسیان وەک کۆتا بۆداندراوەو نقەشیان لێوەنایە.!!
بەھەمان شێوە یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان لە  %٣٣دەسەڵاتی ئیداری لەوشارەداپێدان.!!
ئەگەر بە پێوەری مافی دەنگ دان و(استحقاق الانتخابات)بێت بێگومان ئەو ڕێژە خەیاڵاویەیان بەرناکەوێت،یاسا ھەڵە قەبوڵ ناکات،بەخشین وخێروسەدەقە لە جێبەجێکردنی یاسادا جێی نابێتەوە،ھاتنەسەر سفرەی حازری زیاد لە مافی خۆیان ئەم کێشەیەی لێدەکەوێتەوە کە ئێستا بەرەی تورکمانی لێکردووین بە کەڵەگا. 
کورد لەم سیاسەتەدا فەشەلیھێنا وای دەزانی بەرەی تورکمانی لایەنێکی سەربەخۆن،بەڵام بەھەڵەدا چوون،ئەوان تەنھا جێبەجێکارن وئەجندای دەوڵەتی تورک پیادەدەکەن.ئەمە فەشەلی دبلۆماسیەتی کوردی دەردەخات کە نەتوانرا ھیچ کام لەو پێکھاتانەی شاری کەرکوک بکەن بە دۆست وھاوپەیمانی کورد.
بۆیە دەبێت چاو بەو سیاسەتەدا بخشێنرێتەوەو بیر لە سیاسەتێکیتر بکرێتەوە کەگونجابێت لەگەڵ بارودۆخی پێکەوە ژیان لەوشارەدا.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
01/04/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123