وتار
ڕێکارە یاسایی یەکانی ڕیفراندۆم .
پارێزەر: لوقمان مصطفی

ساڵی پار بەرواری ٢/٢/٢٠١٦سەبارەت بەئەنجام دانی ڕیفراندۆم لەھەرێمی کوردستان،بەڕێز.. بارزانی لە پەیامێکدا ووتی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پێویستمان بە زەمینە سازی نیە.!! تائێستاش جەنابیان وبەرپرسە باڵاکانیان ھەمان ڕاو بیرو بۆ چونیان ھەیەو بەڵکو زیادیشی دەخەنەسەر ودەڵێن: تەنانەت پێویستمان پەڕلەمانیش نیە.!!
ئاخر گەلۆچۆن دەکرێت بۆ پرسێکی واھەستیارو مێژوویی زەمینە سازی بۆ نەکرێت و دامەزراوە شەرعیەکان بەلاوەبنرێت.!! بەڕاستی بیروبۆچونێکی لەوچەشنە نالۆژیکیەو نەک لەگەڵ ئەم بارودۆخە پڕ لەقیراناویە ناگونجێت بەڵکو پێچەوانەی دەستورو بنەما یایاییەکانە.
لەبەر ئەوەی ریفراندۆم وەک ھەنگاوێکی چارەنووسساز بەر لە بڕیاردان پێویستی بە زەمینەسازی وکۆدەنگی و ئاشتەوایی سیاسی و رێگای یاسایی ھەیە، دیارە بۆ ئەوەی کارێک یان دیاردەیەک بەم پڕۆسەیەدا بڕوات ، دەبێت بنەمای لە زەمینەی واقیعدا ھەبێت ، بارودۆخ و ھۆکاری زیندووی بۆ رەخسابێت . بەبێ ئەوانە گەشەکردنی یان پێگەیشتنی بۆ وەرچەرخان بە یەک واقیع نایەتەدی. لە رووی یاساییەوە دەبێت لە ھەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە ریفراندۆم ھەبێت، بۆ ئەو مەبەستە ئێستا لە پەرلەمانی کوردستان پرۆژە یاسایی گەڵاڵە کراوەو پێشکەش کراوە ، بەڵام تائێستاش چاوەڕێی نووسینی راپۆرتی لیژنەی کاروباری یاسایی و پەسەندکردنیەتی لەلایەن پەرلەمانەوە.!! وەک دەزانین کە بۆ ماوەیەکی زۆرە ئەو دەزگا شەرعیە پەکخراوە.!
بۆیە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ بەدەستھێنانی ئەومافەی خەڵکی کوردستان بۆسەربەخۆیی، پرۆسەیەکی یاساییە نەک تەنھا سیاسی ، دەبێت لە دەستوورو ‌دەقە یاسایی یەکاندا ئەو مافە بە ڕاشکاوی ناوی ھاتبێت وئاماژەی پێکرابێت. 
ھەرچەندە بەگوێرەی بڕیاری ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ ی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمان مەرجەعی باڵایە بۆ پرسە چارەنووسسازەکان، بەڵام بەگوێرەی یاسا بەرکارەکانی تایبەت بە دەسەڵاتەکان لە ھەرێم، ھیچ یەکێک لە دەسەڵاتەکان (پەرلەمان ، سەرۆکایەتی ھەرێم، حکومەت) رانەسپێردراون بە مومارەسەکردنی دەسەڵاتی راگەیاندنی ریفراندۆم ،جگە لەوە بەگوێرەی بڕگەکانی (یەکەم و دووەم وسێیەم و چوارەم)ی یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠١٤ یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان عێراق ، تەنھا دەسەڵاتی سەرپەرشتی و رێکخستن و دەرکردنی رێنمایی تایبەت بە یاساکانی ھەڵبژاردنی پێداون ، بۆیە لەسەرەتاوە دەبێـت لە رووی یاساییەوە ئەو لایەنە دیاری بکرێت کە دەسەڵاتی راگەیاندنی ریفراندۆمی ھەیە لەگەڵ دیاری کردنی وردەکاری ریفراندۆم٠
ھەرچەندە لەڕووی یاساییەوە تەنھا پەیماننامەو ڕێککەوتننامەو جاڕنامە نێودەوڵەتیەکان بەس نین -ھەندێک لە شارەزایان پێیان وایە ئەو بڕیارو ڕێککەوتننامانەی نەتەوە یەکگرتووەکان ھێزی پابەندێتی (‌الزامی)یان نیە-‌ بۆ ئەوەی گەل، نەتەوە، ھەرێم یا ھەر پارچەیەک لە دەوڵەت ئارەزووی جیابونەوە بکات‌و ڕیفراندۆمی بۆ ئەنجامبدات. بەڵکو پێویستە دەستورو ڕێساو یاسای ئەو دەوڵەتە ئەو مافەی پێ بەخشیێت. بۆ نمونە لەدەستوری ھەمیشەیی ٢٠٠٥ی عێراقدا بەم جۆرە باس لەم بابەتە کراوە.
١. عێراق پابەندە بە یاسای نێودەوڵەتی‌و ڕێککەوتننامەو پەیماننامە نێودەوڵەتیی‌و کارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بەو پێیەی عێراق ئەندامە لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
٢. عێراق ھەردوو "پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە مەدەنی‌و سیاسییەکان" لە ١٦/کانونی یەکەمی ١٩٦٦، و "پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە ئابووری‌و کۆمەڵایەتی‌و کەلتورییەکان" لە ١٦/کانونی یەکەمی ١٩٦٦. بە بێ ھیچ خۆگرییەک (تحفڤ) واژۆ کردووە.
٣. لە دەستوری عێراقدا ھیچ دەقێکی ناچاری بۆ یەکێتی خاکی عێراق بەڕاشکاوی نەھاتووە. بەڵکو ئەوە لە دیباجەی دەستوردا ھاتووە، پابەندبوون بەم دەستورەوە یەکێتی خاکی عێراق دەپارێزێت.
٤. لە کۆتایی دیباجەی دەستوری ھەمیشەیی ساڵی (٢٠٠٥)ی عێراقدا ھاتووە "پێکھاتەو لایەنەکان بەئارەزوومەندانە چارەنوسی خۆیان بە عێراقەوە گرێداوە..."، ئەم دەقە یاساییە ئەو ھەلەش دەرەخسێنت کە ھەرێم بە ئارەزوومەندانە لە عێراق جیا ببێتەوە.
چونکە دەروازەی یەکەم بۆ ڕاگەیاندنی ریفراندۆم دەبێت بەر لە ھەر شتێک ئاشتەوایی سیاسی بەدی بێت و پەرلەمان رۆڵی بۆ بگێڕدرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت یاسایەک پەسەند بکات بۆ دیاریکردنی میکانیزمی ریفراندۆمەکە و پێدانی دەسەڵات بۆ راگەیاندنی ریفراندۆم.
دەبێت بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم پێگەی بە واقیع بونی ھەبێت ،وەکاری واقیعی وەھا پێناسە دەکرێت کە کارێکە لە زەمینەی واقیعدا بوونی ھەیەو ، بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکان ، ھەلومەرجی لەباری بۆ رەخساوە . واتە کارێکە لە توانادایە بکرێت وببێتە واقیعێکی بەرچاو . ئەم کارە سەرەتا لە سنووری مومکین و ئەگەرێکدایەو ، بە یارمەتی کۆمەڵێک ھۆکارو لە جووڵانەوەی خۆیدا بەرەو پێشەوە ، مەرجەکانی پێدەگات و ، لە چرکەساتی ھەماھەنگی ھەموو مەرجەکاندا پێکەوە ، دەگاتە مەبەست و ئامانجەکانی و ، ئەوەی مومکین و ئەگەر بوو بە واقیعێکی ھەستپێکراو دەگۆڕێت .
دیارە بۆ ئەوەی کارێک یان دیاردەیەک بەم پڕۆسەیەدا بڕوات ، دەبێت بنەمای لە زەمینەی واقیعدا ھەبێت ، بارودۆخ و ھۆکاری زیندووی بۆ رەخسابێت . بەبێ ئەوانە گەشەکردنی یان پێگەیشتنی بۆ وەرچەرخان بە یەک واقیع نایەتەدی . کەواتە پێگەیشتنی بارودۆخێکی گونجاو یەکێکە لە بنەماکانی گەیشتن بە واقیعێکی نوێ.
ریفراندۆم ، وەک ھەر کارێکی یاسایی و سیاسی، وەک شێوازێکی تێکۆشان بۆ بڕیاردانی چارەنووس ، بۆ ئەوەی ببێتە واقیع ،نابێت شوێنە جێ ناکۆکەکان بە نادیتە وەربگیرێت چونکە ھەرێمی کوردستان لەڕووی یاساییەوە دەسەڵاتی تەنھا بەسەر ئەو ناوچانەدا دەشکێت کە تا ٩/٤/٢٠٠٣ پێیان وتراوە ھەرێم، بۆیە ناتوانرێت لە ناوچە جێناکۆکەکان ڕیفراندۆم ئەنجام بدات،دەبێت لەگەڵ حکومەتی عێراقدا ئەو کێشانە یەکلابکاتەوە.
دەبێت ئاماری سەرجەم دانیشتوانی ھەرێمی بەگشتی وشوێنە کێشە لەسەرەکان لەبەردستدابێت،بۆئەوەی ھیچ کەلێنێکی یاسایی دروست نەبێت وڕای گشتی جیھان بەلای خۆماندا ڕاکێشین وتا ھەنگاوی دووەم کەسەربەخۆییە متمانەیان بەدەست بھێنیین.
دەبێت سەرەتا سەرجەم ڕێکارە یاساییەکان کە باسمان لێوە کرد ھەنگاوبە ھەنگاو بگیرێتەبەر،ئەگەربەم میکانیزمەی ئێستابێت،ئەوە مەحاڵە وتەنھا مەرامی سیاسی لە پشتەوەیەو خۆڵکردنە چاوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە وھیچیتر .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
05/04/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123