وتار
لە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتەوە بۆ ھەڵکردنی ئاڵا لە کەرکوک ‌
فەرید ئەسەسەرد

لەکاتێکی لێک نزیکدا تورکیا دوو راگەیاندنی بڵاوکردەوە. لە یەکێکیاندا رایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنی»قەڵغانی فورات» ی کۆتایی پێ ھێناوەو لەوەی دیکەدا ھەڵوێستی خۆی لە دژی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک راگەیاند. ھەرچەند دوو کەیسەکە لێک جیاوازن، بەڵام خاڵی ھاوبەش لەناویاندا تورکیایەو لە ھەردوکیشیاندا مەسەلەکە پەیوەندیی بە کوردەوە ھەیە.
کاتێک تورکیا ئۆپەراسیۆنی»قەڵغانی فورات»ی راگەیاند، مەبەستی سەرەکیی دروست کردنی پوازێک بوو لە باکوری سوریا بۆ رێگرتن لە پێک گەیشتنی کۆبانێ‌و عەفرین پاش ئەوەی کە ھێزەکانی سوریای دیموکرات دەستیان بەسەر منبج دا گرت. دوای گرتنی جەرابلوس، تورکیا ئامانجی دووەمی خۆی دیاری کرد کە شارۆچکەی بابەو تەنانەت پێش ئەوەش کە دەستی بەسەردا بگرێ، چەند جارێک لەسەر زاری گەورە لێپرسراوەکانی رایگەیاند کە پاش باب روو دەکاتە منبج‌و لەوێوە دادەکشێ بەرەو رەققەو دەستی بەسەردا دەگرێ. راگەیاندنی کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکە بەو مانایە دێ کە تورکیا نەیتوانیوە ئامانجەکانی بەدی بێنێ، چونکە روسەکان‌و ئەمریکییەکان رێی منبج‌و عەفرینیان لێ گرت‌و ئەمریکییەکان لە ئۆپەراسیۆنی رەققە دوریانخستەوە.
ھەرچەند کۆتایی ھێنان بە ئۆپەراسیۆن بە مانای کشانەوەی ھێزەکان دێ، بەڵام تورکیا ھێشتا ھێزەکانی نەکێشاوەتەوە، بەڵام ئەمە بەم واتایە نییە کە بۆ ھەتاھەتایە لەوێ دەیانھێڵێتەوە. مانەوەی ھێزەکانی تورکیا لە جەرابلوس‌و باب ھیچ مانایەکی نییە، بەڵام تورکیا دەترسێ کورد یان ھێزەکانی رژێمی سوریا، پاش کشانەوەی، بەرەو باب‌و جەرابلوس ھەڵکشێن‌و دەستیان بەسەردا بگرن، کە ئەمەش بەدڵنیاییەوە گورزێکی سایکۆلۆژیی گەورەیە بۆ سیاسەتی تورکیا لە سوریا.
سەبارەت بە ئاڵای کوردستانیش لە کەرکوک، تورکیا ناڕەزایی لەم بارەیەوە دەربڕی‌و بیانووی ھێنایەوە کە ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک کارێکە لەگەڵ دەستووری عیراقدا ناگونجێ. مەسەلەکە تێکەڵ‌و پێکەڵییەکی تێدایە. لە سەردانی ئەم دواییەی بارزانی بۆ تورکیا، پێش رووداوەکانی شنگال بە ماوەیەکی کەم، خودی ئەردۆغان پێشوازیی لە بارزانی کرد لە ئەنکەرەو لەو وێنەیەی کە میدیاکان بڵاویان کردۆتەوە، ئاڵای کوردستان بە تەنیشت بارزانییەوە دەردەکەوێ. پرسیارەکە ئەوەیە:
بۆچی حکومەتی تورکیا دژی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان نییە لە ئەنکەرەی پایتەخت‌و دژی ھەمان ئاڵایە لە کەرکوک؟
ئاشکراشە کە لێدوانەکەی تورکیا سەبارەت بە ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک، بەپێی نەریتە دیپلۆماتیکییەکان، دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتێکی تر. ئایا ئەنکەرە رازییە پارێزگاری کەرکوک داوا لە ھاوڵاتییانی تورکیا بکا بە «نەخێر» بەشداری لە راپرسییەکەی ١٦ی نیساندا بکەن؟
گومانی تێدا نییە کە ئەگەر پارێزگاری کەرکوک لێدوانێکی لەو جۆرە بدا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەم‌و دەست دێتە سەر خەت‌و لێدوانەکە بە دەستوەردانێکی رون لە کاروباری تورکیا دەداتە قەڵەم.
ئەگەر بچینە سەر مەسەلەی تێخزاندنی دەستوری عیراق لە کەیسەکە، دەبێ بەو جۆرە لەم بەشەی مەسەلەکە بڕوانین کە تورکیا لە بنەڕەتدا مافی ئەوەی نییە باسی دەستوری عیراق بکا، چونکە تورکیا ئەو دەوڵەتەیە کە بەبێ رەزامەندیی بەغدا ھێزی بۆ باشێک ناردووەو بنکەیەکی سەربازیی تێدا دامەزراوەو دژی کشانەوەیە، سەرەڕای ئەوەی کە بەغدا چەند جارێک داوای کشانەوەی لێ کردووەو لەم دواییەدا بەیاننامەی کۆتایی کۆنگرەی دەوڵەتە عەرەبییەکان لە دەریای مردوو ھەمان داوای دوبارە کردۆتەوە.
ھەڵوێستی تورکیا لەم بارەیەوە لەگەڵ ھەندێ ئاماژەی پێشووی سەبارەت بە ئەگەری رازیبونی بە سەربەخۆیی کوردستانی باشور یەکناگرێتەوە. ھەرچەند ئاماژەکان بەقەد ئەوەی کە پێویستە رون‌و یەکلاکەرەوە نەبون، بەڵام ماوەیەک لەمەوبەر ھەولێر پڕوپاگەندەیەکی زۆری تێدا بڵاو کرایەوە کە تورکیا دژی جیابونەوەی کوردستانی باشور نییەو ئەمە بە کێشە نازانێ. بەڵام فاکتەکان وا ناڵێن. ئەگەر تورکیا دژی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان بێ لە کەرکوک، چۆن دەتوانێ پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستان بکا؟ ئەگەر پرسیارەکەش دەستکاری بکەین، دەتوانین ئەوە بپرسین: ئایا تورکیا کوردستانێکی سەربەخۆی بەبێ کەرکوک دەوێ؟ ئایا ئەمە مەرجی تورکیایە بۆ داننان بە سەربەخۆیی کوردستاندا؟ یاخود مەسەلەکە ھەر لە بنەڕەتدا درۆیەکی شاخدار بووەو تورکیا لە بنەڕەتدا ھیچ ھەڵوێستێکی پشتگیریی لەم بارەیەوە دەرنەبڕیوە. ئەوەی ئەم ئەگەرەش بەھێز دەکا، ئەوەیە کە وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلو لە ٢٩ ی ئازاری رابردوودا، لە ڕەوتی باسکردنی مەسەلەی ئاڵاکەدا، وتی:» ئێمە پشتیوانی لە یەکپارچەیی خاکی عیراق دەکەین». ھەرچەند باسی مەسەلەی ئاڵاکەی کرد، بەڵام بەھیچ شێوەیەک وشەی «کوردستان» ی بەکار نەھێنا.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پێش ھەڵکردنی ئاڵاکە ھەوڵەکانی بۆ پەکخستنی پرۆسەکە چڕ کردبۆوە. لەم چوارچێوەیەدا راوێژکاری وەزیری دەرەوەی تورکیا، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کردبوو، بەڵێنی ئەوەی لێ وەرگرتبوو کە تەنانەت ئەگەر ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش بڕیاری ھەڵکردنی ئاڵاکە بدا، ئاڵاکە ھەڵناکرێ، ئەمە خودی قسەی چاوش ئۆغلویە.
بەھەر حاڵ، ھەرچەند ھەڵکردنی ئاڵاکە لە کەرکوک ھیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ‌و مەسەلەکە لە کارێکی رەمزی بەولاوە ھیچی تر نیە، بەڵام مەسەلەکە زیاد لە پێویست گەورە کراوەو تەنانەت دورنمایەکی نێودەوڵەتیشی پێ دراوە.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
05/04/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ