وتار
‌ڕیفراندۆم
ئاری ھەرسین

پاش کۆبونەوە دوقۆڵیەکەی ئێمە و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و، پێکھاتن لەسەر پەلە کردن لە جێبەجێکردنی ڕیفراندۆم ھەرای نایەوەو، زۆر کەس بۆچوونی خۆیان دەربڕی. ئیتر لە ڕۆشنبیرێکی دژی ئێمە (پارتی) یەوە بگرە ھەتا مامۆستایانی (پۆست مۆدێرنە توان ٢)ی نیشتەجێی ھەندەران (زۆر بە تایبەتی مەبەستم کاک بەختیار عەلی نیە کە بە بەرھەمە ئۆرژینالەکانی سەری میللەتێکی بەرز کردۆتەوە) . 

لەسەر ئەو ڕۆشنبیرە نیشتیمانپەروەرەی کە ڕابوردوی پڕە لە سەروەری و ڕقی لە ئێمەیە قسە ناکەین ( ھەرچەندە دیاردەی ڕق و کینە شتێکی جوان نیە لە ئینساندا و، ئەزیەتی ڕقاویەکە زیاتر دەدات ھەتا ڕق لێبوەکە). بزوتنەوەی گۆڕانیش کە وا ھەست دەکات کە لە ھەیبەتی دراوە چونکە ڕێگا لە بەڕێز دوکتۆر یوسف گیراوە بگەڕێتەوە بۆ سەر کارەکەی (نەک لەبەر ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان پەڕلەمانی ئەوەندە لا موقەدەس بێت)، دوو ھێڵی ڕاست و چەپی بەسەر ڕیفراندۆمدا ھێنا. لە ڕاستیا ئێمە لەم مەوقیفەی حیزبی گۆڕان تێ دەگەین، چونکە وا ھەست دەکەن ئێمەو یەکێتی دوو بە دوو و بە سەرچڵی بڕیاری ڕیفراندۆممان داوەو ھیچ حسابێکمان بۆ ئەوان نەکردوە. گۆڕان مافی خۆیەتی ئارەزو بکات لە کۆبونەوەو مەجلیسەکانی بڕیاردا حسابی بۆ بکرێت. بزوتنەوەی گۆڕان بە پێی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان دووھەم حیزبی کوردستانە و خاوەنی ھەزاران کادری ماندونەناسی ڕێبازی کوردایەتیە. ئەگەر لەم بڕیارەدا لەگەڵمان نەبێت، نە دونیا کۆتایی دێت و (خوانەخواستە) نە گۆڕانیش دەکەوێتە خانەی خیانەتەوە. قەیدی چیە، با گۆڕان ڕێنمایی بداتە ئەندامەکانی بە (نەخێر) بەشداری ڕیفراندۆم بکەن. 

لە لایەکی ترەوە ھەندێک لە ھەڤاڵانی بەڕێز لە سەرکردایەتی یەکێتی وەک ئەوەی بڵێی توشی شۆک و موفاجەئەیەکی گەورە بوون، سەر لەبەری ئەم ڕێککەوتنە ڕەت دەکەنەوەو بونەتە محامی بزوتنەوەی گۆڕان. ئەرگومێنتی ئەو بەڕێزانە ئەوەیە کە ئێمە فێڵمان لە یەکێتی کردوە و بەم ڕێکەوتنە ئیتر یەکێتی دەبێتە پاشکۆی ئێمە. ئەمە لە کاتێکا ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، مانای ئەوەیە یان وەفدەکەی یەکێتی کە لەگەڵ ئێمە دانیشتن ھیچ لە سیاسەت نازانن (بۆیە بۆمان چۆتەسەر بە ئاسانی چاوبەستیان لێ بکەین)و، یانیش وەفدەکەی یەکێتی نەیتوانیوە (یەکێتی بۆچوون) لەسەر ئەو مەسەلەیە لەگەڵ ھەڤاڵانیدا مسۆگەر بکات. کە لە ھەردوو حاڵەتەکەدا (عوزر و قەباعەتێکە) کە ھیچ پەیوەندیەکی بە ئێمەوە نیە و، پێویستە ڕوی گلەییەکان بەرەو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بکرێنەوە، نەک ئێمە. چونکە ئەگەر ئێمە زاناتربین لە سیاتکردنا لە یەکێتی، ئەمە مەتحیێکی ئێجگار گەورەیە و لە بەرۆکمان دەدرێت (کە ئەمەش لە سیاسەتا واریدە). ئەگەریش یەکێتی بوبێتە پاشکۆی ئێمە، بە چ ویژدانێک خەتای ئێمەی تێدایە؟... بۆ چی پاش ئەو مێژوە پڕ لە سەروەری و قوربانیدانە، ( خوانەخواستە ) یەکێتی منداڵە ببێتە پاشکۆی ئێمە؟... بۆیە ھەڤاڵە بەڕێز ەکانمان لە ڕیزەکانی یەکێتی نیشتیمانی با ھەرچیەکیان ھەیە لەگەڵ یەکتردا ساغی بکەنەوە و، بۆ پەردەپۆشی کێشەکانی ناوخۆیان (ئەگەر کێشە ھەبێت) نەکەونە بەردباران کردنی ئێمە.

مەسەلەیەکی دیکە ھەر لەسەر ئەم بابەتە کە بە پێویستی دەزانم ھەڵوێستەی لەسەر بکەم ھەڵوێستی خوشک و برای بەڕێزم، شاناز خان و کاکە ھەڵۆی بەھەشتی مامۆستا برایم ئەحمەدە. زۆر بەداخەوە دەبینین لێرەو لەوێ ھەندێک لە ئەندام و لایەنگرانی پارتیمان لە تۆڵەی ھەڵوێستی ئەو دوو بەڕێزە، ھێرشێکی ناڕەوا دەکەنە سەر خۆیان و مامۆستا برایم ئەحمەد. دیارە ئەمجۆرد پەرچەکردارە ھەرزەیی سیاسی دەگەیەنێت و دیسانەوە مەنتیقی (ڕق)ە. ڕقێکی ئێکسپایەر و بێ مانا. چونکە مامۆستا برایم ئەحمەد بلیمەتێکی ھێندە بەنرخە کە لە بوارەکانی سیاسەت، شیعر، ڕۆمان و ڕۆژنامەوانی خزمەتێکی بێ ئەندازەی بە مێژوومان کردوە. ئەمە جگە لەوەی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول بوە. وابزانم دادە شاناز و کاکە ھەڵۆ بایی ئەوەندە نازیان بەسەر کوردەوە ھەیە کە ئەگەر بۆچونیشمان چوونیەک نەبێت دەبێت بە ڕێزەوە وەڵامیان بدەینەوە و، تەنانەت ئەگەر لەوپەڕی مومکیناتا، قسەشمان پێ بڵێن و جنێویشمان پێ بدەن (ھەرچەندە ئەوە لە ئەخلاقیاتی بەرزی ئەو بنەماڵە بەڕێزە بەدوورە)، دەبێت وا نیشان بدەین کە گوێمان لێ نەبوەو بێ دەنگ بین.

لە ناو حیزبەکەی ئێمەدا خەڵکانێک ھەن کە بە ھیچ جۆرێک بڕوایان بە ڕیفراندۆم نیە، بەڵام تەسلیمی بۆچوونی زۆرینە بوون، بەندە یەکێکم لەو کەسانە. چونکە ئەگەر ڕیفراندۆم بۆ ڕێزگرتنە لە قانونە نێودەوڵەتیەکان، ئەوا بێ سودە. ئەو کاتەی کورد بە کیمیایی باران و تەعریب و ڕاگواستن و جینۆساید و ئەنفال قر دەکرا، قانونی نێودەوڵەتی نەبو. ئێستاش پێویست ناکات بۆ دابینکردنی مافی سروشتیی نەتەوەیەک، ھە. بێت و حسابی بۆ بکرێت.

کواڵیتی کۆمەڵگە (لە بواری مافەکانی ئینسان، دیموکراسی، یەکسانی جەندەریی، سەروەری قانون) تەنیا و تەنیا لە چوارچێوەی دەوڵەتدا بەرجستە دەبێت. بۆیە ئێمە وەک پارتی ھیچ موساھەمەیەک لەسەر سەربەخۆیی ناکەین. بەڵام دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانیش بە میراتی باوکمان نازانین. خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، لە پێشدا عەرەب و تورکمان و مەسیحیە ڕەسەنەکانی ئەم خاکە پیرۆزەن، ئینجا کورد. خاوەنی ڕاستەقینەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ئەو کەسانەشن کە لە کاتی ریفراندۆمدا بە (نەخێر) دەنگ بە سەربەخۆیی دەدەن. چونکە لوتکەی خۆشبەختی (ئینسانی کوردستانی) لە قوبوڵ کردنی یەکتر لە (دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانەوە) دەست پێدەکات... با وەک تۆش بیر نەکاتەوە.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
08/04/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو