وتار
ریفراندۆمی یاسایی بەبێ ریفراندۆم نابێ
فەرید ئەسەسەرد

ھەندێ لایەن لە ھەرێمی کوردستان بەقەد ئەوەی کە سورن لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لە نزیکترین دەرفەتدا، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا مافێکی دیموکراتییە، سوریشن لەسەر ئەوەی کە ھیچ رۆڵێک لە پرۆسەی ریفراندۆمدا بۆ پەرلەمان نەھێڵدرێتەوە. گومانی تێدا نییە کە ئەم ھەڵوێستە، لە فاکتەری سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێ، لەکاتێکدا مەسەلەکە لە ناوەڕۆکدا مەسەلەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو یاساییە، چونکە پرۆسەی ریفراندۆم بەبێ پەرلەمان شەرعیەت وەرناگرێ‌و زۆر بە ئاسانی تانەی لێ دەدرێ.

ئەم مەسەلەیە زۆرتر پەیوەندی بە یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی (٢٠١٤) ی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن‌و ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە کە لە ماددەی سێیەم دا کۆمیسیۆنی کردۆتە دەستەیەکی پیشەیی سەربەخۆ ‌و بێلایەنی سەر بە پەرلەمانی کوردستان‌و بەرپرسیار لەبەرامبەر پەرلەمان. ئەمە بەم واتایە دێت کە ھیچ دامەزراوەیەک لە ھەرێمی کوردستان، نە سەرۆکایەتی ھەرێم‌و نە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران‌و نە ھیچ وەزارەتێک، جگە لە پەرلەمان، دەسەڵاتی ئەوەی نییە فەرمانی ئەنجامدانی ریفراندۆم یان ھەڵبژاردن بۆ کۆمیسیۆن دەر بکات. واتە تاکە لایەن، بەپێی یاسا، کە داوا لە کۆمیسیۆن دەکا دەست بە خۆئامادەکردن بۆ رێکخستنی ریفراندۆم بکا، تەنھا‌و تەنھا پەرلەمانە. ئەمەش لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە، بەم واتایە کە پرۆسەی ریفراندۆم لە پەرلەمانەوە دەست پێدەکا.

رۆڵی پەرلەمان لە بابەتەکەدا زۆر گرنگە. ئەمەش لەوەدا دەردەکەوێ کە ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیاران کە لە (٩) ئەندام پێکدێ، لەلایەن پەرلەمانەوە ھەڵدەبژێردرێن. یاساکە کاتێک دەچێتە سەر دیاری کردنی ھۆکانی دەرکردنی یاساکە، دامەزراندنی کۆمیسیۆنەکە بە»پێویستییەکی نیشتمانی» دەزانێ‌و سپاردنی ئەم کۆمیسیۆنە بە «دەستەیەکی باڵای بێلایەن‌و سەربەخۆ و پەیوەست بە پەرلەمانی کوردستان» بە گرنگ دادەنێ.

بەڵام ئەمە سەروبەری مەسەلەکە نییە. ریفراندۆم، ھەر ریفراندۆمێک، پێویستی بە یاسایەکی تایبەتە کە تەنھا یەک جار سودی لێ وەردەگیرێ‌و تەنھا بۆ یەک ریفراندۆم بەکار دێ. ریفراندۆم لە ھەڵبژاردن جیاوازە. پەرلەمان یەک یاسا بۆ ھەڵبژاردن دەردەکا‌و ئەم یاسایە ھەر چوار ساڵ جارێک بەکار دێ‌و لەکاتی پێویستدا ھەموار دەکرێتەوە، لەکاتێکدا بۆ ھەر ریفراندۆمێک دەبێ یاسایەکی تایبەت ھەبێ کە تێیدا بابەتە سەرەکییەکە دیاری دەکرێ‌و دەنگدەر بە «بەڵێ» یان بە «:نەخێر» وەڵامی پرسیارێکی دیاریکراو دەداتەوە. لەبەرئەوەی بابەتی ریفراندۆم لەسەر کراو، لە ھەر ریفراندۆمێکدا جیاوازە لە بابەتی ریفراندۆمێکی دی، ھیچ یاسایەکی تایبەتی ریفراندۆم بە کەڵکی ریفراندۆمێکی تر نایەو دواجار پەرلەمان بۆ ھەر ریفراندۆمێک دەبێ یاسایەکی تایبەت دەر بکات.

لەبەرەنجامی کۆتاییدا ئەگەر پەرلەمان یاسایەکی تایبەت بۆ ریفراندۆم دەر نەکات، ریفراندۆمی ئەنجامدراو وەک پرۆسەو بەبێ گوێدانە ئەنجامەکەی، ھیچ شەرعیەتێکی نابێ. لەڕاستیشدا پرۆسەیەکی گرنگی وەک ریفراندۆم ھەر دەبێ پشت بە یاسایەکی تایبەت ببەستێ‌و بەبێ یاسا پرۆسەکە وەک پرۆسەیەکی یاسایی بەڕێوە ناچێ.

ھەوڵی دورخستنەوەی پەرلەمان لە پرۆسەی ریفراندۆم کە ھەوڵێکە شایستەی ئەوەیە بەگومانەوە لێی بڕوانرێ، لە ناوەڕۆکدا ھەوڵێکە بۆ تەگەرەدان لە ھێنانە دیی ئاشتبونەوەی گشتی، ئاشتبونەویەک کە رێ بۆ رێکخستنەوەی ناو ماڵی کورد ‌و بەھێزکردنی بەکڕیزیی ناوخۆیی خۆش دەکا، ئەمەش یەکاویەک ئەو شتەیە کە ھەر گەلێکی ھۆگری سەربەخۆیی لە دۆخێکی وادا پێویستی پێیەتی.

پەراوێز خستنی پەرلەمان‌و دورخستنەوەی ریفراندۆم، شەرعیەت بۆ ریفراندۆم ناھێڵێتەوە. ریفراندۆم بەبێ پەرلەمان وەک دروست کردنی مزگەوتە بە پارەی حەرام.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
11/04/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ