وتار
ریفراندۆم و چارەنووسی ناوچە جێناکۆکەکان
دانا مەنمی

سەربەخۆی سیاسی بۆ ھەرێمی کوردستان دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان کارێکی مەحال نییە ، چونکە نەخشەی ناوچەکە لە رووی  جێۆسیاسییەوە لە گۆڕانکاریایە و ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی پاڵپشت و پشتیوانی لە دۆزی کورد دەکات کە ھەنگاو بنێت بەرەو سەربەخۆی سیاسی و دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان ،بەڵام ئەم ئامانجە پێویستی بە یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد و زەمینەسازی و ژینگەی لەبار ھەیە ،  دەکرێت ئەم ئامانجە لە ڕێگەی پلانێکی ستراتیجی نیشتیمانیەوە ھەنگاوی بۆ بنرێت ، ئامانجی سەربەخۆی سیاسی و دروستکردنی دەولەتی کوردستان خواستی ھەمووانە ، ئەو قوربانیانەی کە میللەتی کورد داویەتی لە ھەرێمی کوردستاندا ،زۆر لەوە گەورەترە ڕیفراندۆم بۆ پرسی سەربەخۆی ئەنجام بدرێت و بەڵکو پێویستە ڕاستەوخۆ دەولەتی کوردستان ڕابگەیەنرێت ، پێویستە ھاونیشتیمانیان سەربەخۆی سیاسی بۆ کوردستان بکەنە  خواست و داواکارییان ،کە بێگومان خواست و داواکاری ھاوڵاتیان ڕانگدانەوەی دەبێت لەسەر ئایدۆلۆژیاو میتۆدی ھێزە سیاسییەکان .
ئەمساڵ ڕیفراندۆم ئەنجام ئەدرێت بەڵام لە ڕووی چۆنانەیەتی جورایەتییەوە ، ئەو ڕیفراندۆمەی کەلە ناوچە جێناکۆکەکان دەکرێت جیاوازە لەو ڕیفراندۆمەی کەلەھەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ زانیاری و بەرچاو ڕوونی ڕای گشتی و پسپۆران و چاودیران و ھێزە سیاسی و کلتوری و کۆمەڵایەتییەکان لە ھەرێمی کوردستان . 
لەھەرێمی کوردستان ڕیفراندۆم دەکرێت بۆ سەربەخۆی سیاسی و دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان.
بەڵام لە ناوچە جێناکۆکەکان ڕیفراندۆم دەکرێت بۆ ساغکردنەوەو گەڕانەوەی ئەو ناوچانەی کە لەناوچوارچێوەی مادەی ۱٤۰ دان بۆ سەر کوردستان .  
لەلایەکی تریشەوە ھاونیشتیمانیانی ناوچە جێناکۆکەکان مافی دەنگدانیان نییە بۆ ڕیفراندۆم لە سەر پرسی جیابونەوەو سەربەخۆی سیاسی بۆ ھەرێمی کوردستان. 
جێبەجێکردنی مادەی١٤٠ دوولایەنی گرنگ لەخۆدەگرێت، کە ھەردوولایەنی سیاسی‌و ئیدارین، بۆیە دەبێت لەگەڵ ئەو دۆخە تازەیەدا کورد بۆ ھەردوو لایەنی سیاسی و ئیداری خۆی ئامادەکردبێت، بەرلەچوونە ناو وردەکارییەکانەوە ، ئەو خاڵە گرنگانەو دەیان خاڵی تر ھەن کە دەبێت بچنە بەر باس‌و خواس‌و گفتوگۆکردن، بۆیە بەبڕوای من دەبێت پێشوەخت لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕەوە روون‌و ئاشکرا ئەوانە راڤە بکرێن، رەنگە بۆ ھەندێ بابەتی سنووری ئیداری پێویست بەپەرلەمان بکات‌و لەپاڵیشیەوە لیژنەیەکی تر ھەبێت کە بەرداوم وەڵامی پرسیارەکانی لایەنی بەرامبەری ئامادە کردبێ بۆ بەردەستی شاندی دانوستانی کوردی بۆ بەغدا.
چونکە بیرمان نەچێت کە ئێمە تەنھا نین لەساحەی سیاسیدا‌و ھەموو شتێ بەویست‌و خواستی خۆمان ناچێتە سەر، بەڵام ئەگەر وەڵامەکانمان ووردبین و ڕاڤە کرابێتن‌و پێداگریان لەسەر بێت ، ئایندەشمان روون دەبێت و تەنھا لەسەر کاغەزو بە واژۆکراوی نامێننەوەو ئەچنە بواری جێبەجێ کردنەوە .
دوای چواردە ساڵ حکومەتی عێراق ھیچ یەکێک لەوبەندانەی دەستوری ھەمیشەیی عێراقی جێبەجێ نەکرد بەمادەی سەدوچلیشەوە ، بۆیە کێشەی کورد بەر لەوەی یاسایی بیت سیاسییەوە بوعدێکی مێژووی ھەیە .
ڕاپەڕین ئامانجێکی گەورەی ھەبوو ، ئەویش ئەوەبوو ڕاپەڕین لەپێناو ئازادی ڕادەربڕین وبیروڕای سیاسی و بەھای مرۆڤبوون و دادپەروەری کۆمەڵایەتی سەروەری یاسادا ئەنجام درا ، بەشێوەیەکی گشتی ئەم ئامانجانەی ڕاپەڕین نەھاتووەتە دی .
لەدوای ساڵی (۲۰۰۳) کۆتایی بەحکومی بەعسیزم ھات و کورد نەیتوانی ئەو ھەلە بقۆزێتەوە و کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان بگەڕێننەوە بۆسەر ھەرێمی کوردستان و سەربەخۆی کوردستان ڕابگەیەنن و دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێنن ، کەچی دەسەڵاتدارانی کورد کاریان بۆ دامەزراندنی حکومەتی عێراقی نوێ دەکردو پشتیوان و پاڵپشتی ھێزە عێراقییەکانیان دەکرد .
نەگەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان یان کێشە لەسەرەکان کەلەمادەی ۱٤۰ جێگیر کراوە ، بەشێک بوو لەبێ بەرنامەی و بێ پلانی لەکارو میتۆدی دەسەڵاتی کوردی و نەبوونی ئیرادەی سیاسی بۆ گەڕانەوەی ئەو ناوچانە ، ئەوەندەی پەرۆشی پۆست پشی حیزبی و کورسی بوون ، ئەوەندە پەرۆشی کەرکوک وناوچە جێناکۆکەکان نەبوون ، ئەوەندەی کاریان بۆ بەرژەوەندی و دەوڵەمەندکردنی حیزب دەکرد ئەوەندە کاریان بۆ پرسە نەتەوایەتییەکان نەدەکرد .
باقی وەلسلام 
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
15/04/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ