وتار
ئەو دەمەی حەشدی شەعبی سنوور دەبەزێنێت
ئومێد بابان


پێرار کە ھێرش و پەلاماردانی تیرۆریست و چەتەکانی داعش بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم چڕتر دەبوونەوە، درک بەوە کرا کە لە نێوان داعشی سوننە (دەوڵەتی بەناو ئیسلامی) و داعشی شیعە (حەشدی شەعبی)دا، تەنیا تاڵە موویەکی باریک ھەیە، چونکە لە ھەندێک ناوچەدا ھەمان مەمەڵەی داعشی سوننەیان لەگەڵ کورد و پێکھاتەکانی دیکەدا کرد و، شەلم کوێرم، ناپارێزم، جەستەی چەندان ھاونیشتمانییان بێبەزەییانە و دوور لە ھەر بەھایەکی مرۆیی، خەڵتانی خوێن کرد.       

ئەوکات کە داعشی سوننە بە ئاشکرا پیر و گەنج، ژن و منداڵی کوردی کۆمەڵکوژ دەکرد، زۆرێک لەو چەکدارە شیعانەی کە ئێستا لەناو ھێزێکی میلیشیایی بێسەروبەردا بە ناوی (حەشدی شەعبی)ـیەوە کۆ کراونەتەوە، جگە لەوەی کە ھاوسۆزی دەوڵەتی بەناو ئیسلامی بوون، تەنانەت لە ڕیزەکانی ئەوانیشدا دژایەتیی کوردیان دەکرد و بگرە دەستی سەدانیشیان بە خوێنی کوردستانیان سوور بوو.

ئەو وەختە ھاوکێشەکە بۆیە ڕوون بوو، سەرباری ئەوەی کە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا شەڕی مان و نەمانی دەکرد و ئێستایش دەیکات، لەسەر دەستی دامەزرێنەرانی حەشدی شەعبی و بەدەر لە ھەر عورفێکی دیپلۆماسی، یاسایی و دەستووری، قوتی خەڵکی کوردستان بڕدرا و نە بوودجەی پێشمەرگە درا، نە مووچەی فەرمانبەرانیش.

حەشدی شەعبی کە کەم و زۆر جیاوازیی لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا نییە، بەوەندەیشەوە نەوەستاون و ئەوەتا بە بەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە خوێنی ھاونیشتمانییە کوردستانییەکان بە ناحەق دەڕێژێت، ماڵی ھاووڵاتیانی کورد تاڵان دەکات و سڵ لە ھیچ دەرەنجامێکیش ناکاتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، داعشی شیعە (حەشدی بەناو شەعبی)، دەبوو لەبری ئەو داگیرکاری و خۆسەپاندن و خوێنڕشتنەی تاکی کورد، ھاوشانی پێشمەرگە شەڕی تیرۆریستانی داعشی سوننەی بکردایە و، بە لای کەمەوە رۆڵێکی کەمی لە بچووککردنەوە و کەمڕەنگکردنی ھەژموونیان لە ناوچەکەدا ھەبووایە.

ئەمڕۆکەیش بەوپێیەی سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەڵەتی لەسەر دۆخی ئەمنیی عێراق و سووریایە، بە پلەی یەکەم ئەرکی مەرجەعە باڵاکانی شیعەی عێراقە گڵۆپی سوور بۆ حەشدی شەعبی داگیرسێنن، چونکە دواجار ئەو ئاگرەی کە ئەو میلیشیایانە خۆشی دەکەن، بەر لە ھەمووان پریشکەکەی بەر خۆیان دەکەوێت و زیانی گەورە دەکەن.

ئەوەی دەمێنێتەوە، ھەڵوێستی سەرکردایەتیی سیاسیی ھەرێمی کوردستانە، کە پێویستە ھەرچی زووە مامەڵەیەکی جیددی و ژیرانە لەگەڵ بارودۆخەکەدا بکەن و خەمسارد نەبن لە ئاست پرسێکی وەھا ھەستیاردا، کە ژیان و گیانی ھاونیشتمانیانی پێوە پەیوەستە.

لە ھەموویش گرینگتر، ھاوئاھەنگی و یەکھەڵوێستیی نێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و حزب و سەرکردە و کەسایەتییە دیپلۆماسییە دیارەکانە، لەبەر ئەوەی (ھەمووان پێکەوە) کاریگەرییان لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیشدا ھەیە و، دەتوانن بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێن: کوردستان سەرزەمینی پێکەوەژیان و پێکەوەھەڵکردنە، بۆیە ھەر ھەڕەشەیەکی تیرۆر و تۆقاندن، چاوسوورکردنەوە و بەبارمتەگرتنی ھاونیشتمانیان، جا بە ھەر بیانوو و لەلایەن ھەر ھێزێکی رێکخراو و ناڕێکخراوەوە بێت، لەسەر کۆی کۆمەڵگەی بەشەرییەت ھەڕەشەیە و ڕووداوگەلی زۆر نەخوازراوی لێ دەکەوێتەوە، کە کۆتاکەڕەت ھەمووان تێیدا زیانمەند دەبن، نەک تەنیا ھەرێمی کوردستان.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
28/04/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو