وتار
قەیرانی متمانە..
پارێزەر: لوقمان مصطفی

  بە بڕوای شارەزایان،لەدەستدانی متمانە بە گشتی و لە دەستدانی متمانەی سیاسی بە شێوەیەکی تایبەتی، ھەر بەسرووشتی خۆی زۆر خێرا ترلە دەست دەچێت، بەڵام بۆ بەدەستھێنانەوەی  کاتێکی زۆرتریی پێویستە تا دەبیتەوە جێی  بڕواو متمانە.
ھەر بۆیە کاتێک خەڵکی متمانەی بە حیزبە سیاسیەکان و کەسایەتیە سیاسیەکان و  دەسەڵاتی سیاسی و حکومەت نامێنێت ھەر لە خۆڕا نیە.! لەبەر ئەوەی پێیان وایە پارتە سیاسیەکان وکەسایاتی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسی، ئەوەندەی بۆ بەرژەوەندی خۆیان ھەوڵدەدەن و کاردەکەن ئەوەندە بۆبەرژەوەندی وخۆشگوزەرانی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان  ھەوڵ نادەن،ئەوەندەی حیزبە سیاسیەکان خەریکی ناشیرنکردنی سیاسەت و خراپ بە کارھێنانی سیاسەتن،تا کار گەیشتۆتە ئەوەی بەشێوەیەک ژینگەی سیاسیان شێواندووەبە جۆرێک  زانستی سیاسیان شەرمەزارکردووە.!! 
ھەر بۆیە بەشێک لە چاودێرانی سیاسی وپسپۆرانی ئەوبوارە پێیان وایە سیاسەتکردن لە ھەرێمی کوردستان،ھیچ خەسڵەتێکی زانستی سیاسی تیانابینن،بۆیە دەرھاویشتەکانی کێشەی جۆراوجۆری لێدەکەوێتەوە.
 ھەرچی خەڵکە گشتیەکەشە پێیان وایە سیسەتکردن بەوشێوەیەی کە ئێستا دەگوزەرێت تەنھا ئاولەژێرپێ کردنە و درۆیەکی شاخدارە،ئامانجەکەی قازانجێکی بازرگانیەوھیچی تر،ئاخر کە دەبینن ھێزە سیاسیەکان لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردندا چۆن گاڵتە بە ھەستیان دەکرێت،کاتێک بەڵێن بە خەڵکی دەدەن وپاشان لێی پەشیمان دەبنەوەو ھیچ ئەنجامێکی نابینن ئیدی چۆن متمانەیان بە دەسەڵاتی سیاسی دەمێنێت.!! 
ئی خۆ لە سیاسەتیشدا ئەگەر رەوشت وەک پێویست نەبوو ئیتر دەسەڵاتداران بە ئارەزوی خۆیان بەڵێن دەدەن و جێبەجێی ناکەن،دەشبێت بزانین کە بۆچی ڕەوشتی سیاسی پێویستیەکی حەتمیە و دەبێت ئەخلاق وەک ھۆکارێک سەیربکەین،چونکە ئەگەر رەوشت لەھەرکایەیەکی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی ...ھتد ھەبووئەوا دەسەڵاتداران بەڵێنێک نادەن کە جێبەجێی نەکەن،ئەوکات خەڵکیش لەگەڵ یەکتردا زیاتر راستگۆدەبن و ئەو کاتەش متمانە بە یەکترو بەو دەسەڵاتەش زیاتر  دەبێت.لە ھەلومەرجێکی واھەستیاری ئەمڕۆی کوردستاندا پێویستمان بە نوێکردنەوەی میکانیزمەکانی پەیوەندی نێوان دەسەڵات و خەڵک ھەیە بەسەرجەم دەسەڵاتەکانی  پەرلەمان وحکومەت وبە دەزگای دادوەریشەوە، بۆ دوبارە دروستکردنەوەی متمانە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگاو وپێشکەوتنی کۆمەڵایەتی وسەروەری یاسا و دابینکردنی پێداویستییەکانی گوزەرانی خەڵک دەکەوێتە ئەستۆی ئەوحکومەتەی کە دەسەڵاتی سیای درووستی کردووە، لە ھەمان کاتیشدا پاراستنی ئاسایشی گشتی ئەرکێکی کۆمەڵگاییەو بەرپرسیارێتی گشتی خەڵکە. فراوان بوونی ئازادی سیاسی و دیموراسی لە کۆمەڵدا و فراوان کردنی سەرجەم وبوارەکانی ئازادی ڕادەڕبڕین بە شێوازی جۆراوجۆری دیموکراسیانە، ئەو زەمینەیە وئەو پێداویستییانە دەخوڵقێنن بۆ ئەوی دەسەڵات ئەرکی خۆی بەئەنجام بگەیەنێ وبیسەلمێنێ کە جێی بڕواو متمانەیانە. 
  کاتێک متمانە لە نێوان ھاوڵاتی و دەسەڵاتدا دێتە کایەوە کە دەسەڵات لە ڕێگای دامودەزگاکانییەوە لە ھەوڵی ئەوەدابێت باشترین خزمەتگوزاری بە ھاوڵاتیان پێشکەش بکات و خواست و ئاوات و پێویستییەکانیان دابین بکات و ھاوڵاتی ھەست بە جیاوازی و نادادپەروەری نەکات و مافی ھاوڵاتیبوونی پارێزاراو بێت و دەنگی بیستراوبێت و مافی ڕادەربڕین و دەنگدانی بە ئازادی و بەبێ ترس و ھەڕەشە و نانبڕینی نەبێت.
ئەوەی دەبێتە مایەی لەدەستدانی متمانەی ھاوڵاتی بە دەسەڵاتی سیاسی ئەوەیە، کاتێک بەرپرسان و سیاسەتمەداران بەڵێن و پەیمان دەدەن و دووبارە و دەبارەی دەکەنەوە بە بێ ھێنانەدی بەڵێنەکانیان. بۆ نموونە باس لە ئازادی ڕادەربڕین و ھەڵبژاردنی ئازاد و سەروەری یاسا و عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەکەن و پەیمان بە ھاوڵاتیان دەدەن کە دیموکراسی پەیڕەو بکەن، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیعدا ئەو بەڵێنانە بوونی نییە و ھاوڵاتی ھەست بەوە دەکات ئەو بەڵینانە تەنیا خوڵکردنەچاو زیاتر ھیچیتر نییە، کە دەبینرێت دەزگاکانی حکومەت و میدیا و داھاتی نیشتمانی لەلایەن حیزبەوە قۆرخ دەکرێت و خزمخزمێنە و تەزکییەی حیزب دەخرێتە پێش توانا و لێھاتووییەوە بۆ دامەزراندن لە دەزگا فەرمییەکاندا،ئەوا بێگوومان دەسەڵات متمانەی خۆی لەدەست دەدات وھاوڵاتیش بیرلەڕێگا چارەی دیکە دەکاتەوە کە مافێکی سروشتی خۆیەتی.
 دەسەڵات کاتێک دەتوانێت متمانەی ھاوڵاتیان بەدەست بێنێت کە وەڵام بە داواکاری و دەنگی ناڕەزایەتییان بداتەوە و بەکردەوە نەک تەنیا بە بەڵێن و وتاری بریقەدار و رازاندنەوەی مانشێتی رۆژنامەکان..
ھاوڵاتی کە متمانەی بەدەسەڵاتی سیاسی نەما، ئامادە نابێت گوێ رایەڵی  فەرمان و داواکارییەکانی دەسەڵات بێت، لە بری ھاوکاریکردن زۆر جار پەنا دەباتە بەر سەرپێچکردن و ناڕەزایەتی دەربڕین، بە ڕەخنەگرتن و میتینگ وخۆپیشاندان. بۆیە دەتوانین بڵێین متمانەی ھاوڵاتییان بە دەسەڵات شەرعییەتدانە بەو دەسەڵاتە، بە پێچەوانەشەوە کاتێک ھاوڵاتییان متمانەیان بە دەسەڵات نامێنێت، ئەو دەسەڵات لە لایەن ھاوڵاتییانەوە بە دەسەڵاتێکی سەپێنراو و ناشەرعی دیکتاتۆر دەناسرێتەوە.
نەھێشتنی قەیرانی متمانەی خەڵک بە دەسەڵات وحزبە سیاسییەکانەوە، دەبێ لە ڕێگای بایەخدانی حزبی سیاسی بەو بەرنامەیەی کە لە ھەڵبژاردندا ڕایدەگەیەنێ، وکارکردنی نوێنەرانی لە پەرلەمان ودامەزراوە ھەڵبژێردراوەکاندا لە سەر ڕۆشنایی ئەو بەرنامەیەوە بێت.
شایەنی ئاماژە پێکردنە متمانە لە نێوان ھاوڵاتیان و دەسەڵاتی سیاسی لایەنێکی گرنگی سەرمایەی کۆمەڵایەتییە لە پاڵ بەھا و مۆڕاڵ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، کە کاریگەری ھەیە لەسەر گرێدانی پەیوەندی نێوان تاکەکانی کۆمەڵدا. 
بۆیە پێویستە دەسەڵاتی سیاسی بایەخ و گرنگی تەواو بدات بە سەرمایەی کۆمەڵایەتی وەک سەرمایە جۆراوجۆرەکانی تری وڵات.لانی کەم بۆ ئەوەی ڕووی بێت بۆ جارێکیتر بتوانێ داوی دەنگیان لێبکات وببێتەوە جێی متمانەوگرنگی پێدانیان. 
پێویستە ھەوڵی ئەوە بدرێت دیالۆگی راستەقینە دروست بێت لە نێوان حکومەت و جەماوەر لە رێگەی دەسەڵاتی پەرلەمانەوە کە زوبان حاڵی چین وتوێژەکانی ئەو خەڵکەن ، ھەڵبەتە ئەمە رێگەی دەربڕینێکی شارستانی و دروستە لە بری توند و تیژیی،کە بێشک توندوتیژی  بەر لە ھەموو شتێک ماڵ وێرانیی  بەدواوەیە.‌
بۆ نەھێشتنی وبنەبڕکردنی قەیرانی متمانەی نێوان خەڵک ودەسەڵاتی سیاسی نۆژەن کردنەوەی پردی پەیوەندی نێوانیان،بەرلەھەرشتێک داوای لێبوردن لە کۆمەڵانی خەڵک بکرێت،داننان بەھەڵەوکەموکوڕی وکارە دزێوو نەشیاوەکانیان،کەچۆن بونەتە ھۆکاری داخستنی دەرگای پەڕلەمانی کوردستان و بڕینی قوتی خەڵک ،ھەروەھا بوونی شەفافیەت لە سێکتەرە ئابوری وداراییەکاندا، بەتایبەت کۆمپانیانەوتیەکان وژێرخانە ئابوریەکانی تری ووڵات،ڕێزگرتن لەیاساو سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی نەک بە پێچەوانەوە دەستێوەردان وتێکدان....ھتد. 
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
23/04/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123