وتار
جەمسەر بەندییەکانی ریفراندۆمەکەی تورکیا ‌
فەرید ئەسەسەرد

پاش ئەوەی ئەنجامی ریفراندۆمەکەی تورکیا بە سەرکەوتنی کامپی «بەڵێ» بە ڕێژەی ٤.٥١% راگەیەنرا، ئەردۆغان ریفراندۆمەکەی بە یاریی فوتبوڵ شوبھاند‌و وتی: لە یاریی فوتبوڵ دا چ بەیەک گۆڵ یارییەکە ببەیتەوە چ بە پێنج گۆڵ، بردنەوە ھەر بردنەوەیە، بەڵام لەڕاستیدا مەسەلەکە وا نییە. بردنەوە بەیەک گۆڵ بردنەوەیەکی لاوازە، لەکاتێکدا بردنەوە بە پێنج گۆڵ بردنەوەیەکی بەھێزە.

لەڕاستیشدا خودی ئەردۆغان پێش ریفراندۆمەکە ترسی ئەوەی لێ نیشتبوو کە دەشێ ریفراندۆمەکە بدۆڕێنێ. سەرچاوەکانی ھەواڵ لە باکوری کوردستان ‌و ھەروەھا لە تورکیا، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە کامپی «بەڵێ» بە ھیچ چەشنێک لە ٤٥% زیاتری بەدەست نەھێناوە ‌و ئاماژە بۆ ساختەکاری ‌و دەستکاریکردنی ئەنجامەکان دەکەن ‌و لەھەمووی گرنگتر باس لە ھەزارەھا کارتی مۆرنەکراو دەکەن کە لە کۆتاییدا بڕیار درا بە یاسایی بژمێردرێن، نزمیی رێژەی بردنەوەکە ئەگەری ساختەکاری ‌و دەستکاری دەکاتە ئەگەرێکی بەھێز‌و ھەدەپ دەڵێ: ژماردنی کارتە مۆرنەکراوەکان ٣ تا ٤ کاری کردۆتە سەر ئەنجامی راگەیەنراو.

لە مێژووی ریفراندۆمەکانی سەردەمی حوکمڕانیی ئاک پارتیدا، ریفراندۆمی ئەم دواییە سێیەم ریفراندۆمە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ رێژەی سەرکەوتنی دوو ریفراندۆمەکەی پێشوو، لەم ریفراندۆمەدا ئاک پارتی پاشەکشەیەکی زۆری بەخۆیەوە دیوە، چونکە لە ریفراندۆمی ساڵی ٢٠٠٧دا کامپی «بەڵێ» رێژەی ٦٩% بەدەستھێنا و لە ریفراندۆمەکەی ساڵی ٢٠١٠ دا ھەمان کامپ رێژەی دەوروبەری ٥٨%ی بەدەستھێنا. 
بەپێی پێوەرە کارپێکراوەکان ھەر ریفراندۆمێک بە رێژەی ٦٥-٧٠% سەرکەوتن بەدەست بێنێ، بە ریفراندۆمێکی بێ کێشە دەژمێردرێ و ئەو ڕیفراندۆمانەی کە بە رێژەی ٥١% تا ٥٣% سەرکەوتن بەدەست دێنن، بەڵگەی لاوازیی یەکڕیزیی نیشتمانین ‌و زۆربەی کات بارودۆخی پاش ریفراندۆمەکە بارودۆخێکی گرژ دەبێ ‌و سیمای زاڵ بەسەریدا بێ متمانەییە. ئینجا ئەگەر رێژە نزمەکەی سەرکەوتن، گومانی ساختەکاری و دەستکاریی لێ بکرێ، ئەوا کێشەکە بە گەورەتر دادەندرێ ‌و دەرگاکان بەڕووی ھەموو ئەگەرە خراپەکاندا ئاوەڵا دەبن.

چاودێرە نێودەوڵەتییە ئەوروپییەکان لە راپۆرتەکانیاندا «ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە ھەردوو کامپ لە کاتی بانگەشەدا چانسی یەکسانیان بۆ نەرەخسێنراوە و حکومەت تەنگی بە کامپی «نەخێر» ھەڵچنی بوو، سەرباری ئاماژە کردن بۆ ژمارەیەکی زۆر کەموکوڕی کە گومانێکی زۆریان لەسەر راستگۆیی ریفراندۆمەکە دروست کردووە.
بەھەر حاڵ، ئەوەی روویدا، روویدا. ئەو ئەنجامەکەش کە بە دەستھاتووە، بەدڵنیاییەوە درزێکی گەورەتر لەناو کۆمەڵگای تورکیا دروست دەکا‌ت و جەمسەر بەندییەکان توندتر ‌و سەختتر دەکات.

ھەرچەند بەم بردنەوەیە، ئەردۆغان ئاواتی خۆی بەدەستھێناوە ‌و سیستەمەکەی لە پەرلەمانییەوە کردووە بە سەرۆکایەتی، بەڵام ئەردۆغان بە کردەوە بەم بردنەوەیە خۆی توشی گێچەڵێکی گەورە کردووە، چونکە چەند ساڵێکە بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە سیستمی پەرلەمانی ھۆی ھەموو کێشەکانی تورکیایە ‌و ئەگەر سیستمی سەرۆکایەتی لە تورکیا بێتە دی، تورکیا دەبێتە خاوەنی سەرکردایەتییەکی بەھێز‌و ئەو دەرفەتەی بۆ دەرەخسێ کە بەسەر ھەموو کێشەو گرفتەکاندا زاڵ بێ. کاتی ئەوە ھاتووە کە ئەردۆغان ئەوە بسەلمێنێ کە بەو ھەموو دەسەڵاتە زۆرەی کە ھەیەتی، لێرە بەدواوە ھەموو کێشەکان چارەسەر دەکات ‌و تورکیای ئایندە تەواو جیاوازە لە تورکیای پێش سیستمی سەرۆکایەتی.

لێرە بەدواوە ھیچ بیانوویەک بۆ خراپیی باری ئابووری و دابەزینی نرخی لێرە ‌و تێکچوونی باری ئەمنی ‌و زیادبونی قەرزەکانی سەر تورکیا نەماوە. ئەردۆغان بەڵێنی داوە لەڕێی سیستمی سەرۆکایەتییەوە ھەموو کێشە قوڵەکانی چارەسەر بکات ‌و تورکیایەکی بەھێزتر ‌و دەستڕۆیشتووتر ‌و لەڕوی ئابورییەوە بوژاوەتر و لەڕوی داراییەوە دەوڵەمەندتر پێشکەش بە دەنگدەرانی کامپی»بەڵێ» بکات.
بەڵام ئەگەر تورکیا لە سایەی سیستمی سەرۆکایەتیدا پڕ گێچەڵتر بوو ‌و گرفتەکانی سنوری ئاسایی خۆیان تێپەڕاند، ئەوسا بەڕوونی دەردەکەوێ کە گوناە لە سیستمی سیاسیدا نییە، بەڵکو گوناە لە حوکمڕان و شێوەی بیرکردنەوەی و ھەڵسوکەوتەکانیدایە.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
26/04/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12