وتار
پەرلەمان کارا مەکەنەوە
محه‌مه‌د ره‌ئوف

بەھۆی ھەژمونی سیاسی پارتی بەسەر دۆخی سیاسی ھەرێمەوە تەواوی گفتوگۆ و دانوستان و لێدوانەکان ئاراستەی پەرلەمانە و بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانە، ئەویش لە پێناو گۆڕینی ئاراستەی کێشەو قەیرانەسەرەکیەکان لە سەرۆکایەتی ھەرێمەوە بۆ پەرلەمان، کە لە بنەڕەتدا پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم سەنتەری کێشە و قەیرانە سیاسی و ئابوریەکانی ھەرێمی کوردستانە، بەو پێیەی ئەگەر پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم و یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم نەبوایە چارەنووسی پەرلەمان بەم دۆخە ناگەیشت..
لەم بارودۆخە پڕ لە جەنجاڵ و نارۆشنەدا کاراکردنەوەی پەرلەمان چی لە بارودۆخی سیاسی وئابوری دەگۆڕێ، پەرلەمانێک چەکدارانی حیزب رێگری لێبکات و قوفڵ لەدەرگاکەی بدات، ئەو رۆڵەی پێدەدرێت کە مەرجەعی پرسە چارەنووسازەکان و یەکلاکردنەوەی کێشەکان بێت، ئایا پاوانخوازی حیزب و بەرژەوەندی کارەکتەرە سیاسیەکان رێگە بە پەرلەمان دەدان کە رۆڵ ببینێت لە چاودێریکردن و لێپرسینەوە، سیاسیەکان ئامادەن بەرژەوەندیە بازرگانیەکانیان بخەنە بەردەم نەشتەرگەری پەرلەمان، ئایا تەنھا پەرلەمانە پێویستی بە کاراکردنەوە ھەیە..؟؟ کام جومگەی دەسەڵات و دامەزراوە لە ھەرێمی کوردستاندا لە جێگەی خۆیدا ماوە و سست نەکرابێت، تا چاوەکان تەنھا لەسەر پەرلەمان بێت بۆ ئەوەی کارا بکرێتەوە، کام بەشی جەستەی حکومەت ماوە پێویستی بە کاراکردنەوە و دەمەزەردکردنەوە نەبێت، تا ھەوڵەکان تەنھا بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بێت، لەم بارودۆخەی ئێستادا خەو بینین بە کاراکردنەوەی پەرلەمانەوە جگە لە خۆکوشتن و زەلیلکردنی پەرلەمان ھیچی دیکە نیە، ناکرێت پەرلەمان کاراکەیتەوە و سەرۆک ھەر لە شوێنی خۆیدا درێژە بە تەمەنی خۆی بدات، ناکرێت پەرلەمان کارابکەیتەوە و ھێزو پارەو نەوت و سامانی وڵات لای حیزب بێت و بازارو ئابوری و رێکەوتن و پەیوەندیەکان ھەر لای خۆی بێت، لەم دۆخەدا پەرلەمان چی پێدەکرێت، بێتە دەنگ دادەخرێت و دەبێت بچێتە ماڵەوە، بێدەنگیش بێت دەبێتە کارتۆنی، پارتی بۆیە پەرلەمانی داخست چونکە بەدەنگھات، بێدەنگ بوایە داناخرا، کردنەوەی دەرگای پەرلەمان بە مەرجی بێدەنگبوون نەکردنەوەو کارانەکردنەوەی باشترە.
بەبێ گۆڕانی دۆخی سیاسی و ژیانی سیاسی و سیستمی سیاسی و حیزبایەتی ھەرێم پەرلەمان بەناکارایی کارا دەبێتەوە، پەرلەمانێک کە حیزبە پێکھێنەرەکانی ئیرادەیان نەبێت بەرگری لێبکەن و وەک ھێڵی سور سەیری نەکەن، چۆن دەتوانێت ببێتە مەرجەعی سیاسی و پرسە چارەنووسسازەکانی ھەرێم، پەرلەمانێک کە زۆرێک لە ھێزەکانی ناوی پێیان وا بێت ریفراندۆم و سەربەخۆیی ئەرکی پەرلەمان نیە، چۆن ئەو پەرلەمانە دەکرێتە شوێنی لێپرسینەوەی حکومەت و گەندەڵکاران ( وەک بەغداد ) پەرلەمانێک مەفرەزەیەک چەکداری حیزبی رێگری لێبکات و دای بخات، چۆن دەکرێتە شوێنی لێپرسینەوەی سەرۆکی ھەرێم و حکومەت و وەزیرەکانی، بۆیە ناکرێت کاراکردنەوەی پەرلەمان تەنھا بۆ تێپەراندن و رازی کردنی یەکتری و بکرێتە شوێنی شەرعیەتدان بە ناشەرعیەکانی دەسەڵات، تەنانەت ھەندێک لە ھێزەکان لە ھەڵوێستەکانی خۆیان پاشگەزبوونەتەوە، ئەنجامەکەشی بارودۆخی سیاسیان بە ئاراستەیەکی دیکەدا برد، پێشتر پارتی داوای لەلایەنەکان دەکرد، کە کێشەکە چارەسەر بکەن و داوای گفتوگۆ و دۆزینەوەی رێگەچارەی دەکرد، بەڵام ئێستا لایەنەکان داوا لە پارتی دەکەن، پێشتر زۆرێک لەلایەنەکان وەک یەک بەرە پرۆژەیان ھەبوو بۆ سیستمی سیاسی و سەرۆکایەتی ھەرێم، ئێستا ووردە ووردە ھەندێک لەلایەنەکان بەئاراستەی سیاسیەتی پارتی بایانداوەتەوە و سەرقاڵی سەوداکارین، ئەوکات پارتی بەشێک لە سەرۆکایەتی و دۆسیەکانی لەبەردەستدا بوو ئێستا ھەمووی لەلای خۆیەتی، رەنگە پارتی لەبەردەم ئیحراجیەکی گەورەدا بێت، بەڵام لە واقیعدا بەھۆی لاوازی ئیرادەی ھەندێک لەھێزەکانەوە، پارتی بۆتە دەمڕاست و حوکمڕانی سەرەکی ھەرێم، خۆی بریار دەدات و ھەڵوێست وەردەگرێت و ھاوپەیمانی دەکات و لایەنەکان نەک رایان وەرناگیرێت، بەڵکو تەنھا ئەتوانن لە بەیاننامەو شاشەی تیڤیەکانەوە تێبینیان ھەبێت.
بەم بارودۆخەی ئێستاوە کە پارتی تەواوی جومگەکانی حوکمڕانی کۆنترۆڵکردووە کاراکردنەوەی پەرلەمان چی لە بارودۆخەکە دەگۆڕێت و گرەنتی چیە دوای کاراکردنەوە پەرلەمانیش ناکرێتە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی بەرژەوەندیەکانی پارتی. 
ئاراستەی کارکردنی پارتی لەسەر رووداوەکان روونە، ھەموو شتێک لە پێناو سەرکەوتنی خۆتدا، وەک چۆن لەدوای ٣١ی ئاب ھەموو ھەوڵێکی بۆ خۆ پتەوکردن و چەسپاندنی جێ پێی خۆی بوو لە ھەولێرو گوێی بەھیچ کاردانەوەیەک نەداو دواتر ھەیمەنەی خۆشی چەسپاند، ئاواش لە دوای ١٢ی ئۆکتۆبەرەوە بەھەموو ئاراستەیەکدا ھەوڵی چەسپاندنی پایەکانی خۆیداوە و کۆنترۆڵی زۆرینەی جومگە سەرەکیەکانی حوکمرانی کردووە لە ھەرێم، ئێستا ( پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەت و ئاساییش و ناوخۆ و نەوت و دارایی و پێشمەرگە و پەیوەندیەکانی درەوەی لای پارتیە )، بۆیە تەنھا داواکاری کاراکردنەوەی پەرلەمان بەبێ چارەسەری قەیرانی سەرۆکایەتی ھەرێم، شەرعیەتدانەوەیە بەدرێژکردنەوەی ویلایەتەکەی بارزانی چەسپاندنی پایەکانی تاکرەوی و حوکمی ویراسیە لە ھەرێمی کوردستان بەو پێیەی، بارزانی لە ٢٠٠٥ ەوە و ماوەی زیاتر لە ١٢ ساڵە واتا ٤٣٨٠ رۆژە لە سەرۆکایەتی ھەرێمە، کە دەبوو تەنھا ٨ ساڵ واتا٢٩٢٠ رۆژ لەسەرۆکایەتیدا بوایە، بەو پێیەش زیاتر لە ٤ ساڵ واتا ١٤٦٠ رۆژ لە دەرەوەی کاتی یاسایی خۆی لەسەر کورسی دانیشتووە، کە رەنگە مێژوو ھەنگاوەکانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە روداوێکی گرنگ بنوسێتەوە، بۆ ملنەدانی بە ویستی پارتی بە درێژکردنەوەی ویلایەتەکەی بارزانی و تاپۆکردنی کورسی سەرۆکایەتی لەسەر یەک کەس، کە ھەموو کات پارتی رازیە بە کاراکردنەوەی پەرلەمان بە گەرانەوەی دکتۆر یوسفیشەوە بەرمەجێک کێشە سەرەتانیەکەی ھەرێم کە پرسی سەرۆکایەتیە چارەسەربکرێت.
ئەگەر پەرلەمان لە پێناو بێدەنگکردندا کارابکرێتەوە، نەکردنەوەی باشترە، ئەگەر پەرلەمانێک نەتوانێ لە مافیاکانی نەوت و بازرگانە سیاسیەکان ببپرسێتەوە کارانەکرێتەوەی باشترە، ئەگەر پەرلەمانێک شەرعیەت بدات بە حوکمی بنەماڵەیی و توانای ھەڵوەشانەوەی چارەکە موچە و ھەموو ئەو بڕیارانەی نەبێت کە لە دژی ھاوڵاتیانی کوردستانە کارانەکرێتەوە باشترە، بۆیە پرسیارە سەرەکیەکە ئەوەیە بەستنەوەی ھەموو خەونەکان بە کاراکردنەوەی پەرلەمانەوە لە جێگەی خۆیدایە ..؟. ئەی ئەگەر پەرلەمان کارا نەکرێتەوە چارەنووسی ھەرێمی کوردستان بەرەو کوێ دەڕوات.. کە بێگومان ھێزەکانی دیکە کارتی گەورەیان لەبەردەستدایەو دەتوانن لە ئاست سەرەرۆیەکانی پارتی بەکاری بھێنن..؟
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
02/05/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1