وتار
کورد لە ماڵەکەی سەددامدا!
ئومێد بابان

پەیامنێری کەناڵێکی ئاسمانیی کوردی، لە ماڵی (سەددام)ی لەسێدارەدراو لە عەممان، ھەڤپەیڤینێکی لەگەڵ (بەنان حوسێن کامیل)، کچی (ڕەغد) و نەوەی (سەددام حوسێن)ی دیکتاتۆر، ساز داوە.
ھەڵبەت، شانازیکردنی کەناڵێکی ئاسمانیی کوردی بە سازکردنی دیمانە و وێنەگرتنی پەیامنێرەکەیان لەگەڵ وەچەیەکی (سەددام)ـدا، کە وێنەی سەرۆکی پێشووی حزبی بەعسی عێراقیش لە پشتیانەوە بە ڕوونی دیارە، جێی پرسیار، گومان و تێڕامانە!
ڕەنگە ئاسایی بێ لە (زۆر) باردا رۆژنامەنووس بێلایەن بێت و پیشەگەرانە کاری خۆی بکات، وەک پێشتریش لە وتارێکدا وردتر ئەو بابەتەمان بۆ بەشێک لە مێدیاکان شرۆڤە کردووە، بەڵام لە زۆر حاڵەتیشدا، کە پرسەکە چووە چوارچێوەی نەشتەردان لە برینی کۆنی نەتەوەیەک، ناکرێ بابای رۆژنامەوان (کە پێدەچێ خزم و خوێشیشی بووبنە قوربانی)، خەمساردانە گەشت بۆ ماڵی دوژمنە دێرینەکەت بکات و لە پای بەدەستھێنانی خوێنەر یان بینەرێکی زۆر، زۆرترین ھاونیشتمانی لە خۆی و کەناڵەکەی بڕەنجێنێت و بەنزین بە ئاگردا بکات.   
لەو سۆنگەیەوە، دەشێ بپرسین، ھۆکار و ئامانج لەو دیدارەی ئەو کەناڵە لەگەڵ نەوەیەکی (سەددام)دا چییە؟ یان دەکرێ بێژین، کەناڵەکە دەیەوێ بە کولاندنەوەی برینە ساڕێژنەبووە ھەمیشەییەکان، چ پەیامێک بە گوێ و چاوی کەسوکاری قوربانیانی جینۆساید، ئەنفالکراو، کیمیابارانکراو و زیندەبەچاڵکراوان، کۆمەڵکوژیی نامرۆڤانە و سەرسەختانەی بەعسییەکان دەرھەق بە خەڵکی کوردستان، کاولکاری و ماڵوێرانی و سووتاندنی گوند و ئاواییەکان، ئاوارەکردنی خەڵکی بێدیفاع و بێگوناە و ڕاگواستنی زۆرەملێ و مووشەکبارانکردنی شار و شارۆچکەکانی باشوور (کە ڕاستەوخۆ بەعسییەکان بە فەرمانی سەددام کردیان)، بدەن!
بە بڕوای بەندە، لە ئێستادا کە کەسوکاری قوربانیانی دەستی بەعس و ئەوانی دیکەیش، پتر لە ھەر کاتێکی دیکە پێویستیان بە دڵدانەوە، ئاوڕلێدانەوە و ساڕێژکردنی زامەکانیان ھەیە، ناکرێ ھیچ مێدیایەک، لە ژێر ھیچ کاریگەری و پاساوێکدا، دووبارە تراژیدیای لەدەستدانی بەناھەق و جەرگبڕی ئازیزانیان، خاپوورکردن و بەسوتماککردنی شار و شارۆچکە و گوندەکانیان، نوێ بکاتەوە.
ئاخر، ھەڵمەتی قێزەونی ئەنفال و کیمیاباران، جینۆساید و ھەوڵدان بۆ ڕەشکردنەوەی نەژادی کورد لە باشووری کوردستاندا، کە بەعسییەکان و (دروست باپیرەی بەنان و بگرە باوک و پیاوەکانیشی) ڕۆڵیان تێدا گێڕا و بە ھەزاران منداڵ، ژن، گەنج و پیری کوردیان بە گشتی و بێبەزەییانە کردە قوربانی، شایانی ئەوەیە تێکڕای کوردستانیان لەسەری بوەستن و، کەناڵێکیش لە پێناو ناوبانگی (یەکەمی بێ ڕکابەر)دا، ڕکابەری و تەحەددای کەسوکاری قوربانیان نەکات، کە برینەکانیان ھێندە قووڵن، حەقە گشت خەڵکی کوردستان و پێش ھەمووانیش سەرکردەکان، رۆژی جارێک، جەمەدانی و کڵاوەکانیان لە ئاست مەزنی، شکۆمەندی و سەروەریی شەھیدەکانیان، داگرن. 
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
07/05/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ