وتار
مێدیا، سۆشیال مێدیا و دەستەبژێری فریودەر
ئومێد بابان


لەوەتەی سۆشیال مێدیا و کەناڵەکانی دیکەی گەیاندن لە باشووری کوردستاندا بەرفرە بوون و، دەروازە بۆ ڕەخنەگرتن و ئاڕاستەکردنی سکاڵا و گازندە، گەیاندنی پەیام و داخوازی، ویست و خواستی خەڵک ئاوەڵا بووە، ژمارەیەک لە (مێدیا و ئەھلی سۆشیال مێدیا، قەڵەمبەدەست و دەستەبژێر)، لە پێچەوانەکردنەوەی ھاوکێشەکان و پیشاندانی (تەنیا) دیوێکی ڕووداوەکاندا، درێخییان نەکردووە.    
 
ڕەنگە ئەو کرانەوەی مێدیایە بە گشتی بە ڕووی رۆژنامەوان و ھاووڵاتیاندا، لێکەوتەی ئەرێنی و نەرێنییشی ھەبووبن، چونکە لە لایەک رۆژنامەنووس و پەیامنێرانی دەستکراوەتر کردووە لە دەستکەوتن و گواستنەوەی زانیاری، لە لایەکەی تریشەوە ھەر کەسێکی ئاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا، فرسەتی ئەوەی بۆ ڕەخساوە بە مۆبایل و لاپتۆپەکەی، پەیامی خۆی بگەیەنێت و ئەوەی لە بن بەڕەیە، بیھێنێتە سەر بەڕە.
ئەگەر لە دەلاقەیەکی دیکەشەوە لێی بڕوانین، بەشێک لەو مێدیاکار، خاوەن ھەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەستەبژێرە ڕۆشنھزرە، عەقڵییەتێکیان بەرھەم ھێناوە کە توێژی گەنجان و لاوان، جگە لە بیروباوەڕ، ئایدۆلۆژیا و دنیابینیی خۆیان، ھەموو ڕا و بۆچوونێکی دیکەی جیاواز، ڕەت بکەنەوە.
ئاخر ھەر ئەو جۆرە عەقڵییەتەشە وا دەکات، نەوەی نوێ فێری سڕینەوەی یەکدی، بوغزاندنی ئەوانی تر و سووکسەرنجدانی بەرامبەر بن و، ھەمدیسان ئەو نەریتە نەخوازراوە بە وەرگرەکان بفرۆشنەوە. 
بە داخەوە دەبێ بڵێین، بەشێک لە نوخبە و کەسانی ڕووناکبیریش، لە ھێنانەکایەی ئەو دۆخەدا، پشکی شێریان بەردەکەوێت، چونکە بەشێکی زۆری گەنجان و، دروستتریش ھەندێک لە خوێندەوارەکانیان بە لاڕێدا بردووە، فریویان داون و لەبری ئاڕاستەکردنی ڕەخنە، لەجیاتی پیشاندانی ڕووی ڕاستەقینە و واقیعی کۆمەڵگا (بە خراپ و چاکەوە لە ھەموو ڕووەکانەوە)، لەسەر جنێوفرۆشتن، ناوزڕاندن و لەکەدارکردنی ئەوانە ڕایانھێناون، کە بەلایانەوە تاکە گرفت ئەوەیە، (لە سەدا سەد) وەک خۆیان بیر ناکەنەوە. 
بۆیە، لە جێی خۆیدایە بڵێین، ئەو فۆڕمەی کارکردنی بەشێکی مێدیاکان، ئەھلی قەڵەم و بەکارھێنەرانی سۆشیال مێدیا، (لە کاتێکدا کە ھەمووان ئەرک و بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆدایە)، جگە لەوەی دەرچوونە لە ئیتیک، مۆڕاڵ و پرەنسیپە باوەکانی (دەربڕین بە واتا گشتییەکەی)، بەزاندن و لادانە لە ئەتەکێتی نووسین بە تایبەتی و پەخش و وەشاندنی دەزگا "ڕاگەیاندنەکان" بە تایبەتتر.   
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
08/05/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ