وتار
بوخچەکانتان لە بەغدا بپێچنەوە
ئومێد بابان


ئەو ڕووداوانەی کە دوێنێ لە بەغدا ڕوویان دا، ئاماژەی ڕوونن بۆ ئەوەی، ھەرچی زووە، کورد، شیعە و سوننە، لەمەوبەدوا ھەریەکە لە خەمی ماڵی خۆیدا بێت و چیتر بە گوشاری ئەم و ئەو، نەکەوێتە ژێر کاریگەریی سۆز و ھەستی عێراقچێتی و وەھمی مانەوە لە عێراقی "نوێ"دا. 


کورد کە بە درێژایی مێژوو نەیویستووە و ناشیەوێت لە شەڕی تایفی و مەزھەبییەوە تێوە بگلێت، پێویست نییە ئیتر ھیچ کات و بۆ ھیچ مەبەست و ئارمانجێک، بگەڕێتەوە بەغدا، ئاخر لەوێ نەک ھەر سەروەریی یاسا و یەکپارچەیی خاک و پرەنسیپە بنچینەییەکانی دەوڵەتمەداری بوونیان نەماوە، بگرە پارچەبوونی ئەو وڵاتە بووەتە دیفاکتۆ و ھەمووانیش حەقیقەتی دابەشبوونی ئەو وڵاتەیان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە گوێدا چرپاندووین.


ئێستا، دەرفەتێکی زێڕین و کەموێنە لە بەردەم کوردستانیاندایە تا خۆیان، چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن و لە ڕێگەی ڕیفراندۆمەوە ئەو پرسە یەکلا بکەنەوە، چونکە بەلای دەوڵەتانی ناوچەکەوە تاڵ بێت یان شیرین، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی و بە تایبەتیش زلھێزەکان، جا لەبەر بەرژەوەندی بێت یان ئەمری واقیع، قبووڵیانە کە ھەر نەتەوەیەک لە رۆژھەڵاتی ناویندا خاوەن زمان و فەرھەنگ و کولتووری جیا بێت، ببێتە خودان کیانێکی دانپێدانراو، تەنانەت ئەگەر لە چوارچێوەی دەوڵەتیشدا بێت.


ئەوە بۆیە، پێویست وا دەخوازێت، نوێنەرانی کورد لە بەغدا، بگەڕێنەوە ماڵە گەورەکە (کوردستان) و بوخچە و بنەیان لە بەغدا بە یەکجاری بپێچنەوە، بێن لێرە ناوماڵی خۆیان ڕێک بخەنەوە و ھەرچی ناکۆکی و جیاوازیی لاوەکیی حزبییە، لە پێناو بەرژەوەندییە نیشتمانییە باڵاکاندا بەلاوەی بنێن.


بەوپێیەش کە کورد دەمێکە لە بەغدا بێھیوا بووە، گومان ھەڵناگرێت کە ھەم سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و ھەم ھاونیشتمانیانیش، بەوپەڕی ڕێزەوە ھەستکردن بە بەرپرسیارێتیی دیرۆکی و ھەڵوێستە نەتەوەییەکەی ئەندامە کوردەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەرز دەنرخێنن، چونکە مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و شکۆمەندی بۆ خۆیان و نەتەوەکەشیان تۆمار دەکەن.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
02/05/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ