وتار
لەپێناوی دەستەبەرکردنی مەرجەکانی ریفراندۆمێکی سەرکەوتوودا
فەرید ئەسەسەرد

ئەگەر ساڵی ٢٠٠٩ ریفراندۆمی پرۆژەی دەستوری ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرایە، ئەم ریفراندۆمەی کەئێستا بۆ سەربەخۆیی ھەمومان سەرقاڵی ئەنجام دانین، دەبوو بەدووەم ریفراندۆم لەمێژووی سیاسیماندا. ئەگەر ئامادەکارییەکانی ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ریفراندۆمی دەستور لەگەڵ ئامادەکارییەکانی ئێستای سەربەخۆیی بەراوردی یەکتری بکرێن، بۆمان دەردەکەوێ کەساڵی ٢٠٠٩ پرۆسەکە لەڕوی یاساییەوە بەڕێچکەی ئاسایی خۆیدا تێپەڕیوەو ھیچ کەموکوڕییەکی یاسایی نەبوە.
ساڵی ٢٠٠٨ سەرۆکی ھەرێم یاسای ژمارە ١٦ی دەرکرد، تێیدا بڕیار درا پرۆژەی دەستور بخرێتە راپرسییەوەو لەماددەی شەشەم ئەو پرسیارەی تێدا دیاری کرا کەدەبێ بە (بەڵێ) یان بە(نەخێر) وەڵام بدرێتەوەو لەماددەی ٨ دا ئەرکی سەرپەرشتی کردنی پرۆسەی راپرسییەکە بەکۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن سپێردرا.
ساڵی ٢٠٠٩ سەرۆکی ھەرێم یاسای ژمارە ٩ی ھەموار کردنەوەی یاسای ژمارە ١٦ی دەرکردو تێیدا لەماددەی یەکەمدا رۆژی ریفراندۆم دیاری کرا کە ٢٥ی تەموزی ئەو ساڵە بوو. بەدوای ئەمەوە، یاسای ژمارە ١٠ دەرچوو کەتێیدا پێداچونەوە بەڕۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم کراو لەبڕگەی دووەمی ماددەی یەکەمدا وا دانرا کەھەردوو سەرۆکایەتیی پەرلەمان‌و حکومەتی ھەرێم پێکەوە رۆژێک بۆ ریفراندۆم دیاری دەکەن.
ساڵی ٢٠٠٩ رەوتی یاسایی لەھەرێمی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ ئێستادا باشتر بەڕێوە دەچوو. لە کەسمان نەبیستووە رایەکی نایاسایی وا دەربڕێ کەگوایە ریفراندۆمی دەستور پێویستی بەپەرلەمان نییەو نابێ پەرلەمان ھیچ رۆڵێکی لەپرۆسەکەدا ھەبێ یاخود ریفراندۆم بەبێ پەرلەمان بەڕێوە دەچێ. گومانی تێدا نییە کە لەساڵی ٢٠٠٩دا یاسا لەکوردستان سەروەرتر بوو، ھیچ دامودەزگایەکی شەرعیش پەک نەخرا بوو. ئەمە لەبەرەنجامی کۆتاییدا، بەڕونی پیشانی دەدا کەسەروەریی یاسا لەکوردستان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠٠٩ لە پاشەکشەدایە.
ئەگەر لەڕوی لۆجیکەوە، ریفراندۆمی ئەنجامنەدراوی ساڵی ٢٠٠٩ی دەستورو ریفراندۆمی ئەمساڵی سەربەخۆیی بەراوردی یەکتری بکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە لەڕوی بایەخی سیاسییەوە ریفراندۆمی سەربەخۆیی لەریفراندۆمی دەستور کاریگەرترو گرنگترەو زۆرتریش پێویستی بەپەرلەمانە. لەڕاستیدا ریفراندۆم ھەر ریفراندۆمە. دوو جۆر ریفراندۆم نییە کە یەکێکیان پێویستی بەیاساو رێساو پەرلەمان بێ (وەک ریفراندۆمی دەستور)‌و جۆرێکی تر کەھیچ پێویستی بەیاساو رێسا‌و پەرلەمان نەبێ (وەک ریفراندۆمی سەربەخۆیی). لەڕاستیشدا باشترین گوزارشت لەڕێزگرتن لەسەربەخۆیی، بە ڕێزگرتن لەیاساو رێساکان دەست پێ دەکا. ئەگەر یەکەم ھەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بەپێشێل کردنی یاسا دەست پێ بکا، نابێ کەس ئومێد لەسەر ئەوە ھەڵچنێ کەسەربەخۆییەکە دەوڵەتی یاسای لێ بەرھەم دێ.
تیۆریی دورخستنەوەی پەرلەمان لەریفراندۆم تیۆرییەکی گوماناوییەو تەنانەت مەترسیی بۆ سەر ھەموو پرۆسەکە ھەیە. ئەمە بەم واتایە دێت کەمەسەلەکە پێویستی بە ڕەواندنەوەی گومانەکانەو بەبێ ئەوە زۆر ئەستەمە پرۆسەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوە بچێ. پەرۆشی بۆ سەربەخۆیی‌و بەڕێوەچوونی پرۆسەیەکی بێ کەموکوڕی، دەبێ بەکردار رەنگ بداتەوەو دڵنیایی بداتەوەو ھاووڵاتییان کەبارودۆخی پاش سەربەخۆیی زۆر لەبارودۆخی پێش سەربەخۆیی باشتر دەبێ. ئەمەش پێویست بەڕێککەوتنی سیاسیی ھەموو لایەنە سیاسییە کاریگەرەکان دەکات.
ساڵی پار، بەر لەوەی ئۆپەراسیونی رزگارکردنی موسڵ دەست پێ بکا، ئاراستەیەکی بەھێز لەھەرێمدا ھەبوو، بەتایبەتی لەھەولێر، سەبارەت بەوەی کەنابێ ھێزی پێشمەرگە بەبێ مەرج بەشداری لەئۆپەراسیۆنەکەدا بکا. مەرجەکەش ئەوە بوو کەپێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، دەبێ رێککەوتنی سیاسی دەربارەی شێوەی بەرێوەبردنی پارێزگای نەینەوا پاش رزگارکردنی، لەنێوان لایەنە سیاسییە پەیوەندیدارەکاندا بێتە دی. بەھەمان ئەو پێودانگە، ئەگەر بەڕێوەبردنی پارێزگایەک، پاش رزگارکردنی، پێویستی بەرێککەوتنی سیاسی بێ، بەدڵنیاییەوە بەرێوەبردنی وڵاتێک، پاش سەربەخۆبونی، زۆرتر پێویستی بەرێککەوتنی سیاسییە لەسەر ھەموو مەسەلەکان، لەدەستورو سیستمی سیاسییەوە تا وردەکارییە بچوکەکان. رێککەوتنی سیاسیی پێشوەخت، ریفراندۆمێکی بێ کێشەو سەربەخۆییەکی بێ گێچەڵ و بێ ئاڵۆزی بۆ کوردستان دەستەبەر دەکات‌و لەھەمووی گرنگتر ئەوەیە کەئەو رێککەوتنە کوردستانی سەربەخۆ لەسیناریۆ زیانبەخشەکەی باشوری سودان دوور دەخاتەوەو سەقامگیرییەکی موتوربەکراو بەشادی‌و تەبایی دەچەسپێنێ.
12/05/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ