وتار
نەوشیروان مستەفا مەگەڕێوە..!!
محه‌مه‌د ره‌ئوف

ئەگەرچی تارمایی نەوشیروان مستەفا ھەمیشە لە گۆڕەپانی سیاسی و رووداوو گۆڕانکاریە سیاسیەکان، وجودی ھەیە، بەڵام ھەڵواسینی ھەموو خەونەکان و چارەسەری ھەموو کێشە ترشاوو ئاڵۆزاوەکانی کوردستان بە نەوشیروان مستەفاوە، ھەم زیانگەیاندنە بە کەسایەتی نەوشیروان مستەفا، ھەم نائومێد بوون و تێکشکانی ئۆمێدەکانە لە دۆخێک کە پارتی ھەموو ئومێدەکانی لەگۆڕنا و تەراتێنی تیادەکات و ھێزەکانیش نەک ھەر بێدەنگن بەڵکو پشتیوانیشین، چارەسەری دۆخی سیاسی ھەرێم لە ئەستۆی نەوشیروان مستەفا نیە ودۆخی سیاسی ھەرێمی نە ئالۆزاندووە تا چاکی بکاتەوە، وەزیفەی ئەوانەیە دۆخی ھەرێم چاک بکەن کە تێکیانداوە، نەوشیروان مستەفا تەنھا وتی دەمانەوێت سیستمی سیاسی ھەرێم پەرلەمانی بێت ھاوشێوەی بەغداد، وە ناکرێ سەرۆکی ھەتاھەتایی ھەبێت و پێویستە بە یاسا ئەو کێشەیە چارەسەربکرێت، ئەو داواکاریە پێشنیازی ( یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ و گۆڕان و بزووتنەوەی ئیسلامی بوو ) بەڵام زۆرینەیان نەک ھەر لێی پەشیمان بوونەوە بەڵکو خۆیان خستەوە ژێر چەترو ھەیمەنەی پارتی و لەبری سوربوون لەسەر ھەمواری یاسایی سەرۆکایەتی و چارەسەری ئەو کێشەیە، ئێستا دەڵێن نەدەبوو پەرلەمان بەو شێوەیە مامەڵە بکات، لە بری قسەکردن لەسەر کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم سەرو بنی زمانیان، پەرلەمان و کاراکردنەوەی پەرلەمانە وەک ئەوەی کێشەی سەرەکی ھەرێم پەرلەمان بێت نەک سەرۆکایەتی ھەرێم. 
نەوشیروان مستەفا بۆچی بگەڕێتەوە کە ھەموتان ھەڵوێستەکانتان گۆڕی و پشتان کردە ئەو لێدوانە ئاگرین و ھەڵوێست و پرۆژانەی پێشکەشتان دەکرد، نەوشیروان مستەفا بۆچی بگەڕێتەوە کە رێکەوتنی یەکێتی و گۆڕانی کرد بۆ ئیستقراری سیاسی وئیداری ھەرێم بەتایبەت دەڤەری سلێمانی و ئەنجامەکەیتان بەو دەردە برد، نەوشیروان مستەفا بگەرێتەوە لەگەڵ کێ مامەڵە بکات، ئەوانەی کوڕەکانیان لە حکومەتەو ژنەکانیشیان ئۆپۆزسیۆن، ئەوانەی خەیاڵێکیان لای بیرەنەوت و بەرژەوەندیە داراییەکانیانەو خەیاڵێکیشیان لای دەنگی نارازیە تا شەقامیان لەدەست نەچێت، نەوشیروان مستەفا بگەرێتەوەو مامەڵە لەگەڵ ئەو کارەکتەرانە بکات بە ناوی شۆڕشگێریەوە بازرگانی دەکەن و لەسەر بیرە نەوتێک براکانیان جێدەھێڵن، بگەرێتەوە بۆلای ئەوانەی کۆنترۆڵیان لای سەری رەشەو عەیبەی ئەوان چارەنووسی حێزبێکی خستۆتە گێژاوەوەو یاری بە چارەنوسی خۆیان و ھاورێکانیان دەکەن و حیزبی قائید درووست دەکەن و شەرعیەت بە ناشەرعی سەرۆک دەدەنەوە.
نەوشیروان مستەفا بێتەوە بۆناو ئەو مافیایانەی کە بەناوی سیاسیەوە خوێنی خەڵک دەمژن و خۆشیان کردووە بەسوپەرمانی دەوڵەت و سەربەخۆیی، ئەوان وڵات دەفرۆشن و پەڵکێشی بێگانە دەکەن و قوتی خەڵک دەبڕن و مەلا دەکوژن و رۆژنامەنووس سەرنگوم دەکەن و پەرلەمان ئەتک دەکەن، ھەموو بێدەستەڵات و دەست لەسەر ئەژنۆ دانویشتوون و چاوەڕوانن بۆ ئەوەی بێیتەوەو گەڕێکی تر گۆڕەپانی سیاسی گەرم کات، چونکە کارەکتەرەکانی ئێرە لەبەرامبەر ھەیمەنەی پارتی و قۆرخکارانی ژیانی سیاسی ھەرێم، بێدەستەڵات وەستاون، بۆ ئەوەی پشتیوانی ھەڵوێستەکانت بکەن و دواتریش پشتی تێبکەن و پاشگەز ببنەوەو بە وەزارەت و بیرە نەوتێک خۆیان بکەنەوە بەسەری رەشا، چەندی دەوێت تا نەوشیروان مستەفا متمانە بەو ھێزوو کارەکتەرە سیاسیانە بکات کە خۆیان بە ھەڵوێستەکانیدا ھەڵواسی بوو دەیان وت پشتیوانین و رێگە نادەین دیکتاتۆر درووست بێت و پایەکانی دیکتاتۆری بچەسپێت، بۆچی بگەڕێیتەوە، بگەرێیتەوە بۆناو ماڵی وێران و لێکترازاوی کورد، بگەڕێتەوە بۆسەر مێزی گرۆیەک لە سیاسی بەرژەوەندی خواز، بۆلای شەقامی جێماوو موچەخۆری گیرفان بڕاوی بێ پشتو پەنا، ئەگەر نالی ئاسا دەپرسی مەقامی روخسەتە لەو بەینە بێمەوە، یان مەسڵەحەت تەوەقوفە تا یەومی نەفخی سور، ئەگەر سالم بمایە بێ یەک و دوو دەیوت بەونەوعە قەت بە سولەیمانیا نەکەی گوزەر.
12/05/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ