وتار
‌ئۆپەراسیۆنی رەققە و پەیامە سیاسییەکانی ‌
فەرید ئەسەسەرد

پاش ئەوەی حکومەتی ترەمپ ھەڵوێستی خۆی سەبارەت بە مەسەلەی رەققە یەکلاکردەوە ‌و بڕیاریدا پشت بە ھێزەکانی سوریای دیموکرات ببەستێ ‌و چەکی پێویستیش بەو ھێزانە بدا، تورکیا کەوتە دۆخێکی ئاڵۆزی پڕ شەرمەزاری. پەیامەکانی پشت ئەم بڕیارەی واشنتۆن زۆرن، لەوانە کە گرنگترینیانە، بێ منەتیی ئەمریکایە لە تورکیا، سەرباری ئەوەی کەئەمە ئاماژەیەکیشە بۆ دورخستنەوەی تورکیا لە دیاریکردنی روخساری سوریای ئایندە، کەھێشتا لە ناوەندە سیاسیەکاندا روون و رۆشن نییە.
 ھەروەھا بڕیارەکە نیشانەی ئەوەیە کە واشنتۆن متمانەی بە توانای سوپایی ئۆپۆزسیۆنی سوریا نییە و لە ئاراستە سیاسیەکانیشی دڵنیا نییە، ھەروەک پەیامێکیشە بۆ لایەنگرانی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان، تەنگ ھەڵچنین بە پەیەدە و ھێزەکانی سوریای دیموکرات، لێرە بە دواوە ھێڵی سورە.

سەرباری ئەو ئاماژە ‌و پەیامانە واشنتۆن بۆچونی خۆی نەشاردۆتەوە. وتەبێژی پەنتاگۆن دانا وایت جەختی لەسەرئەوە کردۆتەوە کە چەکدارکردنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات، کارێکی »پێویستە». ئەمریکییەکان دەزانن تورکیا چەند بەم بڕیارە دڵگرانە. جیمس جیفری باڵیۆزی پێشوی ئەمریکا لە تورکیا، دانی بەوەداناوە کە بڕیارەکە تورکیای « خستۆتە دۆخێکی سەختەوە». ئاندرو ئاکسۆمیش کە بەرپرسێکی پێشووی سیاسەتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە لەپەنتاگۆن پێی وایە، بڕیارەکە « بۆ دەیان ساڵی تر ئاسەوار لەسەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا بەجێ دەھێڵێ.»

نوسەری فەلەستینی، عبدولباری عەتوان، لە وتارێکیدا مەسەلەکەی شیکردۆتەوە ‌و نوسیویەتی، کەبەھۆی بڕیارەکەوە» لایەن نەماوە ئەردۆغان لێی تووڕە نەبێ». لەراستیشدا ئەردۆغان نازانێ چۆن قەرەبوی ئەم شکستەی بکاتەوە، بەتایبەتی پاش سەرکەوتنی لە ریفڕاندۆمی ھەموارکردنەوەی دەستور و بەدەستھێنانی ئەو ھەموو دەسەڵاتە زۆرەی کە ھەموارکردنەوەی  دەستور پێی بەخشیوە.

لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا بڕیارە ئەردۆغان و ترەمپ چاویان بەیەکتری بکەوێ. لەئەنکەرە ھیوا لەسەر ئەو کۆبونەوەیە ھەڵدەچنرا کە بتوانێ واشنتۆن لە بڕیاری پڕچەک کردنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات پەشیمان بکاتەوە، بەڵام واشنتۆن زووتر دەستی خۆی وەشاند و پێش کۆبونەوەکە بڕیاری خۆی دا. ئێستا گومان ھەیە کۆبونەوەکە ئەنجام  بدرێ، تەنانەت لە ناوخۆی تورکیا ھەندێ لە رۆژنامەکان و ھەندێ لە سیاسەتمەداران لەوانە کلیچدار ئۆغلۆ، داوایان لەئەردۆغان کردووە، کۆبونەوەکە ھەڵبوەشێنێتەوە. بۆیە ئەگەری ئەوەی کە ئەردۆغان کۆبونەوەکە ھەڵوەشێنێتەوە، ئەگەرێکی بەھێزە، بەڵام ئەگەر ئەردۆغان بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی کۆبونەوەکە نەدا، دەشێ ئەمە بۆئەوەبێ کە بەرامبەر بە بێدەنگبوونی لەچەکدارکردنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات، چرای سەوزی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی فراوان لە شنگال یان قەندیل لەدژی پەکەکە بۆ ھەڵبگیرسێ، بەڵام ئەمە تائێستا مسۆگەر نییە.

ئۆپەراسیۆنی رەققە لە سوریا وەک ئۆپەراسیۆنی موسڵ گرنگە، پاش سەندنەوەی رەققە لە داعش، قۆناغێکی تازە لە سوریا دەست پێدەکات. ئەوەندەی رژێمی سوریا بە پەیوەندی مەسەلەکەوە ھەیە، رژێمی سوریا  لە ئۆپەراسیۆنی رەققە ھیچ نادۆڕێنێ، بەڵکو قازانجیش دەکا، چونکە ھەڕەشەی داعشی لەسەر نامێنێ و پێگەی لە وتووێژدا بەھێزتر دەبێ و رەنگە لە شەڕدا بتوانێ زیاتر تەنگ بە ئۆپۆزسیۆن ھەڵ بچنێ.

ھەرچەندە کورد پاش سەندنەوەی رەققە لەداعش، دەبێ چۆڵی بکا، بەڵام ڕۆڵی سەرەکی کورد لە ئۆپەراسیۆنەکەدا پێگەیەکی سیاسی بەھێزتری بۆ دابین دەکا و پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ ھێزە نێودەوڵەتییەکاندا سەقامگیرتر دەکات.

سەغڵەتیی تورکیا لە وتارێکی شیکاری تورک محەمەد زاھید گول دا دەردەکەوێ، زاھید گول لە وتارێکی ئەم دواییەی، نیگەرانی خۆی لە دورخستنەوەی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی رەققە دەربڕیوە ‌و رەخنەی لەوە گرتووە کە ئەمریکا چەک بدا بە ھێزەکانی سوریای دیموکرات. لە وتارەکەیدا ئۆباڵی کودەتاکەی تەموزی ساڵی رابردووی تورکیای خستۆتەوە ملی ئەمریکاوە ‌و باسی لەوەکردووە کە ھەندێ لە شرۆڤەکارە سیاسییەکان کە ناوی ھیچ کامێکیان ناھێنێ، لەو بڕوایەدان کە یەکێک لە ھۆکانی شکستی ئۆباما لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی پار، دەگەڕێتەوە بۆ شکستی لە ئیدارەدانی کودەتا لە دژی ئەردۆغان لە تورکیا. ھەرچەند ھیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەم مەسەلەیە نییە، بەڵام ئەمە بابەتێکی ترە.
زاھید گول لە وتارەکەیدا وا باسی ئۆباما دەکا وەکو ئەوەی خۆی بۆ ھەڵبژاردن کاندید کردبێ و ھەڵبژاردنەکەی دۆڕاندبێ، سەری لێ تێکچووە. بیری چۆتەوە کە کاندیدی دیموکراتەکان ھیلاری کلینتۆن بووە نەک باراک ئۆباما و ئەوەی کەھەڵبژاردنەکەی دۆڕاندووە ئۆباما نییە، بەڵکو کلینتۆنە.

سەرلێشواوییەکەی زاھید گول نموونەی ئەو سەرلێشێواوییەیە کەئەمڕۆ لە تورکیا باڵی بەسەر ھەموو جومگە سەرەکیەکانی دەسەڵاتدا کێشاوە و دۆخێکی بێ ئومێدیی بەسەریاندا سەپاندووە. 
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
16/05/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ