وتار
کاک نەوشیروان بەخێربێیتەوە
ئاری ھەرسین

لە پاش ٢٠١٥/٦/٢٣ پەیوەندی ئێمەو بزوتنەوەی گۆڕان ١٨٠ دەرەجە لە دوو حیزبی ھاوپەیمانەوە بۆ سەنگەر لێک گرتن و تەنانەت ھەتا ئاستێکی زۆر نزم لەسەر تۆڕە کۆماڵایەتیەکان یەکتر ناشرین کردن ھیچیتر نەبوە. دەڵێی ھەموو ڕێگاکانمان تاقی کردۆتەوە ھیچی سەری نەگرتوە، بۆیە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان جوێن بە یەکتر دەدەین!
بەدرێژایی مێژووی خەڵکی کوردستان فاکتەری ناوخۆ (وەک میکانیزمێکی ڕێگر) بەربەست بوە لە پێناو گەیشتن بە سەرفرازی نیشتیمانی و، ھەمووجارێکیش ئەو فاکتەرە (پەرتەوازەیی) ناو خۆمانە. لە ئیستادا دیسان بۆ ماوەیەکی کورت ھەلێکی زێڕینمان بۆ ڕەخساوە و، ئەستەمە بە بیانوی لاوەکی لەکیس خۆمانی بدەین.
لەم ساتەوەختەدا، خەڵکی کوردستان نە موحتاجی دیموکراسیە و نە بە موئەسەسات کردنی ئیدارەی وڵات. ئەوەی خەڵکی کوردستان پێویستی پێیەتی یەکڕیزی لایەنە سیاسیاکانە لە پێناو ئامانجە پیرۆز و زۆر ڕەواکەی ھەمومان کە ئەویش سەرفرازی نیشتیمانیە. ئیتر ھەر وەک ئەحمەد موختار جاف دەڵێت (ھیوادارم بەیتەکەم بە ھەڵە نەنوسیبێت):
پاش قڕانی موددەعی دەس پێ ئەکا تەعمیری موڵک
ڕێگەیی ئاسن ئەچێتە شاخی ھەورامانەوە
ھەرچی شت لە نێواندا ھەیە کە پێویستی بە گفتوگۆ ھەیە، و پەیوەندی بە دیدی جیاوازمانەوە ھەیە لەسەر ھەندێک مەسائیلی بەڕێوەبردنی وڵات با وەلای نێین بۆ پاش دامەزرانی دەوڵەت. چونکە ئەو چاکسازیەی ئێمە دەمانەوێت بەم فۆرمەی خۆ بەڕێوەبردن کە ئێمە لە باشوری کوردستان ھە مانە ناکرێت. موناقەشەی زۆر، وزەیەکی زۆر سەرفکردن لەپێناو خولانەوە بە دەوری بازنەیەکدا. واتە ھەموو جارێک گەڕانەوە بۆ خاڵی دەسپێک.
گەڕانەوەی بەڕێز کاک نەوشیروان جگە لە دڵڕوونی بۆ ئەندام و لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان، لای ھەندێک کەس وەک چانسێکی ھاتنەکایەی یەکڕیزی لەم ساتەوەختە مێژووییە ھەستیارە لێک دەدرێتەوە. بێگومان ئەم لێکدانەوەیە مەنتیقی تێدایە. بۆیەھیوادارم کاک نەوشیروان وەک فەکتەرێکی بەرچاوی سیاسی لە کوردستان، درێغی نەکەن لە ئەوەی ڕۆڵی ئیجابی خۆیان ببینن. با ھیچ نەبێت ھەتا مەقسەدی دەوڵەت پێکەوە بین، ئیتر پاش ئەوە ھەر کەس بە ڕێگای خۆی. دەوڵەت و ڕیفراندۆمەکەشی کە بۆی دەکرێت، نابێت وەک موڵکی یەک لایەنی سیاسی سەیر بکرێت. ئەم ئامانجە، ئەم ئەرکە ھەمومان خاوەنین، بە ھەموشمان دەبێت بیپارێزین.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
16/05/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو