وتار
بردنەدەرەوەی پارە
عەلی حمە ساڵح

ڕەخنەی جدی و لوتکەی کۆیلایەتی 

ھەندێک نووسەری جدی، ڕێزم بۆیان..
بەشێک لە ڕۆژنامەنووسانی بەناو ئازاد، مامۆستای زانکۆ، نووسەر، کەوتوونەتە ڕەخنەی توند لە ئێمە بۆ ناوی ئەوانە ئاشکرا ناکەین کە پارەیان بردووەتە دەرەوە..
تەنانەت چەندین بەرپرس تەلەفون دەکەن و دەڵێن: ناو بڵاوبکەرەوە. 
شوقەکان ھی کێن؟ 
جاری ئەو بەڵگانەی بردنە دەرەوەی پارە لای منە سەدجار لەو شوقانە زیاترە کەباسی دەکەن. 
دۆخەکەیان گەیاندە ئەوەی کەسێک نووسیویەتی حەقە عەلی بەردباران بکرێت.. 
٢٧ ساڵە دزی لێدەکەن، کەلیمە قسە ناکات، بەردەوام لەبەردەست و بەر ماڵی ئەم بەرپرسە فاسیدانەدایە. 
ئێستاش بە فیتی ئەو بەرپرسانەی کە ساڵانێکە ئەم وڵاتە دەڕوتێننەوە، کەوتوونەتە پەلاماردان بۆ داخستنی دۆسییەی بردنە دەرەوەی پارە. 
ساڵێکە ھاوار دەکەین، دەڵێین ٤٠٠ پەڕە بەڵگەم لایە پارە براوەتە دەرەوە، بڕیاری دادگای تێدایە. 
لە ڕێگای بانکەکانەوە براوە، کامتان کەلیمە قسەتان کردووە.. 
بۆ سەلماندنی بردنە دەرەوەی پارە، چەندین بەڵگەم دەستکەوتووە لە ڕێگای یاساییەوە کاری لەسەر دەکەین، لە پێناوی گەڕاندنەوەی حەقی میللەتەکەم دەستمان بردووە بۆ ھەستیارترین فایل، بێ ترس و بێ چاوپۆشی ئامادەبووم ژیانم دانێم، بێمنەتانە بەھەڕەشەکانیانم وتووە:‌ بێمنەت بن و من بەردەوامم. 
من ناوی کەسم نەھێناوەو ناشی ھێنم، نەک لەبەر ئەوەی دەترسین یان چاوپۆشی دەکەین، بەڵکو لەبەر ئەوەی بەشەڕێکی لاوەکی سەرقاڵ نەکرێین.
دەی سەلمێنین ئەم پارانە براوە، دەشزانین ھی خەڵکی کوردوستانە، بەڵام ئەوەی کە ئەمانە ھی کام بەرپرسن دامەزراوەی گەورەی دەوێت بۆ لێکۆڵینەوە، وەک دۆسییەی سکانداڵی پاناما. 
ئەوانەشی بۆ شەڕی تەکەتولات ئەم دۆسیە بەکاردێنن و دەیانەوێت بەلاڕێیدا بەرن کارێکی قێزەون دەکەن، بەشێک لەوانە لە ھەموو کەس گەندەڵ ترن. 

بەنیازی چین؟ 
ئەم برادەرانە باش دەزانن بەرپرسەکانیان موڵکەکان بەناوی خۆیان ناکەن و بەناوی کەسانی نزیکیان دەکەن، سەلماندی ئەمە لە دادگا قورسەو ئیشی دەوێت، وەک کۆمپانیاکانی ئێرەیان، من ١٠٠٪ دڵنیام چیان بردووەو چیان کڕیوە، بەڵام سەلماندنی یاسایی بۆ ناوی کەسەکان قورسەو کاری دەوێت. ..
ئێستا دەیەوێت ناوێک بڵێم و بڕوات لەو دادگایەی خۆیان بە سکاڵایەک پاک بێتەوە لەوەی ساڵانێکە دەیکەن. 
دەرفەتی ئەمە نادەین و دەمانەوێت لە ڕێگای یاساییەوە بگەینە ئەنجام. 
ئێستا بەڵگەم لایە پارەکە براوەتە دەرەو لە دادگا دەیسلمێنم، لای تۆ بایەخی نییە!
سەدان بەڵگەی دزینی داھات و پارەی نەوت و داگیکردنی زەویمان بڵاوکردەوە، لای تۆ بایەخی نەبوو!
بۆ شەش ملیار دۆلارەکەی نەوت لە بانکیHSBC بوو، لەو بانکە ھاتە دەرەوەو نەزاندرا چی لێھات، چۆن دابەشکرا چیت وت..
خۆ ئەوە ڕێک پەنجا ھێندەی نرخی شوقەکانە!
بۆ داھاتی دیارنەبووی سلێمانی چیت وت... داھاتی سێ مانگ، نرخی شوقەکانە! 
بۆ داھاتی ئەو نەوتەی کە ھەموویمان ئاشکرا کرد چیت وت؟ سەد ھێندەی نرخی شوقەکانە! 
بۆ پارەکانی بانکی کوردستان چیت وت؟ 
بۆ داگیرکردنی زەوی گشتی چیت وت؟
بۆ سەدان دۆسییەی دیکەی گەندەڵی چیت وت؟ 
خێرە بۆ ژمارەیەک شوقە کە زۆر زۆر کەمترە ١٪ ئەوانەی لێرە بە بەرچاوتەوە دەکرێت، دەڵێییت ناو بڵێ؟ ھەر بەڕاست نازانن کێ چی کردووە؟ 
دڵنیام تۆ باش دەزانیت ئەم بەرپرسانە پارەی میللەت دەدزن و دەیبەنە دەرەوە، دڵنیایی ئەم پارانە ھی خۆتان و ھاونیشتیمانیەکانتانە، بەڵام کۆیلایەتیت ڕێگای ھەڵوێستی لێگرتوویت، کەمنیش دەمەوێت شەڕی بەرژەوەندی ھاوڵاتیان بکەم دەتەوێت دەستم بگریت. 
دڵنیابن نە لەکەس دەترسم و نە چاوپۆشی لەکەس دەکەم، بەڵام دەمەوێت ھەموو کارەکان بەشێوەی یاسایی بێت، بیانوو نادەمە دەست کە بەرپرسێک ٢٧ ساڵە دزی دەکات و ئێستا موڵکی بەناوی چەند کەسێکەوە کردووە، بچێتە دادگاو خۆی پاک بکاتەوە، دەمەوێت بەوردی لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی بیسەلمێنین چی براوەتە دەرەوە. 
پێشتر سەدان بەڵگەم دابە داواکاری گشتی دەستەی دەستپاکی، بەرھەمی نەبوو. تۆ چیت وت؟ 
بەردەوامم و بەرھەمیشمان دەبێت، ئەم شەڕە دەکەم ئەگەر بەتەنیاش بم، بەڵام بۆ ئەوەی بەرھەممان ھەبێت پێویستمان بە پشتیوانیە..
بەھیوام دڵسۆزەکانی نیشتیمان بەدەنگ بێن و پشتی یەک بگرین
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
19/05/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ