وتار
وتەیەک بۆ کۆچی نەوشیروان مستەفا
شوان هه‌ورامی

دوێنێ ھەینی ( ١٩ / ٥ / ٢٠١٧ ) کاک نەوشیروان مستەفای سیاسەتمەدارو نووسەرو پێشمەرگە کۆچی دوایی کرد ، ئەم پیاوە ٧٣ ساڵە لە باشووری کوردستاندا جێگە پەنجەی بە رووداوەکانی پەنجا ساڵی رابردوودوەوە دیارە ، من لەم پێگەیەدا – کە بۆ کۆچی ئەو خەباتکارە دەسنووسم – نە رێگە بەخۆم دەدەم و نە کاتەکەشی بە گونجاو دەزانم شەن و کەوی رابردووی پڕ لە ھەورازو نشێوی ئەو بەڕێزە بکەم و وێستگەکانی ژیانی ھەڵسەنگێنم ، بەتایبەتیی لەو قۆناغە سەختەی بەسەر خەباتی ئەودا ھاتووە ، دەری دەخات ناوبراو یەکێکە لە سەرکردە ناودارەکانی گەلی کوردو ئەو جۆرە کەسایەتیانەش زۆر ئەستەمە دووبارە ببنەوە . کاک نەوشیروان کۆمەڵێک تایبەتمەندیی ھەبوون ، کە بەداخەوە زۆر بە کەمیی لە سەرکردەکانی تردا دیومە ، کە لەم خاڵانەدا کورتیان دەکەمەوە :
یەکەم – کەسێکی خاکیی و بێ فیز و خۆ بە کەمگر بوو ، ئەم تایبەتمەندییە لە شێوازی گفتوگۆو کۆبوونەوەو ھەموو جومگەکانی ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیدا رەنگی دابووەوە . 
دووەم – ھاوڕێ و ھاوسەنگەرەکانی زۆر بوون کە لە شاخ پێشمەرگە بوون و کە ھاتنە شار و دەستیان گرت بەسەر سامانی گشتیی وڵاتدا ، نەک ھەر بوونە بازرگان ، بەڵکو بوونە مافیاو دزی ئاشکرای سامانی گەل و جێگەی بەعسیەکانیان زۆر بە زیادەوە پڕ کردەوە ، بەڵام نەوشیروان مستەفا بە ھەمان سادەیی پێشمەرگانە ژیا و ھەر ئەوەش بوو جیای کردەوە لەو جۆرە کەسانەو رێگەیەکی تری پێگرتەبەر .
سێیەم – ئەم پیاوە کاتێ لەگەڵ گشت چین و توێژەکاندا کۆدەبووەوە ، زۆر بە جوانیی گوێی بۆ دەگرتن ، لە ئێش و ئازارەکانیان تێدەگەیشت ، بەدوور لە خووی کارێزماکانی کورد بە زمانی سادەی خۆیان گفتوگۆی لەگەڵدا دەکردن ، ئەمە بۆ خۆی کاریگەریی لەسەر بەرانبەری دروست دەکرد .
چوارەم – ھەندێ سیاسەتمەدارمان ھەن حەز دەکەن قسەی خۆیان دوا بخەن تا لە بۆچوونی ھەموان تێبگەن و بە شێوەیەک قسە بکەن کە دڵی خەڵک راکێشن و چەواشەیان بکەن و راو بۆچوونی راستەقینەی خۆیان بشارنەوە ، ئەم پیاوە لە گشت قۆناغەکانی تەمەنیدا بە راشکاوانە رای خۆی دەربڕیووەو گوێی نەداوەتە ئەوانەی کە لە بۆچوونەکانی نیگەران دەبن ، بە تایبەتی ئەوانەی کە لە گۆڕەپانی سیاسەتدا چەواشەکارو ستەمکارن ، لە کۆبوونەوەکاندا زۆر بە روونی بۆچوونەکانی خۆی رادەگەیاند ، ئەوەش لە دوای بیرکردنەوەیەکی باش و لەسەر بنەمای توێژینەوەی زانستیانە .
پێنجەم – سەرەڕای ھەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە ، نەوشیروان مستەفا نووسەرو توێژەرێکی ئەکادیمیی زۆر باش بوو ، کتێبەکانی ئەو شاھیدییەی بۆ دەدەن ، کە سەرەڕای کاری سیاسیی و پێشمەرگایەتیی لە شاخ و دواتریش لە دوای راپەڕین ھیچ کاتێ لە خوێندنەوەو نووسین دانەبڕاوە ، زۆر سەرکردە ھەن بێژەری چاکن بەڵام ناتوانن بنوسن ، ھەن بە پێچەوانەوە ، بەڵام ئەم پیاوە نووسەرو توێژەر و سیاسەتمەدارو شارەزا بوو لە رێکخستنی جەماوەردا ، ئەم جۆرە سەرکردانە لە شۆڕشەکانی کوردستاندا زۆر کەم و دەگمەنن .
شەشەم – زۆربەی ئەو خەباتکارانەی کە شۆڕش و بزووتنەوەی رزگاریخوازییان لە جیھانی سێیەمدا بەرپا کردووە ، دواجار بۆ خۆیان جێگەی دیکتاتۆری پێشوویان گرتۆتەوە ، کە مەخابن کوردستانیش تووشی ھەمان دەردو بەڵا بووەوە ، نەوشیروان مستەفا دەیتوانی وەکو ھاوڕێکانی بکات و بە شەرعیەتی شۆڕشگێڕییەوە ئەویش بەشە کێکی خۆی لەسەر سامانی گشتیی وەرگرتایە ، بەڵام ئەم پیاوە ھیواخواز بوو کە وڵاتێکی دامەزراوەیی دروست بکرێت و ژیان ببێتە ژیانێکی دیموکراسیانەی بەو شێوەیە کە مافی چارەنووس و سەروەریی وھاوڵاتیبوون بگەڕێتەوە بۆ جەماوەری کوردستان ، بەڵام مەخابن تیۆرەکەی نەگەیشتە پراکتیک ، بەڵام کوردستان لەبەردەم دووڕیانێکدایە یا دەبێ ببێتە دامەزراوە یا ھەرەسی حەتمیی چاوەڕییەتی و رێگەی سێیەمی نیە .
سڵاو بۆ نەوشیروان مستەفاو بۆ ئەوانەش کە زرق و برق و چڵک و چەپەڵیی دنیا نایانکاتە دووژمنی گەلی خۆیان ...
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
21/05/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ