وتار
یەڵڵا شوفێر، یەڵڵا
ئومێد بابان

(حەرامکردنی شوفێریی ئافرەتان)، ناونیشانی کتێبێکە کە بە وتەی وەرگێڕەکەی، ناوەرۆکەکەی فەتوای زانایانی گەورەی ئیسلامی لە خۆ گرتووە و بەشێکمان گەر نەشمانخوێندبێتەوە، بەرگەکەیمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و مێدیکاندا بەر دیدە کەوتووە.
بڵاوبوونەوەی (بەرگی) ئەو پەرتووکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لێکەوتە و کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا ھێنا و وەک پەرچەکردارێکیش، کۆمەڵێک ژنی چالاکوان، نووسەر و ڕووناکبیر، لە سلێمانی مانۆڕێکی شوفێرییان دژی لەچاپدانی ئەو کتێبە ئەنجام دا و، پاساودانی بڵاوبوونەوەی وەھا پەرتووکێکیان لە ژێر ئەو ناو و ناوەرۆکەدا، ڕەت کردەوە.
ئافرەتان، کە بە بەرزکردنەوەی دروشمی (شەقامەکان بە ئێمەوە جوانن، ئێمەی ژنان بە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل خزمەتی خێزان و کۆمەڵگا دەکەین)، ناڕەزایی خۆیان دەرھەق بە وەرگێڕەکە و دەزگا و دامەزراوە رێپێدراوە پەیوەندیدارەکانی چاپکردنی کتێب دەربڕی، بڕوایان وابوو کە بڵاوبوونەوەی ئەو کتێبە، فاکتەرە بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادیی تاکەکەسی، ئەنتی دیموکراسی و بگرە چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤیشە.  
ھەڵبەت، وەک بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی و لیژنەکانی فتوای ھەرێمی کوردستانیش ئاماژەیان دا، لە یاساکانی ئایینی ئیسلامدا رەوایەتی بەوە دراوە (مرۆڤ بە گشتی و بێ جیاوازیی ڕەگەزی)، مومارەسەی ئەو شتانە بکات کە لە بەردەستیدان، بەڵام بە شێوەیەکی باش کە دواجار زیان بە شیرازەی کۆمەڵایەتیی خێزان و کۆمەڵگاش نەگەیەنێت.
لەوێوە سەرنج و گومانمان لەسەر ئەوە دروست دەبێ بپرسین، لە چ کتێبێکی ئاسمانی و تەنانەت حەدیس و ڕیوایەتەکانیشدا، شوفێریرکردنی ئافرەتان حەرام کراوە؟ یان، ھیچ یاسایەکی مەدەنی لە ھەرێمدا، بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕێگەی لە ژنان گرتووە شوفێری نەکەن؟
کەواتا، ئەگەر بیانوو بۆ حەرامکردن و یاساغکردنی شوفێریکردن لە لایەن ئافرەتانەوە، فتوای تەنیا کۆمەڵێک فتوادەری وڵاتە عەرەبییەکانە، (کە دیارە یاسا و رێسا و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان، باکگراوند و تێگەییشتن و خوێندنەوەیان بۆ ئایین)، لەگەڵ کۆمەڵگای کوردستانیدا زۆر جیاوازە، دەکرێ بگەینە ئەو باوەڕەی کە وەشاندنی ئەو پەرتووکە، نەک تەنیا خزمەت بە دۆزی ژن و موعانات و کۆژانەکانیان بە دەست کۆمەڵگایەکی پیاوسالارییەوە ناکات، بەڵکوو دروست پێچەوانەی ئاڕاستە و رێسا نەگۆڕەکانی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤە.
لەو سۆنگەیەشەوە کە ھەرێمی کوردستان لافی دیموکراتی لێدەدات و بەشێکی زۆری کۆمەڵگاش باوەڕی بەو وتەیە ھەیە کە دەڵێ (دیموکراسی بۆ ھەمووانە)، دەخوازێ ڕوو بکەینە بابای وەرگێڕ و بێژین: لێگەڕێ با نیوەی کۆمەڵگا و دایکی نیوەکەی تریشی، وەک پیاو سەربەست بێت و بە ئۆتۆمبێلی خۆی بچێتە دەوام، کە خۆمان و منداڵەکانمان نەخۆش کەوتین، بمانگەیەنێتە نەخۆشخانە و... تا دوایی. 
ئاخر چ نەنگییەک لەوەدایە، ژن لەگەڵ خزم و خوێش و دەستەخوشکەکانی پیاسەیەک بکات و، لە سەیرانگایەکدا بە سترانێکی شاد، ھەڵپەڕن و دڵخۆش بن؟ یانیش لە ئۆتۆمبێلەکەیاندا گۆرانیی (یەڵڵا شوفێر یەڵڵا، گرفتارم) لێبدەن و کوڵی دڵی خۆیان ھەڵڕێژن؟
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
25/05/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ