وتار
لە گەندەڵیەوە بۆ تاڵانى
ئه‌بوبه‌كر كاروانی
دەربارەى داروخانى ئەخلاقى حوکمڕانى لە هەرێمدا
لە ساڵانى ڕابردوودا وشەى گەندەڵى بووە بە یەکێ لە بەربڵاوترین وشەکانى ناوەندى فکرى و میدیایی و تەنانەت جەماوەریش. گەندەڵى بە نەخۆشیەکى کوشندەى مۆدیلى حوکمڕانى باڵادەستى هەرێم لە قەڵەم دەدرا. لە ساڵى (2005)یشەوە کەوتە ناو ململانێ ى سیاسى و حیزبى هەرێمەوە، یەکگرتووى ئیسلامى لە هەڵبژاردنەکانى ئەو ساڵەدا دژایەتى گەندەڵى کرد بە بەشێکى بنەڕەتى دروشمى هەڵبژاردنى خۆى، هەر بەو هۆیەشەوە بارەگاکانى لە بادیناندا کەوتنە بەر پەلامار و سوتاندن و (17) کادر و ئەندامیشى شەهید و بریندار بوون، حیزبەکەش وەک ئاماژەیەک بۆ نوێبوونەوەى بەشآ لە دیدگا فکریەکانى، شەهیدەکانى بە شەهیدى چاکسازی و دیموکراسى ناودێر کرد. لە ساڵى (2006)یش نوسەرى ئەم وتارە وەک وەزیر لە کابینەى پێنجەمى حکومەتى هەرێمدا، پرۆژەیەکى بۆ هەمان مەبەست پێشکەش بە هەرسێ سەرۆکایەتیەکەى هەرێم کرد. دواتریش ساڵى (2009)ەوە دیاردەى ئۆپۆزسیۆن لە کوردستاندا سەرى هەڵدا، کە بەشێکى زۆرى گوتار و هەوڵى خۆى بۆ چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى سیاسى و ئابورى و دارایی تەرخان کردبوو. هەر لەو پێناوەشدا ، لە دوو توێ ى شەش پاکێجدا پرۆژەیەکى هەمەلایەنەى چاکسازیی بۆ دووبارە بیناکردنەوەى سیستمى هەرێم و بە دام و دەزگایی کردن و سنوردانان بۆ گەندەڵى و خراپ بەکارهێنانى دەسەڵات پێشکەش بە حکومەت کرد و بۆ ڕاى گشتیش بڵاوى کردەوە. هەر لەم چوارچێوەدا بزوتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکەى (17)ى شوبات بەشێکى گرنگ لە ناسنامە و پاساوى خۆى لە دژایەتى گەندەڵى و ناعەدالەتیدا دەبینیەوە و داواى چاکسازیی ڕاستەقینەى لە دام و دەزگاکانى حکومەت و ژیانى سیاسى و حیزبیدا دەکرد. شەهید و بریندارەکانى ئەم بزوتنەوەش دیسانەوە شەهیدى چاکسازیی و دیموکراسى بوون. ئەم جۆرەش لە شەهید، جۆرێکى نوێ ى شەهیدى فەرهەنگى سیاسى و فکرى و روحى کوردەواریە.
جگە لەواى، چەندین پرۆژە و داوانامەى چارەسەرکردنى پەتاى گەندەڵى لە لایەن کۆمەڵگاى مەدەنى و پارت و کەسایەتى و پسپۆرەکانەوە پێشکەش بە حکومەت و حیزبە دەسەڵاتدارەکان و سەرۆکایەتى هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە. کەچى بە شێوەیەکى گشتى سەرجەم ئەو هەوڵانە، جگە لە هەندێ هەنگاوى سنوردار لە سەردەمى کابینەکەى دکتۆر بەرهەمدا بآ ئاکام بوون. هەرگیز و رۆژآ لە ڕۆژان نوخبەى حوکمڕانى هەرێم، کە بە دەستکەوتەکانى دەسەڵات مەبەست بوو بوو، ویستێکى ڕاستەقینەى بۆ چارەسەرکردنى گەندەڵى و خراپ بەکارهێنانى دەسەڵاتى لا پەیدا نەبوو، بەڵکو زۆر بێ باکانە پانتایی خراپ بەکارهێنانى دەسڵاتى زۆرتر دەکرد، گوێچکەى خۆى لە هەواى غەمخۆرانى ناوخۆ و چاودێرانى دەرەکى دەخەواند. سنورداریی تواناکانى کۆمەڵگاى بۆ گۆڕانکاری و تەخشان پەخشان کردنى پارەى نەوت و بە حیزبى هێشتنەوەى هێزە چەکدارەکان و دۆخى خراپى عێراق و چەندین هۆکارى ترى، کردە پاساوو هۆکارى لە خەوى غەفڵەت خەبەر نەبوونەوە! وەک زۆر بوارى تر لەم کایەشدا، سیاسەتى بەڕێکردنى ڕۆژ و، دەستى دەستى پبَکردن و لە خۆنیشاندانى خواستى ڕواڵەتى چاکسازی،گرتە پێش. ئەمەش ئەوەى دەردەخست کە گەندەڵى ، لە کوردستاندا دۆخى حاڵەت و نامۆبوونى تێپەڕاندووە و بووە بە دۆخى باڵادەست و بە سیستماتیک کراو بە جۆرێک، سەرجەم ژیانى سیاسى حیزبە حوکمڕانەکانى پێوەگرآ دراوە. واتە ئەوەى کردوویانە بێ بەرنامەییەکى بەرنامە بۆداڕێژراو بووە، بەشآ بووە لە بە ئامرازکردنى حکومەت و سەروەت و دارایی گشتى بۆ مەرامى حیزبى و گروپى و بنەماڵەیی و تاکەکەسى، لە لایەن نوخبەى حیزبیی فەرمانڕەواوە.
هەر بۆیە، هەرێم وێستگەیەکى بەخۆوە نەبینى دەسەڵاتداران تیایدا. هەڵوێستەیەک بکەن و لە ڕەهەندە مەترسیدار و کارەساتبارەکان ئەم واقیعە تێیبگەن، ویژدانى خەوتوویان بە هۆشى بێتەوە و لانى کەمى لێپرسراوێتى لەم ڕوەوە بگرنە ئەستۆ! لە یادمە ساڵى لە (2008)دا حکومەت لیژنەیەکى لە (7) وەزیر بۆ ئامادەکردنى پرۆژەیەکى چاکسازیی پێکهێنا. کە ئێمە یەکێ لە ئەندامانى ئەو لیژنەیە بووین. دیسانەوە لەبیرمە هەر کاتێک گفتوگۆیەکى جددیم لەو بارەوە بکردایە، سەرۆکى لیژنەکە دەیووت: زۆر خۆت ماندوو دەکەیت و جددیەت بە خەرج دەدەى ، ناکا پێت وابێت ئەم پرۆژەیە بۆ جآ بە جآ کردنە؟ منیش بەوە وەڵامم دەدایەوە: ئەم جددیەتە ئەرکى منە و ئەوەى جێ بەجێشى ناکات لێپرسراوێتى دەکەوێتە ئەستۆى ئەو. دواى (17)ى شوباتیش کاتێ پرۆژەیەکى چاکسازیی هەمە لایەنە لە لایەن نوێنەرى جەماوەرى ناڕازیەوە ئاڕاستەى حکومەت و پەرلەمان و نوخبەى دەسەڵاتدارى هەرێم کرا، تەنانەت پەرلەمانیش پەسەندى کرد و بڕیارە پێ دەرکرد کە بە بڕیارى ژمارە (2)ى پەرلەمان ناسرا، کەچى هەر ئەوەندەى ترسى ڕۆژانى سەرەتاى بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکە ڕەویەوە ، سەرۆکایەتى ئەو کاتەى پەرلەمان بڕیارەکەیان لە ڕۆژنامەى فەرمیدا بڵاو نەکردەوە و دیزە بەدەرخۆنەیان کرد و خۆیان لەو بەرکەوتە جەماوەریی و ئەرکە ئەخلاقى و نیشتیمانى و سیاسى و حوکمڕانیە دزیەوە لە کۆبوونەوە پێنج قۆڵیەکانى نێوان ئۆپۆزسیۆن و دوو حیزبە حوکمڕانەکانیشدا ، پاکێجەکانى ئۆپۆزسیۆن و پرۆژە هەمەلایەنەکەى ئۆپۆزسیۆن بۆ چاکسازیی ڕیشەیی و هەمەلایەنە لە واقیعى حوکمڕانیى.
نا تەندروستى هەرێمدا، لە سۆنگەى نەبوونى ئیرادەیەکى سیاسى بۆ سنوردانان بۆ گەندەڵى، چارەنووسى بە دەردى پرۆژە و هەوڵەکانى پبَشوو چوو.هەر لەو سەر و بەندەدا و لە ساڵى (2011) سەرۆکى هەرێم پێکهێنانى لیژنەیەکى چاکسازیی ڕاگەیاند و باسى لە قەوارەى مەترسیدارى دیاردەکەى کرد ، بە گوێرەى لێدوانەکانى هەوڵى دا لە ڕآ ى ئەو لیژنەوە سنورێک بۆ حەزى شێتانەى کۆکردنەوەى سەروەت و سامانى ناڕەواو دزینى ماڵى گشتى دانێت. کەچى دواى ماوەیەک لیژنەکە باسى نەما، هەندێ لەوانەى لە لیژنەکەشدا بوون و کەسانى چاودێر و پەیوەندیدارى تر ڕایانگەیاند. گەندەڵى و دەستگرتن بەسەر موڵکى گشتیدا لە دواى پێکهێنانى لیژنەکەوە تەشەنەى زۆرترى کردووە، هەندێ لەو لێدوانانەش کە لەو بارەوە لە کاتى بڵاوبوونەوەى پاساوى شکستى لیژنەکەى سەرۆک و بەرەنجامى پێچەوانە بەدەستەوە دانیان ڕەگەیەنران هۆکارەکەیان بۆ ئەوە گێرایەوە، کە گەندەڵى لە هەرێمدا تۆڕى مافیاى بەهێزى لە پشتە و ڕووبەڕووبوونەوەیان ئاسان نیە!!
دواى پێکهێنانى کابینەى هەشتیش مەسەلەى چاکسازیی لەسەر داواى لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە بەرنامەى حکومەتدا گونجێنرا، بەڵکو بەشێ لەو داوایانە لە بەرنامەى خودى حیزبە حوکمڕانەکانیشدا هاتبوو. کەچى ئەم کابینەیەش نەیتوانى هیچ شتێک شایانى باس لەم بارەیەوە بکات. لە هەمووشى سەیرتر ئەوە بوو هەوڵدەدرا شکستى کابینەکە لە جآ بەجآ کردنى ئەو بەرنامەى متمانەى لەسەرى وەرگرتبوو، بخرێتە ئەستۆى هێزەکانى ئۆپۆزسیۆنەوە! لە کاتێکدا هەموو چاودێرێکى ناوخۆ و دەرەوە ئەوە دەزانێت و لاى ڕوونە، کە دواى کابینەکەش بڕیارى ئابوورى و سەربازى و ئاسایش و سیاسى بە پلەى یەکەم لاى پارتى و بە پلەى دووەمیش لاى یەکێتى مایەوە. دواى ساڵەهاى ساڵ لەم بآ ئیرادەیەش بۆ چارەسەرکردنى کێشەى قەیرانى حوکمڕانى و گەندەڵى و چاوچنۆکى بەرامبەر موڵک و ماڵ و سامانى گشتى،سەرەنجام لە سۆنگەى پاوانخوازى نوخبەى فەرمانڕەواو ڕاستگۆ نەبوونى بەرامبەر بەڵێنەکانى لە بوارى چاکسازیی و گوآ نەدان بە زەنگى هۆشیارکەرەوەى غەمخۆران و دابەزینى نرخى نەوت و بە مەخسەرە کردنى حکومەت لە ڕێ ى بار گران کردنى شانى بەهۆى بەکارهێنانى وەک ئامڕازى ڕازى کردنى حیزبى بە سەدان هەزار موچەخۆرى بێ کار، حکومڕانانى هەرێم دۆخەکەیان گەیاندە ئێرە. لە ئێستاشدا جارێکى تر گوێبیستى هەوڵى نوخبەى حوکمڕان دەبین بۆ چاکسازیی. 
بارزانیش لاى خۆیەوە کەوتۆتە لیژنە پێکهێنان لە ژێر هەمان ناونیشانە کۆنەکەدا واتا سنوردانان بۆ دەستدرێژى بۆ سەر موڵک و ماڵى گشتى و دەوڵەمەند بوونى ناڕەوا و واقیعى گەندەلڕ بوون. بەڵام بەش بە حاڵى خۆم لە ڕوانەگەى ئەزموونەکانى پێشوو قوڵبوونەوە و ڕەگ داکوترانى گەندەڵى وماهیەتى نوخبەى فەرمانڕەواو پێکهاتە عەقڵى و دەروونى و کلتوورە سیاسى و مۆدێلە حیزبیەکەی و بە ناچارى پەنابردنە بەر ئەم بژاردە و میکانیزمانە، لە ئاستێکى دیاریکراو زیاتر چاوەڕآ ى بەرەنجامى جددى و ڕیشەیی لەم هەوڵە بە ناو چاکسازیانە ناکەم. چونکە بە داخێکى زۆرەوە هەرێمى کوردستانیش وەک عێۆاق، لە چەندین ڕوەوە قۆناغى چاکسازیی تێپەڕاندووە لە بەرەنجامى ئەوەى پێشیشەوە وتمان دەتوانین هۆکارەکانى نەبوونى ئیرادەى سیاسى بۆ ڕووبەڕووبونەوەى گەندەڵى و ڕووکەش بوونى چارەسەرەکان و هۆکارەکانى لەم چەند خاڵەى خوارەوەدا ڕوون بکەینەوە:
1- شەڕى ناوخۆ و دەرهاویشتە کارەساتبارەکانى بەسەر واقیعى هەرێمدا :
2-دابەشبوونى هەرێمى کوردستان و سەرهەڵدانى دەڤەرى کۆنترۆڵکراوى حیزبى.
3-باڵادەستبوونى مۆدێلى حیزبى فەرماندە لە ناوچە حیزبیە پاوانکراوەکاندا.
4-نەمان یاخود لاواز بوونى دەزگا نیشتیمانیەکان و لەوانەش دەزگا چاودێریەکان.
5-بە حیزبى کردنى ئابورى و هێزى چەکدار و تەواوى جومگەکانى دەسەڵات و کۆمەڵگا و ژیان.
6-کێ بڕکێ ى نانەتەوەیی و نائەخلاقیانەى هێزەکان لە پێناو کڕینى ویژدان و ڕاکێشانى خەڵک لەسەر حسابى وێران کردنى دەزگاکان و، بەکارهێنانى نایاسایی و بآ ویژدانانەى موڵک و ماڵى گشتى بۆ بەرژەوەندى تاکەکەسى و بنەماڵەیی و حیزبى.
بەم جۆرەش ملیاردێر و ملیۆنێرە حیزبیەکان سەریان هەڵداو، کەرتى تایبەتیش ملکەچى کۆمەڵێ مەرجى توندکراو بنەماى هاوبەشیشى زۆرەملێ ى حیزبیی و بەرپرسەکانى بەسەر سەپێنرا. گەندەڵى هەموو هێڵە سورەکانى تێپەڕاند، ئەو دەزگانەى لەناو حیزبە دەسەڵاتدارەکانیشدا داواى چاکسازیان دەکرد، یان ناچار بە دەرچوون لە حیزبەکان دەکران، یاخود هەوڵى پەراوێزخستن و بێدەنگکردنیان دەدرا. بۆیە چارەسەرى نوخبەى حوکمڕان بۆ کارەساتى گەندەڵى، بوو بە درێژەدان بە دۆخى باو کە دەتوانین دۆخ و میکانیزم و ڕێکارەکانى نوخبەى حوکمڕان لەو ڕوەوە لەم خاڵانەى خوارەوەدا بخەینە ڕوو:
1- لیژنە دروستکردن بە ناوى گەڵاڵە کردنى پرۆژەى چاکسازیی، بە مەبەستى ڕازى کردنى ناوەندە نێودەوڵەتیەکان و چەواشەکردنى ڕاى گشتى لە کوردستاندا.
2- کارکردن لەسەر گشتاندنى گەندەڵى و پێداگرتن لەسەر ئەوەى کە هیچ هێز و حیزب و ناوەندێ نەماوە لە گەندەڵیەوە نەگلابێت. بەوەش کەس بۆى نیە موزایەدە بەسەر ئەوى تردا بکات و داواى چاکسازیی لێ بکات؟! کە بە داخەوە هەندێ لە خەڵکە ڕیفۆرمخوازەکەش هەندێ جار بەبێ ئاگایی چوونە ژێر ئەم بەشە لە جەنگى دەروونى نوخبەى حوکمڕان و دەیڵێتەوە و بەوەش خزمەت بە ستراتیژى ئەوان دەکەن، دەستپانکردنەوەى لە هەندێ لە حیزبەکانى دەرەوەى دوو حیزبە حوکمڕانەکەش بۆ هەندێ شتى بچووک و بێ بەها وەک بەڵگەى پشت ڕاستکردنەوەى ئەم بەرەنجامگیریە بەکاردەهێنرێن.
3- گەندەڵکردنى کۆمەڵگا لە ڕێ ى تەخشان و پەخشان پێکردنى بەراتى نەوت و پێدانى خانەنشینى و موچەى ناڕەوا و هاوبەشى و پێشێڵکردنى یاسا و بنەماى ڕوونى. واتە بەستنەوەى ژیانى سەدان هەزار کەس بە کارابوونى سیستمێکى گەندەڵى دابەشکردنى داهات و بە حیزبى کردنى پێوەرکانى پلە و پایە و(امتیاز)ى حوکومى پێدان. بەمەبەستى بێ دەنگ کردن و بآ ناوەڕۆک کردنەوەى ڕاى گشتى و کوشتنى هەستى لێپرسراوێتى ئەخلاقى و ئاینى و نیشتیمانى لە تاکدا و، چاوپۆشکردنى لە سەروەتى کەڵەکەبووى ناڕەواى بەشآ لە بەرپرسان و حیزب. لە سۆنگەى پارێزگارى کردن لە دەستکەوتە ناڕەواکەى. هاتنى پارەى بەڵساوى بەشى هەررێم لە نەوتى عێراق تا ساڵى (2013) ئەم دۆخەى بەروە ئاستێکى ترسناک بردبوو هەندآ مۆدیلى خەلیجى نزیک کردەوە.
4- هەوڵدان بۆ کڕین و هاوبەشکردنى ئابوورى کۆمەڵێ کەسایەتى و قسە خواردووى خۆرئاوایی بە مەبەستى بەکارهێنانیان، وەک هۆکارێکى کەم کردنەوەى فشار لەسەر واقیعى هەرێم و، وروژاندنى دۆسێ ى گەندەڵى و بردنە دەرەوەى پارە و دیاردە هاوشێوەکانى.
5-هەوڵدان بۆ شکستخواردوو نیشاندانى هێزەکانى ئۆپۆزسیۆنى پێشوو، لە چوارچێوەى بەشداریان لە کابینەى بنکەفراوانى حکومەتدا، تەنانەت بە لێپرسراو پیشاندانیان پێیان لە بەشێکى گرنگى قەیرانەکانى کوردستان، بە مەبەستى نائومێدکردنى هاوڵاتیانى کوردستان لە هەر ئەگەرێکى چاکسازیی و نەبوونى هیچ هێز و تەوژم و جێگرەوەیەکى سیاسى،کە نوێنەرایەتى خواستى چاکسازیی جەماوەرى چاکسازیخواز و بێزار لە گەندەڵى و ناعەدالەتى بکات. واتە نوخبەى دەسەڵاتدار لەجیاتى ئەوەى لە بیرى ئەنجامدانى ئەرکە قانونى و ئەخلاقى و نیشتیمانیەکانى خۆیدا بێت لە بوارى سنوردارکردنى گەندەڵیدا، بوونى ئۆپۆزسیۆن لە چوارچێوەى دەسەڵاتدا و خاوبوونەوەى ململانێ سیاسیەکان لەم ڕوەوە بە دەرفەت بزانێت، بەشێ لە ململانێکانى بۆ ئەوە تەرخانکرد، کە بیسەلمێنێت. ئەوانەى دروشمى دژایەتى گەندەڵیان هەڵگرتبوو هیچیان پێ نەکرا و بەڵێنەکانیان بۆ نەبرایە سەر! لە کاتێکدا ئەوان هەرگیز هاوبەشى ڕاستەقینەى بڕیارى ئابوورى و سیاسى و سەربازى و ئەمنى نەبوون ، بەو ئەندازەى ئەوان لە بەدیهێنانى بەڵێنەکانیان شکستیان خواردبێت، هۆکارى سەرەکى هەر ئەوان بوون. چونکە ئەوان لە حکومەتدایە بەشداربوون لە کاتێکدا دەسەڵاتى ڕاستەقینە لەسەر زەوى لە دەرەوەى حکومەتەوە و بەدەست دوو هێزەوە کە ماوەتەوە، کە هەر یەکەیان ناوچەى کۆنترۆڵکراوى خۆى هەیە. دەستکەوتەکانیشیان لە مێژەوە لە نێو خۆیاندا بە ڕێژەى جیاواز دابەشکردووە. 
ئەمەش ئەوە ڕەتناکاتەوە کە هێزەکانى ئۆپۆزیسیۆنى پێشوو کێشەى خۆیان هەبووە، هەروەها ،کە لە نێو نوخبەى حوکمڕاندا کەسانێک هەبوون کە هەستیان بە مەترسیە کوشندەکانى ئەم واقیعە کردووە. بەڵام واقیعەکە دەریدەخات کە نەیانتوانیوە لەسەر بڕیارى سیاسى و ئاڕاستەکردنى دۆخەکە و چارەسەر کردنى کێشەکە کاریگەر بن. لە ڕوێکى ترەوە دەمەوێت سەرنجى خوێنەر بۆ ئەوە ڕابکێشم کە هۆکارێکى بنەڕەتى شکستخواردنى سەرجەم هەوڵەکان لە ڕابردوودا، بە مەبەستى چاکسازیی سنوردانان بۆ گەندەڵى. لە پالڕ نەبوونى ئیرادەى سیاسى، ئەوە بووە کە گەندەڵى گەیشتۆتە ئاستى هەرە ترسناکى خۆى. بەڵکو ناوەڕۆک و پێناسەى گەندەڵى تێپەڕاندووە و گەیشتۆتە قۆناغى (تاڵانى) ئەم قۆناغەش بە ڕێکارە ئاساییەکانى ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى چارەسەر ناکرێت.
دۆخى تاڵانى وەک فۆرمێک لە حوکمڕانى سیاسى
هەندێ لە نوسەر و چاودێرانى سیاسى ، لە ڕابردوودا، وشەى تاڵانیان بۆ واقیعى حوکمڕانى هەرێم بەکارهێناوە. بەڵام لە ئێستادا کار گەیشتۆتە ئەوەى هەندێ دەنگ لەناو خودى نوخبەى حیزبى فەرمانڕەواو حیزبە دەسەڵاتدارەکانى هەرێمدا بێنە قسە و، واقیعى دەستدرێژى کردنە سەر موڵک و ماڵى گشتى بە تاڵانى وەسف بکەن. بۆ نمونە لە چاوپێکەوتنى ڕۆژنامەى ڕووداو لەگەڵ کاک ئەدهەم بارزانیدا سەرنج بۆ ئەوە ڕادەکێشآ لەکە ئەوەى لە هەرێمدا دەبینرێت گەندەڵى نیە، بەڵکو تاڵانیە، هوشیاریش دەدا لەوەى گەر دۆخەکە بەم جۆرە بمێنێتەوە، گەندەڵکاران و نوخبەى حوکمڕانى هەرێم بکەونە بەر توڕەیی جەماوەر،هەندێ بەرپرسى یەکیەتیش لە دانیشتنە داخراوەکانیدا هەمان وشە بۆ وەسفى ئێستاى هەرێم و ڕۆڵى هەندآ لە کۆمپانیا حیزبیەکان بەکاردەهێنن. ئەمەش هەمووان دەخاتە بەردەم مەترسى و لێپرسراوى و پێویستبوونى بیرکردنەوەى نوێوە، چونکە وەسفکردنەکان دەریدەخەن قەیرانى گەندەڵى ڕەهەندى ترسناکى نوآ ى بەخۆوە گرتووە و بووە بە تاڵانى. سەرەتاى بیرکردنەوەش لە چارەسەرکان و پێش ئەوەش شیکردنەوەى واقیعەکە و بارودۆخەکە لەوەوە دەستپێدەکات، کە بزانین تاڵانى بەچى دەوترێت ، پێناسەى یاسایی و خەسڵەتەکانى چین و پەیوەندى بە سروشتى دەسەڵات و مۆدیلى حوکمڕانیەوە چیە؟
چونکە بە بآ وەڵامدانەوە بەم پرسیارانە ناتوانین دیدێکى واقیعى و زانستى لە هەمبەر دۆخەکە و ئاڵۆزیی واقیع و جۆرى چارەسەرەکان گەڵاڵە بکەین و بخەینە ڕوو.
وشەى تاڵانى (نهب) لە زمانى عەرەبیدا بە زۆر واتا دێت لەوانەش: لە ڕەگ و ڕیشەوە دەرکێشان، تێکدان، بە کوێرانەبردنى ماڵى خەڵکى و گشتى لە کاتى قەیرانى سیاسى و سەربازى و کارەساتى سروشتیدا لە ڕآ ى بەکارهێنانى هێزەوە. هەروەها بە حاڵەتى دزى کردن و فڕاندنى ماڵى گشتى بە شێوەیەکى ترسناک و بەربڵاو لەلایەن دەسەڵاتێکى گەندەڵەوە وتراوە.تاڵانى دەستگرتنە بەسەر مالڕ و موڵکى خەڵکیدا بە شێوەیەکى زۆردارانە .
لە ڕووى یاسایشەوە بەوە پێناسە کراوە: بریتیە لە دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵى کەسانی تردا لە ڕێ ى زۆر و بەکارهێنانى هێزەوە. کە لە هەمان پێناسە زمانیەوانیەکەوە وەرگیراوە و هاو واتایەتى. 
تاڵانى لە ڕیزى تاوانەکانى دەستدرێژى کردنە سەر موڵک و ئاسایشى گشتى لە قەڵەم دەدرێت. لە ڕوویەکى ترەوە تاڵانى تێکەڵ بە فریودان و هەڵخەڵەتاندن دەبێت. ئەوەى لە دزیشى جیادەکاتەوە، بە ئاشکرا بردنى موڵک و ماڵ و بەکارهێنانى زۆر و هێزە لەو پێناوەدا. چونکە دزین بە گوێرەى پێناسە زمانەوانی و شەرعى و یاساییەکەى بەو ماڵە دەوترێت کە بە دزیەوە هەوڵى بردنى دەدرێت. وشە کوردیەکەش لەم ڕوەوە و پڕى کردەى دزى کردنە. لە کاتێکدا تاڵان کردن فۆرمێکى کەڵەگایی بەخۆوە دەگرێت بە بەرچاوى خەڵک و بە نوێژى نیوەڕۆ ئەنجام دەدرێت. چەنکە ئەنجامدارانى سلڕ لەوە ناکانەوە لەم پێناوەدا هێز بەکاربێنن و، حسابیش بۆ خاوەنانى بنەڕەتى و ڕاستەقینەى موڵک و ماڵە بە تاڵانبراوەکە ناکەن. بەڵکو لاوازى و بآ توانایی ئەوان لە بەرگرى کردن لە خۆیان یاخود بآ ئاگاییان، دەقۆزنەوە و تاڵانیەکەیان دەکەن. 
تاڵانى هەر لە دێر زەمانەوە سیمایەکى دیارى ژیانى خێڵایەتى و لەوانەش خێڵى عەرەبى بووە. بە جۆرێک کەسێتى عەرەب لەگەڵ ئەوەى سیفەتى پیاوەتى و جوامێرى خراوەتە پالڕ. کەچى لە هەمان کاتدا سڵى تاڵانى نەکردۆتەوە و بەسەرچاوەیەکى ئاسایی مسۆگەرکردنى ژیانى خۆى زانیوە؟!
لە کاتى خۆیدا ڕۆمانەکانیش شانازیان بە تاڵانیەوە کردووە. جەنگیز خانى گەورە سەرکردەى مەغۆلەکانیش لەم بارەوە لە وتەیەکیدا دەڵێت: (گەورەترین بەختەوەرى لە سەرکەوتن بەسەر دوژمنەکان و دزین و بە تاڵان بردنى سەروەت و سامانیاندایە.) کەواتە پایەکانى تاوانى تاڵانى ئەمانەى خوارەوەن:
1- بردن و دەست بەسەرداگرتنى ماڵێک کە مافى تاڵانکەران نیە.
2- ئەنجامدانى تاوانەکە بە ئاشکرایی.
3- بەکارهێنانى هێز و زۆر لەو پێناوەدا. 
ئەم دۆخەش ئاماژەیە بە داڕووخانێکى ترسناکى ئەمنى و سیاسى، یاخود ڕوودانى کارەساتێکى سروشتى وا، کە ببنە هۆى تێکدانى شیرازەى حوکمڕانى و کۆمەڵایەتى و باڵادەستى دۆخى پاشاگەردانى و بەکارهێنانى ناڕەواو نایاساییانەى هێز و پێگە و توانا،بۆ کۆکردنەوەى دەستکەوت و دەوڵەمەندبوونى ناڕەوا. 
سەرچاوەکانى کلتور و عەقڵى تاڵانکردنیش لە چەند شتێکدا بەرجەستە دەبن لەوانەش:
1- پاشماوەى کلتور و عەقڵەیەتى خێلڕ لە کەسێتى هاوچەخدا. هەروەک کۆمەڵناسى گەورەى عێراقى ئاماژە بەوە دەکات و پێ ى وایە ڕەگ و ڕیشەى خێڵ و ژیانى دەشتەکى لە کەسێتى عێراقیدا قولڕ و بەهێزن. پێم وایە ئەم وەسفە بۆ بەشآ لە نوخبەى ئەفەنى کوردى و کەسێتى کوردستانیش ڕاستى تێدایە.
2- بە غەنیمەت سەیرکردنى دەسەڵات و بەکارهێنانى پێگەى فەرمى و گشتى بۆ خۆسەپاندن و دەوڵەمەندبوونى ناڕەواو تێرکردنى حەزەکان و دەستدرێژیکردن بۆسەر موڵک و ماڵى گشتى و تاکەکان.
3- وەک بەرەنجامى بۆ خاڵى دووەم، بە ئامرازکردنى دام و دەزگا فەرمیەکان و دەسەڵاتى گشتى لەپێناو هێنانەدى بەرژەوەندى تاکەکەسى و گروپیى نوخبەى فەرمانڕەوا دەست و پێوەندار و دەستەکانى.
ئەو واقیعەى لە کوردستانیشدا و لە ساڵانى ڕابردووى واقیعى حوکمڕانى هەرێمدا لە ئارادابووە، لەو پێناس و دۆخەى سەرەوە نزیکە و دەچێتە چوارچێوەى هەمان ژێرخانى فکرى و کلتورى سیاسى و جۆرى ڕوانینە دەسەڵات و پێگە و وەزیفەى گشتیەوە ڕەگیشى لە مێژوو و فکر و واقیعدایە. 
گەر زۆر نەڕۆینە قوڵایی مێژووى پێکهاتەى خێڵ و حیزب و کەسێتى کوردیەوە و تەنها سەرنجى لە واقیعى نوآ و هاوچەرخى کوردستانى باشوور بدەین، هەستدەکەین بەعس، لە ڕێ ى دیاردەى جاشایەتیەوە بە بەرنامەکارى لەسەر پەرەدان بە فەرهەنگى تاڵانى لەنێو کۆمەڵگەى کوردستاندا دەدا، کەم نەبوون ئەو ڕاوێژکار و جاشانەى کە لە کورد قڕانى ئەنفالدا بەشداریان لە تاڵانى ماڵ و سامانى ئەنفاکراوەکان و گوندە ڕوخێنراوەکاندا دەکرد!! تاڵانى لاى بەعس میکانیزمێکى خولقاندنى دۆخى نەفس نزمى و تێکشکاندنى کەسێتى کورد و بآ بەهاکردنى بوو. لە هەمان کاتدا پارتە کوردیەکانیش لە میانەى شەڕى ناوخۆى شاخدا دەسیان لە سەرو ماڵى یەکتر نەدەپاراست بە هەندآ جیاوازى لەسەر ئاستى پاڵنەر و قەوارە و کاریگەریەوە. 
لە دواى ڕاپەڕینیش جگە لە بە تاڵانبردنى دام و دەزگا حکومى و ڕەسمیەکان، لە سۆنگەى زیاد لە هۆکارێکەوە، مەسەلەى ئاودیوکردنى کەل و پەلى پرۆژە گشتیەکان، لەلایەن هەندآ بەرپرس و کەسى دەستڕۆشتووەوە بە یەکەم ڕواڵەتى زەقى تاڵانى ماڵى گشتى دادەنرێت.
دواتر شەڕى ناوخۆ ئەم دیاردەى بۆ ئاستێکى ترسنام قولڕ کردەوە، چونکە:
1- بە مەبەستى پەیداکردنى چەکداری حیزبى شەڕکەر و هاندان، دەست بۆ تەوزیفکردنى کۆنەپەرسترین هەستە خێڵەکى و حەزە دەروونیەکان دەبرا. یاخود بەها لە بنەڕەتدا جوانەکان لە پێناو ئامانجى ناڕەواو ناشیرینیدا تەوزیف دەکران. 
2- لە بەشێ لە شەڕەکاندا بە هەڵکردنى دروشمى مالڕ بۆوە و سەر بۆمە، تاڵانى وەک هۆکارێکى هاندان و سەرکەوتن لە شەڕدا بەکاردەهات. 
3- دەستى بەشێ لە سەرکردە سەربازیەکان واڵا بوو بۆ دەستدرێژیکردن بۆ سەر موڵک و ماڵى گشتى و تایبەتى.
4- بەهۆى بەرەنجامەکانى شەڕەوە سەرجەم سەرچاوەکانى داهات بآ هیچ چاودێرى و لێپرسینەوەیەک کەوتە دەستى سەرکردایەتى حیزبە دەسەڵاتدارەکان.
ئەم دۆخە بە کۆتایی هاتنى شەڕ کۆتایی نەهات، بەڵکو فۆرم و شێوازەکەى گۆڕاو لە هەندآ کاتدا بە فەرمى کراو، بوو بە بەشآ لە ڕێکەوتنە حیزبیەکان و، گرآ بەستە فەرمیەکان!! واتە تاڵانى بە فەرمى کراو سەرى هەڵدا، تاڵانیەکەش بە نیمچە ئاشکرایی دەکرا. لاوازى کۆمەڵگا و بێ توانایی لە بەرگرى لە خۆکردن و نەبوونى هوشیارى پێویست و سنوردارى بژاردەکانى بەردەم بزوتنەوەى ڕیفرۆمخوازى کۆمەڵگا، کارێکیان کردبوو، دەسەڵاتداران زۆر گوێ بە ناڕەزایەتى و ڕەخنەکان نەدەن تەنانەت هەندێکیان وا بیربکەنەوە، کەس لەسەر و کڕینەوە نیە و دەتوانرێت لە ڕێ ى پارە و دەم چەورکردنەوە ناڕازیەکان بآ دەنگ بکرێن ؟! گەر کەسانێکیش مانەوە، لە ڕێ ى هەڕەشە و ترساندنەوە دەمکوت بکرێن!! ئەمەش بیرکردنەوە بوو لە کۆمەڵگایەک کە بە دەست قویرانێکى تاقەت پروکێنى ئەخلاقیەوە دەناڵێنێت. لە دۆخى هەرێمدا لە دواى شەڕى ناوخۆوە باڵادەستى دۆخى لەبەر یەکهەڵوەشاوەى ئەمنى و ئاژاوە لە پشت دیاردەى تاڵان کردنەوە نەبووە، بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە، دۆخى دیسپلینى توند و کۆنترۆڵى ئەمنى فەزاى تاڵانى فەرمى خولقاندووە،لە ڕاستیشدا هەموو گەندەڵیەکى گەورە و تاڵانیەکى فەرمى هێزێکى چەکدارى دەوێت بیپارێزێت. ئەرکى مافیاش لە هەندآ دەوڵەتى بەهێزدا ئەوەیە. لە جیاتى دۆخى پاشاگەردانى و نەمانى یاسا و داڕوخانى دادگاکانیش کە لەپاڵ بۆشایی ئەمنیدا پێویستیەکى تاڵانیە، لە کوردستان بآ لایەن و سەربەخۆ نەبوونى دادگا و، جێ بەجێ نەکردنى بەشێ لە بڕیارەکانى و نەبوونى سەروەرى یاسا و، لەسەرو یاساوە بوونى نوخبەى حوکمڕان و دەستڕۆشتووی کۆمەڵگا و بە یاسایی و فەرمى کردنى بەشآ لە دۆخى تاڵانیەکە ، بوونەتە چوارچێوە بۆ بەتاڵانبردنى بەشآ لە سەروەت و سامان و موڵک و ماڵى گشتى و داهاتى ئەم میللەتە. ئەوەى ڕوشیداوە تەنها بەشێکە لە دەرهاویشتەکانى بە حیزبى مانەوەى دام و دەزگا سەربازى و ئەمنیەکان و بە دام و دەزگا نەکردنیان و درێژەدان بە دۆخى دابەشبوونى بە کردەوەى هەرێم و ناوچەى کۆنترۆڵکراوى حیزبى. 
لە کۆتایدا دەڵێم سەرنج راکێشانم بۆ ئەم بابەتە بۆ نەفرەت ناردن و هەڵچوون یاخود نائومێدى و چۆکدانان نیە. چونکە هیچ کام لەو هەڵوێستانە عەقڵانى نین و ناچنە خزمەت ڕێگرى کردن لە دارووخانى زیاترى کۆمەڵگاوە. نوسینى ئەم جۆرە بابەتانە بانگەشەیە بۆ دووبارە پێداچوونەوە بە چەمک و جۆرى چارەسەر و ستراتیژەکانى چاکسازی و بیرکردنەوە لە ئێستا و ئایندەى کۆمەڵگا و میکانیزمەکانى کارکردن و داڕشتنى گوتارى سیاسى و میدیایی. بۆ ئەوەى لە چوارچێوەى حاڵەت و دۆخێکدا بیرنەکەینەوە و پرۆژە پێشکەش نەکەین، کە کەڵەکەبوونى کێشەکان و چاوچنۆکى و تێر نەخواردن و بێ باکى تێیان پەڕاندوون ببینەوە. 
لەمەڕ چەمکى غەنیمەت و تاڵانى لەم بابەتەدا سەیرى ئەم سەرچاوانە بکە:
1- د.محمد عبدالجبارى، العقل السیاسى العربى.
2- ئەنیسکۆپلیدیاى ئازاد، ویکیپیدیا، بابەتى (النهب).
3- معجم المعانى WWW.ALMAANY.COM نهب.
4- عبدالعزیز السحاری، مفاهیم السرقه‌ والنهب والاخلاس بین القانون والفقه‌. www.aljazeera.net
5- النهب فى العراق حفریات اجتماعیە ، القدس العریى 22فبریوەر2016
16/03/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ