وتار
ئاماژەکانی پشت لێدوانەکانی لوفیگارۆ
فەرید ئەسەسەرد

چاوپێکەوتنەکەی ئەم دواییەی بارزانی کە لەرۆژنامەی "لوفیگارۆ"ی فەرەنسی بڵاو کراوەتەوە، روخسارە گشتییەکانی جۆری بیرکردنەوەی بەشێکی دەستەبژێری سیاسیی کورد دەربارەی مەسەلەی ریفراندۆم روون دەکاتەوە. ھەموو چاوپێکەوتنەکە لەدوو خاڵی سەرەکی پێکدێ، یەکێکیان ئەوەیە کەھەرێم بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم "پێویستی بەمۆڵەت وەرگرتن لەکەس نییە". لێرەدا مەبەست لەکەسەکە بەغدایە. دووەمیشیان ئەوەیە کەریفراندۆم بۆ "راگەیاندنی" سەربەخۆیی نییە، بەڵکو بۆ دەستپێکردنی وتووێژە لەگەڵ بەغدا. ئەمەش لەوەدا دەردەکەوێ کە لەچاوپێکەوتنەکەدا وتراوە" ئێمە پێویستمان بەوەیە گەل (لەڕێگای ریفراندۆمەوە) دەسەڵاتی ئەوەمان بداتێ دەست بەوتووێژێکی دوورو درێژ لەگەڵ بەغدادا بکەین" بەمەبەستی جیابونەوە" بەشێوەیەکی ئاشتیانەو لەڕێی دایەلۆگ ‌و وتووێژەوەوە". ھاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانەدا، لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێم لەڕەوتی وەڵامدانەوەی لێدوانێکی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کە ھەڵوێستی دژ بەڕیفراندۆمی دەربڕی بوو، مەسەلەی ریفراندۆمی وەک " مەسەلەیەکی ناوخۆی عیراق "ناسی ‌و "دایەلۆگ ‌و لێک تێگەیشتن" ی کردە میکانیزمی وتووێژ.
ناڕۆشنییەک لەمەسەکەدا ھەیە. لەلایەک مەسەلەکە وەک مەسەلەیەکی "ناوخۆیی" دەخرێتە بەرچاو و لەلایەکی ترەوە باس لەوە دەکرێ کەریفراندۆم پێویستی بەوەرگرتنی مۆڵەت نییە، لەکاتێکدا تا ئەو کاتەی کوردستان لەعیراق جیا دەبێتەوە ھەموو مەسەلەیەک لەچوارچێوەی عیراقدا ناوخۆییە، بە مەسەلەی رێککەوتنی پێشوەخت ‌و ریفراندۆمیشەوە. ئەم نمایشە لەڕوی یاساییەوە دەروازەیەکی ترسناک دەکاتەوە، چونکە ئەگەر ریفراندۆم بۆ جیابونەوەی کوردستان لەعیراق پێویستی بەڕێککەوتنێکی دۆستانە لەگەڵ بەغدا نەبێ، بەھەمان پێودانگ جیابونەوەی زاخۆش لەپارێزگای دھۆک ‌و جیابونەوەی پارێزگای ھەڵەبجەش لەھەرێمی کوردستان پێویستی بەڕێککەوتن ‌و مۆڵەت نابێ.
خاڵێکی دیکە کەلێدوانەکانی "لوفیگارۆ" دەری دەخەن ئەوەیە، کەمیکانیزمی پەیڕەوکراو لەریفراندۆمەکە بەو جۆرەیە کە لەسەرەتادا ریفراندۆم ئەنجام بدرێ ‌و پاشان دەست بەوتووێژ بکرێ لەگەڵ بەغدا، لەکاتێکدا ئەگەر لۆجیک بکەین بە بنەما، دەبێ ھەنگاوی یەکەم بەوتووێژ دەست پێ بکاو رێککەوتن لەم بارەیەوە بکرێ ‌و پاشان ریفراندۆم ئەنجام بدرێ.
دیارە ئەم میتۆدی بیرکردنەوەیە لەوەوە ھاتووە کەریفراندۆم وەک کارتی گوشار بەکار بھێنرێ، ئامانجەکەش بەھێزکردنی پێگەی دانوستانکارە کوردەکانە لەکاتی وتووێژ لەگەڵ بەغدادا. لەڕاستیدا مەسەلەکە رێک پێچەوانەی ئەمەیە چونکە ئەنجامدانی ریفراندۆم بەبێ رێککەوتنی پێشوەخت، خۆی لەخۆیدا سوتاندنی کارتی ریفراندۆمە. بۆیە کاتێک دانوستانکارە کوردەکان بۆ وتووێژ دەچن بۆ بەغدا، ھیچ کارتێکی گوشاریان بەدەستەوە نابێ. ریفراندۆم بەبێ رێککەوتنی دۆستانە لەگەڵ بەغدا، بۆ ماوەی چەند ساڵێک ھەرێم بەھەڵپەسێردراوی دەھێڵێتەوە، بۆیە کوردستان لەو ماوەیەدا نە دەتوانی سەربەخۆیی رابگەیەنێ ‌و نە دەشتوانێ درێژە بە پەیوەندییەکانی بدا لەگەڵ بەغدادا.
ریفراندۆم بەبێ رێککەوتنی دۆستانە لەگەڵ بەغدا، دوو کارتی بەھێز بە بەغدا دەبەخشێ. یەکێکیان رەتکردنەوەی ریفراندۆم ‌و دان نەنانە بە ئەنجامەکەیدا، کەئەمە خۆی لەخۆیدا ئەگەر پرۆسەکەش پەک نەخات، دەیشڵەژێنێ ‌و لەسەر ئاستی جیھان پرۆسەکە وەک کارێکی نایاسایی ‌و نادەستوری دەناسێنێ. دووەمیان، ئەگەر بەغدا دژی ریفراندۆمەکە بوەستێتەوە، بەدڵنیاییەوە لەدوای ریفراندۆم ھیچ پرۆسەیەکی وتووێژ لەم بارەیەوە دەست پێ ناکا.
لێدوانەکانی "لوفیگارۆ" وەڵامی ئەو پرسیارە نادەنەوە کەکورد پاش ریفراندۆم دەیەوێ لەسەر چی وتووێژ لەگەڵ بەغدادا بکا. گرنگترین خاڵ لێرەدا ئەوەیە کەپاش ریفراندۆم، بەغدا ناچار نییە وتووێژ لەگەڵ کوردستان دا بکا، لەکاتێکدا ئەو وتووێژە بۆ کورد زۆر گرنگە، چونکە بابەتی سەرەکیی وتووێژەکە ناوچە جێناکۆکەکانە. زۆر ئەستەمە، بەغدا پاش ریفراندۆم دەست لەو ناوچانە ھەڵگرێ ‌و ئەگەر بەشەڕیش بێت، ھەر دەستیان بەسەردا دەگرێ. لێرەدا تیۆرییەکانی "مافی مێژوویی" ‌و راستییە جوگرافییەکان ‌و دیکۆمێنتەکانی سەرژمێری ١٩٥٧‌و ماددەی ١٤٠ ھیچ بایەخێکیان نامێنێ.
سەپاندنی دیفاکتۆی ریفراندۆم یارییەکی مەترسیدارەو کەس ناتوانێ پێشبینیی سنوری ئەنجامە خراپەکانی دیاری بکات. زۆر ئەستەمە ریفراندۆم بەبێ رێککەوتنی دۆستانە دوو دراوسێی دۆست بەرھەم بێنێ بەڵکو دوو دراوسێی داخ لەدڵ ‌و رق لەیەکتری ھەڵگرتوو و لەیەکتر بەگومان بۆ دەیان ساڵ دێنێتە دی.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
26/05/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ