وتار
ئاماژەکانی پشت تەنگ ھەڵچنین بە قەتەر ‌
فەرید ئەسەسەرد

دەم‌و دەست پاش کۆتایی ھاتنی کۆنگرەی لوتکەی عەرەبی- ئیسلامی-ئەمریکی لە شاری ریازی پایتەختی سعودیە، ھەڵمەتێک بۆ تەنگ ھەڵچنین بە قەتەر دەستیپێکرد. 
قەتەر وڵاتێکی بچوکە، بەڵام لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بەشێوەیەکی گەورەترلە قەوارەی خۆی ھەڵسوکەوتی کردووە. لەگەڵ کۆتاییھاتنی کۆنگرەکە «کە میر تەمیمی میری قەتەر « بەشداریی تێدا کردبوو، بەشێوەیەکی کتوپڕ دەست بە ھێرشێکی میدیایی چڕ بۆ سەر قەتەر ‌و سیاسەتی میرەکەی کرا. لە کۆنگرەکەدا میر تەمیم ھیچ وتارێکی نەخوێندەوە و پێوەی دیار بوو کە ھەست دەکا شتێک لە دژی بەڕێوەیە.

لە کۆنگرەی ریاز کەس باسی ئیسرائیلی نەکرد کە بە دوژمنی نەتەوەیی عەرەب دادەندرێ ‌و زۆرتر ھێرش کرایە سەر ئێران ‌و وەک دەوڵەتێکی مایەی ھەڕەشە بۆ سەر ناوچەکە ‌و پشتیوانی تیرۆر‌و تیرۆریستان باس کرا. 

سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی بە بزوتنەوەیەکی تیرۆریست ناساند. ئامادەبونی سەرۆکی میسر جەنرال عەبدولفەتاح سیسی کە کودەتای لەسەر ئیخوان موسلمین کردووە ‌و پەیوەندییەکی گرژی لەگەڵ حەماس و قەتەر ‌و تورکیادا ھەیە، ئاماژەکە بۆ ئەگەری دیاریکردنی رۆڵێکی گەورەتر بۆ میسر لە قۆناغی داھاتوودا.

ھەرچەند کۆنگرەکە ھاوپەیمانییەکی فراوانی لە دژی تیرۆریزمی جیھانی دروستکرد، بەڵام چوارچێوەی تیرۆریزم ئەوەندە فراوان کرا کە تەنھا قاعیدە ‌و داعش و گروپە تیرۆریستییەکانی دیکەی نەگرتۆتەوە، بەڵکو ئێران و حزبوڵڵای لوبنان و حەماسی فەلەستین ‌و لایەنی تریشی گرتۆتەوە.

پەیوەندیی قەتەر بەم بابەتەوە لەوەدا روون دەبێتەوە کە قەتەر دەمێکە بە پشتگیریکردنی تالیبان ‌و قاعیدە ‌و داعش و ئیخوان موسلمین ‌و بەرەی نوسرە ‌و حەماس تاوانبار کراوە. بۆیە، ھەموو بڕیارەکانی کۆنگرەکە بە کردەوە لە دژی ئاراستەی سیاسی-ئایدیۆلۆژیی قەتەر بوون.

خودی میر تەمیم لەژێر ھەژمونی ئایدیۆلۆژیا دایە. ئەوەی دەربارەی تەمیم زانراوە ئەوەیە کە بەبیرکردنەوە سوننەگەرایە، زۆر دژی شیعەیە و بە وەھابییەکی توندرەوتر لە وەھابییەکانی سعودیە دادەندرێ. 
ئەو گەلەکۆمەکێیەی ئێستا لە دژی قەتەر ھاتۆتە ئاراوە، نیشانەی ئەوەیە کە دەبێ قەتەر سەرتاپای سیاسەتەکەی بگۆڕێ و واز لە پشتگیریکردنی گروپە تیرۆریستەکان بێنێ ‌و بەقەد قەوارەی خۆی ھەڵسوکەوت بکات. 
ئێستا گەلە کۆمەکێیەکی سعودی-ئیماراتی-بەحرێنی لە دژی قەتەر ھەیە. تاکە دۆستی قەتەر لەم ھەلومەرجەی ئێستادا، تورکیایە. ئەگەر ئەو ھەواڵەی رۆژنامەی «عوکاز» ی سعودی بەھەند وەربگیرێ کە  گوایە وەزیری دەرەوەی قەتەر لە عیراق چاوی بە جەنرال قاسم سلێمانیی سەرۆکی فەیلەقی قودس کەوتووە. 
دەردەکەوێ کە قەتەر خۆی بۆ ھەموو ئەگەرە خراپەکان ئامادە کردووە. ئەوەش کە تا ئێستا ھیچ بەرپرسێکی قەتەری نکوڵیی لە کۆبوونەوە نھێنیەکەی وەزیری دەرەوەی قەتەر ‌و قاسم سلێمانی نەکردووە، بەڵگەی ئەوەیە کە کۆبونەوەکە ئەنجام دراوە یاخود قەتەر بە ئەنقەست خۆی لێ بێدەنگ کردووە، ئەویش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری چاککردنی یەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران، ئەگەر واز لە سەغڵەت کردنی نەھێنن، بەڵام تۆمارە دزەپێکراوەکەی وتاری میری قەتەر نیشانی دەدا کە قەتەر پشتگیریی بە تیرۆریست ناساندنی ئێران ناکا، ھەرچەند تێبینییەکی زۆری لەسەر سیاسەت و ئاراستەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران ھەیە.

ئەگەر ناوبژیوانیی کوێت سەر نەگرێ، نەیارانی قەتەر زۆر کارتیان بەدەستەوەیە، لەوانە گواستنەوەی بنکەی سوپاییە ئەمریکییەکەی عدێد بۆ وڵاتێکی دیکەی وەک ئیمارات ‌و چڕکردنەوەی فشاری سیاسی ‌و دارایی لەسەر قەتەر ‌و تەنانەت لابردنی خودی میرەکەشی.

قەتەر ھەر ئەوەندەی لەدەستدێ کە ھاوپەیمانییەک لەگەڵ تورکیا دروست بکا و بەردەوام بێ لەسەر پشتگیری کردنی تالیبان ‌و ئیخوان موسلمین. سیناریۆی دروستکردنی ھاوپەیمانی لەگەڵ ئێران ‌و رژێمی ئەسەد ھێشتا بەھەند وەرنەگیراوە، بەڵام ئاماژەکان نیشانی دەدەن کە قەتەر پێویستی بە پێداچونەوەی پەیوەندییەکانێتی لەگەڵ ھەر یەک لە ئێران ‌و رژێمی سوریا.

لە ستراتیجی تازەی بەرپەرچدانەوەی تیرۆردا، بەو جۆرە سەیری پێویستیی تەنگھەڵچنین بە قەتەر دەکرێ کە بەشێکە لە پێداویستییەکانی وشککردنەوەی سەرچاوە داراییەکانی تیرۆر لە جیھاندا. 
بۆیە کەمترین نەرمی لەم باریەوە نیشان دەدرێ. رونترین خاڵ لەم بابەتەدا ئەوەیە کە لێرە بەدواوە رێ نادرێ قەتەر رۆڵێکی گەورەتر لە قەوارەی خۆی لە سیاسەتی نێودەوڵەتاندا بگێڕێ و ھەروەھا رێی پێ نادرێ، ژێربەژێر وەک دەوڵەتێکی لاسار ھەڵسوکەوت بکات.

لەکاتێکدا شەڕی دژی داعش بەرەو کۆتایی دەچێ، تەنگ ھەڵچنین بە قەتەر ‌و راستکردنەوەی رەفتاری، بەشێکە لە پێداویستییەکانی پلانە تازەکەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە تیێیدا ناوچەکە سەقامگیرتر ‌و ھیۆرتر ‌و کەم کێشەتر دەبێ.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
01/06/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ