وتار
حزبی کوردی و سیاسەت
دانا مەنمی

حزب بونوەرێکی سیاسییە و دەیەوێت دەسەڵاتی سیاسی بگرێتە دەست، سیاسەتیش یەکێکە لەوکایە گرنگانەی کەجیھانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و بووەتە پێویستیەکی ڕۆژانە ، بەڵام سیاسەت لە کۆمەڵگای کوردی شاڕییەکی مەترسیداری گرتووەتەبەر جگە لەترس و تۆقاندن ، جگە لە درۆو چەواشەکاری ، جگە لە کلتوری شەرەنگێزی و فرت وفێڵ ھیچی تری لێ سەوز نەبووە ، کەواتە سیاسەت وەک زانست پراکتیک نەکراوەو سیاسەتمەدارانیش لەژێر ھەیمەنەو ھەژموونی بنەماڵەو عەشیرەت و تەریقەتی ئاینیدان ، ھارۆڵد لاسکی کەبیرمەندێکی بەریتانی سەدەی بیستەمە خاوەنی چەندین کتێبە لە بواری سیاسەتدا و لەیەکێک لە کتێبەکانیدا بەناوی ( بنەماکانی زانستی سیاسی ) دەڵێت : سیاسەت واتای چی بەدەست دەھێنیت ، کەی بەدەستی دەھێنیت ، چۆن بەدەستی دەھێنیت ، بۆچی بەدەستی دەھێنیت .
یانیش ھەروەک (فریدریک ھیگڵ ) فەیلەسوفی ئەڵمانی دەڵێت : سیاسەت بۆ ڕێکخستن و چارەسەرکردنی ناکۆکی و ململانێکانی کۆمەڵگایە . 
جوڵەی حوکمڕانیەتی کوردی جوڵەی سیاسی نییە ، چونکە ھونەری سیاسەت بەڕێوەبردن و خزمەتکردنی کۆمەڵگایە ، نەک فێڵکردن و درۆکردن لەگەڵ کۆمەڵگادا ، ئەگەر خەڵک بڕوای وابێت سیاسەت بریتی یە لە فێڵ و درۆ ، ئەوە بەڵگەیەکی ترە کە لەئتلف و بای سیاسەت نەگەیشتوون و بەدحاڵیبوونە لەسیاسەت .
حزبی کوردی بانگەشەی دادپەروەری دەکات و ھەربۆخۆیشی پێشلکاری دادپەروەری ئەنجام ئەدات ! بانگەشەی دیموکراسیەت دەکات و ھەربۆخۆیشی دژی ئازادی بیرکردنەوەو ئازادی ڕەخنەگرتن و شەفافیەتی سیاسی و ئابورییە ! بانگەشەی سەروەری یاسا دەکات و ھەربۆخۆیشی یاسا پێشێل دەکات و حسابی تورێکی قوڕاوی بۆ ناکات !بانگەشەی پێکەوە ژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکات و ھەربۆخۆیشی دژی کلتوری پێکەوە ژیان و لەباربردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیاسیشە ! بانگەشەی جیاوازی بیرو بۆچون دەکات و ھەربۆخۆیشی دژی ڕاو و ڕایەڵەو بۆچوونی جیاوازە ! بانگەشەی فرەحزبی ئەکات و ھەربۆخۆیشی دژی فرە حزبی و کار بۆ بیرۆکەی تاکە حزب دەکات ! بانگەشەی پیرۆزی پێشمەرگە دەکات و ھەرۆخۆیشی سەرو برۆی پێشمەرگە ئەتاشێت و سوکایەتی پێدەکات !بانگەشەی یەکڕیزی نێوماڵی کورد دەکات و بۆخۆیشی نێوماڵی کوردی خاپوورکردووە ! بانگەشەی مرۆڤایەتی دەکات و ھەربۆخۆیشی دژی بەھای ئینسانبوونە ! ئەم فەلسەفەیە تۆتالیتاریزم دەخاتەوە ، لەشوێنی جیاواز فۆڕمی جیاوازی تۆتالیتاریانە بەرھەم دەھێنێت .
ھەرحزبێک دژی بیرکردنەوەی سەربەخۆ بوو مەبەستم لەسەربەخۆی فیکری و مەعریفی و ڕۆشنیرییە ، سەربەخۆبوون لەو کایانەدا کەنابێت مرۆڤ دەستبەرداری ببێت ، ئاخر مرۆڤ ئامانجە نەک ئامراز ، خۆئەگەر دەستبەرداری سەربەخۆبونی فکرو مەعریفەو ڕاڤەکردن بوو ، ئیدی دەبێتە ئامراز و حزب چۆن بخوازێت ھەڵیدەسوڕێنێت و دواجاریش لە مرۆڤبوون دێتە دەرەوە و دادەماڵدرێت لەبەھای ئینسانبوون .
ساتەوەختی ئێستای کۆمەڵگای کوردی لەفەزایەکدایە کە حزب ترسی ڕەنگڕێژکردووە ، ترس ئێستا کاروکاردانەوەکان دەستنیشان دەکات ، ترس لە ھەبوونی ئایندەیەکی ناڕوون و تاریک ، ئایندەیەک کە میللەت دەبێتە قوربانی بەرژەوەندییە حزبیەکان ، ترس لەئایندەیەک کە میلەتەکەی برسییەو بەبرسێتی دەمێنێتەوە ، ترس لەئایندەیەک کە مرۆڤ بێنرخترین بونەوەری حوکمڕانیەتی کوردییە ، ھەموو شتێک نرخ و رێزو بەھایەی خۆی ھەیە تەنھا مرۆڤ نەبێ ، کە بێ نرخترین سەرمایە و سامانە . 
ئەوە مرۆڤە برسی دەکرێت ، ئەشکەنجە دەدرێت ، مافە سەرەتاییەکانی لێ زەوت دەکرێت ، ئازادی و بەھاکانی دەستی بەسەردا دەگیرێت ، کاردەکات و مووچەی پێ نادرێت ، ناڕەزایش دەڕببرێت ،دەڕفێندرێت و بەدڕندەترین شیوە ئەشکەنجە و دواجار تیرۆریش دەکرێت، کەم نین ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووس و مامۆستا ئاینیانەی کە بەھۆی حەقبێژییەوە تیرۆر کراون . 
خۆپیشاندانی ھێمنانەو مەدەنی ، دیالۆگ و گفتوگۆی سیاسی ، پانێڵ و دیبەیت و کۆنفرانس حیسابی تورێکی قوراویان بۆ ناکرێت ، ئەسڵەن کلتورو ھونەری گوێگرتن حزوری نییە لای حزب ،کلتوری پێکەوە ژیان ڕیشەکێشکراوەو کلتوری شەرەنگیزی و ئیرھابی فکری ستراتیژی نوێ و دیاری دەستی حزبن .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
03/06/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ