وتار
بێ گوێدانە یاساکانی جەنگ پێدەچێت ھەڵەکان دووبارەببنەوە..
پارێزەر: لوقمان مصطفی


لە ئێستادا نزیکەی تەواوی خاکی کوردستان لەلایەن ھێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە لەژێردەسەلاتی داعش ڕزگارکراوە،بەڵام گومانی تێدا نیە ھەر لە دوای تەواوبونی یەکجارەکی شەڕی داعش،ھەرێمی کوردستان ڕووبەرووی کێشە دەبێتەوە لەگەڵ سوپای عێراق ومیلیشیا شیعەکانی وەک : حەشدی شەعبی وکتائبی ئەھل حەق وسرایا سەلام وبەدرو..ھتد.ھەرچەندە واپێشبینی دەکرێت کە ئەگەرئەو شەڕە ڕوویدا ئەوە جیاواز دەبێت لەگەڵ شەرەکانی پێشوی ڕژێمەکەی ێدام،لەھەمووڕویەکەوە، چی لەبارەی ھێزی سەربازی وپێداویستی سەربازیەوە بێت بۆ ھێزە شەرکەرەکان لە ھەردوولا،ھەروەھا وەزعی سیاسی نێودەوڵەتی وھەرێمایەتی کەخۆی لە پرۆتۆکۆلاتی بەرژەوەندی زلھێزەکانی وەک ئەمەریکاو ڕوسیا بەجیاجیا لەلایەک و ھەریەک لە دەوڵەتە ھەرێمایەتیەکانیتر لەلایەکی ترەوە ،کە بێشک پێکدادانەکانیش جیاوازدەبێت لەگەڵ شەرەکانی پێشوو،چونکە ئەم شەڕە ئەگەر ڕویدا چارەنوسسازدەبێت ویەکلایی کەرەوەدەبێت بە نسبەت چارەنوسی میللەتەکەمانەوە، بەداخەوە وا ئەو پێشبینیە بۆ ڕودانی ئەوشەرە داسەپێنراوە بەسەرماندا ڕۆژبەڕۆژ لەگەڵ نزیک بونەوەی کۆتاییەکانی شەڕی داعش لەلایەن ئەو ھێزە تەماحکارو چاوچنۆکانەوە بەدەردەکەوێت.
بەڵام گرنگ ئەوەیە چۆن ووەبەچ شیوەیەک ئامادەکاری بۆ بکرێت.؟ لەگەڵ ئەوەی خەڵکی کوردستان لە ئازایەتی وجوامێری پێشمەرگە دڵنیایە کە چۆن بەگیانی خۆیان خاکەکەیان دەپارێزن.بەڵام،،ئەوەی لەم وتارەماندا بەگرنگی دەزانم وتیشکی دەخەمەسەر کە ئەم جارەیان گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە یاسا نێودەوڵەتیەکان پشتگوێ نەخرێت سەبارەت بە بەدیل گرتنی دوژمن لەبەرەکانی جەنگ پێویستە وەک خۆی مامەڵەی لە تەکدابکرێت وھەڵەکوشەندەکانی پێشووتر دوبارە نەکرێتەوە.
ئەگەروەک بارگراوندێک و وەبیرھێنانەوەیەک بگەڕێینەوە چاوێک بخشێنینەوە بە مێژوی خەباتی جەماوەری وچەکداری میللەتەکەمان بەتایبەت لەکاتی دەستپێکردنی ڕاپەڕینە جەماوریەکەی خەڵکی باشوری کوردستان لە بەھاری ساڵی ١٩٩١دا دەیان ھەزار چەکداری سوپاکەی ێدام بە دیل کەوتنەدەست جەماوەری ڕاپەڕیوی کورستان وھێزەکانی پێشمەرگە، کە ئەوکات بەرەی کوردستانی دەسەڵاتی ڕەھای ھەبوو،لەسەر ناچە ئازاد کراوەکاندا و بڕیاربەدەستی یەکەم بوو لەسەرکۆی پرسەسیاسیە ھەستیارەکانی کوردستان.
لەھەموو پرسەکان گرنگتریش پرسی بەدیل گرتنی ئەودەیان ھەزار سەربازەبوو کە لەگەڵ دەستپێکردنی ڕاپەڕیندا نزیکەی ٥٠٠٠٠ پەنجاھەزارسەربازی سوپای بەعسی رووخاوبە دیل کەوتنە دەستی ھێزەکانی پێشمەرگە بەڕابەرایەتی بەرەی کوردستانی. ھەربە بڕیارێکی بەرەی کوردستانی،بڕیاری ئازاد کردنی سەرجەم ئەوئەفسەرو سەربازە دیلکراوانەی سوپا زەبەلاکەی بەعس درا.!! کە دەستیان سوور بوو بە خوێنی شەھیدان وبێ سەرووشوێن کرنی نزیکەی ١٨٢٠٠٠ ئەنفال وێرانکردنی ھەزاران لە گوندو شاروشارۆچکەی ھەرێمی کوردستان و کوشت وبڕوو ئەتککردنی شەرەف وکەرامەتی تاکی کورد بەدەستی ئەو سوپا نەفرەتیە.!! بەڵام سەرکردایەتی سیاسی کورد لەگەڵ ئەوەی کەوتە ژێر عاتیفەی دوژمنەکەیەوە ئەوەندەش بێ ئاگایانە ھەڵسوکەوتی لەتەک یاسانێودەوڵەتیەکاندا کردو وەلاوەی نا،نە بە شێوەی ئەرێنی ونە بە نەرێنی یاسا نێودەوڵەتیەکانی جێ بەجێی نەکردن.!! ڕاستە کاری یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە کاتی جەنگەکاندا کورتدەبێتەوە، ئەوانیش لە کۆمەڵێک بنچینە پیک دێن کە وڵاتان لەسەریان ڕێککەوتون و لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا جێگیربوون، کە داوای سنور دانان دەکات لە بەکارھێنانی توندوتیژیدا لە کاتی جەنگەکاندا و، پاراستنی کەسانی بەشداری کردە سەربازیەکان و ئەوانەش دەست لە بەشداریکردن تێیدا ھەڵدەگرن، وەک: بریندار ، پیکراوان ، دیل و لاشەڕەکان، بە نیازی سنوردارکردنی توندوتیژی لە کاتی شەڕەکاندا تەنھا بۆ ئەو کارانەی پێویستی سەربازی دەیانسەپێنن. سەرچاوەکانی یاسای نێودەوڵەتی ڕێکەتننامەکانی ‌لاھای‘ ساڵانی ‌١٨٩٩ و ١٩٠٧ز‘ن بەتایبەت ئەو مادانەی کە لەو ھۆکارانە دەدوێن کە لەکاتی جەنگەکاندا ڕێگەیان پێدراوە، ھەروەھا چوار ڕێکەوتننامەکەی ‌جنێڤ‘ ی ساڵی ‌١٩٤٩ز‘، زیاد بۆ ئەوەش جاڕدانی نێونەتەوەیی تایبەت بە پاراستنی منداڵ و ئافرەتان لە کاتە کتوپڕەکان و کاتی جەنگەکاندا ساڵی ‌١٩٧٤ز‘ و ڕێکەوتننامەی دژایەتی ئەشکەنجە، مامەڵەی خراپ، سزادانی قورس یا نامرۆیی ساڵی ‌١٩٨٤ز‘ و ھەموو ئەم ڕێکەوتنناماننەش بێبەش نەکردنی ھیچ کەس لەژیان، ئەشکەنجەنەدانی، سزانەدانی بەشێوەیەکی قورس یا دڕندانەی کەرامەتشکێن بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی، دووپات دەکاتەوە. لە گەڵ زۆریشیاندا ئەم یاسایانە بەدەست لاوازی و شکستەوە دەناڵێنن، چونکە ھەندێک لە وڵاتان ئەو ڕێکەوتننامانە ناچەسپێنن، تەنانەت ئەو وڵاتانەش پەیمانی چەسپاندنیان دەدەن پابەندی ھەموو بەندەکانی نابن، لە کاتێکدا ئەم ڕێکەتننامانە پابەند بوون پێیانەوە بۆ ویستی ئەو لایەنانە دەگەڕێتەوە کە ئیمزایان لەسەر کردوون، ھیچ شتێک نیە ناچاریان بکات ڕێزی بگرن، ئەویش لەبەر نەبوونی دەسەڵاتێک کە چاودێری چەسپاندنی ڕێساو حوکمەکانی یاسای نێودەوڵەتی بکات، ھەروەک بۆ یاسای نێوخۆیی ئەو وڵاتانەش ھەمان شت ڕاستە.
بەڵێ ھەڵسوکەوتی خەڵک وھێزی پێشمەرگە بەرانبەر بەوسەربازە دیلکراوانە زیاتر مرۆیی بون بەقەد ئەوەی ھەلسوکەوتێکی یاسایی بێت،ئەمە ئەوەناگەیەنێت بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان مامەڵەیان لەتەک کرابێت.
ئەمە نمونەی زۆری یاسا نێودەوڵەتیەکان بوو،کە ھیچ بڕگەو مادەیەکی یاسایی نێودەوڵەتی نیە کە بڵێت ھەرچی دیلی جەنگ ھەیە بە باش و خراپیەوە ئازادبکرێن وبەرەڵای ناوگەڕەک وشاروشارۆچکەکان بکرێن وسەرپشک بکرێن بەمانەوەیان لەکوردستان یان ھەرکوێیەک کەخۆیان پێیان خۆشبێت بۆی بڕۆن کەلەئەنجامدا زۆربەیان گەڕانەوەیان بۆ عێراق ھەڵبژارد.!! 
ئەم ڕەفتارە سەیروسەمەرەیە لەھیچ کوێی دونیادا نەبوەو ڕوینەداوە،لەکوردستان نەبێت.!! ئەوەبو لەمانگی تەموزی ھەمان ساڵ دووبارە چەکدار کرانەوەو ئامادە کرانەوە ڕەوانەی بەرەکانی شەڕیان کردنەوە بۆشەڕی کورد کوشتن.!!
بڕوانن دەوڵەتی ئێران کە زۆر جار بە تەنز ئامێزەوە باسی مەلاو عەمامەکانیان و دواکەوتوییان دەکەین، ببینن وببیسن چۆن بەسود وەرگرتن لە یاسا نێودەوڵەتیەکان لەلایەک و پێشێل کردنی لەلایەکیترەوە لەھەمان کاتدا چۆن مامەڵەی لەتەک یاسانێودەوڵەتیەکاندا کردووەوچۆن بۆ بەرژەوەندی خۆی سودی لێوەرگرتووە. 
(( شەڕی ھەشت ساڵەی عێراق و ئێران، کە بە جەنگی یەکەمی کەنداو دەناسرێت، دیارترین ئەو شەڕانەیە، کە لایەنی ئێرانی بە چڕی و بە شێوەیەکی پێشکەوتووانە شەڕی دەروونی بەکارھێنا و ئامرازی شۆردنەوەی مێشکی دیلەکانیش دیارترین دیاردەی شەڕەکە بوو. ئێران شیوعییەکانی چینی تێپەڕاند و تەنیا بەوە نەوەستا دیلەکان لە بیروباوەڕی خۆیان ھەڵبگەڕێنێتەوە، بەڵکو ئەوانی لە چوارچێوەی ھێزێکدا بۆ شەڕکردن رێکخست و ھەناردەی بەرەکانی شەڕی کردن، ئەمەش لە مێژوودا وێنەی نەبینرابوو. ئێرانییەکان، بە چەند قۆناغێک دیلە عێراقییەکانیان خستە ژێر پرۆسەی شووشتنەوەی مێشک و لە قۆناغی یەکەمدا دیلە سوننی و شیعییەکانیان جیاکردەوە و لەناو ئەوانیشدا بەعسی و نابەعسییەکانیان جیاکردەوە و ھەنگاو بە ھەنگاو ئەوانیان خستە ژێر پرۆسەی شۆردنەوەی مێشکەوە تا کار بەوە گەیشت ھەموو مێشک شۆراوەکانیان لە ژێر ناوی تۆبەکردووان (التوابون) رێکخست و رێکخراوێکی ئایدۆلۆژیان لە ژێر ناوی رێکخراوی "بەدر" بۆ درووستکردن و بەھەزاران تۆبەکردوویان لە ریزی چەکدارانی ئەو رێکخراوە ناونووس کرد و دواتر بەکاریان ھێنان بۆ شەڕکردن دژی رژێمی بەعس. ئێرانییەکان سەرەتا ناویان لەوانە نابوو "میوانەکانی کۆماری ئیسلامی" و کاریان بۆ ئەوە کرد، دیلەکان ھەست بکەن کە تاوانبارن و تاوانیان دژ بە خودا و ئاین و گەل کردووە و پێویستە تۆبە بکەن و پەشیمانی دەرببڕن. پاشان ئەوانیان ھەنگاو بە ھەنگاو لە تاکێکی شەڕکەری دژی کۆماری ئیسلامی گۆڕی بۆ تاکێکی شەڕکەری دژ بە وڵاتەکەی خۆیان. لە میانی مانەوەشیان لە سەربازگەکان، ئێرانییەکان تۆبەکردووانیان دەبرد بۆ سەردانی مەزارگەکانی قوم و چاوپێکەوتنی ئایەتوڵڵا روحوڵڵا خومەینی رابەری ئێران و ھەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکردن، تا زیاتر متمانەیان لا درووست بێت و ھەست بە گرنگی تۆبەکردنیان بکەن)).
بەڵام ئەوەی لەوکاتەی کوردستاندا دەگوزەرا پاشەگەردانی بو بەمانای وشە،باشە خۆناڵێین ئەودیلانەیان بکوشتبان وقەتڵوعامیان بکردبان نەخێر،بەڵام ..لانی کەم ئازاد نەکرابان، داوای ھاوکاری بکرابایە لە نەتەوەیەکگرتوەکان کە مامەڵەی دیلی جەنگیان لەتەکدا بکرێت و لەژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتوەکاندا ٌڕادەستی دەوڵەتێکی دراوسێ بکرابان تا وەزعەکە ھێور دەبۆوە،نەک ھەروا بە ئاسانی و بێ گەڕانەوە بۆ یاساکانی جەنگ تەنھا بۆ دەستخۆشانەیەک فووی پیاکەیت وھەرھەموو بە پیس وپاکەوە ئازد کەیتو پاشانیش ڕژێمی بەعس ئەوەبو جارێکیتر سودی لێوەرگرتن وپرچەکی کردنەوەوھێرشی پێکردنەوەسەرمان.!!
سەیر لەوەدایە تائێستا ئەم ئەقڵیەتە وەک خۆی ماوەتەوەوئەوەی کە بیری لێناکاتەوە چۆنێتی مامەڵەکردنێتی لەگەڵ دوژمنەکانیدا،ئەوەی بیری لێناکاتەوە نەخوێندنەوەیەتی لە ودەق ومادە یاسا نێودەوڵەتیەکانە.!! بێگومان ئەگەر جارێکی کەش دووبارەبێتەوە، ئەگەر بەھەمان عەقڵیەتەوە ھاوشێوەی پێشو ئاوا بێ بەرنامەوتاکتیکی یاساکانی جەنگبن بۆدەستخۆشانەیەک ھەموو ڕەنج وماندووبونی قوربانیانی دەیان ساڵەی کوردستان وخوێنی شەھیدان دەدرێ بەبادا.!
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
07/06/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123