وتار
ڕیفراندۆم و میلەت لەنێو بەرداشی فرەحیزبیدا
دانا مەنمی

ڕیفراندۆم چەتری کوردایەتی یە خوانێکە بۆ ھەموومان ، گرنگە تا ۲٥ ی ۹ی ۲۰۱۷ نێوماڵی کوردیمان یەکبخەینەوە و متمانە بگەڕێتەوە بۆ نێو پرۆسەی سیاسی و ئاشتەوایی نیشتیمانی و ئاشتی کۆمەڵایەتی بنیات بنێینەوە ، سازشکردن بۆ یەکتر نەنگی نییە ڕێکەوتنی سیاسی لایەنەکان شکست و دۆڕان نییە بۆ ھیچ کەس و لایەنێک ، گەلەکەمان پێویستی بە کلتوری پێکەوە ژیان و سازان و یەکتر قبوڵکردنە ، پێویستی بە بیناکردنی نەتەوەسازی و دەوڵەتسازییە ، پێویستی بەدادپەروەری و ئاشتی کۆمەڵایەتی و دیموکراسیەت و ڕێزگرتنە لە ئیرادەی بەرامبەر ، نیەتی خێر ھەمیشە سەردەکەوێت ، نیەتی خراپ و شەڕەنگێزیش ھیچ جوانیەکی نییە شانازی پێوە بکات . 
پەرتەوازەی نێوماڵی کورد خاڵی لاوازی دۆزی کورد بووە کە دوژمنان کەڵکیان لێوەرگرتووە ، لەمیرە کوردییەکانەوە بیگرە بۆ بەرلەجەنگی جیھانی یەکەم و سەرەتاکانی شۆڕشی نوێی چەکداری و سیاسی کورد لەدوای جەنگی جیھانی دووەم دەستپێکی پارتی سیاسی ھاوچەرخ بیگرە بۆ ململانێکانی ناوزەنگ و ڕاژان ، لەوێشەوە بۆ بەرەی جود و جوقد ، پاشانیش بۆ شەڕی براکوژی لەساڵی ۱۹۹٤ ، مێژوو ململانێیەکی خوێناوی خیانەت لەخۆیان و لەنیشتیمان و لەخەڵکیش جگە شەرمەزاری لە ماڵوێرانی بۆکورد کەزیانی زۆری بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد گەیاندووە ، ھیچی جوانی لە پاش خۆی بەجێنەھێشت ، سەرباری ئەوەی دوژمنان کەڵکیان لەولێکترازانەی نێوان لایەنەکان وەرگرتووە بۆ سەرکوتکردنی میلەتەکەمان .
تەبایی و پێکەوە بوون و یەکڕیزی لایەنەکان بەرەی کوردستانی و ڕاپەڕینی بەھاری ۱۹۹۱ کردە دەستکەوت و ڕژێمێکی خوێنمژی مرۆڤکوژی دیکتاتۆری ڕاماڵی ، یەکڕیزی نێوماڵی کورد ھەڵبژاردن و دروستکردنی دام و دەزگای یاسایی خۆماڵی بنیات نا ، دیسانەوە ھەر بەیەکڕیزی و یەکێتی و یەکبوون بەھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی و ئەمریکا لەساڵی ۲۰۰۳ بەیەکجاری حوکمی بەعسیزم ڕیشەکێشکرا ، دواجاریش ھەر بە تەبایی و یەکبوون و یەکڕیزی لەساڵی ۲۰۱٤ وە کورد شەڕی وەحشیترین ھێزی تیرۆریستی بەناو داعش دەکات و ئەندامی بەرەی ھاوپەیمانیەتی حەفتا ووڵاتە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریزم .
بەدرێژایی مێژوو یەکڕیزی و تەبایی ھێزە سیاسییەکان خاڵی بەھێزو سەرکەوتنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بووە وھەوڵی سەرەکی دوژمنان خاپورکردنی ئەو تەبایی و یەکڕیزییە سیاسیی یە بووە کە کورد دەستکەوتی باشی تێدا بەدەستھێناوە ، پێویستە ئێستا جیاوازی و ناکۆکییەکانمان وەلابنێین وخاڵەھاوبەشەکانمان یەکبخەین ، ھەموو ھێزە سیاسییەکان بەبزوتنەوەی گۆڕان کۆمەڵی ئیسلامیشەوە ھاوڕان کە سود لەدەرفەتەکان وەربگیرێت و ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت ، بەڵام جیاوازییەکە تەنھا میکانیزمەکانییەتی کە ڕیفراندۆم چۆن ئەنجام بدرێت ؟
گۆڕان و کۆمەڵ و بەشێک لەیەکێتی کاراکردنەوەی پەڕلەمان بە مەرج دادەنێن و پارتی دیموکراتی کوردستانیش کاراکردنەوەی پەڕلەمانی کوردستانی بەستووەتەوە بە گۆڕینی سەرۆکایەتی پەڕلەمان ، دیارە پارتی دیموکرات مەبەستی لەدەستەی سەرۆکایەتی سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان بەتایبەت بەڕێز دکتۆر یوسف محەمەدە و بزوتنەوەی گۆڕانیش سەرۆکی ئێستای پەڕلەمان بەڕێز دکتۆر یوسف محەمەد بەھێڵی سوور دەبینێت و دەستکاریکردنی بڤەیە !
بەدیوێکدا ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان سازش لەسەر سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان دکتۆر یوسف محەمەد بکات و لەپێناوی بەرژەوەندی میلەتەکەمان ئەم ململانێ و کێشانە ھەڵبگرێت بۆ دوای پرۆسەی ڕیفراندۆم و قۆناغەکانی دەوڵەتداری کوردی ئەگەری سەرکەوتنی زیاتری لەئێستا لێ چاوەڕوان دەکرێت . 
دیوەکەی تریش پەیوەستە بەپارتی دیموکراتی کوردستان ، مادام پارتی دیموکرات لەئێستادا دەستپێشخەرو خاوەنداریەتی مەشروعی ڕیفراندۆم و ھەنگاوەکانی سەربەخۆی سیاسی کوردستان دەکات ، پێویستە زیاتر لێبوردەتر و دەستپێشخەرو دەستکراوەتر بێت بۆ سەرخستنی ئامانجەکانی کە ئەویش پرۆسەی ڕیفراندۆم و ھەنگاوەکانی سەربەخۆی کوردستانە ، گرنگە پارتی دیموکرات لەپێناو قەزییەی گەورەدا شتی گەورە ببەخشێت و لەپێناو بەرژەوەندی میلەت و پرۆسەی مافی چارەنووسدا پەڕلەمان کارا بکاتەوەو سوریش بێت لە شەڕی پەڕلەمانی کە سیمای دیموکراسیەت و شارستانیەتە .
ڕۆڵی ھێزە سیاسیەکانی تر ئەوەنییە بینەرو تەماشاکەر بن ، بەڵکو ڕۆڵی یەکێتی و یەکگرتوو بزوتنەوەی ئیسلامی و کەمایەتییەکان زیاتر نەبێت کەمتر نییە لە ڕۆڵی پارتی و گۆڕان ، بەڵام ئەم ھێزانەی تریش لەترسی لەدەستدانی جەماوەرەکەیان گۆشەیەک لە بێدەگیان ھەڵبژاردووە و موجامەلەی یەکتر و خەڵکیش دەکەن ، لاقێکیان لە دەسەڵاتدایەو لاقەکەی تریان لە ئۆپۆزسیۆن ، بەشێکن لە کۆنسەرڤاتیڤ و دیموکراسیەت ، سیمای ڕاستەقینەی خۆیان شاردوەتەوەو لەگەڵ مەڕدا شیوەن دەگێڕن و لەگەڵ گورگیشدا ئاو دەخۆنەوە ، زیانمەندی سەرەکیش خەڵکی کوردستانە کە لەنێو بەرداشی فرەحیزبیدا شیش و کەبابی سوتاوە !!
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
08/06/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ