وتار
ئاستەنگەکانی بەردەم ڕیفراندۆم...
پارێزەر: لوقمان مصطفی

بە ڕای پسپۆڕانی بواری دەستور ویاساناسان،بەگرنگ دەزانرێت پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە باشووری کوردستان پێویستی بە چەندین لێکۆڵینەوەو توێژینەوە و کۆنفرانسی زانستی یاسایی ھەیە،تابتوانرێت ڕێگا چارەیەک بدۆزرێتەوە،بۆ زاڵبوون  بەسەر ھەموو ئەوکۆسپ وئاستەنگانەدا کە دێتە پێش لەکاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا،ھەڵبەتە ئاستەنگەکان زۆرن بەڵام گرنگترینیان بریتین لە: 
- ئاستەنگی یاسایی..  
لە رووی یاساییەوە دەبێت لە ھەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە ریفراندۆم ھەبێت، بۆ ئەو مەبەستە پێشتر لە پەرلەمانی کوردستان پرۆژە یاسایەک گەڵاڵە کرابوو، بەڵام تائێستاش چاوەڕێی نووسینی راپۆرتی لیژنەی کاروباری یاسایی و پەسەندکردنیەتی لەلایەن پەرلەمانەوە کەلە ئیستادا بەداخەوە بەبڕیارێکی حیزبی  ئەودەزگا شەرعیە پەکخراوە. 
بۆیە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ بەدەستھێنانی ئەومافەی خەڵکی کوردستان بۆسەربەخۆیی، پرۆسەیەکی یاساییە نەک تەنھا سیاسی ، دەبێت لە دەستوورو ‌دەقە یاسایی یەکاندا ئەو مافە بە ڕاشکاوی ناوی ھاتبێت وئاماژەی پێکرابێت. 
ھەرچەندە بەگوێرەی بڕیاری ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ ی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمان مەرجەعی باڵایە بۆ پرسە چارەنووسسازەکان، بەڵام بەگوێرەی یاسا بەرکارەکانی تایبەت بە دەسەڵاتەکان لە ھەرێم، ھیچ یەکێک لە دەسەڵاتەکان (پەرلەمان ، سەرۆکایەتی ھەرێم، حکومەت) رانەسپێردراون بە مومارەسەکردنی دەسەڵاتی راگەیاندنی ریفراندۆم ،جگە لەوە بەگوێرەی بڕگەکانی (یەکەم و دووەم وسێیەم و چوارەم)ی یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠١٤ یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان عێراق ، تەنھا دەسەڵاتی سەرپەرشتی و رێکخستن و دەرکردنی رێنمایی تایبەت بە یاساکانی ھەڵبژاردنی پێداون ، بۆیە لەسەرەتاوە دەبێـت لە رووی یاساییەوە ئەو لایەنە دیاری بکرێت کە دەسەڵاتی راگەیاندنی ریفراندۆمی ھەیە لەگەڵ دیاری کردنی وردەکاری ریفراندۆم٠
ھەرچەندە لەڕووی یاساییەوە تەنھا پەیماننامەو ڕێککەوتننامەو جاڕنامە نێودەوڵەتیەکان بەس نین -ھەندێک لە شارەزایان پێیان وایە ئەو بڕیارو ڕێککەوتننامانەی نەتەوە یەکگرتووەکان ھێزی پابەندێتی (‌الزامی)یان نیە-‌ بۆ ئەوەی گەل، نەتەوە، ھەرێم یا ھەر پارچەیەک لە دەوڵەت ئارەزووی جیابونەوە بکات‌و ڕیفراندۆمی بۆ ئەنجامبدات. بەڵکو پێویستە دەستورو ڕێساو یاسای ئەو دەوڵەتە  ئەو مافەی پێ بەخشیێت. بۆ نمونە لەدەستوری ھەمیشەیی ٢٠٠٥ی عێراقدا بەم جۆرە باس لەم بابەتە کراوە؛
١. عێراق پابەندە بە یاسای نێودەوڵەتی‌و ڕێککەوتننامەو پەیماننامە نێودەوڵەتیی‌و کارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بەو پێیەی عێراق ئەندامە لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
٢. عێراق ھەردوو "پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە مەدەنی‌و سیاسییەکان" لە ١٦/کانونی یەکەمی ١٩٦٦، و "پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە ئابووری‌و کۆمەڵایەتی‌و کەلتورییەکان" لە ١٦/کانونی یەکەمی ١٩٦٦. بە بێ ھیچ خۆگرییەک (تحفڤ) واژۆ کردووە.
٣. لە دەستوری عێراقدا ھیچ دەقێکی ناچاری بۆ یەکێتی خاکی عێراق بەڕاشکاوی نەھاتووە. بەڵکو ئەوە لە دیباجەی دەستوردا ھاتووە، پابەندبوون بەم دەستورەوە یەکێتی خاکی عێراق دەپارێزێت.
٤. لە کۆتایی دیباجەی دەستوری ھەمیشەیی ساڵی (٢٠٠٥)ی عێراقدا ھاتووە "پێکھاتەو لایەنەکان بەئارەزوومەندانە چارەنوسی خۆیان بە عێراقەوە گرێداوە..."، ئەم دەقە یاساییە ئەو ھەلەش دەرەخسێنت کە ھەرێم بە ئارەزوومەندانە لە عێراق جیا ببێتەوە.
ریفراندۆم ، وەک ھەر کارێکی یاسایی و سیاسی، وەک شێوازێکی تێکۆشان بۆ بڕیاردانی چارەنووس ، بۆ ئەوەی ببێتە واقیع ، پێویستیی بە ئاوێتەبوون و کارلێکی ھۆکارە بابەتی و خۆییەکان ھەیە تا رادەی پێگەیشتن . دیارە پێگەیشتنی ئەو ھۆکارانەشە کە لە "خەون " و " سۆز " و" خەیاڵ "  ، بە گوتەی بەرامبەر ، دەگۆڕێت و دەبێتە واقیعێکی زیندوو و بەرچاو .
- ئاستەنگی نێوخۆیی ...
لەبەر ئەوەی ریفراندۆم وەک ھەنگاوێکی چارەنووسساز بەر لە بڕیاردان پێویستی بە زەمینەسازی وکۆدەنگی و ئاشتەوایی سیاسی و رێگای یاسایی ھەیە، دیارە بۆ ئەوەی کارێک یان دیاردەیەک  بەم پڕۆسەیەدا بڕوات ، دەبێت بنەمای لە زەمینەی واقیعدا ھەبێت ، بارودۆخ و ھۆکاری زیندووی بۆ رەخسابێت . بەبێ ئەوانە گەشەکردنی یان پێگەیشتنی بۆ وەرچەرخان  بە یەک واقیع نایەتەدی.  کەواتە دەروازەی یەکەم بۆ ڕاگەیاندنی ریفراندۆم دەبێت بەر لە ھەر شتێک ئاشتەوایی سیاسی بەدی بێت و پەرلەمان رۆڵی بۆ بگێڕدرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت یاسایەک پەسەند بکات بۆ دیاریکردنی میکانیزمی ریفراندۆمەکە و پێدانی دەسەڵات بۆ راگەیاندنی ریفراندۆم.
 دەبێت بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم پێگەی بە واقیع بونی ھەبێت ،وەکاری واقیعی وەھا پێناسە دەکرێت کە کارێکە لە زەمینەی واقیعدا بوونی ھەیەو ، بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکان  ، ھەلومەرجی لەباری بۆ رەخساوە . واتە کارێکە لە توانادایە بکرێت وببێتە واقیعێکی بەرچاو . ئەم کارە سەرەتا  لە سنووری مومکین و ئەگەرێکدایەو ، بە یارمەتی کۆمەڵێک ھۆکارو لە جووڵانەوەی خۆیدا بەرەو پێشەوە ، مەرجەکانی پێدەگات و  ، لە چرکەساتی ھەماھەنگی ھەموو مەرجەکاندا پێکەوە ، دەگاتە مەبەست و ئامانجەکانی و ، ئەوەی مومکین و ئەگەر بوو بە واقیعێکی ھەستپێکراو دەگۆڕێت .
دیارە بۆ ئەوەی کارێک یان دیاردەیەک  بەم پڕۆسەیەدا بڕوات ، دەبێت بنەمای لە زەمینەی واقیعدا ھەبێت ، بارودۆخ و ھۆکاری زیندووی بۆ رەخسابێت . بەبێ ئەوانە گەشەکردنی یان پێگەیشتنی بۆ وەرچەرخان  بە یەک واقیع نایەتەدی . کەواتە پێگەیشتنی بارودۆخێکی گونجاو یەکێکە لە بنەماکانی گەیشتن بە واقیعێکی نوێ ،.
- ئاستەنگی نێودەوڵەتی ...
 ‌ھەرلەگەڵ وروژاندنی بابەتی ڕیفراندوم وسەربەخۆیی کوردستان کە ھەروەک پێشبینی کرابوو ھەریەک لە حکوموتی عێراق،ووڵاتانی دراوسێی وەک ئێران،تورکیا سوریا،زۆرینەی ووڵاتانی عەرەبی  دژایەتی خۆیان بۆ ڕیفراندۆی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە.
دەوڵەتە زلھێزەکانی دونیاش وەک ڕووسیا کەلەڕێی نوێنەرەکەیانەوە لە ئەنجومەنی ئاسایش بەئاشکرا ڕایگەیاند کە ئەوان لەگەڵ یەک پارچەیی خاکی عێراقن.
ئەمەریکاش تائێستا ھەڵوێستێکی ڕونی نیە،بەڵام،،بەشێوەی نافەرمی لەچەند شوێنێک ئاماژە بەوەدەکەن کە  یەکپارچەیی خاکی عێراقیان بەلاوەگرنگترە.
ھەروەھا ھەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ‌ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ستیڤان دواریک وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان،لەئەنجامی پرسیارێکی کەناڵی NRT ڕایگەیاند "ئێمە ‌تێبینی ئەو ڕاگەیەندراوەمان کرد کە ‌لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە سەبارەت بە ‌ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ئاشکراکرا، ھەڵوێستی ئێمە لەو بارەیەوە ‌ڕوونە کە ‌ئەویش ھاوتەریبە لەگەڵ دەستوور".
وتیشی "لەکاتێکدا ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە ‌بە (‌بەڵێ) بوو و کوردستانیش ویستی ببێتە ‌ئەندام لە ‌نەتەوە ‌یەکگرووەکان وەکو دەوڵەتانی تر، ئەوا دەبێت ئەوکاتە ‌ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیاری لەسەر بدات و بە ‌فلتەری ئەنجوومەنی ئاسایشدا بڕوات بۆ یەکلاکردنەوەی".
لەبارەی ئەوەی ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیە چاودێری ڕیفراندۆم بکات؟ وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی "سیاسەتی ئێمە بەو شێوەیەیە ‌کە ‌بەڵێ بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان دەکەین و چاودێری دەکەین، بەو مەرجەی حکومەتی ناوەندی عێراقی داوامان لێبکات".
لە کۆتایی دا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ھەلومەرجی بابەتی بۆ بەرپاکردنی ریفراندۆم بەم ھەموو کەموو کورتیەوە چی بە ھۆی  نەگونجانی ھێزو لایەنە سیاسیەکان و بەبرسی کردنی خەڵک وتۆرانیان لەدەسەڵات و ناشەفافی لە گرێبەستە نەوتیەکان ودیارنەمانی وشاردنەوەی قوتی خەڵک،کۆمەڵێک وەک پاشاو مەلیک بژین و خەڵکەڕەشووڕووتەکەش ژیانێکی کولەمەرگی بژین،ئایا بەم ھەموو کەموو کورتیەوە تاچەند ئەم ھەلومەرجە لەبارە بۆ ئەنجام دانی ڕیفراندۆم!؟ وەڵامێکی لۆژیکی  راست ودروست بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە نەک وەڵامێکی چەواشە یی وبێبنەما بەڵکو وەڵامێکی ئەرێیانەی درووست بۆ ئەم پرسیارە ھەیە ئێمە نەمانزانیبێت. ؟!
بێگومان بوونی ئەم ھەموو ئاستەنگانە لەبەردەم بەڕێوە چوونی گشتپرسی ئەوەمان پێ دەڵێت کە ھەنگاوێکی لەم چەشنە خۆکوژیەو ھیچیتر.!!
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
11/06/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123