وتار
یان پارلەمان یان نەمان!
‎بابەکر دڕەیی

پارتی لە چەند قۆڵیکەوە خەریکی ئەوەیە خواستەکانی خۆی بەسەر حزبەکان و خەڵکی کوردستانا بسەپێنێ.. بەم بۆنەیەوە دەسەلاتدارانی پارتی بە گەرمی لە ھەوڵی ئەوەدان گشت کەناڵەکانی سیاسەت و دپلۆماسیەت و گوشار بخەنەکار تا نەھێڵن دیموکراسیەکی راستەقینە لە کوردستانا بچەسپێ و ئازادی و عەدالەت باڵ بەسەر ھاوڵاتیانی کوردستانا بکیشێ.
ئامانجی پارتی لەم ھەوڵە گەرمو گوڕانەی بۆ نەھێشتنی دیموکراسیەت و بێدەنگکردنی دۆست و نادۆست و، خنکاندنی ڕای دەنگدەرانی کوردستان و، ئەو حزبە نەیارانەی نوێنەرایەتی ئەوان دەکەن، ئەوەیە کە حوکمێکی تاقە کەسی یان گروپێکی ئەریستۆکراتی لە کوردستان دابمەزرێنن و بە کەیفی خۆیان ، چۆن ساڵەھایە نەیانھێشتوە یاسامەندی و عەدالەتیکی نیسبی لە کوردستانا بێتە ئاراوە ، بە ھەمان شێوەو خراپتریش، درێژە بە بەرنامە نادیموکراتی و نایاساییەکەیان بدەن.
ئامانجی پارتی ئەوەیە: خواستی خۆیان لە جێگیرکردنی سیستمی نادادپەروەرانەو دژ بە یەکسانی ھاوولاتیان جێگیر بکەن و بەم ھۆیەشەوە، لە لایەکەوە سەروەت و سامانی وڵات بەوپەڕی ناشەفافی لە قازانجی خۆیان و دەستوپیوەندەکانیان بەکار بھێنن و، لە لایەکی تریشەوە، بۆ خزمەتی ھەمان ئامانج ، جۆرە سیستمێکی سیاسی بنیاتبنێن کە لەگەڵ ئەو ناشەفافی و نادادی و زوڵمە ئابوری و کۆمەڵایەتیەدا بگونجێ و پارسەنگی بکاتەوە.
بناغە و سەرچاوەی ئەو "ئامانج"ەی پارتی ش بۆ دامەزراندنی سیستمی نادادی کۆمەڵایەتی ، لە ئایدیۆلۆژی و فەلسەفە و تیڕوانینێکی چەوت و ھەڵەوە بۆ ژیان سەرچاوەی گرتوە کە سەرکردە ئەسڵیەکانی پارتی پێیان وایە تەنھا ئەوان( ئەوان نەک کەسی تر ) لەم کوردستانە فراوانەدا دڵسۆز و تیکۆشەر و خەباتکاری پلە یەکن و، تا ئەندازەیەکی زۆر لەسەر ئەوەش پێکھاتون کە مەسەلەی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری و سیاسەتمەداری، پەیوەندی بە ئەسڵ و نەسەب و جۆری خوێنەوە ھەیەو ، ھەرکەس ، دورو نزیک ، خوێنەکەی لە جۆری ئەوان نەبێت یاخود لە ژێر ئاڵای ئەو جۆرە خوێنە تایبەتەدا پەروەردە نەبوبێ، نە مافی ئەوەی ھەیە باس لە یاسامەندی بکات و نە ھەقی ئەوەشی ھەیە خۆی کاندید بکا بۆ پۆستیکی باڵای حکومی یان پەرلەمانی ، و لە باشترین حاڵەتدا دەبێ ھاولاتیەکی "عاقڵ " و بێدەنگ بێت کە لە کاتی پێویستدا کاغەزی ھەڵبژاردن لە قازانجی ئەوان بخاتە سنوقی دەنگدانەوە و بەرنامەکانی ئەوان بۆ حوکمێکی سەرویاسایی پەسەن و بەھیز و تۆکمە بکات.
زۆرێک لە پارتیە دەوڵەمەند و پەراوێزەکانی دەسەلات، لەسەر ئەوە یەکدەنگن کە حوکمڕانی و دەستبردن بۆ کاروباری دەوڵەت و، ئیدارەدانی کۆمەڵگا و تەنانەت ھەولدان بۆ چاکسازی ش ھەر لە خۆیان جوانەو ، ئەگەر بەردێک ئەوان نەیخەنە ناو دیواری دەوڵەتەوە حەتمەن جێی گومانە و، ترازان و ڕوخانی حەتمییە، و ئەگەر دوژمنێک لەشکرەکەی ئەوان لە نزیک و دورەوە پەلاماری نەدات، ھەرگیز شکست ناخوات.... کۆمەلە وەھمێک کە حەقیقەتەکانی ژیان و سیاسەت لە ڕابوردوی نزیک و دوردا ڕیک پێچەوانەکەی سەلماندوە !... 
پارتیەکان لە ئاستی سەری سەرەوە تا ئاستە ناونجیەکان، وا ڕاھاتون و ڕاھینراون کە ھەمو خێڵ و ھۆزو حزب و گروپیک لە خوار خۆیانەوە ببینن و ئەگەر تەنانەت توخمی بەشەرو کوردیش وەک پارچەیەک لەو توخمی بەشەرە، لە دنیایەکی تەواو جیاوازی سەدەی بیست و یەک و دیموکراسی پۆستمۆدێرنیشدا بژێیت و، ئاگاداری وردەکارییە ھەرە وردەکانی جیھان و سیستمی دیموکراسی جیھانیش بێت، ئەوان تەفسیری خۆیان بۆ دیموکراسی بە جیا ئەکەن و لێکدانەوەیان بۆ مەسەلە بەدیھیەکانی زۆرینەو کەمینە ( تەنانەت گەر حسابی ماتماتیکیش بێت) بەو جۆرە ئەکەن کە لەبەرژەوەندی خۆیانایە و، لە دنیای سوریالی پارتیە مەغرورەکاندا ، مەسەلەی ڕای جیاواز و مافی کەمینە و ئازادی رۆژنامەگەری و گفتوگۆی بێمەرج بۆ ڕێکەوتن، جۆرە گەمەیەکن ھەرکات ئەوان حەزیان لیی نەبێ یان بە میزاجیان نەبێ ، ئیتر ئەبێ لە دیوەخان ھەڵگیرێن و کەس باسیان نەکاتەوە...
ئیتر کاتی ئەوە ھاتوە وەلامی ئەم جۆرە سیاسەت و دیدگایە بۆ ژیان و بەرێوەبردنی کۆمەڵگا ، گۆڕانی بەسەرا بێت و بە جۆرێکی ڕۆشنتر وەڵام وەربگرێت.
ئیتر ئەبێ لەمەودوا، وەک چۆن پارتیە مەغرورەکان گاڵتەیان بە عەقڵی ھەمو کەس یەت و باس لەوە ئەکەن ئەوان خاوەنی دەولەت و وڵاتن و ھەر ئەوان لەگەل حزبەکانی ترا لوتفیان نواندوەو پۆستیان داونەتێ، ھەروەھا لە کاتێکدا ھەر خۆیان بازگەکانی حکومەت بە ھێزی حزبی ئەتەنن و ڕێ لە سەرۆکی پەرلەمان ئەگرن ئەرکەکانی ئەنجام بدات و، دواتر ئەڵین سەرۆکی پەرلەمان بۆتە ھۆکاری لەکارخستنی پەرلەمان...!! لە کاتیکا میدیاکانی پارتی بە ھەرچوارلادا ھیرشی سوککردنی ئۆپۆزیسیۆنیان کردۆتە بەرنامەی کارو، لەوسەریشەوە بە ئاشکرا قوتی خەڵکی ولاتەکەیان بڕیوەو لە ھەمان کاتا ملیۆنەھا دینار سەرف ئەکەن بۆ کرینی وەلائاتی خەڵک و، بێھۆ موچەیان بۆ ئەبڕنەوەو رەگ و ڕیشەی کاری حکومی و یاسامەندییان لە بنەوە ھەڵکێشاوە و، نرخیان بۆ ھیچ پۆست و پلەیەکی حکومی و ئیداری نەھێشتۆتەوەو بە ھەزاران موچەخۆری گەندەو بیکاریان وەک "سیاھی لەشکر" لە قەزاو ناحیەکاندا بۆ کاتی ھەڵبژاردن مۆڵداوە...
ئا لەم کاتەدایە کە ئەبێ دروشمیکی تر بیتە ئاراوە کە گوزارشت لە کۆی پرۆسەی سیاسی کوردستان بکات و ببێتە رەمز بۆ ھەمو ئەوانەی دەیانەوێ دژ بە گەمە ناشرینەکانی پارتی (و لۆبیەکانیان لە حزبەکانی ترا...) لە سەرکوتی عەدالەت و یاسامەندی بێنە مەیدان.. دروشمێک کە لە خاڵی بەرامبەری ئەو دروشمە درۆیینەدا بێ کە ساڵەھا ھەمومان ( بێگومان بە پێشرەوایەتی پارتی ) بەرزمان کردەوە و خۆمان وکەسوکارمان بۆ بەکوشتدا و دواتر بۆمان دەرکەوت جگە لە وڵاتیکی پر لە ناعەدالەتی و جوگرافیایەکی پڕ لە مافیا ھیچی تری بۆ میللەت بەرھەم نەھێنا... ئەویش بریتی بو لە دروشمی " یان کوردستان یان نەمان"،،،
دروشمی "یان کوردستان یان نەمان" و ھەوڵە نایاساییەکانی تر کە لەو ئاقارەدا ریکلامی بۆ دەکرێت، چ لە رابوردو چ لە ئیستادا، پەردەیەکی ئەستورن کە ئەدرێن بە سەروچاوی ھەموانا تا راستیەکانی ئەودیو پەردەکە نەبینرێن ..
دروشمی " یان کوردستان یان نەمان" و دروشمە ھاوشیوەکانی تری لە بابەتی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، ھەوڵی زۆر جددی پارتین بۆ بێڕیزیکردن بە دیموکراسیەت و مافی خەڵک لە دامەزراندنی داوو دەزگای شەرعی و یاسایی و، لە کورتترین پیناسەدا بازدانن بەسەر دەزگای پەرلەمان و یاساداناندا بۆ پاڵەوانسازی و خۆدەرخستن ی شەخسی وەک رزگاریبەخش و موسای پەیامبەر کە ( بە پێی گێڕانەوە ئاینیەکان ) گەلی جولەکەی لەدەستی فیرعەونەکان دەرباز کرد، بێ ئەوەی ھیچ بیرێکی ورد و عاقڵانە لە سەرەنجامی دورو نزیکی ئەو ھەنگاوە کرابیتەوە... واتە نەک تەنیا کاریگەری نێگەتیفی ھەنگاوەکە بۆ پێشیلکردنی دیموکراسی ، بەڵکو تەنانەت بۆ خودی پرۆسەی سەربەخۆیی کە ئاواتی لەمێژینەی گەلی ئیمەیەو ئەمرۆلە بازاری سیاسەتدا کردویانەتە دروشمی رۆژ.
دروشمی " یا کوردستان یان نەمان " ئەو دروشمە بو کە زەمانێک ئەیتوانی ببێتە پەساپۆرتی پەرینەوە لە دنیای بەزین و نوچدانەوە بۆ خۆکردنە قارەمان و خەباتکار.... ئەیتوانی ببیتە ھۆکار بۆ دزینی ملیۆنەھا دۆلار لە ملکی میللەت و بیکاتە کۆشک و تەلار لە پایتەختە ناودارەکانی جیھان..
ئیستاش ھەوڵئەدرێ جلێکی تازەی بۆ دروشمەکە بدورێت و مۆدێرنیزە بکرێت و، بۆ ھەمان مەبەست و خراپتریش بەکار بھێنری...
ھەرڵئەدرێ پەرلەمان و کاری یاسادانانی پێ سوک بکرێ.. چونکە پەرلەمان نوێنەری ھەمو میللەتەو لەوێدا دەسەڵات دابەشکراوە بەسەر چین و توێژەکانی گەلدا و تاقە کەسێک ناتوانێ لە درێژماوەدا خۆی بەسەرا بسەپێنێ..
ھەوڵئەدرێ نرخی دەزگاو دامەزراوەکانی تری وەک دادوەری و جێبەجێکردن ( حکومەت) نەھێڵرێ و تەنھا دورشمێک بیتە شوێنگرەوەیان کە کەس نازانێ سەرو بنی بەرنامەکەی چۆن ئامادەکراوە و کێ بەڕیوەی ئەبات لە کاتێکا خودی ئەوانەی ریکلامی بۆ دەکەن ڕایانگەیاندوە کە ڕاپرسی مەرج نییە یەکسەر ببێتە ھۆی سەربەخۆێی کوردستان ! .. واتە ڕیفراندۆم لە ئاستی ناوخۆدا ھەر بۆ سەوداو مامەڵەیە لەگەل حزبە سیاسیەکان و سەپاندنی ھەژمونی بەسەریانا بە ناوی نیشتیمانپەروەریەوە ، و لە ئاستی ئیقلیمیشدا بەو مەبەستەیە دەرودراوسێ و نەیارەکان ختوکە بدرێن و توڕە بکرێن وھەرەشە لە کوردستان بکەن خەونەکەی زیندەبەچاڵ بکرێت و دوژمنی بۆ زیاد بکرێت ... سەرەنجامیش بەڕیزان ڕایبگەیەنن مادام مەترسی دراوسێکانمان لەسەرە و ناحەزان دەورەیان داوین، چەن ساڵی تریش سەرۆکایەتیان بۆ تازە بکرێتەوە و بە نۆرە خۆیان حوکمڕانی وڵات بەڕیوە ببەن.
ھەوڵئەدرێ بە دروشمی سنوربەندی نیوەناچلی نێوان کوردو ئەوانیتر، و گوایە جیاکردنەوەی ماڵ لەوانیتر ، ھەرچی لە ناو مالی خۆمانایە وەک گەمژەو خاین و گومانلیکراو و خەواریج تەماشا بکرێ و، لە قازانجی ئەو گروپەی خۆیان بونەتە مایەی نەمانی سەروەت و سامانی وڵات، بکرێینە بارمتە و وەک کۆیلەکانی ئەفریقا لە سەدەی شانزەو حەفدە بخرێینە بەر بێگاری بۆ کوردستانێک کە جگە لە کۆمەڵیک بنەماڵە و دەستو پیوەندیان ، کەسی تر ناتوانێ بە مڵکی خۆی بزانێ و دڵی پیخۆش بێت و شانازی پیوە بکات..
دروشمی پێویست و زەروری بۆ ئێستای کوردستان بریتیە لەوەی : پەرلەمان ببێتەوە بە مەرجەع....
پەرلەمان ببێتەوە بە سەرچاوەی دیموکراسی و سیستمی کۆماری... ببێتەوە بە نیوەندێک بۆ چاودیری و سزای گەندەکاران و سەروەری یاسا و رەمزی دیموکراتی لە کۆی ھەرێمەکەدا...
کاتی ئەوەیە پەرلەمانی کوردستان : گەنجەکان.. مامۆستایانی سەرەتایی، شۆفیرانی لۆری و تاکسی، جوتیارە مایەپوجەکان و بنێشتکاران و پینەچیەکان و چینە ھەرە زەحمەتکیش و نەدارەکانی کۆمەڵگا بەڕیوەی بەرن و یاسای تیا دابنێن، ڕەگ و ڕیشەی ئەو تاقمە دز و مافیا و گەندەیە دەربێنن کە وڵاتی گەیاندۆتە لیواری ڕوخان و داتەپین ، و بە پێێ یاسا و لە ڕێی یاساو دادگاوە ئەو بێویژدانانە سزا بدەن و نیشانی خەڵکیان بدەن چۆن وڵاتیان بەم دەردە گەیاندوەو، بە سزادانیان تێیان بگەیەنن شوێن و جێگەی راستینەیان لە کۆمەڵدا کوێیە...
کاتی ئەوەیە و دەمێکە کاتی ئەوە ھاتوە، ڕێ لەوانە بگیرێ کە حزب و سیاسەتیان کردۆتە کاسبی و ، لە ڕیگای تاقمگەری و بازرگانی حزبی و ناحزبییەوە سەروەت و سامانی وڵات ئەدزن و ئەیبەنە ھەندەران و نایەڵن تەنانەت باجی داھات لەسەر مڵکوماڵەکانیشیان بۆ خەڵکی کوردستان و حکومەتی ھەرێم بێت..
ئەبێ دروشمی ئەمڕۆمان بریتی بێت لە :
یا پەرلەمان یان نەمان..
ھەمو ھەوڵێک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانێکی ئازا و نەترس.. بۆ بەھێزکردنەوەی سەرچاوەی شەرعیەت و یاسامەندی..
ھەمو وزەیەک لە پناو ئەو دەزگایەدا کە ئیمە وەک میللەت کۆ دەکاتەوە ، 
نەک وەک ئەو حزبانەی دابەشمان ئەکەن و دەبنە دەسکەلای مافیاو دزی و خۆیان دەخەنە شوێنی یاسادانەرو گاڵتەیان بە عەقڵی گەنج و خوێنەواری وڵات دێت و دەرگای پەرلەمانیان لەسەر دائەخەن.
ھەمو جوڵەیەک لە پێناوی ئەو پەرلەمانەی کە ھەزاران کەسی نازدارو قارەمانی ئەم وڵاتەی لە پێناودا چۆتە ژێر خاک و بە بێکەسی و بێنازی سەریان بۆ ناوەتەوە.. ..
دەبێ "یا پەرلەمان یان نەمان" دروشمی ئێمە بێت و تا ئەوکاتەی پەرلەمان نەبێتە سەنتەری جالاکی سیاسی میللەت و نوخبەی سیاسی و دیموکراتی وڵات؛ ھەر جۆرە باسکردنێک لە ڕێکەوتن و پێکھاتن و تەبایی و ڕێکردن لەگەڵ سیاسەتی حزبی و سەرویاسایی، وەک خۆخڵەتاندن و کات بە فیڕۆدان تەماشا بکرێت.
*******************
بزوتنەوەی گۆڕان ئەرکێکی قورسی لەسەر شانە.
میژووی ھاوچەرخی کوردستان ئەم ئەرکەی بە بزوتنەوەی گۆڕان سپاردوە کە تا سەر داکۆکی لە یاسامەندی و سەروەری یاسا و عەدالەت و ئازادی بکات.
مەرگی رەھبەری بزوتنەوەی گۆڕان لە جاران زیاتر لەم بزوتنەوەیە دەخوازێت کە سەرسەختانەتر پێ لەسەر ئەو خواستانەی خەڵکی کوردستان دابگرێت کە ئێستا لە ئاستی نێونەتەوەیی و جیھانیدا بونەتە مافی چەسپاو و سەلمینراو:
سیستمی کۆماری و پەرلەمانی دیموکراتی لە سەرانسەری گۆی زەویدا چەسپاوەو ئیدی ھیچ کەس جورئەتی گفتوگۆکردن لە سەر پیویستبون و باشبونی ئەم جۆرە سیستمە ناکات.
ئازادی و سەرجەم ئەو مافانەی لە ئازادی ئینسانەوە سەرچاوەدەگرن و لە بەندەکانی بەیاننامەی مافی مرۆڤی ساڵی ١٩٤٨ دا سەلمێنراون و ھیچ وردە دیکتاتۆرو بەچکە زاڵمێک، بە پێی یاسا جیھانیەکان، بۆی نییە کەلێن و سەرنج لە دەقی یاساکان بدۆزێتەوەو بە ھەر بەھانەیەک شانی خۆی لە جێبەجیکردناین خاڵیبکاتەوە..
بزوتنەوەی گۆڕان لە بەردەم دوڕیانێکی زۆر ڕووندایە:
یان داکۆکی لە پرەنسیپە جیھانیەکانی یاسامەندی و ئازادی و دیموکراسیەت و مافی مرۆڤ، 
یان سازش و تەسلیمبون بە خواستی وردە دیکتاتۆرو مافیاکانی پەراوێزیان و سیستمی ملھوڕی دواکەوتوی خۆرھەڵاتیانە.
لەو دو ڕێگایە بەدەر نییە: یان شەڕدژی ملھوڕی و زۆرداری
یان نەمان و فەوتان و پاشەکشێ لە سەرجەم پرەنسیپە جیھانیەکانی عەدالەت و یاسامەندی و ئازادیخوازی..
بزوتنەوەی گۆڕان جوڵانەوەیەکی پەرلەمانی و مەدەنی یەو لە سەرەتاوە بەو نیەتە ھاتۆتە مەیداان کە خەباتی پەرلەمانی بچەسپێنێ و شێوازی ھەولدانی مەدەنیانە بکاتە میتۆدی چالاکی سیاسی ...
بۆیە مانەوەو بەردەوامبونی ئەم بزوتنەوەیە بەوەوە بەستراوە کە تا چ ئەندازەیەک پێ لەسەر خەباتی پەرلەمانی و یاسامەندی و شیوازی مەدەنی خەبات دائەگرێت..
"یان پەرلەمان یان نەمان " بەو مانایەیە کە گەلی کورد لە کوردستانی عیراقدا بە رەھبەری بزوتنەوەی گۆڕان و ھاوپەیمانەکانی ، لە ھەوڵی بێوچاندایە بۆ چەسپاندنی سیستمی دیموکراتی پەرلەمانی و ڕیگرتن لە ھەر سیاسەت و پیلانگێڕیەک کە لەگەل شێوازی خەباتی پەرلەمانی دیموکراتیدا ناتەباو نەگونجاو بێت و ریخۆشکەر بیت بۆ حوکمی تاقەکەسی و ئەرستۆکراتی و بنەماڵەیی لە ھەر چەشنێک.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
12/06/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو