وتار
راپرسی و پەرلەمان و لێپرسراوێتی پارتی
ئه‌بوبه‌كر كاروانی

بەش بەحاڵی خۆم یەکێ لەو کەسانەم کە شەرم لە ناسنامەی عێراقی بوونی خۆم دەکەم، بڕوام بەوە نیە ھیچ ئایندەیەکی ھاوبەشمان لەگەڵ عیراقی عەرەبیدا ھەبێت، وە پێویستە بە ھیچ نرخێ ئەم دەرفەتە میژووییە لەدەسنەدەین و یەکەم کۆماری کوردستانی سەربەخۆ لە کوردستانی باشووردا ئاواکەین. ئەم ھەستەش ھەستی زۆرینەی ھەرەزۆری ھاوڵاتیانی وڵاتەکەمە . بەڵام بەداخەوە ئێستا کە خەریکە بەرەو ئەو ئامانجە ھەنگاو دەنێین، بەھۆی درێژەکێشانی ناکۆکی یە ناوخۆییەکان و رێکنەکەوتن لەسەر نەخشە رێگایەکی تەوافوق لەسەر کراوی نیشتمانی و خوڵقاندنی کەش و ھەوایەکی ئیجابی و پڕئومێدی نەتەوەیی، کە ماوەیەکی زۆرە ئێمەمانان بانگەشەی بۆ دەکەین، ھەنگاوەکان دووچاری شڵەژاوی دێن. ئەوەی بە پلەی یەکەم ئەم دۆخە نەخوازراوەشی خوڵقاندووە، لەکارکەوتنی پەرلەمان و ئەو دەرھاویشتانەیە لێی کەوتۆتەوە . بەجۆرێک بەبێ دووبارە کاراکردنەوەی ئەم دەزگایە زەحمەتە لەم قۆناغەدا بتوانین باس لە کۆدەنگی و تەوافقێکی نیشتمانی بکەین. کە ئەوەش ھەنگاو بەرەو راپرسی و سەربەخۆیی کەم رەنگ دەکات و بە کردەوەش کیشەی بۆ دروست دەکات، لەوانەش: 
١. توندتربوونەوەی سەنگەربەندی یە سیاسی یەکان دژ بە یەکتر و وێناکردنی پرسەکە وەکو پرۆژەیەکی پارتی و بەشداری نەکردنی بەشێ لە کۆمەڵگە لە پرۆسەکەدا، ئەگەر سەری لە دژایەتی کردنیشەوە دەرنەچێت.
٢. وێناکردنی دۆخەکە لەلایەن ھەندێ وڵاتانی دەوروبەر و بەغدا و نەیارانی پرسەکەوە کە پرۆژەی سەربەخۆیی گوزارشت لە ئیرادەیەکی نیشتمانی کوردستانی ناکات و داخوازی ھەموو ھێز و لایەنە سیاسی یەکانی کوردستان نی یە. ئەمەش ھانیاندەدا بۆ دژایەتی زیاتر و بەگویرەی پێویست بە بایەخەوە سەیر نەکردن و تەنانەت بیرکردنەوە لە قۆستنەوەی دەرفەتەکە بەجۆرێ لە جۆرەکان بە قازانجی خۆیان. کە ھەموو ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد پێگەی ھەرێم لەم پرۆسەدا لاوازتر دەکات و کێشەی زۆرتری بۆ دەخولقێنێ.
٣. نەبوونی ھیچ پاڵپشتێکی یاسایی بۆ پرۆسەکە. لەو سۆنگەوە کە زیاتر پشت بە ھێزی ئەخلاقی مافی چارەنووس و سەپاندنی دیفاکتۆی سیاسی و قۆستنەوەی دەرفەتەکان دەبەستێت، نەک یاسای گشتی نیودەوڵەتی یاخود دەقێکی دەستووری رۆشن، بۆیە نەبوونی رووپۆشی یاسایی لە ئاستی ھەرێمیشدا دەبێتە سەرچاوەیەکی کیشە و خاڵێکی لاواز.
ئەوەی لە ئێستاشدا رێگرە لەکارابوونەوەی پەرلەمان بە پلەی یەکەم پارتی دیموکراتی کوردستانە. بە حو‌کمی ئەوەی ھەرچوار ھێزەکەی تر لەگەڵ ئەوەدان کە پەرلەمان بە پێکھاتەی سەرۆکایەتی خۆیەوە وەگەڕ بخرێتەوە و خولەکەی خۆی تەواو کات. ئەوەش ئۆباڵیکی میژوویی دەخاتە ئەستۆی ئەم ھێزەوە و دەخوازێت لە سۆنگەی ھەست بە بەرپرسیاریتی نیشتمانی و پەرۆشی بۆ یەکریزی گەلی کوردستان و باش بە پیرەوە چوونی ئەرکەکانی قۆناغی راپرسی و سەربەخۆیی ، وە جۆشدانی جەماوەر و دروستکردنی کۆدەنگی لەسەر شێوازی ھەنگاونان و کارکردن بۆ ئامانجەکە، بە سیاسەت و بڕیاری خۆی لەمەر پەرلەماندا بچێتەوە. چونکە دەستکاری کردنی ئەو سیاسەتە و مامەڵە کردن بە گیانێکی نیشتمانی کراوە و پرسەکە بردنەوە بۆ چوارچێوەی پەرلەمان، پێشمەرجێکی دروستکردنی سازان و زەمینە ساز کردنی ناوخۆیی یە.
ئەوەش لێپرسراوی لەکۆڵ پارتی ناکاتەوە کە بڵێن ئێمە داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکەین، بەڵام دەمانەوێت دەستەی سەرۆکایەتی بگۆڕین، چونکە ئەو جۆرە داواکردنە جگە لەوەی بەکردەوە دەرکەوت کەسی لەگەڵ نیە و یەکیەتی و یەکگرتووش بەھۆی زیاد لە ھۆکارێکی سیاسی یاسایی و ئەخلاقی و نێوخۆیی ناتوانن ھەنگاوێکی لەوجۆرە لەگەڵ پارتی بھاون، ئامانجەکەش واتە دروست کردنی تەوافوق و کۆدەنگی لەسەر پرسی راپرسی و سەربەخۆیی بەدیناھێنێت. بەڵکو رەنگە زیاتر دۆخەکە بەرە و شڵەژاوی و تێکچوون بەرێت تا ئاستی ئەگەری لێکەوتەی توندوتیژی.
لەڕاستیشدا مەسەلەی کاراکردنەوەی پەرلەمان چەند پێویستی یەکی ھاودەنگی نیشتیمانی و تەوافوقە لە مەسەلەی راپرسیدا، بەو ئەندازەش پێویستی یەکی خودی پارتی یە. بۆ کەمکردنەوەی بەشێ لەو بەغز و کینە و نەفرەتەی لە ‌دووساڵی رابردوودا بەھۆی مەسەلەی پەرلەمان و دۆخی ئابووری لەنێو خەڵکێکی بەرفراوانی کوردستاندا دژی دروستبووە. کە پێویستە پارتی حسابی بۆ بکات و بێ منەتانە مامەڵەی لەگەڵدا نەکات. چونکە ئەو ھەستە نێگەتیڤەی بەرامبەری لەو دووساڵەدا شۆڕ بۆتەوە بۆ ئاستی مرۆڤی ئاسایی و شەقام. لەگەڵ درێژە کیشانی و سووربوونی پارتیش لەسەر ھەڵویستەکانی ئێستای ناکرێت ئەگەری سەرھەڵدانی توندو تیژیش نادیدە بگیرێت .
پارتی دەبێت ھەماھەنگتر بێت لەگەڵ دروشمەکانی، پێداگرتنی لەسەر مەسەلەی پەرلەمان بەو جۆرەی ئێستا، دژ بە پێویستی یەکانی زەمینەسازکردنی نێوخۆیی بۆ راپرسی و بەرژەوەندی نەتەوەیی و بە سروشتی لەدایک بوونی دەوڵەتی کوردستانە. ھەروەھا بۆتە ھۆی ئەوەی کە پارتی لەیەک کاتدا خاڵی لاواز و بەھیزی ئەم پرسە بێت. 
خاڵی بەھێزێتی بە حوکمی پێداگرتنەکەی و رەگەزەکانی ھێز تیایدا، بەڵام بۆتە خاڵی لاوازیشی لەو سۆنگەوە کە ھەڵوێستی بەرامبەر پەرلەمان بۆتە رێگر لە دروست بوونی تەوافوقی نیشتمانی و دڵساردی بەشێکی بەرچاوی خەڵک و ڕاڕایی. گرنگیشە بزانین کە ئێمە ھەر دەوڵەت دروست ناکەین، بەڵکو دەبێت دەوڵەتێکی جیاواز و شایستە بە قوربانیدانی نەتەوەکەمان دروست بکەین و بێتە چوارچێوەیەک بۆ سیستمی سیاسی دیموکراسی و حوکمڕانی یەکی باش و پیادەکردنی سەرەتاکانی دادپەروەری و سەرەتای یاسا و خەمڵاندنی چەمکی ھاوڵاتی ئازاد و یەکسان ، ئەم دۆخەی ئێستاش گومان دەخاتە سەر ئەو ئایدندەیە. ئەرکی پارتی یە بە دەستکاریکردنی سیاسەتەکانی ئێستای لەمەڕ پەرلەمان ئەو گومانە بڕەوێنێتەوە ، لێپرسراوێتی دروست نەبوونی تەوافوقی نیشتمانیش کە ئەم پرسە رێگریەتی ، لەگەردنی خۆی داماڵێت. بۆ ئەوەی ھەموومان بەوپەری دڵخۆشی و خوێنگەرمیەوە ، بەرەوپیری بانگەوازی مێژوو، رۆحی شەیدان و بەرژەوەندی یەکانی نەتەوەکەمان بچین و سەربەرزانە و سەرکەوتووانە جەژنی لەدایک بوونیکی ساغ و پڕئومێدی کۆماری دیموکراتی کوردستان بگێرین 
15/06/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ