وتار
تروسکایی ریفراندۆم لە کۆتایی تونێلەکەدا ‌
فەرید ئەسەسەرد

پاش ئەوەی ھەر یەک لە ئەمریکا‌و روسیا‌و ئەڵمانیا‌و تورکیا‌و ئێران‌و عیراق دەنگی ناڕەزاییان بەرامبەر بەئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەرز کردەوە، پرۆژەی ریفراندۆم پێ دەنێتە ناو قۆناغی گومان‌و بێھوودەیی. چوار ساڵە بانگەشە بۆ ئەم پرۆژەیە دەکرێ‌و لە ماوەی ٤٨ سەعات دەرکەوت کە سەرکردایەتیی کورد بە کردەوە ھیچ پشتگیرییەکی بۆ ریفراندۆم پێ دابین نەکراوە. باق‌و بریقی لێدوانە وروژێنەرەکانی وەک «ئێمە بۆ ریفراندۆم مۆڵەت لە کەس وەرناگرین» ‌و «بریار بە دەست خۆمانە»‌و «ھیچ دەوڵەتێک دژی ریفراندۆم نییە» ھیچی لە بابەتەکە نەگۆڕی‌و ھیچ سودێکیشی بە پرسەکە نەگەیاند. 
دیارە سەرکردایەتیی کورد پەیامە سیاسییەکانی بە ھەڵە خوێندۆتەوەو نەیتوانیوە پشتگیری کردنی کورد لە شەڕی دژی داعش لە پشتگیری کردنی کورد بۆ جیابونەوە لێک جیا بکاتەوە. سەرکردایەتیی کورد پێوانەکانی سەردەمی شەڕی ساردی لەسەردەمی بەجیھانیبون بەکار ھێناوەو بەھۆی ئەمەوە لەھەموو ھەڵسەنگاندنەکاندا ھەڵەی کردوە. وا تێگەیشتبوو دروست کردنی بەرژوەندیی نەوتی بۆ وڵاتان لەناو کوردستان، وایان لێ دەکا پشتگیریی ئاواتەکانی کورد بکەن. لەڕاستیدا مەسەلەکە لەوە قووڵتر‌و ئاڵۆزترەو ئەوەی کە سەرکردایەتیی کورد لێی تێگەیشتبوو کە گوایە کۆمپانیاکانی نەوت سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکانیان دادەڕێژن، ھەڵەو چەوت دەرچوو. لانی کەم دوو لەو دەوڵەتانەی کە دژی ریفراندۆمەکەی کوردستان وەستاونەتەوە، واتە تورکیا‌و روسیا، بەرژەوەندیی نەوتیی زۆریان لە کوردستاندا ھەیە. بەڕادەیەک کە بەشێکی پەیوەندیی نێوان ھەرێم‌و تورکیا بە ستراتیجی دادەندرێ، کەچی بەرژەوەندییە نەوتییەکان‌و پەیوەندیی ستراتیجییەکان رێیان لەوە نەگرت کە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دژی ریفراندۆمەکەی کوردستان لێدوان بدا. دواتریش، خودی سەرەک وەزیران رونتر لێدوانی دا‌و جەختی کردە سەر پێویستیی مانەوەی عیراق بە یەکپارچەیی، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە وەزارەتی دەرەوە، نەک کۆمپانیاکانی نەوت سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتان دروست دەکەن. 
لێکدانەوە چەوتەکانی سەرکردایەتیی کورد لێوەشاوەیی ئەو سەرکردایەتییە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. لێدوانەکانی ئەم دواییەی ھۆشیار زێباری، پاشەکشەیەکی روونیان پێوە دیارە. زێباری وەک لێپرسراوی لیژنەی ریفراندۆم وتی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی‌و جیابونەوە نییە، بەڵکو بۆ بەھێزکردنی پێگەی ھەرێمە لەھەر وتووێژێکدا لەگەڵ بەغدا، ھەروەھا وتی مەرج نییە ریفراندۆم «بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی جیابوونەوەی لێ بکەوێتەوە»‌و وتی ریفراندۆم شتێکەو سەربەخۆی شتێکی ترە. لەڕاستیشدا ئەمە پشێوییەکی لە شەقام دا دروست کردووە، چونکە شەقام وا تێگەیەنراوە کە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییەو کەرکوک‌و خانەقینیش دەگرێتەوە، کەچی ئێستا ئامانجی ریفراندۆم بۆتە پتەوکردنی پێگەی ھەرێم لە وتووێژدا لەگەڵ بەغدا.
خراپترین لایەنی مەسەلەکە ئەوەیە کە کۆبونەوەی سەری رەش بە جیھانی نیشاندا کە کورد لەسەر شێوەی ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و دابین کردنی پێداویستییە یاساییەکانی کۆدەنگ نییە. ھەر لەو کۆبونەوەشدا مەسەلەیەکی گرنگی وەک کاراکردنەوەی پەرلەمان‌و رێکخستنی ریفراندۆم بەپێی یاسایەکی تایبەت زۆر بەسەرپێیی باسی لێوە کراوەو راگەیاندراوەکەی کۆبونەوەکە شتێکی وای لێ ھەڵدەکڕێندرێ کە لەو ماوەیەدا ھەوڵی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەدرێ، بەڵام ئەگەر کاراش نەکرایەوە، ریفراندۆم ھەر ئەنجام دەدرێ. ئەمە خۆی لەخۆیدا سوکایەتی کردنە بە ریفراندۆم.
ھەرێم ناوبانگێکی باشی لە شەڕی دژی داعشدا ھەیە. بەڵام ناوبانگی لەڕوی سیاسییەوە باش نییە. ھێشتا جیھان نەگەیشتۆتە ئەو باوەڕەی کە کورد شیاوی ئەوەیە خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێ ھۆکەش بۆ ئەوە  دەگەڕێتەوە کە حکومەتی ھەرێم لەژێر قورسایی قەرزەکاندا دەناڵێنێ‌و موچەی کارمەندەکانی خۆی پێ نادرێ. بەردەوامبوونی کێشەی سەرۆکایەتیی ھەرێمیش، دەرفەتی دەستاودەست کردنی دەسەڵاتی نەرەخساندووە. پەرلەمانیش دوو ساڵە پەک خراوەو ناتوانێ ئەرکەکانی خۆی بەجێ بھێنێ. بەشێکی گرنگی سڵ کردنەوەی جیھان لە سەربەخۆیی کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە  کورد نەیتوانیوە کێشە ناوخۆییەکانی چارەسەر بکات. ئەمەش بۆچونێکی وای دروست کردووە کە کورد کێشە چارەسەرنەکراوەکانی خۆی بۆ قۆناغی جیابونەوە دەگوازێتەوەو ئەمەش دەشێ سوودانێکی تر لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دروست بکات.
پرۆسەی ریفراندۆم ھەر لە بناغەوە بە کەموکوڕییەوە دەستی پێ کردووە، تێکەڵ بە بەرژەوەندییە کەسی‌و بنەماڵەیی‌و حزبییەکان بووە، باش کاری بۆ نەکراوەو بەرنامەی ھەمەلایەنەی بۆ دانەنراوە ئەمەش لەگەڵ خۆیدا ئەم پرسیارە دەوروژێنێ: ئایا کوردستان بەرەو ریفراندۆمێکی بێھوودە ناچێ؟ ئەم پرسیارەش پرسیارێکی تر دەوروژێنێ، ئەویش ئەوەیە کە ئایا ئێمە ریفراندۆمەکەمان ریفراندۆمێکی سەرکەوتوو دەبێ یان ریفراندۆمێکی بێھوودە؟
15/06/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ