وتار
‌خولانەوە بە دەوری بازنەکەی حیزبی گۆڕاندا
ئاری ھەرسین

پاش کۆبونەوەکەی دوێنێی ئێمە و یەکێتی و بڕیار دان لەسەر ھەنگاوی جددی بۆ کاراکردنەوەی پارلەمان، خەڵک سەبوریەکی پێدا ھاتەوەو، ھاوڵاتیان بە خۆشحاڵیەوە گەشبینیان لا دروست بوو. بەڵام مەخابن ھەر چەند کاتژێرێک پاش ڕاگەیەندراوەکەی یەکێتیلەسەر ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە و ئەنجامەکانی، ھەندێک لە ئەندامانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەو موبادەرەیەی ئێمەیان ڕەتکردەوەو، ڕیسەکەیان بۆ خەڵکی کوردستان کردەوە بە خوری.

دواتر ئەوەی لە ووتەبێژی فەرمی گۆڕان گوێمان لێ بوو، گەڕانینیەوە سەر خاڵی دەستپێک. دیارە ئیتر بۆ ھەموولایەک ئاشکرایە کە بزوتنەوەی گۆڕان نە مەبەستیەتی پاڕلەمان کارا بکرێتەوەو، نە خەمی ھاوڵاتیانیشی بە کۆڵ ھەڵگرتوە. ئێستا دەرکەوت کە بزوتنەوەی گۆڕان تەنھا یەک مەبەست و مەرامی ھەیە، ئەویش شێواندن و شکست پێھێنانی ڕیفراندۆمە.

ئەگینا مەسەلەکە زۆر ڕوون و ئاشکرایە، بزوتنەوەی گۆڕان بە گەلەکۆمەکیەک لە ٢٠١٥/٦/٢٣ ھەوڵی ئینقیلابێکی سپیان لە ئێمە دا، کە بەوەش تاک لایەنانە ڕێکەوتنەکەی نێوانمانیان کە بۆ پێکھێنانی کابینەی ھەشتەم و بۆ چوار ساڵ دەبوو درێژە بکێشێت ھەڵوەشاندەوە. گۆڕان لە حساباتی خۆیدا بە ھەڵەیەکی کوشەندەدا چوو، چونکە وای دەزانی بە چەپڵەڕێزان ئێمە دەخاتە دەرەوەی مەیدانی سیاسی، سەرۆکێکی کارتۆنی و دروستکراوی دەرەکی لە پەرلەمانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان دادەمەزرێنێت و ئیلەڵاو بڕایەوە.

لە ٢٠١٥/٨/١٩ ھەموو دونیا ھاتە سەر خەت بۆ ئەوەی دانیشتنی پارلەمان نەکرێت و جارێ ئەو دانیشتنە ڕابگیرێت ھەتا لایەنە سیاسیەکان لەدەرەوەی پارلەمان دەگەنە ئەنجامێک... دیسانەوە گۆڕان ھەوڵی دا ئیرادەی خۆی بەسەر ئیرادەی زۆرینەی خەڵکی کوردستاندا فەرز بکات. بەڵام ئەم جارەیان و ئەم ئینقیلابەی بۆ نەچوە سەر. ئینجا سەیر لەوەدایە ھەردوو جارەکە کەس لەگەڵ کەس (بەعس) نەبوو، وەزیرە بەڕێزەکانی گۆڕان لە ئۆفیسی خۆیان دەوامیان دەکرد و، ھەولێری گوتەنی: ھیچ لەگۆڕێ نەبوو! ئیتر گۆڕان بۆ وای کرد؟... کەس نازانێت خۆیان نەبێت!

ئەسڵی مەسەلەکە ئەمەیە کە باسمان کرد، ئیتر نە مەسەلە کورسیەکەی سەرۆکایەتی ھەرێمە، نە خۆشەویستی و باوەڕی گۆڕانە بە قانون. لەمەش زیاتر ھەرچی بگوترێت چەواشەکاریە کە، کە بە ڕۆژی ڕوناک بەرامبەر خەڵکی کوردستان دەکرێت و ھیچیتر.

لە ئێستادا نوێنەرانی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بڕیاریان داوە ٩/٢٥ ی ئەمساڵ ڕیفراندۆم بکرێت ( بە حوکمی ئەوەی نوێنەری زۆرینەی خەڵکی کوردستان بەشداری کۆبونەوەکەی سەرۆکی ھەرێمیان لە ٦/٧ کرد). گۆڕان خاوەنی پێگەی متەوازیعی خۆیەتی، بەم ھەڵوێستانەشیەوە دیارە کە مەبەستێتی ڕیفراندۆمەکەی ٩/٢٥ شکەست پێ بھێنێت و خەونی دێرینەی گەلێک لە پێناو تەسکبینی حیزبی و بوغزو کینەی شەخسی لەگۆڕ بنێت و فەشەلی پێ بھێنێت. گۆڕان لەو جۆرە گروپانە دەچێت کە تەنانەت ئامادەیە قەبر بۆ گەلێک و تەنانەت بۆ خۆشی ھەڵکەنێت، لە پێناوی ئەوەی لە مونافیسەکەی بدات.

دواجار بۆ مێژوو و، ھەروەھا بۆ نەیارانی سەرفرازی خەڵکی کوردستان بە ڕوون و ئاشکرا پەیامێکی سادە دەنێرین ھیوادارین چاک لێی حاڵی بن: ڕیفراندۆم دەکەین، گۆڕان موئامەرەی لێ بکات و نەیکات... لەو ڕیفراندۆمە بە زۆرینەی (بەڵێ) لێی دەر دەچین... بەڵام ئەوکات بزوتنەوەی گۆڕان وەک دۆڕاوێک لە دژایەتیکردنی ڕیفراندۆم دەبێت جوامێرانە بێتە پێشەوەو ھەمومان پێکەوە، دەست لە ناو دە ست دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ڕابگەیەنین.
ھەزار ساڵ بەدەوری بازنەیەکدا بخولێیتەوە، دەچیتەوە سەر ئەو خاڵەی کە لێوەی دەستت پێکردوە. ئێمە نیازمان نیە بەدەوری بازنەکەی گۆڕاندا ھەتا ھەتایە بخولێینەوە، چونکە ئەرکی جددیتر و پیرۆزترمان لەسەر شانە... ئەرکی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لەسەر خاکی پیرۆزی کوردستان. 
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
16/06/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو