وتار
ئەو ھەموو مانۆڕەی نەدەویست یەکێتیی !!
شوان هه‌ورامی

دوای ئەو کودەتایەی بەسەر پەرلەمانی کوردستانیدا کرد ، بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان پارتیی ھەر یەک قسەی کردووە ، گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ، چونکە ئەو دەستەیە لە فەرمانی دیوەخان دەرچوون و باسی ئەو دۆسیانەیان کرد ، کە بە بۆچوونی دیوەخان نەدەبوو بیکەن .
لەساڵی ١٩٩٢ ەوە کە یەکەمین خولی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێکردووە ، بە حوکمی پەنجا بە پەنجا پەرلەمان لە رواڵەتدا دەزگای یاسادانانی ھەرێم بووە ، بەڵام لەڕاستیدا پەرلەمان دەزگایەکی شەرعیەتدان بووە بە بڕیاری مەکتەبی سیاسیی ئەو دوو پارتەی کوردستان ، بۆیە رێگەیان پێنەداوە کە وەکو پەرلەمانی راستەقینە یاساکان دەربکات و چاودێری حکومەت و وەزارەتەکانی بکات و لێپرسینەوەی تەواویان لەگەڵدا بکات ، بۆیە لە ماوەی ٢٦ ساڵی رابردوودا پەرلەمان نەیتوانی لێپرسینەوە لە یەک وەزیر بکات ، یا متمانەی لێوەرگرێتەوە . 
لەم خولەی ئێستای پەرلەماندا ، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دەستیان بۆ زۆر دۆسیەی گرنگ برد ، لەوانە دۆسیەی گرێبەستە نەوتیەکان و ناشەفافیی فرۆشتنی نەوت و داھاتەکەی ، لێپرسینەوەی وەزارەتەکان ، بەدواداچوونی یاسای بودجەو پەسەند کردنی و حیسابی کۆتایی ، ھەموارکردنەوەی یاساکان ، بە تایبەتیی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم – کە ئەمەیان بەلای پارتیەوە بە تێپەڕاندنی ھێڵی سوور ھەژمار دەکرا – کە بووە ھۆی کودەتایەکی سپی بەسەر پەرلەماندا و پەکخستنی لەلایەن مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبەوە .
ھەر لە سەرەتای کودەتاکەوە پارتی یەک قسەی ھەبووە بۆ بەگەڕخستنەوەی باڵاترین دەزگای یاسادانەری کوردستان ، ئەویش گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتی ئەو دەزگایە بووە ، چونکە دەستەی خولەکانی پێشووی پەرلەمان بەو شێوەیە بوون کە رێگەیان نەداوە دۆسیە گرنگەکان بخرێنە بەر باس و گرنگیپێدان ، بە کورتیەکەی دەستەگەلێک بوون ئەجێنداکانی مەکتەبی سیاسیی پارتیی و یەکێتییان جێبەجێ دەکرد و پەرلەمانیان کردبووە حەوشەی پشتەوەی خواستی مەکتەبە سیاسییەکانیان .
ساڵێکە ئەو دەنگۆیە ھەیە کە یەکێتیی رازییە بە پێشنیازەکەی پارتیی بۆ ئەوەی دەستەیەکی سەرۆکایەتی دروست بکرێت ، پەرلەمان بکەنەوە بە تەیرە نامەعقولەکەی جاران و رێگەی نەدەن دەست بۆ ئەو دۆسیانە ببات کە پەیوەندییان بە سەروەریی نیشتمانیی و سیاسەت و ئابووریی ھەرێمەوە ھەیە ، چونکە ئەو دۆسیانە دەبێ لە دیوەخانەکانی مەکتەبی سیاسیی و لە ژوورە داخراوەکاندا بڕیاریان لەسەر بدرێت . بەڵام لەو ماوەیەدا یەکێتیی ویستی کار بەو پەندە بکات کە زەمان بەشێکە لە چارەسەر و ئەوەندە ئەو خواستەی پارتیی ئەمدیو و ئەودیو دەکەن تا ھەموان بەو خواستەی رازیی دەکەن . 
ھەموان دەزانین کە پەرلەمان لەسەر دەستبردن بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم کودەتای بەسەردا کرا ، گریمان بەو شێوەیەی پارتی دەیەوێت کارا کرایەوە ، ئایا لەکام دۆسیەوە دەست پێدەکاتەوە؟ ئایا دەست دەباتەوە بۆ ئەو بابەتە گرنگەی کە بۆشایی یاسایی لە ھەرێمدا دروستکردووە ، واتە تەواوبوونی ویلایەتی سەرۆکی ھەرێم ؟ ئایا شێوازی دەسەڵات لە ھەرێمدا پەرلەمانیی دەبێت یا سەرۆکایەتیی ؟ ئایا کە حیزبەکان بڕیاریان لەسەر ریفراندۆم داوە ، پەرلەمان دەتوانێت یاسای بۆ دەربکات کە کار بە ئەنجامەکانی بکرێت و رێز لە ئیرادەی جەماوەری کوردستان بگیرێت ؟ ئایا پەرلەمان دەتوانێت لەوە بپرسێتەوە کە حکومەتی ھەرێم بۆچی کار بە یاسای سندوقی نەوت و گاز و شەفافیەتی داھاتەکەی ناکات ؟ ئایا گرێبەستەکانی نەوت و گاز وەکو ھەر بابەتێکی پەیوەندیدار بە ســــەروەریی نیشـــــتمانیەوە دەخرێتە کارنامەی پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی وەکو پەرلەمانەکانی جیھــــان لەلایەن ئیرادەی گەلەوە پەســـــەند بکرێن ؟ 
من دڵنیام لەوەی پارتیی قەناعەتی بە یەکێتیی کردووە کە پەرلەمانێکی گوێ لە مستی مەکتەبی سیاسیی کارا بکەنەوەو بە گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتیش ئەم مەسجانە بدەنە ھەموو لایەک :
یەکەم – ئەوەی پارتی بیەوێت ھەر ئەوە دەبێت ، چونکە ئەو پارتە زیاتر گرنگیی بە گرەوە ناوچەیی و جیھانیەکان دەدات ، کە لەم قۆناغەدا گوێ بە بنەما دیموکراسیی و خواستەکانی مافی مرۆڤ نادەن ، بە تایبەتیی کۆمپانیا نێودەوڵەتیە سەرمایەدارەکانی بواری نەوت و گاز .
دووەم – سەرۆکی خولی ئێستای پەرلەمان ، مادەم گوێ لە مستی مەکتەبی سیاسیی خاوەن میلیشیا نیە ، باوەکو خواستەکانیشی ھاوتەریب بن لەگەڵ خواستی چینە ستەم لێکراوەکانی کۆمەڵگەدا ، دەبێ لا بدرێت و سەرۆکێکی تر لە شوێنی دابنرێت ، گەرچی ئەو سەرۆکە لە ھەمان پارتی سیاسییش بێت ، بەڵام ئەوەی پێدەڵێت : ئەگەر تۆش دەست ببەیت بۆ ئەو دۆسیانەی کە کودەتای بەسەر سەرۆک و دەستەی سەرۆکایەتیی پێشوودا کرد ، بەسەر تۆیشدا دووبارە دەکرێتەوە .
سێیەم – خوێندنەوەی پارتی بۆ دۆخی ناوچەکەو جیھان ئەوەیە ، کە مادەم سەرۆکی نوێی ئەمەریکا پشتیوانیی لە دیکتاتۆریەت و خۆسەپاندن دەکات ، بەمەرجی ئەوەی بەرژەوەندیی سەرمایەداران و کۆمپانیاکانی خۆرئاوا دابین بکرێت ، جارێ پێویست ناکات حساب بۆ ئیرادەی جەماوەری کوردستان بکرێت بۆ چاکسازیی و بە دامەزراوەیی و نیشتمانیی کردنی دەزگاکانی . 
چوارەم – دەیەوێت بەم ھەنگاوە ، لەلایەک سەرۆکی ئێستای پەرلەمان لە تۆڵەی دەستبردن بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم سزا بدات و بیگۆڕێت بە ئەندامێکی گۆڕان ، لەلایەکی تریش دووری بخاتەوە لە کۆمەڵ کە پێکەوە ھەڵوێستیان ھەبووە ، لەولاوەش پۆستی سکرتێری پەرلەمان لە کۆمەڵ وەربگرێتەوەو بیداتە یەکگرتووی ئیسلامیی بۆ ئەوەی تا بتوانێت نێوانیان تێکبدات ، ئەمە لە کاتێکدایە ھەموو ئەو پۆستانە - وەکو گوتمان – گرەون لەسەر ئەسپی تۆپیو ، چونکە پەرلەمان دەبێتەوە بە دیوەخانی دووەمی مەکتەبی سیاسیی و ئیرادەی یاسایی و نیشتمانیی لێوەردەگیرێتەوە .
ھەرچەندە وەکو ھەستی پێدەکرێت ، ئەوەی کە باسمان کرد باڵێکی یەکێتیی بڕوای پێیەتیی و ئەوانی تر پێی ناڕازین ، بەڵام ئەوانیش دەبێ بزانن ئەو ھەنگاوەی یەکێتیی زیانی گەورەیان لێدەدات ، زیانەکە تەنیا بۆ لێدانی ئیرادەی جەماوەری کوردستان نیە ، بەڵکو یەکێتیی وەکو لایەنێکی خاوەن پڕۆژە بۆ ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم دەخاتە ژێر پرسیارێکی گەورەوە ، کە ئایا حیزبی خاوەن پڕۆژەی سیاسیی و درووشمە پێشکەوتنخوازییەکان ، بەچ ھۆکارێک دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی سوڵحی عەشائیریی !!
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
16/06/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ