وتار
میدیای بەرپرسیار و ئاسایشی نیشتمانی
ئومێد بابان


پرسی ئیتیكی رۆژنامەوانی، پرسێكی هەستیارە و دەمەتەقێ و گەنگەشەی زۆر هەڵدەگرێت، چونكە پیشەی رۆژنامەنووسیش وەك هەر پیشەیەكی دیكە لە كەموكوڕی و خەمساردی و دووپاتكردنەوەی هەڵە بەدەر نییە، ئەوەی كە لە دنیای رۆژنامەنووسیدا پێناسەیەكی گشتگیری بۆ كراوە و ناوی لێ نراوە (ئیتیك)، دەشێ بۆ زۆر بار بگونجێت، لێ لە دۆخی جیاواز و كات و شوێنی جیادا، دەكرێ هەڵسەنگاندنی پتر و هەمەجۆری بۆ بكرێت و زیاتر لێی ورد بینەوە.

ئەگەر زۆر كورتبڕی بكەین، دەبێ بێژین، باری تەناهی، ئابووری و كۆمەڵایەتیی هەنووكەی كوردستان، هەموو رۆژنامەوانان دەخاتە ژێر بەرپرسیاریەتییەكی قورستر لە دوێنێ، ئەو دوێنێیەی كە نە پرسی قەیرانی بودجە لە ئارادا بوو، نە شەڕی دەستەویەخە لەگەڵ گرووپێكی مافیایی سەرسەختی وەك داعش لە گۆڕێ بوو.

مەبەست لەو مانشێتەی سەرەوە ئەوەیە، كاتێك رۆژنامەنووسێكی كورد، هەواڵ، ڕاپۆرتەهەواڵ، ریپۆرتاژ و ڕاپۆرت و هتد… لە (میدیا بە گشتی، بە سۆشیال میدیا و ماس میدیاوە) لەسەر جەنگی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش ئامادە دەكات، هەرگیز نابێ بێلایەن بێت و بگرە ئەركی لەپێشینەیەتی هەم بەرپرسیارانە مامەڵە بكات و هەم ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەییش، بە هیچ كلۆجێك نەخاتە مەترسییەوە! بۆچی؟

چونكە، ئەو پێشمەرگە گیانباز و مێرخاس و نیشتماندۆست و كوردپەروەرانەی ئێستا لەبری هەموو جیهان شەڕی تیرۆریستان دەكەن، یان برای رۆژنامەوانانن، یانیش ئامۆزا و پوورزا و خاڵۆزا و بە كورتی، رۆڵەی ئەم نیشتمانەن و لە سایەی ئەوانەوە دەتوانین سەربەست بژین، قسەمان بۆ گوتن هەبێت، مومارەسەی ئازادیی ڕادەربڕین و تەنانەت ئازادیی هەڵبژاردنیش بكەین.

لێرەوەیە دەكرێ میدیاكار و ڕاگەیاندنكارانی كورد، لە دۆخی ئێستادا كە شەڕ لەگەڵ دوژمنێكی خەتەرناك و مەترسیداردا درێژەی هەیە و هێشتا بەشێك لە نیشتمانی دایك لە ژێر چنگی تیرۆریستاندایە، باری سایكۆلۆژیی خەڵكی كوردستان لە بەرچاو بگرن و بە بڵاوكردنەوەی دەنگۆیەك (ترس و دڵەڕاوكێ) لای هاونیشتمانیان و برا پێشمەرگەكانیش دروست نەكەن.

باوەڕی من وایە، ئەگەرچی میدیاكاران سەرنجیان لەسەر بەشێك لە دەزگا و دامەزراوەكان هەبێت و پێیان وابێت گەندەڵیی ئیداری و دارایی، (یان ڕوونتر، گەندەڵی بە واتا گشتییەكەی) گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار، دەكرێ دان بە خۆیاندا بگرن و لەم دۆخە ناسكەی ئێستادا پشوودرێژتر بن.

پشوودرێژتر بۆ ئەوەی، بە یاریدەی هەموو لایەك ئەو دۆخە دژوارە تێپەڕێنین، تا هەر هیچ نەبێت، چیدیكە دایك و خوشك و باوك و برامان كۆمەڵكوژ نەكرێن و خوێنیان بەهەدەر نەڕوات.

لەگەڵ ئەوەدام رۆژنامەنووسان توێژێكی چاوكراوە و تا ڕادەیەكیش خاوەن زانست، مەعریفە، تێڕوانین و دیدگای جیاوازترن لە ئەوانی دیكە و هەر ئەوەش ڕەنگە لە تاكێكی ئاسایی جیایان بكاتەوە، بەڵام دەبێ لەم بار و زرووفەدا كە قەیرانەكان بەسەرماندا كەڵەكە بوون، بێلایەن نەبن و كاریگەریی ڕاستەخۆ و ئەرێنی، لەسەر باری دەروونی و مەعنەویی تێكڕای تاكەكانی كۆمەڵگای كوردستانی دروست بكەن.

07504302755

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
06/05/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ