وتار
گروپەکانی تەمەن‌و پێکھاتەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی
فەرید ئەسەسەرد

کۆبەند: ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان گرنگترین دامەزراوەی دروست کردنی بڕیارە لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. شەرعیەتی ئەم دامەزراوەیە لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە لەکۆنگرە بەدەنگی نوێنەرە ھەڵبژێردراوەکان ھەڵبژێردراوەو ھەر ئەم دامەزراوەیەشە کە پاش کۆنگرە دامەزراوەیەکی بچوکتر بەناوی مەکتەبی سیاسی بۆ رایی کردنی کاروباری رۆژانە ھەڵدەبژێرێ. ناسینی گروپەکانی تەمەن لەناو ئەم دامەزراوە گرنگەو تیشک خستنە سەر پێکھاتەکەی، یارمەتیدەرە بۆ کێشانی چوارچێوەیەکی گشتی بۆ دامەزراوەکەو دەرفەتێکیشە بۆ پێکھێنانی بۆچونێکی قووڵترو دروستتر دەربارەی سروشتەکەی، سەرباری ئەوەی کە زانیارییەکانی ئەم توێژینەوەیە کەرەستەیەکی خاو بۆ توێژینەوەی وردتر پێکدێنن. دابەش کردنی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەسەر پێنج گروپی تەمەنداو دیاری کردنی تەمەنی سەرکردەیی ھەر ئەندامێکی ئەو ئەنجومەنە، ئەرکی سەرەکیی توێژینەوەکەیە.
کلیلی وشەکان: ئەنجومەنی سەرکردایەتی، گروپەکانی تەمەن، تەمەنی سەرکردەیی.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی
لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا ئەنجومەنی سەرکردایەتی پاش کۆنگرە بەرزترین دەسەڵات پێکدێنێ. ماددەی ٣٢ی پەیڕەوی ناوخۆ زۆر بەڕونی گوزارشتی لەم چەمکە کردووەو ئەنجومەنی سەرکردایەتیی وا ناسیوە کە "لەبواری جێبەجێ کردنی ئەرکەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا لەنێوان دوو کۆنگرە بەرزترین دەسەڵاتە". بەپێی بڕگەی سێیەمی ھەمان ماددە، سیاسەتی گشتی لەناو ئەنجومەنی سەرکردایەتی دادەڕێژرێ‌و دواتر، بەپێی ماددەی ٣٦، مەکتەبی سیاسی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی جێبەجێ دەکا.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەپێی ماددەی ٢٩ی پەیڕەوی ناوخۆی پەسندکراوی کۆنگرەی سێیەم، لە٥٠ ئەندام بەسکرتێری گشتییەوە پێکدێ، لەوانە ٥ ئەندام بەئەندامی یەدەک دادەندرێن. ھەمان ماددە دەرفەتی زیادکردنی ٥ ئەندامی بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەپَیی سازانی نێوان ئەنجومەنی سەرکردایەتی ‌و سکرتێری گشتی، بەکراوەیی ھێشتۆتەوە. ھەرچەند ماددەکە ھیچ مەرجێکی بۆ ٥ ئەندامە زیادکراوەکە دانەناوە، بەڵام بەپێی رێککەوتنێکی سەرزارەکی کە لەکۆنگرەی سێیەم ھاتە ئاراوە، پێنج شوێنە بەتاڵەکە بۆ ئەو ئەندامانە تەرخان کراون کە لەحزبەکانی ترەوە دێنە ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە بەستنی کۆنگرەوە بەستراوەتەوە. لەبەر ئەوەش کە ماددەی ١٤ی پەیڕەوی ناوخۆ وای داناوە کە کۆنگرە ھەر ٣ ساڵا جارێک دەبەسترێ، دەردەکەوێ کە تەمەنی ئەنجومەنی سەرکردایەتی تەنھا ٣ ساڵەو ئەندامەکانی لەکۆنگرە یارای تازەکردنەوەیان ھەیە.
بەپێی ماددەی ١٤، دەبوایە لەتشرینی یەکەمی ٢٠١٣ کۆنگرەی چوارەم ببەسترایە. بەڵام پلینۆمی پێنجەم کەساڵی ٢٠١٣ لەقەڵاچوالان بەسترا، کاتی بەستنی کۆنگرەی چوارەمی بۆ ٣١ی کانونی دووەمی ٢٠١٤ دواخست. لە ٣١ی کانونی دووەمی ٢٠١٤ کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بۆ ماوەی یەک ساڵ کۆنگرە دوا بخرێ، ھەرچەند پەیڕەوی ناوخۆ پشتیوانی لەم بڕیارە ناکا. بڕیارەکە زۆرتر پەیوەندیی بەو ئەنجامە نەخوازراوەوە ھەبوو کەیەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٣ی پەرلەماندا بەدەستی ھێنابوو، لەکاتێکدا کە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش بەڕێوە بوو. ئەگەرچی لەھەلومەرجی ئەو کاتەدا دواخستنی کاتی بەستنی کۆنگرە بۆ ماوەی یەک ساڵ پاساوی دیاریکراوی خۆی ھەبوو، بەڵام ھێشتنەوەی مەسەلەی بەستنی کۆنگرە بەھەڵپەسێردراوی ھیچ پاساوێکی نەماوە، بەتایبەتی پاش تێپەڕینی نزیکەی سێ ساڵ و نیو بەسەر بڕیارەکەداو ٧ ساڵ بەسەر بەستنی دوایین کۆنگرەدا.
ئەنجومەنی سەرکردایەتیی ئێستا لە٥٣ ئەندام پێکدێ. بەڵام لەم لێکۆڵینەوەیەدا سکرتێری گشتیی لێ دەرھێنراوەو پشت بەژمارە ٥٢ بەستراوە. رێژەی ئەندامە ھەڵبژێردراوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی نزیکەی ٩٠%و ئەندامە دانراوەکانی نزیکەی ١٠%یە. لەڕوی رەگەزیشەوە، لەسەرجەمی ٥٢ ئەندامی سەرکردایەتی، ٩ی ژنن کەدەکاتە ١٧.٣%ی سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی. ئەم رێژەیەش لەو رێژەیە کەمترە کەبڕگەی دووەمی ماددەی ٢٩ی پەیڕەوی ناوخۆ بۆ ژنان دایناوە.
گروپەکانی تەمەن لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی
دەتوانرێ گروپەکانی تەمەن لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەسەر پێنج گروپدا دابەش بکرێن، ئەویش بەمجۆرەی خوارەوە:
-گروپی یەکەم: لە ٣١ ساڵەوە تا ٤٠ ساڵ.
-گروپی دووەم: لە ٤١ ساڵەوە تا ٥٠ ساڵ.
-گروپی سێیەم: لە ٥١ ساڵەوە تا ٦٠ ساڵ.
-گروپی چوارەم: لە ٦١ ساڵەوە تا ٧٠ ساڵ.
-گروپی پێنجەم: لە ٧١ ساڵ سەر بەرەو ژوور.
گروپی یەکەم کەتەمەنی ئەندامەکانی کەوتۆتە نێوان ٣١- ٤٠ ساڵ، تەنھا لە٤ ئەندام پێکدێ کەڕێژەی سەدییان دەکاتە ٧.٦%ی ئەنجومەنی سەرکردایەتی. بچوکترین ئەندامی سەرکردایەتی کە شاڵ و کۆسرەت رەسول عەلییەو تەمەنی ٣٤ ساڵە، لەو گروپەیە. لەگروپی دووەمدا کەئەویش تەنھا ٤ ئەندامی لەخۆ گرتووەو تەمەنیان کەوتۆتە نێوان ٤١-٥٠ ساڵ، ھەمان رێژەی پێشوو بەدەست دێ.
گروپی سێیەم کەتەمەنی ٥١- ٦٠ ساڵ دەگرێتەوە، لە١٩ ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پێکدێ‌و رێژەی ٣٦.٥% پێکدێنێ.
گروپی چوارەم کەتەمەنی ٦١- ٧٠ ساڵ دەگرێتەوە، گەورەترین گروپی تەمەنە لەئەنجومەنی سەرکردایەتیداو لە٢٤ ئەندام پێکدێ‌و بەھۆی ئەمەوە رێژە سەدییەکەی لەڕێژەی ھەموو گروپەکانی تر گەورەترەو دەگاتە ٤٦.١%.
گروپی پێنجەم کەتەمەنی ٧١ ساڵ بەرەو ژور دەگرێتەوە، بچوکترین گروپی تەمەنە لەناو ئەنجومەنی سەرکردایەتی‌و تەنھا یەک ئەندام دەگرێتەوە کە تەمەنی ٧١ ساڵەو بەگەورەترین ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دادەندرێ، ئەویش مستەفا چاوڕەشە. رێژەی سەدیی ئەم گروپە١.٩%یە.
ئەگەر گروپی یەکەم‌و گروپی دووەم لێک بدەین‌و یەک گروپی تەمەنیان لێ پێک بێنین کەتەمەنی ئەندامەکانی دەکەوێتە نێوان ٣١- ٥٠ ساڵ و سێ گروپەکەی تریش لێک بدەین‌و گروپێکیان لێ پێک بێنین کەتەمەنی ئەندامەکانی دەکەوێتە نێوان ٥١- ٧١ ساڵ، دوو گروپی تەمەنمان چنگ دەکەوێ کەیەکەمیان سنوری تەمەنی ئەندامەکانی لە ٥٠ ساڵ تێناپەڕێ‌و ئەوی دیکە لە ٥١ ساڵ سەر بەرەو ژورە. لەبەراورددا، دەردەکەوێ کەگروپی تەمەنی لە ٥٠ ساڵ سەر بەرەو خوار رێژەی ١٥.٤% پێکدێنێ، لەکاتێکدا گروپی تەمەنی لە ٥١ ساڵ سەر بەرەو ژور رێژەی ٨٤.٦% پێکدێنێ. بەشێوەیەکی گشتی، نێونجی تەمەن لەئەنجومەنی سەرکردایەتی نزیکەی ٥٧.٩ ساڵە.
تەمەنی سەرکردەیی‌و پێکھاتەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی
ئەنجومەنی سەرکردایەتیی ئێستا لەدوو دەستەی ئەندامان پێکدێ. دەستەی یەکەم لەو ئەندامانە پێکدێ کەپێشتریش ھەر ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بون‌و ئەمانە ژمارەیان ١٩ ئەندامە. دەستەی دووەم ئەو ئەندامانە دەگرێتەوە کەپێش ئەم خولە ئەندامی سەرکردایەتی نەبون‌و ژمارەیان ٣٣ ئەندامە. رێژەی سەدیی ھەردوو دەستە نزیکە لە٣٧% بەرامبەر بە ٦٣%. تاوتوێ کردنی ھەردوو دەستە، دەری دەخا کە لەناو دەستەی دووەمدا گەورەترین گروپ ئەو گروپەیە کەژمارەی ئەندامەکانی دەگاتە ٢٧ ئەندام، ھەر ھەموویان لەساڵی ٢٠١٠دا لەکۆنگرەی سێیەم ھەڵبژێردراون. رێژەی سەدیی ئەم گروپە لەناو ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەوروبەری ٥٢% دەبێ.
ئەم ژمارانە نیشانی دەدەن کەجیاوازییەکی زۆر لەتەمەنی سەرکردەییدا ھەیە. ئەو جیاوازییەش لەھەندێ نمونەدا، بەھۆی کەلێنی گەورەی نێوان تەمەنەکانەوە، سنوری خۆی تێپەڕاندووە. مەبەست لەتەمەنی سەرکردەیی، ماوەی مانەوەی ئەندامە لەناو ئەنجومەنی سەرکردایەتیدا کەبەرامبەرەکەی لەدەوڵەتدا ماوەی مانەوەیە لەدەسەڵاتدا.
لەڕووی تەمەنی سەرکردەییەوە، دەتوانرێ ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەسەر ٧ گروپدا دابەش بکرێ. پێوەری بەکارھێنراو بۆ جیاکردنەوەی گروپەکان، تەنھا ماوەی مانەوەی ئەندامەکانە لەئەنجومەنی سەرکردایەتیدا.
گروپی یەکەم: گروپی ٢٥ ساڵی (١٩٩٢- ٢٠١٧)
ئەم گروپە لە ٥ ئەندام پێکدێ کە لەھەر سێ کۆنگرەی ساڵانی ١٩٩٢و ٢٠٠١و ٢٠١٠ ھەڵبژێردراون‌و ٢٥ ساڵە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتین. 
گروپەکە لەھەر یەک لەکۆسرەت رەسول عەلی، بەرھەم ساڵح، مستەفا چاوڕەش، ئەرسەلان بایزو عومەر فەتاح پێکدێ، لەوانە دوو ئەندام، واتە کۆسرەت رەسول عەلی و عومەر فەتاح، پێشتریش، لەسەردەمی پێشمەرگایەتیدا، چ لەکۆمیتەی سەرکردایەتیی یەکێتیدا چ لەکۆمیتەی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستاندا، ئەندامی سەرکردایەتی بون. ھەردوکیان لەساڵی ١٩٨٤دا لەکۆنفرەنسی سێیەمی کۆمەڵەی رەنجدەران بەئەندامی سەرکردایەتی ھەڵبژێردراون. ئەگەر تەمەنی سەرکردەیی سەردەمی پێشمەرگایەتیشیان بۆ ئەژمار بکەین، دەبێ ھەشت ساڵەکەی نێوان ماوەی ١٩٨٤-١٩٩٢ بخەینە سەر ٢٥ ساڵەکەی ھەر یەکێکیان. ئەمەش تەمەنی سەرکردەیی ھەر یەکێکیان دەگەیەنێتە ٣٣ ساڵ. ئەم ژمارەیە تیشک دەخاتە سەر لایەنێکی تری مەسەلەکە، ئەویش ئەوەیە کە ھەر یەکێ لەم دوو ئەندامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، ماوەیەکی زۆری ژیانی وەک ئەندامی سەرکردایەتی بەسەر بردووە. لەسەر ئەم بنچینەیە، کۆسرەت رەسول عەلی ٥٠,٧%ی ژیانی وەک ئەندامی سەرکردایەتی بەسەر بردووەو عومەر فەتاح ٤٧,١%ی ژیانی.
گروپی دووەم: گروپی ٢٤ ساڵی(١٩٩٣-٢٠١٧)
ئەم گروپە تەنھا لەدوو ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پێکدێ کەھەر یەک لەمەلا بەختیارو عیماد ئەحمەدن. ھیچ کامێکیان لەساڵی ١٩٩٢دا بەشدارییان لەکۆنگرەی یەکەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا نەکردووە، چونکە لەو کاتەدا ھەردوکیان ئەندامی حزبی زەحمەتێکشانی کوردستان بون. لەساڵی ١٩٩٣دا لەگەڵ ژمارەیەک کادیردا، لەناو حزبی زەحمەتکێشان رەوتێکیان بەناوی پەیڕەوی یەکگرتن پێک ھێنا، بەدەم بانگەوازی یەکگرتنەوەی چەپەکانەوە ھاتن، لەحزبی زەحمەتکێشان جیا بونەوە، پەیوەندییان بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کردو پلەی ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتییان پێ درا. بەم پێیەش کە ھەردوکیان لەکۆنگرەی دووەم‌و سێیەم بەئەندامی سەرکردایەتی ھەڵبژێردراون، تەمەنی سەرکردەییان ساڵێک لەتەمەنی سەرکردەیی ئەندامانی گروپی یەکەم کەمترەو ٢٤ساڵە. 
لەدوو ئەندامەکەی ئەم گروپە، یەکێکیان، کە مەلا بەختیارە، ئەزمونی سەرکردایەتیی لەسەردەمی پێشمەرگایەتیدا ھەیە کە بۆ ساڵی ١٩٧٧، بۆ کۆبونەوەی برادۆستی کۆمیتەی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەگەڕێتەوە کەتێیدا کراوەتە ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتیی یەکێتی. پشت بەست بەم پێشینەیە، ئەگەر ھەشت ساڵی ئەزمونی سەرکردایەتیی سەردەمی پێشمەرگایەتیی ماوەی ١٩٧٧-١٩٨٥، چ وەک ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتیی یەکێتی‌و چ وەک ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی رەنجدەران، بخەینە سەر تەمەنی سەرکردەیی پاش قۆناغی پێشمەرگایەتی، دەردەکەوێ کە تەمەنی سەرکردەیی مەلا بەختیار لەناو یەکێتی ٣٢ ساڵە. پشت بەست بەم ژمارەیە، ئەو ئەنجامەمان دەست دەکەوێ کە مەلا بەختیار لەناو یەکێتی ٥٠,٧%ی ژیانی وەک ئەندامی سەرکردایەتی بەسەر بردووە.
گروپی سێیەم: گروپی ٢٢ ساڵی (١٩٩٥-٢٠١٧)
ئەم گروپە تەنھا لەیەک ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پێکدێ، ئەویش عەدنان موفتییە کە ساڵی ١٩٩٥ پەیوەندیی بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کردووەو پلەی ئەندامی سەرکردایەتیی وەرگرتووە. دواتر لەکۆنگرەی دووەم‌و سێیەم بەئەندامی سەرکردایەتی ھەڵبژێردراوە. بەم پێیە، تەمەنی سەرکردەیی لەناو ئەنجومەنی سەرکردایەتی ٢٢ساڵە.
گروپی چوارەم: گروپی ١٦ ساڵی(٢٠٠١-٢٠١٧)
ئەم گروپە لەو ئەندامانەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پێکدێ کە ساڵی ٢٠٠١ لەکۆنگرەی دووەم بەئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی ھەڵبژێردراون‌و دواتر لەساڵی ٢٠١٠دا لەکۆنگرەی سێیەم ھەڵبژێردراونەتەوە. ژمارەی ئەندامانی ئەم گروپە ١١ ئەندامە کەئەمانەن: قادر حەمە جان، خەسرەو گوڵ محەمەد، مەحمود سەنگاوی، شۆڕش ئیسماعیل، جەعفەر شێخ مستەفا، فەرید ئەسەسەرد، شاڵاو عەلی عەسکەری، رەفعەت عەبدوڵڵا، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئاسۆ مامەندو رزگار عەلی.
گروپی پێنجەم: گروپی ٧ساڵی(٢٠١٠-٢٠١٧)
ئەم گروپە گەورەترین گروپی ناو ئەنجومەنی سەرکردایەتییەو لە ٢٧ ئەندام پێکدێ کە ھەمویان لەساڵی ٢٠١٠ لەکۆنگرەی سێیەم ھەڵبژێردراون. ئەندامانی ئەم گروپە ئەمانەن: ھێرۆ برایم ئەحمەد، فریاد رەواندزی، ھەرێم کەمال ئاغا، شاڵاو کۆسرەت، حەمەی حەمە سەعید، سامان گەرمیانی، سیروان کوێخا نەجم، ئارێز عەبدوڵڵا، عەدنان حەمەی مینە، محەمەد وەتمان، حامد حاجی غالی، بێگەرد تاڵەبانی، حەسەن نوری، خالید شوانی، ھەڵۆ پێنجوێنی، ئاڵا تاڵەبانی، نەجمەددین کەریم، رەسول عومەر، جوان ئیحسان، پەروین کاکە حەمە، پەروین بابەکر، بڵێسە جەبار فەرمان، لەتیف عومەر، رەھبەر سەید برایم، جەمیل ھەورامی، بەرزان ئەحمەد کوردەو نەرمین عوسمان.
گروپی شەشەم: گروپی ٥ساڵی(٢٠١٢-٢٠١٧)
ئەم گروپە تەنھا یەک کەس دەگرێتەوە، ئەویش شێرکۆ میروەیسە کە ساڵی ٢٠١٢ پەیوەندیی بەیەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کردووەو بەپێی ماددەی ٢٩ی پەیرەوی ناوخۆ پلەی ئەندامی سەرکردایەتیی پێ دراوە.
گروپی حەوتەم: گروپی ١-٢ ساڵی(٢٠١٦-٢٠١٧)
ئەم گروپە لەپێنج ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پێکدێ کە لەماوەی ٢٠١٦-٢٠١٧ پلەی ئەندامی سەرکردایەتییان وەرگرتووە. دەکرێ ئەندامانی ئەم گروپە بەسەر دوو دەستەدا دابەش بکرێن. دەستەی یەکەم ئەوانە دەگرێتەوە کە لەحزبەکانەوە ھاتونەتە ناو یەکێتی. ئەمانەش لەناو خۆیاندا بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەش دەبن. یەکەمیان کۆمەڵەی ساڵی پارە کە قادر عەزیز و نەسروڵڵا سورچی ‌و یاسین نەبی نێروەیی دەگرێتەوەو ئەوی تر کۆمەڵەی ئەمساڵ دەگرێتەوە کە لەئاسۆس عەلی پێکدێ. دەستەی دووەم تەنھا یەک ئەندام دەگریتەوە، ئەویش رێواز فایقە کە لەساڵی ٢٠١٠دا لەکۆنگرەی سێیەم بە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ھەڵبژێردراوە بەڵام دەستبەکاربونی وەک ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەوتۆتە ساڵی ٢٠١٧.
کۆتا ئەنجامگیری
نێونجی تەمەن لەناو ئەنجومەنی سەرکردایەتیدا دەگاتە ٥٧.٩ ساڵ و رێژەی ئەوانەی تەمەنیان لەسەروی پەنجا ساڵەوەیە رێژەیەکی بەرزەو دەگاتە ٨٤.٦%. ئەم دوو رێژەیە بونەتە مایەی ئەوەی کە ئەندازەی خۆ گەنج کردنەوەی حزب لەئاستێکی نزم بمێنێتەوە.
یەکێتی لەماوەی ٢٥ ساڵدا تەنھا سێ کۆنگرەی بەستووە. چانسی تازەکردنەوەی سەرکردایەتی بەھۆی ئەوەی کەپرۆسەکە پێداویستییەکانی بۆ دابین نەکراوە، بەلاوازی ماوەتەوە. بە بەراورد، لەسەردەمی پێشمەرگایەتیدا، چانسی تازەکردنەوەی سەرکردایەتی زۆر لەوەی ئێستا باشتر بووە. کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان لەماوەی ١٥ ساڵی نێوان ١٩٧٦- ١٩٩١ سێ کۆنفرەنس‌و پلینۆمێکی بەستووەو لەساڵانی ١٩٧٨، ١٩٨١، ١٩٨٢، ١٩٨٤ پێنج جار سەرکردایەتیی خۆی تازە کردۆتەوە. بەھەمان پێودانگ، یەکێتیی شۆڕشگێڕان لەماوەی ٩ ساڵی نێوان ١٩٨٢- ١٩٩١، دوو کۆنفرەنس‌و دوو پلینۆمی بەستووەو لەساڵانی ١٩٨٣و ١٩٨٤و ١٩٨٥و ١٩٨٩ چوار جار سەرکردایەتیی خۆی تازە کردۆتەوە. ئەم دوو نمونەیە نیشانی دەدەن کەپرۆسەی تازەکردنەوەی سەرکردایەتی لەسەردەمی پێشمەرگایەتیدا بەشێوەیەکی دینامیکترو سیستماتیکتر، بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی پاش پێشمەرگایەتی، بەڕێوە چووە.
لەکۆنگرەی یەکەم بەدواوە دیاردەی درەنگ تازەکردنەوەی سەرکردایەتی برەوی پەیدا کردووە. ئەوەی ئەمە رون دەکاتەوە ئەوەیە کە ئەگەر کۆنگرە ھەر سی ساڵ جارێک ببەسترایە، دەبوایە یەکێتی لەساڵی ٢٠١٦دا کۆنگرەی نۆیەمی ببەستایە، لەکاتێکدا کە لەساڵی ٢٠١٧دا ھێشتا یەکێتی کۆنگرەی چوارەمی نەبەستووە. بەدڵنیاییەوە ئەمەش رادەی پابەندبون بەپەیڕەوی ناوخۆ لەئاستێکی نزم دەھێڵێتەوەو کۆسپ‌و تەگەرە دەخاتە بەردەم پرۆسەی تازەکردنەوەی سەرکردایەتی کەپرۆسەیەکی ژیانی‌و دینامیکییە بۆ ھەر حزبێک بیەوێ کارایی‌و ئایندەی خۆی مسۆگەر بکات.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
24/06/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12