وتار
ئێوەش وەکو من ئازادی و سەربەخۆی مەگۆڕنەوە بە نان
دانا مەنمی

من ئازادی و سەربەخۆی و خودبوونم  نەگۆرییەوە بە نان ، ئیوەش وەکو من ئازادی و سەربەخۆی بۆ کوردستان مەگۆرنەوە بە نان ، من راستگۆیانە کوردانە ڕاشکاوانە خەمەکانم دەگەیاند و دەستم دەخستە سەر برینەکان ،ڕەخنەکانم بۆ بنیات بوو نەک ڕووخان ، کاری من ھەویرشێلان نەبوو بەلکو شکاندنی بتەکان بوو ، بیرو بۆچوونی من پیرۆز نەبوو ، تا بە کافر نێوزەد بکرێم ، بەلام بەرسڤێکی ڕەوا بوو ئازادی و بەھای ئینسانبوونی لە ئەستۆدا بوو .
ئێستاش پەشیمان نیم و خۆم پێ ڕیبواریکی کاروانی حەقیقەتە ، چونکە ڕەخنەگرێکی بە ویژدان و قسەی دڵی خەڵکیم دەکرد ، سەروەت و سامانی رەمزیم ناگۆرمەوە بە پۆستێک و بڕیک دراو ، رۆشنبیری راستەقینە لە قەفەزی ھیچ بەرپرسێکدا گیر ناخوات ، جیاواز دەژی ، جیاواز دەپەیڤێت ، جیاواز دەنوسێت ، پێش ڕووداو دەکەوێت .
رۆشنبیر ترسی لە دەستدانی پلەو پۆست موچەو خەڵات نییە ، بەڵام ووشەی جوان و بوێر شک دەبات ، وشەکان ، رەخنەکان ھێندە کاریگەرن بەرپرسانی توشی شۆک و ترس و دڵەڕاوکێ کردووە ، سامان و ڕوخساری رۆشنبیر مەعریفەو بوێرییە ، ھەربۆیە بە زمانی گوڵ بە فکرێکی جوان ڕەخنە دەگرێت .
لە ھەر حزبێکدا فکر سوتێنرا ، دواجار ئینسانیش دەسوتێنرێت ، سروشتی ھەموو دیکتاتۆرەکان وا بووە ، سەدام حسێن داھێنەران و رۆشنبیرانی وڵاتی شاربەدەر دەکرد ، ھیچ رۆشنبیرێکی راستەقینە لە کۆماری بەعسدا جێگەی نەدەبوویەوە ، ھیتلەریش فکری سوتاند دواجار کەوتە ئینسان سوتاندن.
ڕابن تەنیا ئەوانە رۆشنبیر نین کە زورنا لێدەدەن ، تەنیا ئەوانە رۆشنبیر نین کەلە گۆشەیەکدا ملکەچبوون و کۆیلایەتیان ھەلبژاردووە ، ئەوانەیشی کە رەخنە دەگرن لە ئاکارو ئەتواری بەرپرسێک ناپاک و خیانەتکار نین ، مەرج نییە ئەوانەی وابەستەو ملکەچپێکراون خاوەنی مەعریفەو نیشتیمان پەروەر بن ، مەرج نییە ئەوانەی کەوی بوون زاناو دلسۆزن !
ئەوانەی باوەریان بە فرە ڕەنگی و فرەدەنگی بێت ، پێویستیان بە کەویکردنی رۆشنبیر نییە ، رۆشنبیر کەوی ناکرێت ، رۆشنبیری راستەقینە ڕاشکاو سەربەخۆیە  بە ویژدان و بە ئەخلاقەوە رەخنە دەگرێت ، لەبەرامبەر پرۆژەی کۆت و بەندی پرۆژەی ئازادی و سەربەستی پێیە ، لەبەرامبەر پرۆژەی کۆنەپاریزی ، پرۆژەیەکی ڕادیکاڵی پێیە ، بەرامبەر پرۆژەی سەرمایەداری ، پرۆژەیەکی بۆ چینی ھەژاران پێیە ، لەبەرامبەر پرۆژەی پاشکۆیەتی بۆ عێراق ، پرۆژەی بۆ سەربەخۆی کوردو کوردستان پێیە ، لە کۆتایدا "فارابـــی " دەڵێت : ئەوەی لە نێو خۆیدا بێت ، خاوەنی خودی خۆیەتی ، ئەوەی دەستەمۆو ملکەچ بێت ،خاوەنی خۆی نییە و کەسانێکی تر خاوەنین .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
02/07/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ