نوسه‌ران
  دەست بڕین لە ئیسلامدا و خوێندنەو ەیەکی تەندروست.
یــەحـــیـا کامـیــل مه‌حمود

لەهەموو کۆمەڵگایەک و دەوڵەتێکدا وە لەگشت قۆناغەکانی مێژوویشدا کردەی دزی بونی هەبووە وە لەگەڵ پەرەسەندنی مێژوو و کۆمەڵگەیشدا ئەم دیاردەیە فۆڕمی زیاتر و جیاوازتری وەرگرتووە،  مەوداکەشی لەکوچەی ماڵەکانەوە پێی خزاندۆتە نێو دەوڵەت و سیستەم و ئایدۆلۆجیاکانیشەوە کە ئەمە لە ترسناکترین ئاستەکانی ئەم دیاردەیە و دواجار کۆمەڵگا و زۆرێک لە تاکەکانیش دەخاتە سەر ئەو هێڵە و لێرەوە بە دابڕینی بەشێک لە بەها ئەخلاقیەکانی ئەو کۆمەڵگەیە دەگەین.

لەگەڵ ئەمەشدا هەر کۆمەڵگا و سیستەمەێک لەبەرامەر کردەی دزیدا کۆمەڵە یاسا و سزایەکی داناوە ئیتر بەپێی پەرەسەندنی قۆناغەکانی مێژوو ئەم سزایانە یاسا ئاینیەکان یاخود یاسا مرۆییەکان ڕوبەڕوویانی دەکاتەوە بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەی دینی ئیسلامەوە لەم کردارە بڕوانین  جیاواز لە هەموو دین و سیستەمە مرۆییەکانی تر دەبینین کە ئاینی ئیسلام پێش ئەوەی سزا دابنێت بەربەست لەبەردەم ئەم کردەیەدا دائەنێت واتە دۆخێکی ئابوری وەها دروست دەکات کە پاساوێک نەمێنێتەوە بۆ مرۆڤ کە دەست درێژی بکاتە سەر ئەو موڵک و مافەنەی کەسانی تر کە لەسنوری ئەودا نین بەوەی کە سیستەمی سیاسی ئیسلامی ئامانجی هەرە بەرزی ئابوری ئەوەیە کە کۆمەڵگەیەکی ئابوری دادپەروەر لە دابەش کردنی داهات و موڵکی گشتی بەسەر سەرجەم پێکهاتە و تاکەکاندا دروست بکات و ڕێگە نادات داهات و کەرەستە بەرهەمهاتووەکان لە چنگی کەمینەیەکی دەوڵەت و کۆمەڵگادا کۆ ببێتەوە وەک ئەوەی لەسیستەمی سەرمایەداریدا بوونی هەیە .لەم جۆرە کۆمەڵگا دادپەروەرەدا  سزای  دەست بڕین حوکمێکی کارایە. بەڵام لەسیستەمێکی وەک سەرمایەداری و دیموکراسی سەرمایەداریدا ئەم سزایە لە کەمترین حاڵەت و پێش مەرجدا ئەکتیڤ ئەبێت لەبەرئەوەی کە کۆمەڵگا بەو قۆناغە تەندروستەی کە سیستەمی ئابوری ئییسلامی دروستی دەکات گوزەر ناکات تاکو تاکەکانی بەو شێوەیە شایستەی ئەم سزایەبێت بەڵکو بەڕەهایی ئەو سەرمایەدارانە شایستەن کە مۆنۆپۆڵی بەشێکی زۆری داهات و کەرستە بەرهەمهاتوەکان دەکەن . بۆیە ئەگەر مرۆڤ لەم دۆخە تەندروستەدا کە سیستەمێکی ئیسلامی دروستی دەکات دەست درێژی بکاتە سەر موڵک و دارایی کەسانی تر ئەوا باشترین سزایەک کە شایستە بێت دەست بڕینە.
لەگەڵ ئەمەشدا یاسا ئیسلامیەکان لەپێش ئەم سزایەدا کۆمەڵێک مەرج و پێشهاتی لەبەرچاو گرتووە کە ئەمانەن ( کەسێکی عاقل و باڵغ ـ واتە منداڵ و شێت نەبێت ـ بڕێکی دیاریکراوی پارە یان کەل و پەل هەڵبگریت و بیبات بە شێوەیەکی پەنهان ـ بە دزیەوە ـ بەو مەرجەی ئەو شتە لە شوێنی پاراستنی تایبەت بەخۆی بووبێت و هیچ جۆرە ماف یان گومانی مافی ئەو کەسەی پێوە نەبیت) . وە لەسەردەمی خەلیفەکانی ڕاشیدینیشدا پێشمەرجی هەژاریش زیادکرا کە شایستەی دەست بڕین نین.
لە کۆتاییدا دەبێ ئەوە بڵێین کە سزای دەست بڕین و هەندێ لە ئەحکامەکانی تری ئیسلام گەر بێتو بەشێوەیەکی ڕواڵەتیانە لێ بڕوانین و بەتەواوی شیکردنەوەی واقیعیانەی بۆ نەکرێت ئەوا شێوازێکی توندڕەوانە وەردەگرێ کە ئەمەیە عەلمانیەکان لەم دەرفەتەوە دەیانەوێت هەژمونی شەریعەتی ئیسلام لە ناو دەستوردا ڕاگرن و پاسیڤی بکەن.
به‌روار: 31/07/2015
بینین: 889
   زیاتر ...