نوسه‌ران
  راپۆرتەكەی دەزگای ستراتفۆری ئەمریكی و هەرێمی كوردستان ..!
غه‌فور ئه‌حمه‌د
ستراتفۆر دەزگایەكی تایبەتە بە توێژینەوەو دیراسەكردنی ستراتیژی ئەمنی ئەمریكی ، ئەم دەزگایە بە یەكێكـ لە گرنگترین دەزگا تایبەتەكان دادەنرێت لە بواری هەواڵگیری و سیخوڕیدا ، لەناوەندە ئیعلامیەكانی ئەمریكا ناوزەد كراوە بەسێبەری ( C I A ) ئەمریكی زۆرینەی پسپۆڕەكانی لە گەورە ئەفسەرو فەرمانبەرانی پێشووی هەواڵگیری ئەمریكا پێك دێت ، لە دوا ڕاپۆرتی خۆیدا نووسراوە بارزانی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشی كردۆتەوە بیانوو بۆ مانەوەی لە پۆستەكەی هەروەها باس لە فشارەكانی گۆڕان و یەكێتی دەكات بە ئاراستەی لابردنی بارزانی ، له بە‌شێكی تری راپۆرتەكەدا هاتووە بەهۆی بەردەوامی گرفت و كێشەی نێوان لایەنه ‌سیاسیەكان پارتی ڕووی لە توركیایەو یەكێتی پەنای بۆ ئێران بردووە و هەروەها دەڵی ڕەنگە لە ئەمساڵدا نەتوانرێت موسڵ كۆنترۆڵ بكرێتەوە ، لەلایەكی تر بەگومانەوە دەڕوانێتە دانوستانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كە بەم زوو بگەنە چارەسەر ! تا ئێرە كورتەی ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكە بوو تایبەت بە هەرێمی كوردستان ، من ئەمەوێ لە چەند خاڵێكدا بگەمە بەشێكـ لە حەقیقەتەكانی ئەو دیووی ڕاپۆرتەكە :

1- ئاماژەیەكی ڕوونە كە تەواوی وڵاتانی هاوپەیمانان كۆكـ و تەبا نین لە قەڵاچۆكردنی داعش و بنەبڕكردنی ڕێكخراوە تیرۆریستەكان لە عێراق و ناوچەكە ، ڕەنگە داعش بۆ ماوەیەكی تر تەمەنی درێژبكرێتەوە !

2- خوێندنەوەیەكی واقیعیە بۆ قەبارەی نیگەرانی و بێزاری بەشێكـ لە خەڵكی كوردستان لە مانەوەی بارزانی لە پۆستەكەی ، لانی كەم لە پێنج حزبە سەرەكیەكە چواریان لە گەڵ مانەوەی بارزانیدا نین بە دەسەڵاتەكانی ئێستای كە مومارەسەی دەكات ، بەبڕوای ئەم ناوەڕۆكی ڕاپۆرتە ‌پرسی مانەوەی بارزانی لە پشتەوەی درێژبوونەوەی ناكۆكی و گرفتەكانی نێوان لایەنه سیاسیەكانە ، ڕەنگە ئیدی كاتی ئەوە هاتبێ بەدوای بەدیل و جێگرەوەی بارزانیدا بن !

3- خاڵیكی تر ئاماژەیە بۆ نەگونجان و پێكـ نەهاتنەوەی هەولێر و بەغدا و چارەسەرنەكردنی گرفتەكانی هەردوولا ،‌ پێ دەچێت هەر بەڕاست پاش نەمانی داعش و تارنانی تیرۆریستان لە ناوچەكە ڕازی بن عێراق بۆ سێ هەرێمی ( كورد ، سوننە ، شیعە ) دابەش بكرێت !

4- وریاییدانە بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئێران و توركیا لە هەرێمی كوردستان و دابەشكردنی ئەم هەرێمە بۆ دوو هەرێمی جێاوازو پەلكێشكردنی ئەجیندای وڵاتانی ئیقلیمی لە كوردستان پاشان شۆرببێتەوە بۆ تەواوی عێراق و لەوێشەوە بۆ شەڕی عێراق وئێران دژ بە توركیا ، دواجاریش لێكەوتەكانی بەڕووی گەلانی عێراق بەكوردیشەوە !

5- جۆرێكـ لە جۆرەكان داننانە بە ڕێكەوتنەكەی نێوان گۆڕان و یەكێتی و ئاماژەیە بۆ هاوپەیمانان وەكـ ئەمری واقیع مامەڵەی لە گەڵا بكرێت ، ئەمەش فشارەكان بەڕووی پارتیدا تووندتر ئەكاتەوە و لە ئەگەری بەردەوامی ئەم حاڵەتە بێ گومان پارتی و بارزانی ناچار دەكات سازش لە هەندێ داواو خواستەكانیان بكەن !
به‌روار: 02/08/2016
بینین: 1400
   زیاتر ...