نوسه‌ران
  فەتحوڵا گیولەن کێیە؟
د.جه‌بار قادر
محەمەد فەتحوڵا گیولەن Mehmet Fethullah Gülen پێشنوێژ، وتارخوێن و نووسەرێکی تورکی بەناوبانگە. 
ئێستا بە کەسایەتییەکی ئیسلامی گەورە دادەنرێت. گیولەن دامەزرێنەر و سەرکردەی رۆحی بزووتنەوەی گیولەنییە، کە بە بزووتنەوەی خزمەت و جەماعەت دەناسرێت. 
لە دەسپێکدا ناوی بزووتنەوەکەی "خزمەتی ئیمانییە و قورئانییە" بوو، بەڵام دواتر کورتکراوەکەی خزمەت یا جەماعەت بەسەریدابڕا. 
خۆیان بزووتنەوەکە بە ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی دادەنێن. 
گیولەن یەکێک لە دامەزرێنەرانی دامەزراوەی ڕۆژنامەوان و نووسەرانە (١٩٩٤)، هەر خۆیشی بە سەرۆکی شانازی دامەزراوەکە ڕاگەیەنرا. 
لە مارتی ١٩٩٩ بە مەبەستی چارەسەری تەندروستی پەنای بردە بەر وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام لە ڕاستیدا بە هۆی باری سیاسییەوە بوو و لەو کاتەوە لە پێنسیلڤانیا ژیان بەسەر دەبات.
 لە ئەمریکاش ڕێکخراوی "هاوپەیمانی لە پێناو بەها هاوبەشەکان"" "Alliance for Shared Values دامەزراند. ئەم ڕێکخراوە بووەتە چەترێک بۆ کۆمەڵێک ناوەند و ڕێکخراوی وەک " ئینستیتوتی ئەتلانتیک" کە پێشتر بە سەنتەری کولتوریی ئەستەموڵ دەناسرا، ڕۆمی فۆروم لە واشنتن، ئینستیتوتی پاسیفیک، ئینستیتوتی دایاڵۆگی ئاینەکان، دامەزراوەی نیاگارا و ئینستیتوتی دورگەکانی ئاشتی، لە ڕێگەی ئەم ناوەند و دامەزراوانەوە لایەنگرانی گیولەن ڕۆڵی گەورە دەبیننن.
گیولەن دەڵێت باوەڕی بە زانست، دیموکراسی و دایەڵۆگ لە نێوان ئاینەکاندا هەیە. 
ئەو خۆی بە کەسێکی لیبراڵ و کراوە بەخەڵک دەناسێنێ.
 لەگەڵ دایەڵۆگدایە نەک تەنها لە نێوان موسڵمان و کرستیان و جودا، بەڵکو لە گەڵ بێ ئاینەکانیشدا. 
لەم بارەیەوە لە گەڵ پاپای ڤاتیکان و ڕێکخراوی جووەکاندا لە دایەڵۆگدا بووە.
گیولەن پێداگرییەکی زۆر لە سەر پرۆسەی فێرکردن و پەروەردە دەکات. باوەڕی بەوە هەیە کە لەم ڕێگەوە نەوەیەکی ئاڵتونی دروست دەکات. کارکردن و هەوڵدان پێگەیەکی گرنگیان لە بیر و بۆچوونی گیولەندا هەیە. 
حکومەتەکەی ئەردۆگان بە داڕێژەری هەوڵی کودەتای ١٥ تەمموزی دادەنێ و داوای ڕادەستکردنەوەی دەکات. 
هەرچەندە گیولەن ئەوە ڕەتدەکاتەوە، بەڵام ئەردۆگان ناوی " ڕێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵایی" و " دامەزرێنەری دەوڵەتی هاوتەریب" لە گیولەن و لایەنگرانی ناوە و گەورەترین هەڵمەتی گرتن و ڕاونانی لە دژیان دەستپێکردووە. 
تا ساڵی ٢٠١٣ ئەردۆگان و گیولەن هاوپەیمان یەکتر بوون. بزووتنەوەکەی گیولەن هاوکارییەکی زۆری پێشکەش بە پارتی دا دوگەشەپێدان کرد بۆ پاکتاوکردنی نەیارەکانی ئەردۆگان لە نێو سوپا، سیستەمی دادوەری، دەزگاکانی خوێندن و پەروەردە و میدیا.
لە دوای دزەپێکردنی هەواڵ و زانیاری لە بارەی گەندەڵی دەورو بەرەکەی ئەردۆگان هاوپەیمانییەکەیان کۆتایی هات و ئەردۆگان کەوتە گیانی گیولەنییەکان. 
ئەردۆگان هێز و توانای گیولەنییەکان دەزانێت، بۆیە وا کەوتووەتە گیانیان. 
گیولەن زیاتر لە ٥٠ کتێبی نووسیوە و ژمارەیەکی زۆر وتاری لە گۆڤارە جیاوازەکاندا بڵاوکردۆتەوە و ژمارەیەکی زۆرتریش وانەی ئامۆژگاری پێشکەش کردووە و دواتر وەک کتێب بڵاوی کردوونەتەوە. 
لە تەک زمانی تورکیدا، تورکی عوسمانی، فارسی و عەرەبی دەزانێت. سەرچاوەی سەرەکی بیر و بۆچوونەکانی "رسائل النور" سەعیدی نورسی "نەورەسی، کوردی" یە. 
بیرۆکەکانی نورسى پەرەپیداوە و لە بەرگێکی هاوچەرخ و مۆدێرندا خستوونێتە بەرچاو. 
هەرچەندە سەرسام بووە بە بەرهەمەکانی نورسى، بەڵام پیدەچێت کوردبوونی نورسى جۆرێک لە گرێکوێرەی لە لای گیولەن دروست کردبێت. 
هەستی ناسیۆنالیستی بەهێزە و نەیوسیتووە تیشکێکی زۆر بخرێتە سەر نورسى. 
محەمەد فەتحوڵا لە ٢٧ نیسانی ١٩٤١ لە گوندی کوروجوکی شارۆچکەی پاسینلەر، کە چل کیلۆمەتر لە ئەرزەڕۆمەوە دوورە، هاتۆتە دونیاوە. 
مەلا ڕەمزی باوکی مەلاو پێشنوێژ بووە و دایکیشی خانمی ماڵ بووە و گوایە ژنانی گوندی فێری قورئان خوێندن کردووە، هەرچەندە کەمالییەکان ئەم کارەیان قەدەغە کردبوو.
لە پێنج ساڵییەوە لە گوندەکەی خۆیان لای مەلا دەستی بە خوێندنی قورئان کردووە. لە ئەرزەڕومیش لە مەدرەسەی ئاینی دەرسی خوێندووە. 
وەک قوتابییەکی دەرەکی تاقیکردنەوەی خوێندنی سەرەتایی ئەنجامداوە. ئەو بۆ خۆی خەریکی خوێندنەوە و خۆ پێگەیاندن بووە. 
هەرچەندە نامەکانی نورسى سەرچاوە و ئیلهامی گیولەن بووە، بەڵام بەپێی توێژەران ئەوەی گیولەنی لە نورسى جودا دەکردەوە، هەستی بەهێزی ناسیۆنالیستی بووە، هەروەها بە پێچەوانەی نورسی ئەم سەر بە دەوڵەت بووە، باس و خواسی ئابوری و نیولیبیراڵیزم لە بواری ئابوریدا سەرنجی ڕاکێشاوە. 
هەندێ کەس لێکدانەوەکانی گیولەن بە ڤێرژنێکی ئیسلامی کاڵڤینیزم دادەنێن.
لە ساڵی ١٩٦٣ "کۆمەڵەی بەربەرەکانی دژ بە کۆمۆنیزم"ی دامەزراند. لەو کاتەدا ئەم کارەی مایەی پێشوازی بوو لە لایەن دەوڵەت و پەیمانی ناتۆ و ڕۆژئاواوە، چونکە دەچووە خزمەتی ئەوانەوە لە ململانێی نێوان بەرەی سۆسیالیزم و کەپیتالیزمدا. 
لە ساڵی ١٩٧١ بۆ ماوەی ٧ مانگ لە لایەن کودەتاچییەکانەوە گیرا. لە ساڵانی ١٩٧٥ – ١٩٧٦ زنجیرە سمینارێکی لە ژێر ناونیشانی " ئیسلام و زانست، داروینیزم، وچەی ئاڵتونی، دادوەری کۆمەڵایەتی و پەیامبەرێتی لە شارە جیاوازەکانی تورکیا ئەنجامدا.
 لەم ڕێگەوە تۆڕێکی پەیوەندی بەهێزی دروستکرد کە دواتر لە خزمەتی بزووتنەوەکەیدا بەکاریهێنا. 
ساڵی ١٩٧٩ دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی وتار لە گۆڤاری .SIZINTI له‌ وتارێکیدا لەو گۆڤارەدا پەسنی کودەتای ئەیلولی ١٩٨٠ داوەو و گوایە گەلی تورکیا دەمێک بووە لە چاوەڕوانی ئەوەدا بووە سوپا بەهانایەوە بێت و وەک خدری زیندە ڕزگاری بکات. 
لە ساڵی ١٩٨٦ چووە حەج و بوو بە حاجی گیولەن.
لە ساڵی ١٩٨٨ گۆڤاری ئومێدی نوێی دەرکرد و سەروتاری بە خۆی دەنووسی. 
لە ١٩٨٩ و ١٩٩٠ خۆبەخشانە لە ئەستەموڵ گوتاری ئاینی پێشکەش دەکرد، لە دواییدا کۆی کردنەوە و لە ژێر ناونیشانی "ڕوناکی بێدوایی" لە سێ بەرگدا لە چاپیدان. 
لە سەر کاری خۆبەخشانەی گوتار خوێندن بەردەوام بوو. 
لە ساڵانی ١٩٩١ – ٢٠٠٠ لە گەڵ تورگوت ئوێزال، تانسۆ چیللەر، مەسعود یڵماز، بولنت ئەجیڤیت و پاپا جۆن پاوڵی دووەم و کەسانی تردا ئاشنایی پەیدا کرد و لە دایاڵۆگدا بوو لە گەڵیاندا. 
لە ساڵی ١٩٩٩ بەهۆی نەخۆشییەوە چووە ئەمریکا و لەو کاتەوە لەوێ دەژێ. ساڵی ٢٠٠٨ گۆڤاری فۆرین پۆلیسی ئەمێریکی و پرۆسپێکتی بەریتانی بە یەکێک لە سەد ڕۆشنبیری یەکەمی دونیا دایاننا، دواتریش گۆڤاری تایم لە ٢٠١٣ بە یەکێک لە سەد کەسی کاریگەری دونیای ناساند. 
لە ساڵی ١٩٨١ دەستی لە کاری پێشنوێژی دەوڵەتی هەڵگرت. لە ساڵانی ١٩٨٨ – ١٩٩١ بۆ جارێکی تر گەشتێکی دوور درێژی بە شارەکانی تورکیادا کرد و زنجیرەیەک کۆڕ و سمیناری لەو شارانە پێشکەش کرد و تۆڕی پەیوەندییەکانی فراوانتر کرد. 
گیولەن خۆی لە پارتی رەفاهی نەجمەدین ئەربەکان و فەزیلەت بە دوور دەگرت و زیاتر پەیوەندی بە تانسۆ چیلەر و ئەجڤیتەوە دەکرد. 
لە دیسەمبەری ٢٠١٤ دادگای تورکی بریاڕی دەستگیرکردنی فەتحوڵا گیولەنی دەرکردووە دوای ئەوەی ٢٠ ڕۆژنامەوانی سەر بە گروپەکەی دەستگیر کران و تۆمەتی ئەوەیان درایە پاڵ کە خەریکی دامەزراندنی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی چەکدارین. 
گیولەن تیۆرییەکی ئیسلامی تازەی دانەهێناوە، بەڵکو ئەو دەگەڕێتەوە بۆ نووسەرە کلاسیکەکانی ئیسلام و هەوڵئەدات لێکدانەوەی هاوچەرخانەیان بۆ بکات. 
ئەو هیچ کاتێک ئەندامی تەریقەت نەبووە و لە گەڵ ئەوەدایە کە موسوڵمانان لە دایەڵۆگدا بن لە گەڵ خەڵکانی دیکەدا بە بێدینەکانیشەوە. 
گیولەنییەکان زیاتر لە ١٠٠٠ قوتابخانەیان لە وڵاتانی جیهان کردۆتەوە، لە قوتابخانەکانی گیولەندا فیزیک، کیمیا و ماتیماتیک دەخوێنرێن. قوتابخانەکانی خزمەت لە تورکیا بە باشترین لە قەڵەم دەدرێن. 
گیولەن باس لە نەوەیەکی ئاڵتونی دەکات کە لە قوتابخانە و زانکۆکانی بزووتنەوەکەی دەخوێنن. 
ئەمانە قوتابخانە، زانکۆ، ناوەندی کولتوری و ماڵی قوتابیان ...تاد ئامانجیان دروستکردنی ئەو نەوە ئاڵتونییە. 
مرۆڤگەلێک کە شەیدای کولتور و ستایلی ژیانی تورکین و مۆدێلی تورکی ئیسلام پەیڕەو دەکەن و ئەو تۆڕەن کە لە داهاتوودا کار بۆ سەروەری ئەم بزووتنەوەیە دەکەن. 
گیولەن دژی سیکیولاریزم نیە و دەڵێت لە وڵاتانی سیکیولار و دیموکراتدا ٩٥% لە پرینسپەکانی ئیسلام بەدی هاتوون و ئەوەشی دەمێنێت کە ٥% ئەوە ناهێنێت شەڕی بۆ بکرێت. 
گیولەن لە گەڵ ئەوەدایە تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا وەربگیرێت.
لە تورکیا ملیۆنەها خەڵک بە لایەنگری گیولەن دادەنرێن. لە نێو ئەمانەدا دەرچووانی قوتابخانەکانی خزمەت ڕۆڵی هەرە دیار دەبینن. لە ڕیزەکانی پۆلیس و دادگان لایەنگرانی زۆرن. 
هەروەها بزووتنەوەکەی کۆمەڵێک ڕۆژنامە و گۆڤار و دەزگای میدیا، بانک و دامەزراوە کۆنترۆڵ دەکەن وەک ڕۆژنامەی زەمان، تەلەفزیۆنی سەمانیۆڵو، بانکی ئاسیا، کۆنفیدراسیۆنی بیزنسمان و پیشەسازان.
شەڕی ئەردۆگان و لایەنگرانی گیولەن شەڕی سەختی ئایدیۆلۆژی، سیاسی، ئابوری،کۆمەڵایەتی ....تاد دەبێت و پێموانیە پارتی داد و گەشەپێدان بتوانێت بە بێ زیانی گەورە لێی دەرچێت.
به‌روار: 02/08/2016
بینین: 2024
   زیاتر ...
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1
په‌ڕه‌یله‌ 0
ژماره‌ی بابه‌ت