 حه‌كیم كاكه‌وه‌یس بۆ بزاڤ: ده‌روێشه كورده‌كانی ستالین، نه‌فره‌تیان له كوردبوونی خۆیان ده‌كرد
به‌همه‌ن ئیبراهیم
حه‌كیم كاكه‌وه‌یس نووسه‌ر... هه‌لگری بیری نه‌ته‌وه‌ییه‌و دانیشتووی شاری كه‌ركووكه...
پرسیار ده‌رباره‌ی ناسیونالیزم..
بزاڤ پرێس: ناسیونالیزم بۆ چ زه‌مه‌ن و زه‌مینه‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێته‌وه؟!
حه‌كیم كاكه‌وه‌یس: پێم خۆشه پێشه‌كی ئه‌وه بڵێم كه باوه‌ڕی گردهبڕم به بوونی په‌روه‌ردگار هه‌یه‌و ئیسلام وه‌ك ئاینێكی ئاسمانی، تێكه‌ڵی خوێن و بوونم بووه‌و نه لێی ده‌بمه‌وه نه لێم ده‌بێته‌وه. هیوادارم كه‌س ئه‌و چه‌كه كول و نابه‌جێیه‌م به‌رانبه‌ر به‌كار نه‌هێنێ كه پیی ده‌ڵێن تهكفیرو عاره‌ب وه‌ك چه‌كێكی كوشنده به‌كاری دێنن و ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی قهومییاندا هاوته‌ریب نه‌بێ، له دژی هه‌ڵیده‌كێشن و ئه‌وجا خۆت بۆ تۆمه‌تی مهجووسییهت و شعوبییهتیان ڕاگره.! كوفر، كه پێچه‌وانه‌ی ئیمانه، ئه‌گه‌ر ڕه‌تكردنه‌وه‌ی بوونی په‌روه‌ردگار بێ یا گومانكردن لێی، ئه‌گه‌ر به هۆی لووتبه‌رزی و خۆبه‌زلزانینه‌وه بێ یا به هۆی حه‌ساده‌ته‌وه بێ، له هیچ لاوه من ناگرێته‌وه. نه خۆم و نه قه‌ومه‌كه‌م، له هیچ بوارێكه‌وه له بارێكدا نین لووتمان به‌رز بێ و عاره‌بیش كه خۆیان به خاوه‌نی ئایینهكهو (خیر امه) ده‌زانن، له بارێكدا نین به‌خیلییان پێ ببه‌ین. به‌ڵام ناتوانم گومان له ڕاستی حه‌دیسێك نه‌كه‌م كه هه‌شت نۆ (روی عن...) ده‌بنه پێشه‌كییه‌كه‌ی، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی مرۆڤدا یه‌ك نه‌یه‌ته‌وه یا زیاتر ڕه‌چاوی مه‌سه‌له‌ی قه‌ومی عارهبهكان بكا. ناتوانم گه‌رده‌نی ئیمامێك ئازاد بكه‌م كه شێوازی لێكدانه‌وه‌ی قورئان و ئه‌و حه‌دیسه لاوازانه ده‌كاته چه‌ك و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی قه‌ومی خۆی و زه‌لیلكردنی غه‌یری خۆی مه‌زه‌بێك داده‌تاشێ، جا ئه‌و ئیمامه هه‌ر كه‌سێ ده‌بێ با ببێ، مهزهبهكهشی هه‌رچییه‌ك دابێ یا نابێ.
با ئه‌وه‌ش بڵێم كه له بنه‌ڕه‌ته‌وه، پێم وایه ناونانی حیزب به ئیسلامی، خۆی له خۆیدا نامهعقوولییهكی گه‌وره‌یه‌و به‌رانبه‌ر به ئیسلام، له به‌ر دوو هۆ، ده‌كرێ: یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كه ئاینی ئیسلام خۆی له خۆیدا حیزبێكی گه‌وره‌یه و هه‌موو موسوڵمانێك تیایدا ئه‌ندامه و تۆش دێیت حیزبێك داده‌نێیت و جگه له هه‌ندێ ئه‌ندامی ئه‌و حیزبه، هه‌موو ئه‌وانی تر ڕه‌ت ده‌كه‌یته‌وه. هۆی دووه‌میش ئه‌وه‌یه مرۆڤ خهتاكهر و گوناحكهره و مه‌كته‌بی سیاسی حیزبێكی ئیسلامی، هه‌ر هه‌ڵه و خه‌تایه‌ك ده‌كه‌ن، له ڕێی ناوه‌كه‌یانه‌وه له سه‌ر ئیسلام تاپۆی ده‌كه‌ن. واته كه حیزبێكی ئیسلامی په‌یوه‌ندییه‌كی ناشه‌رعی دروست ده‌كا، به هۆی ناوه‌كه‌یه‌وه، ده‌بێ بڵێین ئیسلام ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی دروست كردووه. پێم وایه مامۆستا موحسین عه‌بدولحه‌میدیش، كه ڕێبه‌رێكی گه‌وره‌یه و وه‌ك له كاتی گه‌نجیمدا مامۆستا‌م بووه، ئێستاش مامۆستامه، به‌م دواییانه به‌و ئه‌نجامگیرییه گه‌یشتووه و ڕایهكیی وای ده‌ربڕیوه.
ئه‌وجا با بێمه‌وه سه‌ر وه‌ڵامی پرسیاره‌كان: زه‌مه‌ن، سه‌ره‌تای په‌یدابوونی گرووپه مرۆییه‌كان و تێكههڵپژانی به‌رژه‌وه‌ندییانه... ئه‌و ده‌مانه‌یه ده‌سته‌یه‌كی مرۆ نێچیریان له ده‌سته‌یه‌كی دی ده‌ڕفاند و زگی منداڵی خۆیانیان پێ تێر ده‌كرد، یا كه‌وڵی نێچیریان له یه‌كتر ده‌دزی و بۆ خۆیان و منداڵیان ده‌یانكرد به پۆشاك و ڕایه‌خ. ئه‌و ده‌مانه‌یه سه‌رما زۆری بۆ ده‌هێنان و ئه‌شكه‌وتیان له یه‌كتر زه‌وت ده‌كرد. بۆ ئه‌و زه‌مه‌نه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه هه‌ر كۆمه‌ڵه به‌شه‌رێك هه‌ستی به بوونی سه‌ربه‌خۆی خۆی، له ناوچه‌یه‌كی دیاریكراودا كردووه و بۆ ئه‌وكاته ده‌گه‌ڕێته‌وه، هێشتا ئاین و فه‌لسه‌فه‌ی گشتگر بۆ سه‌رجه‌می به‌شه‌ر په‌یدا نه‌بوون، یا تاقی نه‌كراونه‌ته‌وه. هه‌رچی به چاكه‌كاری گه‌شه بكا، نه‌ته‌وایه‌تی به خراپه‌كاری ده‌سه‌ڵاتی بێگانه و داگیركاری گه‌شه‌ی كردووه. واته نه‌ته‌وایه‌تی، به باوه‌ڕی من كاردانه‌وه‌ی ترسی له‌ناوچوونه نه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوبردنی خه‌ڵكی تر، كه نازییه‌كان په‌یڕه‌ویان ده‌كرد. ئاگام له‌وه‌ش هه‌یه جه‌نابت زاراوه‌ی (ناسیۆنالیزم) به مه‌به‌ست به‌كار دێنیت و ده‌ته‌وێ هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بیخه‌یته خانه‌ی بابه‌ته گڵاوهكانهوه و باوه‌ڕیش ناكه‌م هه‌موو كوردێكی نه‌ته‌وه‌یی ئاماده بێ به وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری وا، خوێ به برینی خۆیدا بكا.
ئاین تا ماوه‌یه‌ك توانی كاریگه‌ری له سه‌ر هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی هه‌بێ، به‌ڵام ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی ئه‌و كاته له ده‌ست دا، كه هه‌ڵسووڕێنه‌رانی ئاینه‌كه، یا ئاینه‌كان، ئاینیان خسته خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی قه‌ومی خۆیانه‌وه و كردیان به كه‌ره‌سه‌ی برینداركردنی غه‌یری خۆیان، وه‌ك ئه‌م مه‌سه‌له‌یه كه ئیبن خه‌لدوون باسی ده‌كا: مه‌نسوور چۆن خوشكی خۆی ده‌دا به موالییهك و خوێنی خۆی پیس ده‌كا؟! ئه‌مه، ده‌بێته هۆی ورووژاندنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی لای موالییهكه، هه‌ر بۆیه فارسه‌كان نه‌ك هه‌ر قه‌بووڵیان نه‌كرد، به‌ڵكو ئاینزایهكیان له ئیسلام بۆ خۆیان داتاشی و په‌رژینێكی مانه‌وه‌یان به ده‌وری خۆیاندا دروست كرد و نه‌ك هه‌ر له‌و سووكایه‌تییانه ده‌رچوون، بگره ئێستا ده‌بینیت له هه‌موو ئوممه‌ی عاره‌ب پێشكه‌وتووترن و سه‌روكاریان له‌گه‌ڵ ئه‌تۆمدا هه‌یه. به‌ڵام كورد نه‌ك هه‌ر قه‌بووڵی كرد، بگره له ناو مهزهبهكانیشدا شافعی هه‌ڵبژارد كه خۆت ده‌زانی چۆن ده‌ڕوانێته غه‌یره عاره‌بی موسوڵمان. ئه‌وه‌ی مه‌زه‌بی شافعی بۆ كورد هه‌ڵبژارد، هه‌رگیز ناگاته ئه‌وه‌ی مه‌زه‌بی بۆ خۆی له ئیسلام داتاشی یا حه‌نه‌فی بۆ قه‌ومی خۆی كرده ڕێباز. هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی، كه تۆ پێی ده‌ڵێیت ناسیۆنالیزم، ئه‌و ده‌مه سه‌ر ده‌كات كه به هۆی ئینتیمای قه‌ومییه‌وه سووكایه‌تیت پێ بكرێ. من له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌گه‌ر قه‌ره‌جه‌كانی ئه‌ورووپا له هه‌موو شوێنێك سووكایه‌تییان پێ نه‌كرابا، نه‌ده‌مانه‌وه ئێستا و ده‌توانه‌وه، چونكه به ڕاستی له‌م سه‌رده‌مه‌دا مه‌رجی مانه‌وه‌یان لاواز بووه.
زه‌مینه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیش، له‌گه‌ڵ په‌یدابوونی ئاره‌زووی داگیركاریدایه. كاتێ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌شه ده‌كا، نه‌ته‌وه‌كه‌ت مه‌ترسی له سه‌ر بێ. ڕه‌نگه هیچ تیۆری و بۆچوونێك نه‌توانێ نه‌ته‌وایه‌تی كورد شه‌نوكه‌و بكا چونكه هه‌میشه له سه‌رمه‌رگدا بووه‌و به هۆی یه‌ك دوو كه‌سێكه‌وه هه‌ناسه‌ی تێدا ماوه. كام میلله‌تی دنیا، وه‌كو كورد، ژماره‌ی جاشی له ژماره‌ی شۆڕشگێڕی زیاتر بووه؟ من ساڵانێكی زۆر له سوید ژیاوم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من زانیومه له ماوه‌ی نیو سه‌ده‌دا یه‌ك جاسووسیان هه‌بووه ئه‌وه‌ش جاسووسێكی مه‌بده‌ئی چه‌پڕه‌و.
هه‌ستی ئینتیما بۆ ناوچه و جۆر و به‌رگریكردن لێیان، ته‌نها سروشتی مرۆڤی سه‌ره‌تایی نه‌بوونه، به‌ڵكو به‌شێكن له سروشتی گیاندارانی تریش. گۆشتخۆره‌كان، ناوچه‌ی ڕاو و شكاری خۆیان ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن و غه‌یری خۆیان ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه: ئێره، ناوچه‌ی ئێمه‌یه و خۆت لێمان به دوور بگره! گیاندارانیش كه‌لاكی نێچیر له یه‌كتر ده‌ڕفێنن. خوا سروشتی وا دروست كردووه كه ململانێی مانه‌وه‌ی تێدا هه‌بێ. ورده‌كاری سروشت و بوونه‌وه‌ران به‌ڵگه‌ی بوونی خوان نه‌ك چاوزهقكردنهوهی ئه‌م نیمچه خوێنده‌وار یا ئه‌وی تر، كه پێی وایه به ده‌نگهه‌ڵبڕین و قیژه‌قیژ و هه‌ڕه‌شه، باوه‌ڕه‌كه‌ی جێگیر ده‌بێ. ململانێی مانه‌وه له نێوان ڕووهكهكانیشدا هه‌یه. له نێوان دڕنده‌ی گۆشتخۆر و ئاژه‌ڵی گیاخۆریشدا هه‌یه. شه‌ڕه‌كه‌و و شه‌ڕه كه‌ڵه‌شێر، كه مه‌به‌ستی جه‌وهه‌ری لێیان له‌ناوچوونی لاواز و مانه‌وه‌ی به‌هێزه، جۆرێكن له ململانێ بۆ مانه‌وه و به‌هێزبوونی جۆر. هه‌مان ئه‌و جۆره ململێیانه له نێوان مرۆڤه‌كانیشدا بووه تا هۆشی مرۆ گه‌یشتۆته ئاستێك یاسای بۆ دابنێ و سنووری بۆ دیاری بكات، ئه‌گه‌رچی یاساش مرۆڤه به‌هێز و ده‌سه‌ڵاتداره‌كان دایانناوون، به‌ڵام هێشتا بوونی ئه‌و یاسایانه له نه‌بوونی یاسا باشتره، به یاساكانی حهموڕابیشهوه. مرۆ یاسای بۆ داگیركردنیش داناوه: ستالینێك ڕاست بووه‌وه و گوتی: ئه‌وه‌ی له سه‌ر خاكی خۆی ده‌وڵه‌تی نه‌بێ ئوممه نییه. ئیدی ده‌روێشه كورده‌كانی ستالین، نه‌فره‌تیان له كوردبوونی خۆیان ده‌كرد و یه‌كه‌م ئه‌ركیان ئه‌وه بوو بیسه‌لمێنن كه كورد ئوممه نییه. زانایه‌كی دینیش گوتی: هیچ میلله‌تێكی ناعارهب، نابێ به زمانی خۆی له خوا بپاڕێته‌وه یا نوێژ بكا یا بانگ بدا... گوتی زمانی ئه‌هلی به‌هه‌شت عاره‌بییه، تا موسوڵمانی ناعارهب هه‌میشه هه‌وڵ بدا ئه‌و كه‌لێنه پڕ بكاته‌وه. گوتیان لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ مردوودا به عاره‌بییه تا هه‌زاران كه‌سی عارهبینهزانی وه‌كو باپیرم و نه‌نكم، كوردبوونی خۆیان لێ به‌ڵا بێ و خه‌می ئه‌وه‌یان بێ بۆچی خوا نه‌یكردن به عاره‌ب! ئیتر ته‌واو، مزگه‌وتی كوردستانیان كرد به چه‌قی ته‌عریب و سووككردنی كورد، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه زمانی كوردی له گرووپی زمانی عاره‌بی نه‌بوو ده‌نا ئێستا مه‌گه‌ر له ئه‌شكه‌وته‌كان و لای ئێزدییه‌كان، ده‌نا زمانی كوردی نه‌ده‌ما. له‌م لایه‌نه‌وه، چ جیاوازییه‌ك له نێوان ئه‌مه و ئه‌وه‌ی پێشتردا هه‌یه؟ هیتله‌رێك هات و گوتی: جوو بۆی نییه هه‌بێ.! پێشتر، له ئه‌وروپا هۆی تاعوونیان بۆ مشك و جوو ده‌گه‌ڕانده‌وه و هۆكاریش ئاین بوو نه‌ك ناسیۆن یا ڕه‌گه‌ز. بهعسێك هات و گوتی: ده‌بێ هه‌ڵه‌بجه بخنكێ و ههڵهبجهییهكیش بڕیار ده‌دا له سووریا و له دژی كورد غه‌زا بكا، تا له‌وێ شه‌هید بێ.! ئه‌وانه به‌رهه‌می دین نین، به‌ڵكو به‌رهه‌می لێكدانه‌وه‌ی سه‌قه‌تن بۆ دین و موسهیلهمهش لێكدانه‌وه‌ی خۆی هه‌بووه. موسه‌یله‌مه ده‌ستی ئه‌مه‌ریكا و ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلی له پشته‌وه نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌مانه‌ی ئێستا گومانی ئه‌وه‌یان لێ ده‌كرێ. كێ ئیسلام له‌و هه‌موو موسهیلهمهیه ده‌رباز بكا؟ ڕێك وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێن: ئه‌و ئه‌شكه‌وته‌ی تۆ هی منه چونكه من سه‌رمامه! عاره‌بیش ده‌ڵێن: ئه‌و خاكه‌ی تۆ هی منه چونكه تۆ خۆت هی منیت! ئاوها حه‌ویجه‌یان داگیر كرد و له‌ڕێی حه‌ویجه‌شه‌وه كه‌ركووك و بوون به سه‌ره‌تانی جه‌سته‌ی كورد. تۆش هه‌ر میزی حوشتره‌كانیان به ده‌رمان بزانه!
ده‌بێ ئاگامان له‌وه‌ش بێ كه ئێمه خۆمان به به‌شه‌ر ده‌زانین و ئاواتمان هه‌یه و به‌ره‌و ئامانجی دیاریكراو هه‌نگاو ده‌نێین و خه‌لقه‌نده‌ی خوداین، به‌ڵام له ڕاستیدا، به‌ردی دامه‌ی گه‌مه‌ی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل و زلهێزهكانین. ئه‌وان بڕیار ده‌ده‌ن چۆن ئه‌م ژیانه كورته‌مان بگوزه‌رێنین. سه‌رۆكی موخابه‌راتی پێشووی ئه‌مه‌ریكا، جه‌یمس وۆلسی، ده‌ڵێ: له دژی ده‌سه‌ڵاتداره عارهبهكان پشتی غهدرلێكراوان ده‌گرین تا ده‌سه‌ڵاتداران بترسێن و به مه‌رجه‌كانمان قایل بن. ئه‌م قسه‌یه كاتێك كراوه، سه‌ددام مابوو. ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر له مه‌سه‌له‌ی عیراق بووینه‌وه، نۆره دێته سه‌ر سووریا و لیبیا و میسری موباره‌كیش. دیتت؟! ئهنجامهكهیت دیت؟! ئه‌و گه‌مه‌یه‌ی ئه‌وان به‌رانبه‌ر لێكدانه‌وه‌ی سه‌له‌فی و شێوازی چوونه ئاوده‌سته‌وه و چۆنیه‌تی شههادههێنان و مه‌سه‌له‌ی میزی حوشتره‌كه‌ی كه‌ڵه‌ك و خۆخاوێنكردنهوه به پاشه‌ڕۆی ئاژه‌ڵ، هه‌ر به قازانجی ئه‌وان ده‌شكێته‌وه، بۆیه باوه‌ڕ ده‌كه‌م ئه‌وانه‌ی بره‌و به‌و باسانه ده‌ده‌ن هاوكاری ئه‌مه‌ریكان... چاوساغ و ڕێنماییكهریانن. ئه‌وان، واته كهڵهگاكانی ئه‌مڕۆی دنیا، له ماوه‌ی سه‌د ساڵدا، چوار شه‌ڕیان بردۆته‌وه: یه‌كه‌م و دووه‌م شه‌ڕی دنیا، شه‌ڕی ساردی دژی سۆڤیه‌ت و ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن دژه تیرۆر كه ده‌ستكردی خۆیانه و چه‌كی خۆیان و ڕاده‌ی خۆڕاگری خه‌ڵكی پێ تاقی ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌ی ئوممه‌تی ئیسلام چی برده‌وه؟ حوور و غیلمان؟! له ڕاستیدا، ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بردیه‌وه، هه‌ر ئه‌وه بووه كه ئوممه‌تی ئیسلام دۆڕاندی و له هه‌ر ململانێیه‌كی نێوان جیهانی ئیسلامی و ئه‌مه‌ریكادا، هه‌میشه چاوێكی ئه‌مه‌ریكا له ڕیزی موسوڵماناندا هه‌یه. من ناتوانم بڵێم (جا به من چی!) چونكه ئه‌وه‌تا گه‌نجی كورد به حوور و غیلمان فریو ده‌درێ و له سه‌ر خاكی داگیركراوی كورددا، شه‌ڕی كوردی پێ ده‌كرێ و نه‌ته‌وه‌كه‌مان له دوو لاوه زه‌ره‌ر ده‌كا.
له فیلمێكی دۆكیومێنتیدا چه‌كدارانی داعش سێ گه‌نجیان گرتووه و لێیان ده‌پرسن: نوێژی به‌یانی چه‌ند ڕكاته و هی عه‌سر چه‌نده؟ كه نهیانزانن، هه‌ر وا وه‌ك ئه‌وه‌ی چۆله‌كه بكوژن، كوشتیانیان. كه‌واته ئه‌وه‌ی نه‌زانێ نوێژ بكا ده‌كوژرێ، جا موسوڵمان بێ یا ناموسوڵمان. ئه‌رێ پێغه‌مبه‌ری ئیسلام وای ده‌كرد یا ئه‌مه ئایه‌تێكی تازه‌یه و له ئه‌مه‌ریكاوه به سه‌ر داعشدا دابه‌زیوه.؟! ئه‌ی ئه‌و موجاهیدانه بۆچی به‌رانبه‌ر ئیسرائیل ئاوها تیژ و تێژ توند نین؟ ئه‌ی بۆچی ئه‌و كه‌سه ناكوژن كه ئه‌و كڵاشینكۆفهی دروست كرد كه ئه‌و گه‌نجانه‌یان پێ كوشت؟ ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ هه‌موو ناموسوڵمانێك بكوژرێ، پێویسته ئوممه‌تی ئیسلام ئه‌وه‌نده پێشكه‌وتوو بێ ئه‌و ئه‌ركه‌ی پێ جێبه‌جێ بكرێ نه‌ك به چه‌كی ڕووسی غه‌زا له دژی هاوڵاتیانی خۆی بكا و كه فیشه‌كی نه‌ما، ئیتر په‌كی بكه‌وێ. ئایه ئوممه‌تی ئیسلام ئاوها سه‌ركه‌وتوو ده‌بێ؟ قهراردانیش بۆ كوشتنی ناموسوڵمان، بیانووه بۆ بوودییه‌كان كه له بورما موسوڵمانان قڕ ده‌كه‌ن، یا جووله‌كه، كه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك خۆیان له عاره‌ب ده‌پارێزێن. جووله‌كه‌كانی به‌غدا، له هه‌موو سه‌رده‌می عوسمانی‌دا، پێش ئه‌وانیش له سه‌رده‌می عه‌باسی و ئه‌مه‌ویدا له به‌غدا مانه‌وه و كه‌س قڕی نه‌كردن، كه‌چی له سه‌روبه‌ندی شه‌ڕی ڕه‌شید عالی، عاره‌ب تێیانكهوتن و كه‌وتنه كوشتن و تاڵانكردنیان و ئه‌وانیش دواتر بوون بو بونیاتنه‌ر و دروستكه‌ری ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل، به‌ڵام و هه‌زار به‌ڵام: توركی عوسمانی به درێژایی حوكمی خۆیان فه‌له‌ستینیان نه‌دۆڕاند، كه‌چی هه‌ر كه فه‌له‌ستین كه‌وته‌وه ده‌ستی عاره‌به‌وه، یه‌كسه‌ر و گورج، نه‌یانهێشت چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك تێپه‌ڕێ، دۆڕاندیان!!
ئه‌گه‌ر به‌و توندوتیژییه بوایه كه عاره‌ب به جووی به‌غدایان كرد، قه‌ت نه‌ده‌بوو فه‌له‌ستین بدۆڕێنن!! ئه‌مه وا ناگه‌یه‌نێ كه خۆیان پێ به‌ڕێوه ناچێ؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وان خۆیان پێ به‌ڕێوه نه‌چێ، له منت ده‌وێ وڵاته‌كه‌م به‌ڕێوه ببه‌ن، ده‌نا ناسیۆنالستم؟! ئه‌گه‌ر من و كه‌سانی وه‌كو من، كه به نه‌ته‌وه‌یی ناسراوین، له هێلكه‌ی نازییه‌كانیش سه‌رمان ده‌رهێنابێ، به قه‌ده‌ر ژینگه‌پارێزێكی سویدی یا ئه‌ڵمانی، یا ته‌نانه‌ت به قه‌ده‌ر كۆمۆنستێكی ئه‌وان، كه به حیساب ئینتهرناسیۆنالسته، وڵاتی خۆمان خۆش ناوێ و پارێزگاری لێ ناكه‌ین و له ئاستیدا ده‌ست و ده‌م و داوێنپاك نین، جا چجای كه‌سێك نه‌ته‌وه‌یی نه‌بێ و سه‌ر به باوه‌ڕێكی جیهانی بێ، وه‌كو كۆمۆنستێك یا مهزههبییهك!!
بزاڤ پرێس: پێناسه‌ی تۆ وه‌ك كه‌سێكی نه‌ته‌وه‌یی بۆ ناسیۆنالیزم چیه؟!
حه‌كیم كاكه‌وه‌یس: ئه‌گه‌ر پێت وایه ناسیۆنالست، یا كوردی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وه‌یه ده‌ستدرێژی بكاته سه‌ر خه‌ڵك، ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر مافی خه‌ڵك و خاكی خه‌ڵك، له بوون و ویژدانی مندا نییه... نه‌شمدیوه نه‌ته‌وه‌ییه‌كی كورد چاوی له داگیركردنی ئه‌ودیو حه‌مرین بڕیبێ، به‌ڵام ئیسلامی و كۆمۆنستی عاره‌ب، چاویان له داگیركردنی حاجی ئۆمه‌رانیش بڕیوه چجای بگات به به‌عسی و قه‌ومی، یا به قه‌ولی جه‌نابت، ناسیۆنالسته‌كانیان. من وه‌ك ئاین ته‌ماشای باوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی یا ناسیۆنالیزم ناكه‌م و ئیتر ته‌واو له ملم نه‌بێته‌وه. فه‌رموو مه‌لایه‌كی وه‌ك قازی محه‌مه‌د یا شێخ مه‌عشووقی خه‌زنه‌وی بێنه به دڵی من داوای مافی نه‌ته‌وه‌كه‌م بكا، من ده‌ستبه‌رداری ناسیۆنالیزم ده‌بم، به‌ڵام هه‌تا لایه‌نی ئیسلامی، كورد بخاته په‌راوێزه‌وه و به موالێتی ڕایگرێ، نا، لایه‌نگری نیم.
به‌ڵام كوردیش وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی سه‌ربه‌خۆ، (خه‌ڵك)ێكن له‌و خه‌ڵكانه‌ی خوا و به‌ر ئه‌و پێوانه‌یه ده‌كه‌ون... واته نابێ ده‌ستدرێژی بكرێته سه‌ر مافی كورد و خاكی كوردیش. ئه‌وه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانن ئه‌و هه‌سته‌یان هه‌یه نه‌ك كه‌س و لایه‌نی كۆمۆنست یا ئیسلامی. تۆ وه‌ك كوردێك، بۆ ئه‌وه ناچیت كه نا‌توانیت به‌رگری له ئهپۆرژینهكانی ئوسترالیا بكه‌یت ئه‌گه‌رچی زۆریشیان لێ ده‌بنه موسوڵمان، بۆ هندییه سووره‌كانی ئه‌مه‌ریكا هیچت پێ ناكرێ، یا فه‌له‌ستینییه‌كان، كه میلله‌تێكی زۆرینه موسوڵمانیشن، یا بۆ موسوڵمانه قڕكراوهكانی بۆرما، من و تۆی بێ ده‌سه‌ڵات و بێ كیان چیمان پێ ده‌كرێ؟. ئیسلام ده‌یه‌وێ به‌رگری له موسوڵمانه‌كانی بۆرما بكه‌یت، به‌ڵام له به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ته ئیسلامییه عاره‌بییه‌كاندا نییه و تۆش كڕ ده‌بی و هه‌ر به ته‌كبیر به‌رگریان لێ ده‌كه‌یت. به‌ڵام خه‌ڵكی (بورما)ش له دژی ئیسلام ته‌كبیری خۆیان هه‌یه و به لاته‌وه ئاساییه چونكه فه‌رمانی سعوودیه و شێخه‌كانی خهلیجت پێ نییه. ئه‌وه‌ی ده‌توانێ به‌رگرییان لێ بكا، میلله‌ته خاوه‌ن كیانهكانن. عاره‌ب، تورك، پاكستانی... ئه‌وانه ده‌نگیان ده‌بیسترێ. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم به‌رگری له‌و غهدرلێكراوانه بكه‌م، ده‌بێ هه‌بم و كه‌سایه‌تی خۆمم هه‌بێ نه‌ك په‌راوێزی ئه‌م و ئه‌و بم و هه‌ر یه‌كه و به پێی مه‌زه‌بێكی دینی یا فه‌لسه‌فی به بهردێكمدا بدا بێ ئه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندیم حیساب بكا.
سه‌لاحه‌ددینی ئه‌ییوبی، ئه‌گه‌ر ده‌ستڕۆیشتوو نه‌بوایه، چۆن قودسی ڕزگار ده‌كرد؟ سه‌لاحه‌ددین بڕیاری ده‌دا و هه‌نگاوی ده‌نا و جێبه‌جێی ده‌كرد، چونكه وه‌ك ده‌سه‌ڵاتدار بوونی هه‌بوو نه‌ك وه‌ك سه‌ربازێكی فهرمانپێكراوی پیاده‌ی موالی و بێ ئیراده‌ی ژێرده‌سته!
تۆ بڵێی له دوای سه‌لاحه‌ددینی ئه‌یوبییه‌وه چه‌ند سه‌لاحه‌ددینی نائهیوبی بێ ئیراده‌مان لێ هه‌ڵكه‌وتبێ و به بێ ئه‌وه‌ی به‌ردێ بۆ كه‌س بخاته سه‌ر به‌ردێك، سه‌ری نابێته‌وه؟!
ده‌كرێ هه‌بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان بۆ خزمه‌تی سه‌رجه‌می مرۆڤایه‌تی بێ و ده‌ستمان له هه‌موو كارێكی خێردا هه‌بێ. له سه‌رده‌می سه‌لاحه‌ددیندا توركه سه‌لجووقییه‌كان له ناوجه‌رگه‌ی كوردستاندا ده‌وڵتیان دامه‌زراند و قۆنیایان كرد به پایته‌خت و بوون به‌و ده‌وڵه‌ته داگیركه‌ره‌ی ئێستا، به‌ڵام سه‌لاحه‌ددین كه بوو به سوڵتان، ئاوڕی له قۆنیا نه‌دایه‌وه و به‌ره‌و قودس چوو! پێم مه‌ڵێ ئه‌و ده‌مه هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی نه‌بووه، چونكه پێش ئه‌و به سه‌دان ساڵیش عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب هه‌ستی قه‌ومی هه‌بووه. ده‌ی كاكه تۆش وه‌ك سه‌لاحه‌ددینی ئه‌یووبی بچۆ شوێنێك بۆ عاره‌ب ڕزگار بكه و بیر له‌و ژه‌هره مه‌كه‌وه كه به سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌كه‌ی خۆتدا باری و كار وا بڕوات، جارێكی تریش به سه‌ریدا ده‌بارێ.
ئیدی ده‌توانی له‌و باسانه‌دا پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردی، هیچ نه‌بێ له ناخی مندا بدۆزیته‌وه و به كه‌یفی خۆت دایڕێژیت و تۆش وه‌كو من به‌و ئه‌نجامه بگه‌یت كه كوردایه‌تی كورد مرۆڤایه‌تییه و ئه‌گه‌ر دڵیشت نایگرێ، بڵێ كوردایه‌تی موسوڵمان موسوڵمانهتییه!... من به‌مه‌ش ڕازیم.
كوردی نه‌ته‌وه‌یی ده‌یه‌وێ نه‌ته‌وه‌كه‌ی خاوه‌ن ئیراده و بڕیار بێ، نه‌ك هه‌میشه بڕیاری بۆ بدرێ و بڕیاری به سه‌ردا بدرێ. هه‌رچی و هه‌ر كه‌سێك ئه‌و مافانه له كورد زه‌وت بكا، من ڕه‌تی ده‌كه‌مه‌وه با ئیمامی شافعیش بێ كه له حاڵه‌تی هه‌بوونی ده‌وڵه‌تێكی كوردیدا، عارهبێك ده‌كاته فه‌رمانڕه‌وای.!
من جگه له یه‌ك خودا، كه‌س به خودا نازانم و خه‌سڵه‌تی خوایه‌تی به یه‌ك به‌شه‌ر ناده‌م، جا چوار خه‌لیفه‌كه‌ی دوای پێغه‌مبه‌ر بن یا ئیمامی شافعی، یا خه‌لیفه ئه‌مه‌وییه‌كان... پێدا وه‌ره و به سه‌ر عوسمانلییهكاندا باز بده تا ده‌گه‌یته به‌رپرسێكی حیزبه ئیسلامییه‌كانی كوردستان یا هه‌ر كه‌سێكی تۆ ده‌یڵێیت، كه هه‌موویان به‌شه‌رن و به‌شه‌ریش ڕێی هه‌ڵه‌كردنی لێ نه‌گیراوه. ئیتر له ناو خه‌لیفه و میره‌كاندا، ئه‌م چاكه و ئه‌و خراپ، به لای منه‌وه ئه‌وپه‌ڕی ئاساییه و به كوفرزانینی ڕه‌خنه له هه‌ر خه‌لیفه‌یه‌ك، خۆی له خۆیدا كفره، چونكه بهرزكردنهوهیهتی بۆ ئاستێك كه هی خوایه، ئه‌گه‌رچی كوفر جۆریشی زۆره. من وا ده‌بینم هیچ كام له خه‌لیفه‌كان، به ڕاشدینیشهوه نه‌گه‌یشتۆته عومه‌ری كوڕی عه‌بدولعه‌زیز، چونكه ئه‌و له هه‌موویان به‌رانبه‌ر به ناعارهب ئینسانی‌تر بوو و ئه‌گه‌ر ئینسانییه‌ت له ناو ئیسلامییه‌كان و ته‌نانه‌ت موسوڵمانانیشدا هه‌بێ، ئیسلامیتریش بوو. ئه‌و، باجی له سه‌ر كورد (موالییهكان) هه‌ڵگرت، له كاتێكدا پێشتر، ئه‌گه‌رچی موسوڵمانیش بووین، وه‌ك موالی باجمان ده‌دا و ئیبن خه‌لدوون له‌و باره‌یه‌وه كه‌می نه‌گوتووه. دوای ئه‌ویش باج گه‌ڕایه‌وه سه‌رمان. له به‌ر ئه‌وه زات ده‌كه‌م بڵێم: بۆ كورد، گه‌شترین سه‌رده‌می ئیسلام له ماوه‌ی ١٤٠٠ ساڵدا، سه‌رده‌می ئه‌و زاته به‌رز و پیرۆزه بووه. ئاخر ئه‌و قه‌بووڵی نه‌كرد پارچه زێڕێك به ملی ژنه‌كه‌یه‌وه بێ، به‌ڵام ئه‌وانی تر جلی زێڕكفتیان له‌به‌ر ده‌كرد. یه‌كێ له خه‌لیفه‌كان، ناوی خوا و په‌یامبه‌ر و وێنه‌ی مه‌ككه‌ی به زێڕ له عاباكه‌ی نه‌خش كردبوو! هی وایان هه‌بوو كورسییه‌كه‌ی به زێڕ ده‌نه‌خشاند و زێڕیش له خه‌راج و باجی ئه‌و خه‌ڵكه‌وه ده‌هات و كوردیش به‌شێكی بوو.
عاره‌ب، میلله‌تێكی بیاباننشینن و ئاساییه وه‌ك هه‌ر گیانه‌وه‌رێكی بیابان خه‌سڵه‌تی تایبه‌تی خۆیان هه‌بێ، وه‌ك ئاساییه كوردی شاخنشین یا ئهسكیمۆییهكانی ته‌وه‌ری باكووری زه‌وی خه‌سڵه‌تی تایبه‌تی خۆیان هه‌بێ. ئاساییه عاره‌ب به حوشتر حیسابی كه‌شوهه‌وای ناوچه‌ی خۆیان بكه‌ن و كورد بزانێ كه‌ڵی شاخ، كه‌ی و بۆ چاو له گه‌لاوێژ ده‌بڕێ تا كوێر ده‌بێ و ئهسكیمۆیی چ حیسابێك بۆ سه‌گ ده‌كا و چ كاتێ ورچی سپی به لاوه پیرۆزه. نه‌ریتی بیابان ئه‌م شیعره‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه:
إنما العاجز من لا یستبد!
شیعره‌كه‌ش، هی سه‌رده‌می عهبباسییهكانه. شمشێری بیاباننشین، خۆی له خۆیدا نیشانه‌ی ده‌ستدرێژی و كه‌ڕ و فه‌ڕه، جا ئیسلام هه‌بێ یا نه‌بێ، ئیسلام بووبێ یا نه‌بووبێ، ئاشكرایه ئه‌و چه‌كه چ جۆرێكه. چ دینێك یا مه‌زه‌بێك و فه‌لسه‌فه‌یه‌ك خه‌سڵه‌تی بیابان له زنده‌وه‌ری بیابان ده‌سێنێته‌وه و خه‌سڵه‌تی دانیشتووی ئهسكیمۆی پێ ده‌دا؟! دین، خۆی له‌گه‌ڵ بیاباننشین و شمشێردا گونجاند و ئه‌وان قه‌ت له‌گه‌ڵ دیندا نه‌گونجان. خه‌نجه‌ریش دیاره نیشانه‌ی به‌رگرییه و سروشتی ژیانی شاخ وای ویستووه... پێم خۆشه ئه‌م سه‌رنجه، به پێی خه‌سڵه‌ت باس بكه‌م:
فارسیش وه‌ك عاره‌ب خاكی كوردیان داگیر كردووه، به‌ڵام له سه‌ره‌تای شه‌سته‌كانه‌وه تا پێش ڕووخانی به‌عس، كورد په‌ناهه‌نده‌ی له ئێران‌دا هه‌بووه. ڕاسته سه‌رمای بووه و برسی بووه و جێیه‌كه‌ی قوڕاوی بووه، به‌ڵام نه‌بووه بێن ئافره‌تی لێقه‌وماوی كورد بۆ موتعه‌ی خۆیان به پاره و به پێی شه‌رع بكڕن یا ببه‌ن یا زه‌وت بكه‌ن. نه‌بووه برسێتی و لێقه‌ومانی ئه‌و خه‌ڵكه بكه‌ن به ده‌رفه‌ت بۆ كردنی كاری جنسی له‌گه‌ڵ منداڵی ده دوانزه ساڵاندا. به‌ڵام كاتێ سوورییه‌كان لێیان قه‌وما، شیخه عاره‌به‌كانی سعوودییه و خه‌لیج و ئه‌رده‌ن و ته‌نانت ده‌وڵه‌مه‌ندی میسریش، له بری پشتگیریكردنیان و هاوكاریكردنیان، هه‌موو كهتنێكیان به سوورییه‌كان كرد تا ئه‌وه‌ی به ٥٠٠ یا ٦٠٠ دۆلار كچی ١٢ ساڵه‌یان بۆ كاتی دیاریكراو لێ ده‌كڕین، له كاتێكدا هاوڵاتیانی ئه‌وروپای ناموسوڵمان كۆمه‌كیان بۆ ده‌ناردن و ته‌له‌ڤزیۆنی ئیسرائیل، بۆ به‌راوردكردنی خۆشی بووبێ له‌گه‌ڵ عاره‌بدا، هه‌واڵه‌كانی بڵاو ده‌كرده‌وه! ئا ئه‌وه‌یه خه‌سڵه‌تی بیابان كه به‌رانبه‌ر خۆیان ده‌یكه‌ن جا ده‌بێ به‌رانبه‌ر غه‌یری خۆیان چی بكه‌ن یا چی‌یان كردبێ و ده‌بێ ئه‌نفالكردنی كوردیان چه‌ند پێ ئاسایی بووبێ! هه‌ر له سووریاوه خه‌ڵك په‌نایان بۆ كوردستانیش هێنا به‌ڵام ئه‌و نامهردییهیان به‌رانبه‌ر نه‌كرا و لێقه‌ومانی ئه‌و خه‌ڵكه‌یان وه‌ك ده‌رفه‌ت بۆ شكاندنی كه‌رامه‌ت نه‌قۆسته‌وه. ئه‌وه‌شی له كچه كوردێكی شانزه ساڵی قه‌وما، جۆره تاوانێكه له هه‌موو شوێنێكی جیهاندا ڕوو ده‌دات.
دڵ و هه‌ستی بیاباننشین، وه‌ك سروشتی بیابان ڕه‌قه و مه‌سه‌له به‌وه كۆتایی نایێ بڵێین به‌عسییه‌كان وایان كرد و نابه‌عسی شتی وا ناكا، چونكه یه‌زید و خالیدیش هه‌مان بابه‌ت بوون و هه‌مان كاریان ده‌كرد. تۆ به‌زه‌ییت به تووتكه سه‌گدا دێته‌وه، كه‌چی ئه‌وان له نوگره‌سه‌لمان، به پۆستاڵه‌وه پێیان ده‌خسته سه‌ر ملی منداڵی برسی و نه‌خۆش و به به‌ر چاوی دایكیه‌وه ده‌یانكوشت. خۆ سه‌ددامی به‌عسی به دیاریانه‌وه نه‌بوو فه‌رمانی ڕاسته‌وخۆیان به سه‌ردا بدا.
بزاڤ پرێس: ئایا ناسیۆنالیزم به‌رنامه‌یه‌كی گشتگیره تێڕوانینی بۆ هه‌موو دیارده و رووداوێك هه‌یه، بۆچونی تایبه‌تی هه‌یه له‌باره‌ی بونیادنانی كه‌سێتی تاك و خێزان و گرفته كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و سیاسیه‌كان.. هتد وه‌ك چۆن له ئیسلامدا هه‌یه...؟!!
حه‌كیم كاكه وه‌یس: ئه‌گه‌ر بڵێی ناسیۆنالیزم، كه تۆ پێت خۆشه وا ناوی ببه‌یت، هاوكێشه‌ی ئاڵۆزی كیمیایی و بیركاری پێ شی ده‌كرێته‌وه و هه‌ر كه بوویت به ناسیۆنالست ئیتر فڕۆكه به‌رهه‌م دێنیت، نه‌خێر وا نییه. ئه‌گه‌ر بڵێیت كێشه‌ی نێوان ئیمان و ئیلحاد چاره‌سه‌ر ده‌كا یا پێشبینی بوومه‌له‌رزه ده‌كا، ئه‌وه‌ش وا نییه. بیری نه‌ته‌وه‌یی ڕووناكاییه‌كه بۆ ئازادبوونی میلله‌تێكی ژێرده‌سته كه كورده. بیری نه‌ته‌وه‌یی خیانه‌ت به گوناحێكی (كه‌بیره) ده‌زانێ، جا به هه‌ر هۆیه‌كه‌وه بێ: دین، فه‌لسه‌فه یا ئایدۆلۆژیا. ئه‌و دینه‌ی بیه‌وێ من خیانه‌ت له نه‌ته‌وه‌كه‌م بكه‌م، به لای منه‌وه دین نییه. ئه‌و منه‌وه‌ره كوردانه‌ی دوای یه‌كه‌م جه‌نگی جیهانی، كه هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تییان لاواز بوو یا نه‌بوو، بوون به هۆكار، یا هاوكاریكه‌ری دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عیراق و سوپاكه‌ی. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییان باڵا بوو، وه‌ك پیره‌مێرد و ڕه‌فیق حیلمی، هیچیشیان بۆ كورد پێ نه‌كرابێ، له‌و تاوانه گه‌وره‌یه‌دا به‌شدار نه‌بوون! ئه‌وه كه‌م نییه.
جه‌نابت زاراوه‌ی ناسیۆنالیزم به جۆرێ به‌كار دێنیت وه‌ك ئه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی كوردی، یا ناسیۆنالسته كورده‌كان له هه‌ناوی هیتله‌ر بهربووبێتنهوه، به‌ڵام ئه‌وه‌تا ناسیۆنالستی كورد ئه‌وپه‌ڕه‌كه‌ی، به‌شداری له خیانه‌تدا نه‌كردووه. له دروستكردنه‌وه‌ی عیراق و سوپاكه‌ی، دوای ڕووخانی به‌عس، دیسان هه‌موو لایه‌ك ڕۆڵیان هه‌بوو نه‌ته‌وه‌ییه‌كان نه‌بێ، كه دواتر وه‌ك ڕێكخراو مه‌ودای بوونیشیان نه‌ما.
میلله‌تی سه‌رده‌سته ناسیۆنالست بێ، ده‌بێته نازی و فاشیی و به‌عس. به‌ڵام ناسیۆنالیزم بۆ میلله‌تی ژێرده‌سته ڕۆحی به‌رگریكردنه له خۆ و خاك و ژیان و بوون. تۆ و هه‌زاران گه‌نجی كورد، عاشقی باوه‌ڕن. جا باوه‌ڕه‌كه ئاین بێ یا فه‌لسه‌فه یا هه‌ر چییه‌كی تر، گرنگ ئه‌وه‌یه له مه‌سه‌له‌كه‌ی خۆتان، كه كێشه‌ی كورده، دوور بن، ئه‌گه‌ر به‌ربه‌ست نه‌بن! كوا كام حیزبی ئیسلامی له باشوور، یه‌ك جاریش باسی شێخی شه‌هید، مه‌عشووق خه‌زنه‌وی كردووه؟ ئه‌گه‌ر خه‌زنه‌وی نوێنه‌ری موسوڵمانان بێ، له من موسوڵمانتر نا‌بینیت. ئه‌و زانایه‌كی دینی بوو به‌ڵام ده‌یدیت میلله‌ته‌كه‌ی خۆی چ غه‌درێكی لێ ده‌كرێ. هه‌زاران مه‌لا له ڕۆژاوای كوردستاندا هاتن و چوون و كه‌س به‌ردێكی نه‌خسته به‌ر پییان چونكه عاشقه عاره‌ب بوون و دژی به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ته كۆیله‌كه‌ی خۆیان ده‌دوان. به‌ڵام خهزنهوییان كوشت. من ئاماده‌م بۆ تهبهڕوك پێڵاوه‌كانی خه‌زنه‌وی بخه‌مه سه‌ر سه‌رم به‌ڵام ئاماده نیم گوێ له قسه‌ی سه‌ركرده‌ی حیزبێكی ئیسلامی باشوور بگرم كه گه‌نجی كورد بۆ غه‌زاكردن له دژی كورد هان ده‌دا، جا خوای ده‌كرد هه‌موو شه‌وێ له خه‌وندا نان و پیازی له‌گه‌ڵ خوای گه‌وره‌دا ده‌خوارد نه‌ك پێغه‌مبه‌ر.
كاكه من ئه‌و ناسیۆنالسته نیم له هه‌ناوی ئه‌وروپا به‌ربۆته‌وه به‌ڵكو ئه‌وه‌م له دێڕ و لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌حمه‌دی خانییه‌وه په‌ڕیوه‌ته هۆشمه‌وه. بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌های كورد، دژه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، ئیسلامی و نا ئیسلامی، مێژووی نه‌ته‌وایه‌تی (كه پێی ده‌ڵێن ناسیۆنالیزم) بۆ شۆڕشی فه‌ره‌نسا ده‌گێڕنه‌وه. به‌ڵام من ده‌ڵێم: بوه‌سته!! ئه‌حمه‌دی خانی پێش فه‌ره‌نسییه‌كان كه‌وتۆته‌وه!! به‌ر له هه‌موو كه‌س به تۆ ده‌ڵێم ئه‌وجا به ماركسییه‌كان و فه‌یله‌سووفه كورده تازه‌كان، كه به قه‌ده‌ر یه‌ك له دژی به‌رژه‌وه‌ندی كورد ده‌دوێن. یه‌كه‌م جار به تۆ ده‌ڵێم، چونكه كۆمۆنستهكان ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌یان به‌ره‌و باوه‌شی نه‌ته‌وه‌ی خۆیان هه‌یه، به‌ڵام جه‌نابت ڕێت له خۆت گرتووه. سه‌یروسه‌مه‌ره‌ش ئه‌وه‌یه ئێستا ئه‌وه‌ی باوه، فڕی به سه‌ر خواوه نییه، به‌ڵكو حور و غیلمان شێتی كردوون و كه‌س له بیری نییه بڵێ: "خوایه له خۆشی به‌هه‌شت و ترسی دۆزه‌خ ناتپه‌رستم، به‌ڵكو ده‌تپه‌رستم، چونكه شایسته‌ی په‌رستنیت!" كه لووتكه‌ی خواویستی و خواپه‌رستییه.
بزاڤ پرێس: زۆر كه‌سی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ن پیان وایه نابێت ئیسلام وه‌ك ئایدۆلۆژیا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت چونكه ئیسلام دینێكی پاك و بێگه‌رده بیرمه‌ندانی ئیسلامیش ئه‌مه ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه. ئایا هه‌مان قسه‌ش بۆ نه‌ته‌وایه‌تی راست نیه كه نابێ دۆزیی نه‌ته‌وه‌یی له‌گه‌ڵ ململانێی سیاسی تێكههڵكێشرێ..؟!
حه‌كیم كاكه‌وه‌یس: له ڕاستیدا، شێوازی سیاسه‌تكردنی ئێمه، شێوازی به‌رانبه‌ر ده‌ستنیشانی ده‌كا. ئه‌گه‌ر دوژمن خه‌ریكی فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازی بێ به‌رانبه‌رمان، ده‌بێ ئێمه‌ش شتێ له فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازی بزانین. ئێمه وه‌ك موسوڵمان، ناتوانین له سه‌ر ئه‌و قسه‌یه بڕۆین كه (به قسه‌ی جه‌رجیس فه‌تحوڵای محامی) حه‌زره‌تی مووسا گوتوویه‌تی: له‌گه‌ڵ ڕاستگۆدا ڕاستگۆ به و له‌گه‌ڵ درۆزندا درۆزن به، چونكه موسوڵمان نابێ له‌گه‌ڵ كه‌سدا درۆزن بێ. به‌ڵام حیزبێكی عه‌لمانی یا عیلمانی ئه‌وه‌ی پێ ده‌كرێ و به لایه‌وه ئاساییه. عیسا په‌ژمان گله‌یی ئه‌وه‌ی له مه‌لا مسته‌فا هه‌یه كه پشتی قورئانی بۆ شای ئێران ئیمزا كردووه بۆ ئه‌وه‌ی خیانه‌تی لێ نه‌كا و دوایی خیانه‌تی لێ كردووه. ئه‌گه‌ر له ڕووی سیاسییه‌وه له‌و مه‌سه‌له‌یه بڕوانین، من ده‌ڵێم: هه‌زار جار ده‌ستی خۆش بێ و خۆزگه له‌و فێڵه سه‌ركه‌وتوو بوایه! به‌ڵام تۆ، وه‌ك ئیسلامییه‌ك ده‌ڵێی چی؟!
منیش پێم وایه به تێكه‌ڵكردنی ئیسلام له‌گه‌ڵ سیاسه‌تدا، به تایبه‌تی له‌م سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیایه‌دا، ئیسلام عه‌یبدار ده‌بێ. له سه‌رده‌می چوار خه‌لیفه‌كه‌ی ئیسلامه‌وه تا ڕووخانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، موسوڵمانان به حیساب به پێی شه‌ریعه‌ت حوكمیان كرد، به‌ڵام دوو سه‌د یا سێ سه‌د ساڵی سه‌رده‌می عه‌باسییه‌كانی لێ ده‌رچێت، جیهانی ئیسلامی هه‌میشه له دوای خه‌ڵكه نا موسوڵمانه‌كانه‌وه بووه. زانایه‌كی موسوڵمان بێت و فیزیا و بیركاری و فه‌لسه‌فه له موسوڵمانان حه‌رام بكا، چۆن پێش ده‌كه‌ون؟ ئاگام له‌وه هه‌یه به‌غدای عه‌باسییه‌كان له ڕووی زانسته‌وه پێش هه‌موو جیهان كه‌وتنه‌وه، به‌ڵام با له خۆمان بپرسین ئه‌و پێشكه‌وتنه بۆچی له جێی خۆیدا چه‌قی؟! وشه‌ی جه‌بر و ناوی هه‌ندێ ئه‌ستێره، كه ئێستا ده‌ستم پێیان ناگا، به عاره‌بین و هه‌تا ئێستاش به‌كار دێن، هه‌موویان بۆ سه‌ده‌ی نۆ و ده و یانزه‌ی زاینی ده‌گه‌ڕێنه‌وه. زانایه‌كی ناسا ڕاوه‌ستانی ئه‌و پێشكه‌وتنه بۆ ئیمامی غه‌زالی ده‌گێڕێته‌وه كه فه‌لسه‌فه و هه‌ندێ زانست و لۆژیكی حه‌رام كرد. جووله‌كه‌كان، كه به قه‌ده‌ر هه‌موو دنیا خه‌ڵاتی نۆبلیان بۆ خۆیان قۆرخ كردووه و عاره‌بیش یه‌ك یا دوویان به‌ركه‌وتووه، ئه‌و یه‌ك دووه‌ش به خیانه‌تكار ناوزه‌د كراوون.
با ئه‌وه‌ش بڵێم له ڕواڵه‌تدا، ئیسلامییه‌كان خوایه‌كیان هه‌یه لێی بترسێن و له خۆشی به‌هه‌شت خۆ له دزی و خیانه‌ت لاده‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ش تێكده‌دا، شێوه‌ی ته‌فسیری ئه‌م زانا و ئه‌وی تره. كه زانایه‌ك شۆڕشی له كورد حه‌رام كرد، من و تۆ ده‌بێ بیر له‌و شۆڕشانه بكه‌یه‌نه‌وه كه مه‌لاكان ئه‌نجامیان دا... سه‌ید ڕه‌زا و شێخ سه‌عیدی پیران و شێخ مه‌حموود... هه‌موو پیاوی ئاینی بوون به‌ڵام لێكدانه‌وه‌یان بۆ ئیسلام له به‌رژه‌وه‌ندی كورددا بوو، ئیتر چۆن ئێستا نیمچه فه‌قێیه‌ك فه‌توا ده‌دا گه‌نجی كورد له دژی كورد غه‌زا بكا؟! تۆ بڵێی ئه‌م گه‌نجه له مه‌لای گه‌وره زاناتر بێ؟!
به‌ڵێ من پێم وایه ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌كرێ، بۆ ئه‌وه‌یه ئیسلام سووك بكه‌ن، ئه‌وجا موسوڵمانان ڕیسوا بكه‌ن. چاره‌سه‌ری ده‌ستدرێژی ئه‌مه‌ریكا به‌وه ده‌بێ گه‌نجێكی كورد له قامیشلو خۆی بته‌قێنێته‌وه؟ ئه‌مه‌ریكا چ په‌كی به‌وه كه‌وتووه له كه‌ركووك كێ ده‌كوژرێ یا ناكوژرێ؟! ئه‌وه گه‌مه‌یه‌كی گڵاوه به موسوڵمانانی ده‌كه‌ن به تایبه‌تی كوردی موسڵمان. به‌ڵێ خۆزگه ئاینی ئیسلام وه‌ك په‌نجا ساڵ پێش ئێستا به جوانی ده‌مایه‌وه و به سیاسه‌ته‌وه نهدهگلا.
كام بیرمه‌ندی ئیسلام ئه‌وه ڕه‌ت ده‌كاته‌وه كه ئه‌م ئاینه له سیاسه‌ت دوور بێ؟ وه‌هابییه‌كانی سعوودیه ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه؟ ئه‌وان كلكیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل تێكه‌ڵه و ئه‌مه‌ریكا پارێزگاری‌یان لێ ده‌كا و تاوانكاری وا بۆ جیهاد ده‌نێرن حوكمی ئیعدام دراون و ئابڕووی ئیسلامیان برد. ئیسلام كه بوو به ده‌سه‌ڵات به ده‌ستی نهزانێكی نه‌خوێنده‌واره‌وه، ده‌بێ به‌وه‌ی كه ئیستا له دوای هه‌موو دنیاوه‌یه. ته‌ماشای ده‌وروبه‌ری خۆت بكه: جلوبه‌رگت، كه‌ره‌سه‌ی ماڵه‌كه‌ت، بهرماڵهكهت، قیبلهنوماكهت... كامیان به‌رهه‌می ده‌ستی موسوڵمانه؟! ئه‌مه‌ریكا یه‌ك مه‌لای بێ‌ویژدان بكڕێ، میلله‌تێك ده‌كڕێ و به لاڕێیدا ده‌با. مه‌ترسییه‌كه له‌وێدایه. چۆن بزانم بڕیاردان له دژی كوردی ڕۆژاوا و شه‌ڕكردنیان ویستێكی ئیسرائیلی یا ئه‌مه‌ریكایی نییه كه به فه‌توا ڕاگه‌یه‌ندراوه؟ چما كه‌میان مه‌لا كڕی؟ كه‌م مه‌لا بوون به پیاوی تورك و فارس و عاره‌ب و له دژی میلله‌تی خۆیان جمان؟! یه‌كه‌م دابه‌شكردنی خاكی كوردستان به هۆی مه‌لایه‌كی كورده‌وه بوو (مه‌لا ئیدریس) كه ئه‌و ده‌مه موفتی عوسمانی بوو. یه‌كه‌م قڕان كه كه‌وته ناو ئێزدییه‌كانی سه‌رده‌می پاشای كۆره‌وه، (هه‌ڵه‌م نه‌كردبێ) به فه‌توای (ابن السعود العمادی) بوو... كه‌م مه‌لا فه‌توای بۆ ئه‌نفالی كورد دا؟! كه‌میان حاشایان له‌وه كرد سه‌ددام كیمیاوی له هه‌ڵه‌بجه به‌كار هێنابێ؟ دیسان ئه‌و پرسیاره دووپات ده‌كه‌مه‌وه: بۆچی شێخی خهزنهوییان كوشت و شێخی له‌و گه‌وره‌تریان نه‌كوشت؟! ئه‌ی ئه‌م حیزبه ئیسلامییانه‌ی باشووری كوردستان، بۆچی گوتارێكی ئه‌و زاته بڵاو ناكه‌نه‌وه و خه‌ڵك له ڕێبازه‌كه‌ی ئاگادار ناكه‌نه‌وه؟ ئه‌ی بۆچی له‌م نیشتیمانه‌ی ئێمه‌دا، ڕێ به تلیاكفرۆش و له‌شفرۆش و ئوتێلی ڕووت و شه‌وی سوور و قومارخانه و مزگه‌وت و ... هه‌موو شتێ ده‌درێ، به‌ڵام ڕێ به كوردی نه‌ته‌وه‌یی نادرێ به‌ردێ بخاته سه‌ر به‌ردێ؟!
بزاڤ پرێس: بیری نه‌ته‌وه‌یی ئه‌لمانی(نازی) هیتله‌ر و بیری نه‌ته‌وه‌یی ئیتالی(فاشی) مۆسۆلۆنی و بیری نه‌ته‌وه‌یی توركی(تۆرانی) كمال ئه‌تاتوركی به‌رهه‌م هێنا، ئایا گره‌نتی چیه كه بیری نه‌ته‌وه‌یی كوردیش كه‌سانی هاوشێوه‌ی ئه‌وان به‌رهه‌م ناهێنی..؟!
حه‌كیم كاكه‌وه‌یس: كاكه ئه‌و پرسیاره هه‌ڵه‌یه و وه‌ڵامی نیه، چونكه بیری نه‌ته‌وه‌یی هی كورده نه‌ك ئه‌ڵمانی و ئیتالی و توركی. نازی بیری نه‌ته‌وه‌یی نییه، به‌ڵكو نازییه‌ته!! ئه‌وه‌ی له ئه‌ڵمانیا ناسیۆنالست بوو، بسمارك بوو كه ئه‌ڵمانیای یه‌ك خسته‌وه بێ ئه‌وه‌ی وه‌ك هیتله‌ر ده‌ستدرێژی بكاته سه‌ر جیهان. وا مه‌زانه بیری نه‌ته‌وه‌یی واتا كوردییه‌كه‌یه بۆ ناسیۆنالیزمی ئه‌وروپا، یا سۆسیال ناسیۆنالیزمی ئه‌ڵمانی. زاراوه‌ی ناسیۆنالیزم له ڕاستیدا، له دوای شۆڕشی فه‌ره‌نساوه له ئه‌وروپا قاڵبی گرت به‌ڵام هه‌ست و بیری نه‌ته‌وه‌یی، پێشتر، له سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دی خانییه‌وه به قه‌ڵه‌مدا، وه‌ك ئامانج داچۆڕاوه. بردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كورد بۆ شۆڕشی فه‌ره‌نسا یا نازییه‌ت، له ڕاستیدا هه‌ستكردنه به بچووكی. هه‌ندێ له ڕووناكبیرانی كورد، به‌رانبه‌ر هه‌رچی ناكورده، خۆیان به بچووك ده‌زانن بۆیه به چاوی سووك، كه چاوی داگیركه‌ره، له كورد ده‌ڕوانن. كاتێ به نه‌ته‌وایه‌تییه‌كه‌ی كورد ده‌ڵێی فاشی و نازی، واته ئه‌وه ڕه‌وای كورد نابینی پێش ئه‌وروپاییه‌كان، كاتێ ده‌رفه‌تێك بووه، داهێنانێكیان هه‌بووبێ. من و تۆ وه‌ك كورد بچووك نین و له هیچ كه‌س كه‌متر نین، ئیتر بۆ ده‌بێ به سووكی باسی نه‌ته‌وایه‌تی كورد بكه‌ین؟ ئه‌گه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی نیتشه و كاره‌كانی بسمارك بنه‌ما بووبن بۆ نازییه‌ت، له لایه‌كه‌وه، هیچیان بۆ كورد بنه‌ما نین و له لایه‌كی تره‌وه بنه‌مای نه‌ته‌وایه‌تی كورد ئه‌حمه‌دی خانی و دواتر حاجی قادریی كۆییه. تۆ بڵێی ئه‌و بنه‌مایه، كه له دوو سه‌رچاوه‌ی دینییهوهن، نازییه‌تی (كورد!!)ی له سه‌ر ههڵچندرێ؟!
ڕاسته كورد پێویستی به ئه‌تا كوردێك هه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ی ڕێ له دابه‌شبوونی كوردستان بگرێ، به‌ڵام هه‌مان ئه‌و گومڕاییه‌ی لایه‌نی ئیسلامی سیاسی به‌رانبه‌ر نه‌ته‌وایه‌تی كورد تووشی بوونه، ئه‌و ده‌مه‌ش له ناو كورددا باو بوونه، به‌ڵام له ناو توركه‌كاندا شتی وا نه‌بووه، بۆیه كه ئینگلیز ویستی چاره‌سه‌رێك بۆ میراتی عوسمانی بدۆزێته‌وه، ئه‌وه‌ی كردی ئاسانترین چاره‌سه‌ر و كهممهسرهفترین چاره‌سه‌ر بوو. نه مزگه‌وت و نه دین و نه هیچ هێزێك نه‌یده‌توانی تورك وا لێ بكا بێ وڵات بن یا دابه‌ش بكرێن و له بری ئه‌وه‌ی بڵێن: كوردستانی سووریا و توركیا و عیراق، بیانگوتبا: توركیای یۆنان و توركیای كوردستان... له كاتێكدا تورك دۆڕاوی یه‌كه‌می جه‌نگیش بوون. ئه‌تاتورك ئه‌وه‌ی كرد بۆیه ئێستا ئۆردوغانیش وێنه‌كه‌ی هه‌ڵده‌واسێ. به‌ڵام ئێمه حه‌سه‌ن خهیرییهكمان هه‌بوو هاوشانی ئه‌تاتورك بێ، كه‌چی ناردیان بۆ عوسبه‌تی ئومه‌م و گوتی: كورد ده‌وڵه‌تی ناوێ و ده‌مانه‌وێ برایانه له گه‌ڵ توركدا بژێین. ده بیخۆن عافێتتان بێ!...
ئه‌مه چ زاراوه‌یه‌كه (بیری نه‌ته‌وه‌یی له ئه‌ڵمانیا)؟! ده‌ته‌وێ كوردی ژێرده‌سته‌ی ٢٥ سه‌ده بێ ده‌وڵه‌ت بكه‌یته نازی؟! تۆبه و ئیستیغفار بكه كاكه! ئه‌گه‌ر به‌و حیسابه بێ، قسه‌كانی حه‌سه‌ن عه‌له‌وی ڕاست ده‌رده‌چن و ئیمامی عومه‌ر قه‌ومییه‌كی عاره‌ب بووه و عهدالهتهكهی بۆ عاره‌ب بووه. ئاخر ئه‌و جووی له سعوودیه ده‌رپه‌ڕاند. ئه‌وه عه‌داله‌ت بوو؟ ئه‌و مه‌سیحییه‌كانی ده‌ركرد. ئه‌و عه‌شره‌تی عاره‌بی بۆ یه‌كه‌م جار، له به‌سرا نیشته‌جێ كرد و ته‌عریبی كرد. ئه‌و ژنی ناموسوڵمانی عاره‌بی ئازاد ده‌كرد و ده‌یگوت: (فیهن عز العرب) كه‌چی ژنی ناعاره‌بی هه‌ر به كۆیله‌یی ده‌هێشته‌وه ئه‌گه‌رچی موسوڵمانیش بوایه‌ن. ئه‌و شیعه و سوننه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ له ئیسلام بۆته به‌ڵا، له‌وه‌وه سه‌ری هه‌ڵدا كاتێ سووكایه‌تی به كچه‌كانی یه‌زدگورد كرد و وه‌ك حه‌یوان له سه‌ر سه‌كۆیه‌ك هه‌ڕاجی كردن.
جا با به كاكی خۆم بڵێم: من ڕقم له سه‌رجه‌می عاره‌ب و ئوممه‌ی عاره‌ب نییه تا نازی و فاشی بم، به‌ڵام تۆ ڕقت له سه‌رجه‌می جووله‌كه‌كانه! من ته‌نها ڕقم له نه‌فه‌ره داگیركه‌ره‌كانه به‌ڵام تۆ ڕقت له منداڵی ناو بێشكهشیانه! من له نازییه‌وه نزیكترم یا تۆ؟! له خۆت ناترسیت ببی به نازی به‌ڵام ترست لێ نیشتووه كورد هیتله‌ر و نازی بخاته‌وه؟! له دژی كێ؟!
هه‌رچی سوپای تورك و عاره‌ب و فارس هه‌یه، له كاتی هێرشكردندا ده‌ستدرێژییان كردۆته سه‌ر ئافره‌تی كورد و ڕووسه‌كانیش كه‌میان نه‌كرد. توركه‌كان، له شۆڕشی ده‌رسیمدا، ده‌یان هه‌زار كوردیان كوشت و فڕهیاندانه ڕووباری موراده‌وه. ئه‌نفالی هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانیش هه‌ر باس مه‌كه. چی ده‌بێ ئێمه‌ش دوو سهرسهریمان هه‌بێ و نه‌ختێ نازییانه بیر بكه‌نه‌وه؟ خۆ كورد مهلایهكهت نین!
وه‌ك پێشتریش گوتم، ڕه‌گه‌زپه‌رستترین كورد تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی (وه‌ك من!!) نازی و فاشی بێ، به قه‌ده‌ر ئه‌ندامێكی حیزبی ژینگه‌ی سوید یا ئه‌ڵمانیا یا دانیمارك، به خاك و میلله‌تی خۆیه‌وه وابه‌سته نییه و شانازیشی پێوه ناكا! كاكه هیچ نه‌ما خۆتی بۆ ته‌رخان بكه‌یت ناوزڕاندنی كوردی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بێ كه ئه‌وپه‌ڕی ئاواتی ئه‌وه‌یه خاكی داگیر نه‌كرێ؟! ئاخر كورد میلله‌تێكی موسوڵمانه و بیركردنه‌وه‌ی ئاوهای هه‌یه بۆیه ٢٥ سه‌ده‌ی تریش هه‌ر ده‌بێ شانازی به شۆڕشگێڕێتی خۆیه‌وه بكات!!
گریمان كورد بوو به ده‌وڵه‌ت و به‌چكه نازییه‌ك حوكمی كرد. ئه‌وسا با وه‌ك هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی تری ناوچه‌كه، چوار ئه‌فسه‌ری ئینقیلابچی، ئینقیلابێكی به سه‌ردا بكه‌ن و ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌سته‌وه و په‌تی سێداره‌ش بۆ ئه‌و نه‌ته‌وه‌ییانه هه‌ڵخه‌ن كه دوور نییه ببن به ئه‌تا كورد! نا خه‌مت نه‌بێ، كورد نه ئه‌تا توركی لێ هه‌ڵده‌كه‌وێ و نه نازی و نه فاشی... كورد خۆی ئاماده‌ی كۆیلایه‌تییه و ئه‌و كۆیلایه‌تییه له ئاینیشدا نه‌دۆزێته‌وه، له فه‌لسه‌فه‌ی ماركسدا ده‌یدۆزێته‌وه... له‌وانه‌شدا نه‌بێ، له فه‌لسه‌فه‌دا به ئه‌نجامێك ده‌گا: كورد هیچی نییه و با به هیچیش نه‌بێ و سندانم لێی دا.
پێم خۆشه ئه‌وه‌ش بڵێم كه سه‌رچاوه‌ی نازییه‌ت خۆبه‌زلزانینه. نازیه‌كانی ئه‌ڵمانیا خۆیان به سوپه‌ر به‌شه‌ر ده‌زانی و هه‌موو دنیایان ده‌خسته خزمه‌تی خۆیانه‌وه. تۆ پێت شك دێ ڕۆژێ له ڕۆژان، له جێیه‌كدا قسه‌یه‌كی وام له باره‌ی كورده‌وه كردبێ؟! من هه‌میشه گوتوومه كورد زه‌لیل و ژێرده‌سته‌وه و ئه‌مه به پێی هیچ بیرۆكه‌یه‌كی مرۆیی ڕه‌وا نییه. واته، منیش وه‌كو تۆ كوردم به كه‌م زانیوه به‌ڵام جیاوازی من و تۆ له‌وه‌دایه كه جه‌نابت هه‌وڵ ده‌ده‌یت به بچووكی بمێنێته‌وه و منیش ده‌مه‌وێ چیتر بچووكی كه‌س نه‌بێ! ئه‌ڵمان به‌زلزانین و كورد به‌كه‌مزانین چۆن ده‌چنه‌وه سه‌ر یه‌ك؟!
بزاڤ پرێس: هۆكار چیه ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌ڵگری بیری نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیانن له‌گه‌ڵ هه‌ڵگرانی بیری نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌كانی تر دانویان ناكوڵێ؟!
حه‌كیم كاكه‌وه‌یس: ڕه‌نگه پرسیاره‌كه‌ت زۆر ورد نه‌بێ، چونكه ئاگام لێیه له سوید، سویدی دژه سامی و عاره‌بی ئیسلامی پێكه‌وه له لایه‌ن پۆلیسه‌وه ڕاو دهندران و ده‌گیران و ڕادیۆیان پێ داده‌خرا. ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌كانی سوید و ئیسلامییه‌كان هاوكاری یه‌كتر بوون له دژی جووله‌كه و ئه‌وه‌ش به گوێره‌ی یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌كانی سوید سهرپێچیكردنه. له سوید، نابێ سووكایه‌تی به قه‌وم یا دین یا زمان یا ڕه‌نگ و ڕه‌گه‌ز بكه‌یت و ئیسلامییه‌كان و ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌كانی سوید، ئه‌وه‌یان له دژی جووله‌كه ده‌كرد و ته‌نانه‌ت گۆڕی جوولهكهكانیشیان تێكده‌دا.
هه‌مان ئه‌و هۆكاره‌ی كه مهم و زینی به ئه‌حمه‌دی خانی نووسی. هه‌مان ئه‌و هۆكاره‌ی وای له جوو كرد ڕقی له ئه‌ڵمان بێته‌وه و وای له من كرد ڕقم له به‌عس و عاره‌بی ته‌عریب بێته‌وه، وا ده‌كا نه‌ته‌وه‌یی كورد (كه هه‌میشه مه‌نجه‌ڵێك یاپراغ به‌شیان ده‌كا!)، له بری هه‌موو كورد ڕقی له داگیر بێته‌وه. ئاخر كورد، به داخه‌وه، وه‌ك میلله‌ت له‌گه‌ڵ كۆیلایه‌تیدا ڕاهاتووه و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیش ده‌یانه‌وێ ئه‌و ڕاهاتنه‌ی لێ بشێوێنن و وای لێ بكه‌ن بۆ ئازادی خۆی تێبكۆشێت.
بزاڤ پرێس: موسڵمانان هاورده‌كردنی بیری نه‌ته‌وه‌یی بۆ ناو ئوممه‌تی ئیسلامی به یه‌كه‌م هه‌نگاو ده‌زانن بۆ په‌رتكردنی ئوممه‌ته‌كه‌یان تۆ چۆن له‌م هاوكێشه ده‌ڕوانی..؟
حه‌كیم كاكه‌وه‌یس: ئیسلام خۆی كه‌م په‌رت بووه؟ مه‌زه‌ب په‌رتبوون نییه؟ بوونی شیعه و سوننه په‌رتبوونی ئیسلام نییه؟ ئیسلام هه‌ر به‌وه په‌رت ده‌بێ كورد ببێ به نه‌ته‌وه‌یی! عاره‌ب ئیسلامیان خستۆته خزمه‌تی مه‌سه‌له قهومییهكهی خۆیانه‌وه و په‌رتبوون نییه. تۆ، یا ئه‌و موسوڵمانانه‌ی باسیان ده‌كه‌یت، گوایه ئه‌وه نازانن؟! با، ده‌یزانن به‌ڵام خۆیانی لی نه‌بان ده‌كه‌ن. ده‌بوو بنووسیت: هاورده‌كردنی بیری نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌تكردنی ئیسلامه!! تۆرانییه‌كان ئیسلام له‌ت ناكه‌ن. به‌عسییه‌كان خزمه‌تی ئیسلامیان ده‌كرد و ئێستا له‌گه‌ڵ جیهادییه‌كاندا له یه‌ك سه‌نگه‌ردان. مادام لایه‌نێكی نه‌ته‌وه‌یی باوه‌ڕی به خوا هه‌یه و به عومه‌ری كوڕی عه‌بدولعه‌زیز سه‌رسامه، ئیسلام له‌ت ده‌بێ. هه‌ر ئه‌وه‌ش مه‌به‌سته‌كه‌یه. توركی تۆرانی ئیسلام له‌ت ناكا و عاره‌بی شۆڤیه‌تی له‌تی ناكا، به‌ڵام كوردی نه‌ته‌وه‌یی كه هه‌تا ئێستا باوه‌ڕی بو خوا هه‌بووه، ئیسلام له‌ت ده‌كا. ئا ئه‌مه‌یه وا ده‌كا گه‌نجی كورد بچێ له دژی میلله‌تی خۆی جیهاد بكا... ده‌یكا، تا ئیسلام له‌ت نه‌بێ.
ئه‌م بۆچوونانه، زه‌ره‌ری زۆریان له ئیسلام داوه، ئه‌وجا زه‌ره‌ری كوشنده‌یان به قه‌ومێكی وه‌كو كورد گه‌یاندووه. هه‌ر ئه‌وه‌شه وا ده‌كا به به‌رچاومانه‌وه خه‌ڵكی زۆر له ئیسلام هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه و به دووی شتی تردا ده‌گه‌ڕێن. ئه‌وه ئه‌و جۆره بۆچوونانه‌ن له دژی ئیسلام خراونه‌ته كار... من و تۆ به ناوی ئیسلامه‌وه سووكایه‌تی به خه‌ڵك و نه‌ته‌وه بكه‌ین، به حیساب خزمه‌تی ئیسلام ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌بوو جه‌هل نه‌یتوانی ئه‌وه‌نده دژی ئیسلام بێ و ئه‌وه‌نده‌ش زه‌ره‌ری پێ بگه‌یه‌نێ. بۆ لایه‌نی قه‌ومی خه‌ڵكی ناعارهب ئاسووده نه‌كه‌ین؟! ئه‌وه‌ی به سه‌ر موسوڵمانانی بورمادا هات، به سه‌ر فه‌له‌ستینییه‌كاندا بهاتبایه هه‌ڵوێستی تۆ بێده‌نگی ده‌بوو؟ ئا به‌و شێوه‌یه وایان كردووه، ئیسلام بخرێته خزمه‌تی عاره‌به‌وه و قه‌ومه‌كانی تر، كورد یا بورماییه‌كان، چی‌یان لێ دێ موڵكی خوان!
ده‌مه‌وێ له كۆتاییدا ئه‌وه بڵێم كه هه‌رگیز وه‌ك ئه‌م سه‌رده‌مه له‌وه نهترساووم به هۆی هه‌ڵگرانی باوه‌ڕی ئیسلامه‌وه كورد زه‌ره‌رمه‌ند بێ. هه‌میشه گوتوومه: ئیسلا توركی كرده خاوه‌نی ده‌وڵه‌تێك كه له سێ كیشوه‌ردا ده‌سه‌ڵاتی هه‌بوو. ئیسلام فارسه‌كانی كرد به خاوه‌نی هه‌رچییه‌كی شانازی پێوه ده‌كه‌ن. ئه‌ی بۆچی بۆ كورد بۆته مایه‌ی ژێرده‌ستی؟! نابێ وا بێ. به‌ڵام له ناو پرسیاره‌كانی جه‌نابتدا هۆاكارهكه، كه ڕه‌گی زۆر قووڵه، خۆی ده‌رده‌خا: كورد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی لاوازه، خۆی ده‌كاته قوربانی هه‌موو دین و مه‌زه‌ب و ئایدۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه‌یه‌ك، به مه‌رجێ باسی كوردی تێدا بابه‌ت نه‌بێ! به‌رانبه‌ر ئه‌م میلله‌ته‌ی ئێمه، ئیسلامییه‌ك و كۆمۆنستێ هاوتان، ئه‌گه‌رچی ئێستا هه‌ڵوێستی زۆر له كۆمۆنسته ڕووناكبیره‌كان مایه‌ی شانازیشه. ئه‌ی بۆ ئیسلامییه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمۆنسته ته‌قلیدییه‌كان به‌ره‌یه‌ك له دژی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیان ناكه‌نه‌وه؟!
بهروار: 11/03/2014
بینین: 1878
|