حه‌یده‌ر عه‌بادی بۆگۆڤاری بزاڤ: پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌و به‌شێكی گه‌وره‌یه له‌سه‌روه‌ری عێراق
زانا حه‌مه‌غه‌ریب
باسی كۆبونه‌وه‌كانی ده‌كات له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌و گۆڕان
حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌دیدارێكی تایبه‌تی گۆڤاری بزاڤ وه‌لاَمی ئه‌و پرسیارانه ئه‌داته‌وه كه تایبه‌تن به‌كێشه‌و ململانێكانی نێوخۆی عێراق‌و سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی گروپه چه‌كدارییه‌كانی داعش‌و چۆنیه‌تی رووبه‌رووبونه‌وه‌یان‌و ئه‌و شكستانه‌ی كه‌رووبه‌رووی سوپای عێراق‌و هێزه ئه‌منیه‌كان بونه‌وه.
هه‌روه‌ها قسه له‌سه‌ر هۆكاری رێگه‌نه‌دان به‌ده‌ست تێوه‌ردانی ئه‌مریكا له‌رێگه‌ی هێزی ووشكایی‌و كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌رێم‌و به‌غدادو مه‌سه‌له‌ی بڕینی مووچه‌و بوودجه‌ی كوردستان‌و چه‌ند پرسێكی تایبه‌تی تر ده‌كات.
گۆڤارى بزاڤ: هه‌ست ناكه‌یت ئه‌وه‌ی كه له‌عێراق رووده‌دات رقی په‌نگ خواردووی خه‌ڵكیه، به‌تایبه‌ت له‌سه‌رده‌می نوری مالكی سته‌مێكی زۆر له‌ناوچه سونه نشینه‌كان كراوه‌و هیچ خزمه‌تگوزارییه‌كیان بۆ نه‌كراوه‌و به‌رده‌وام رووبه‌رووی گرتن‌و كوشتن بونه‌ته‌وه، جگه‌له‌وه‌ش جۆرێك له‌جه‌نگی مه‌زهه‌بیان به‌رامبه‌ر كرا، هه‌ربۆیه ئێستاش ئه‌وان هاوكاری داعش ده‌كه‌ن.
حه‌یده‌ر عه‌بادی: سه‌ره‌تا به‌ناوی خوای گه‌وره، من باوه‌ڕم به‌وه نیه كه‌ده‌ووترێت شه‌ڕی مه‌زهه‌ب‌و تائیفی له‌عێراق، ئه‌وانه‌ی ئه‌و قسانه ده‌كه‌ن ته‌نیا مه‌به‌ستیانه كه‌پشێوی‌و دووبه‌ره‌كی له‌نێو عێراقیه‌كان دروست بكه‌ن، ئه‌وه‌تا حكومه‌ت حكومه‌تێكی هاوبه‌شی نیشتیمانیه‌و هه‌مووان وه‌ك برا به‌شدارین له‌حكومه‌تدا، ئه‌گه‌ر ئێمه بمانه‌وێت له‌وولاَتێكی وێرانی دوای شه‌ڕ هه‌موو شته‌كان سه‌د له‌سه‌د بێت به‌بێ كه‌م‌و كوڕی ئه‌وه بۆچونێكی هه‌ڵه‌یه، به‌ڵكو ئه‌بێت به‌رده‌وام هه‌وڵی باش بوون‌و باشتر بوونی بده‌ین.
گۆڤارى بزاڤ: به‌لاَم زۆربه‌ی عێراقیه‌كان ده‌ڵێن 10 ساڵ حوكمڕانی دوای رزگاركردنی عێراق ته‌نها نه‌هامه‌تی‌و ماڵوێرانی پێ بووه‌و هه‌موو ئه‌و دروشمانه‌ی سیاسیه‌كان ده‌یان ووت پێچه‌وانه‌كه‌ی راست بوون‌و به‌ته‌واوی نا‌ئومێد بووین، ئێستاش به‌رێزتان وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق ئایا ئومێدتان پێیه یاخوود ره‌شبینی؟
حه‌یده‌ر عه‌بادی: به‌دڵنیایی هه‌مووان ئه‌وه ده‌زانین كه‌ڕووخاندنی ده‌سه‌لاَت‌و حكومه‌تێك به‌جه‌نگ چه‌ند ئه‌سته‌مه‌و سه‌رله‌نوێ دروست كردنه‌وه‌و بونیادنانه‌وه‌ی وولاَت‌و حكومه‌تێكی تریش كه له‌سه‌ر بنه‌مای دیموكراسی‌و ئازادی‌و مافه‌كانی مرۆڤ زۆر سه‌ختتره، به‌تایبه‌ت كه گه‌لانی عێراق 35 ساڵ له‌ژێر حوكمڕانییه‌كی دیكتاتۆرییدا بوون، له‌دوای رزگاركردنی عێراقیش له‌و ده‌سه‌لاَته به‌داخه‌وه عێراق رووبه‌رووی شه‌ڕی تیرۆر بویه‌وه، تیرۆریستان بوونه هۆی ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و خه‌ونانه‌ی هه‌رتاكێكی عێراقی هه‌یبوو له‌ناو بچێت، من له‌گه‌ڵ گله‌یی‌و ناڕه‌زایه‌تی هاوولاَتیانی عێراقم، به‌لاَم له‌گه‌ڵ نائومێدبونیان نیم، چونكه ئه‌بێت هه‌میشه گه‌شبین بین‌و له‌هه‌وڵدابین بۆ بنیادنانی عێراقێكی پێشكه‌وتو و تۆكمه‌و سه‌رده‌میانه، عێراقێك كه‌مافی هه‌مووانی تیادا ده‌سته‌به‌ر بێت به‌پشتیوانی خوای گه‌وره‌و عێراقیه دڵسۆزه‌كان.
گۆڤارى بزاڤ: كه‌واته ئه‌توانیت ئه‌و به‌ڵێنه بده‌یته عێراقیه‌كان كه‌عێراقی سه‌رده‌می به‌رێزتان عێراقی ئاشتی‌و ئاوه‌دانی‌و ئومێد ده‌بێت، ئه‌و كارنامه‌ی بۆ چوار ساڵی حكومه‌ته‌كه‌ت له‌به‌رده‌ستایه جێ به‌جێی بكه‌یت؟
حه‌یده‌ر عه‌بادی: به‌دڵنیاییه‌وه من بۆ ئه‌وه كارده‌كه‌م كه‌ئه‌جێنداو كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌م جێ‌به‌جێ بكه‌م، به‌ڵێنیش ده‌ده‌م ئه‌وه‌ی له‌توانامدا هه‌بێت به‌هاوكاری هاوكاره‌كانم له‌حكومه‌ت جێ‌به‌جێی بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی عێراق له‌م قه‌یران‌و ناڕه‌حه‌تیه‌ی كه‌پێیدا ده‌گوزه‌رێت رزگار بكه‌ین، بێگومان ئه‌وه‌ش كار‌و كاتی زۆری ده‌وێت، به‌لاَم من دڵنیایی ده‌ده‌مه هه‌مووان كه‌ئێمه لێره‌ین بۆ ئه‌وه‌ی عێراقێكی ئارام‌و پڕ له‌ئاشتی ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین‌و كێشه سیاسی‌و ئابوری‌و ناكۆكیه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
گۆڤارى بزاڤ: به‌رێزتان كاتێك پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقتان پێ‌سپێردراوه عێراق له‌جه‌نگێكی گه‌وره‌دابوو كه‌ئه‌ویش جه‌نگی داعشه، ئایا ئه‌م جه‌نگه نابێته هۆكاری راگرتنی ئه‌و پلان‌و به‌رنامانه‌ی بۆ كابینه‌كه‌ت داتنابوون، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی له‌ئێستادا باس له‌وه ده‌كرێت كه‌چه‌ندین گرفت‌و ململانێی سیاسی ناوخۆییت بۆ دروست ده‌كرێت؟
حه‌یده‌ر عه‌بادی: ڕاسته شه‌ڕه‌كه كاریگه‌ری خۆی به‌جێ ده‌هێڵێت، به‌لاَم هه‌وڵی ته‌واوه‌تی ده‌ده‌ین كه‌به‌زوویی به‌ره‌نگاریی ببینه‌وه‌و عێراق له‌و شه‌ڕه رزگاربكه‌ین، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش به‌پشتیوانی عێراقیه‌كان‌و به‌پشتیوانی سوپا‌و هێزه ئه‌منیه‌كان، به‌پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی‌و ئیقلیمی‌و به‌دڵنیایشه‌وه جارێكی تر سه‌ركه‌وتنی عێراق مسۆگه‌ر ده‌كه‌ینه‌وه، سه‌باره‌ت به‌ململانێی سیاسی هه‌تا ئێستا شتێكی له‌و جۆره نه‌هاتۆته پێش، وه‌ئه‌گه‌ریش بێته پێش به‌تووندی به‌رپه‌رچی ده‌ده‌مه‌وه، چونكه من كاتێك ئه‌و پۆسته‌م وه‌رگرتووه بۆ ئه‌وه‌بووه كه‌ململانێی سیاسی نه‌هێڵین‌و هه‌وڵی به‌ره‌و پێشبردنی عێراق بده‌ین، هه‌ركه‌س‌و لایه‌نێكیش به‌ربه‌ستمان بۆ دروستبكات به‌تووندی له‌ڕووی ئه‌وه‌ستینه‌وه.
گۆڤارى بزاڤ: باستان له‌پشتیوانی سوپا‌و هێزه ئه‌منیه‌كانی عێراقی كرد، ده‌پرسم كه ده‌بینین سوپای عێراقی بارودۆخی خراپ بوه‌و له‌زۆر شوێن توانای به‌رگرییان له‌ده‌ستداوه، چۆن ده‌توانرێت پشتیان پێ ببه‌سترێت، سه‌باره‌ت به‌پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تیش به‌رێزتان رێگرن له‌هاتنی سوپای ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانان بۆ عێراق؟
حه‌یده‌ر عه‌بادی: ڕاسته به‌هۆی ئه‌وه‌ی په‌لاماری تیرۆریستان له‌كتوپڕدا بوو، هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌وه‌ی عێراق له‌و ساته‌وه‌خته‌دا له‌ده‌ستاو ده‌ست پێكردنی ده‌سه‌لاَتدا بوو، بۆیه سوپا له‌هه‌ندێك شوێن تووشی شكست هات، به‌لاَم ئێستا به‌هاوكاری راوێژكارانی سه‌ربازی سه‌رله‌نوێ خه‌ریكی رێكخستنه‌وه‌ی سوپاین، هه‌روه‌ها پشتیوانی سه‌ربازیمان ده‌كرێت له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تی‌و له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا سوپای عێراق ده‌توانێت ناوچه داگیركراوه‌كان ئازاد بكاته‌وه، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌من رێگرم له‌هاتنی سوپای هاوپه‌یمانان من پێشوازی له‌هه‌موو هاوكارییه‌كی سه‌ربازی ئیقلیمی‌و نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌م، به‌تایبه‌ت هاوكاری چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌و هاوكاری ئاسمانی به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌هێزی ووشكانی من ده‌ڵێم پێویستمان نه‌به‌هێزی وشكانی ئه‌مریكاو نه‌هیچ وولاَتێكی تریش نیه، ئه‌وه سوپای عێراق‌و هێزه ئه‌منیه‌كانی عێراق‌و ئه‌و هێزانه‌ی له‌عه‌شائیره‌كان پێكده‌هێنرێن‌و رێكده‌خرێن شه‌ڕی تیرۆریستان ده‌كه‌ن‌و له‌هه‌ر بسته خاكێكی عێراق وه‌ده‌ریان ده‌نێن.
گۆڤارى بزاڤ: باستان له‌هێزی عه‌شائیره‌كان كرد، ئایا ئه‌مه نابێته‌وه هه‌مان هێزی سه‌حوه كه‌چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا ئه‌مریكاییه‌كان دروستیان كرد؟ ئایا ئه‌مانه نابنه میلیشای چه‌كداری؟
حه‌یده‌ر عه‌بادی: نه‌خێر، ئه‌مه هێزی خۆبه‌خش‌و عه‌شائیره‌كانن‌و دوای ئه‌وه‌ی رێكده‌خرێن وه‌ك هێزێكی نیشتیمانی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت‌و مه‌شق‌و راهێنانیان پێ ده‌كرێت، هه‌روه‌ها هه‌موو دیسپلینێكی سه‌ربازی فێرده‌كرێن.
گۆڤارى بزاڤ: سه‌باره‌ت به‌ڕۆڵی پێشمه‌رگه چی ده‌ڵێن، به‌تایبه‌ت له‌شه‌ڕی داعش؟
حه‌یده‌ر عه‌بادی: رۆڵی پێشمه‌رگه به‌رز ده‌نرخێنم، ئه‌وان قاره‌مانیه‌تی خۆیان تۆماركرد‌و به‌رپه‌رچی تیرۆریستانیان دایه‌وه، ئه‌وان به‌شێكی گه‌وره‌ن له‌سه‌روه‌رییه‌كانی عێراق، دروود بۆ رۆحی شه‌هیده‌كان ده‌نێرم، داواكارم له‌خوای گه‌وره شیفای برینداره‌كان بدات‌و پێیان ده‌ڵێم ده‌ستیان خۆش بێت‌و پێیانه‌وه سه‌ربه‌رزین.
گۆڤارى بزاڤ: به‌لاَم هه‌ندێك له‌سیاسیه‌كانی عێراق رۆڵی به‌رچاوییان هه‌بوو له‌دژایه‌تی كردنی پێشمه‌رگه؟
حه‌یده‌ر عه‌بادی: من وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رۆڵی ئه‌وان به‌رزده‌نرخێنم، هه‌ركه‌سی تریش چۆن قسه‌ی كردووه ئه‌وه خۆی له‌باشی‌و خراپی ووته‌كانی به‌رپرسیاره.
گۆڤارى بزاڤ: به‌ده‌ر له‌شه‌ڕی داعش كه له‌ئێستادا مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر عێراق، كێشه‌و ناكۆكیه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و به‌غدادیش قه‌یرانێكی كه‌م نین، به‌رنامه‌ی به‌رێزتان چیه بۆ چاره‌سه‌ركردنیان؟
حه‌یده‌ر عه‌بادی: به‌دڵنیاییه‌وه یه‌كێك له‌ئه‌وله‌وییه‌تی كاره‌كان چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم‌و به‌غداد ده‌بێت، ئه‌ویش به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌ستووری عێراقی، ده‌بێت هه‌موومان ئه‌و راستیه‌ش بزانین كه‌ڵه‌كه‌بوونی كێشه‌كان بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر كاتی پێویسته هه‌تاوه‌كو چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌دۆزرێته‌وه، به‌لاَم من داوام كردووه لیژنه پێكبهێنرێت‌و به‌دواداچوون بۆ كێشه‌كان‌و میكانیزمی چاره‌سه‌ره‌كان بكرێت.
گۆڤارى بزاڤ: له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو كێشه‌كان بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ره‌نگه یه‌كێك بێت له‌و كارانه‌ی كاریگه‌ری خراپی دروستكردووه لای تاكی كوردی، به‌جۆرێك رقێكی گه‌روه دروست بووه له‌به‌رامبه‌ر به‌غداد بۆ ئه‌مه‌یان چی ده‌كه‌ن؟
حه‌یده‌ر عه‌بادی: وه‌ك ووتم من له‌گه‌ڵ بوونی كێشه‌دا نیم‌و به‌تایبه‌تیش له‌دژی بڕینی مووچه‌ی هاوولاَتیانم، ئه‌وه‌ی له‌رابردوو روویداوه به‌هۆی لێك دووركه‌وتنه‌وه‌و قوڵ بونه‌وه‌ی ململانێ‌و ناكۆكیه‌كانی نێوان هه‌رێم‌و به‌غداوه بووه، به‌لاَم ئه‌وه‌ی ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌مووانه له‌ئێستادا نزیك بونه‌وه‌مانه، یه‌كگرتنمانه، هه‌نگاونانمانه به‌ئاراسته‌ی چاره‌سه‌رو دڵنیایی ده‌ده‌مه هه‌مووان هه‌موو كێشه‌كان له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا چاره‌سه‌ر ده‌بێت‌و به‌م نزیكانه بوودجه‌ی ساڵی 2014 ده‌نێرینه په‌رله‌مان.
گۆڤارى بزاڤ: به‌شێك له‌ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی خوولی پێشوو باس له‌وه ده‌كه‌ن كه‌به‌رێزتان یه‌كێك بوون له‌وانه‌ی به‌رده‌وام توندی‌و دژایه‌تیت نواندووه له‌به‌رامبه‌ر بوودجه‌ی هه‌رێم؟
حه‌یده‌ر عه‌بادی: نه‌خێر، به‌و شێوه‌یه‌ش نه‌بووه كه‌هه‌ندێك باسی لێوه‌ده‌كه‌ن، به‌لاَم ئه‌وكات من ئه‌رك‌و به‌رپرسیاریه‌تیه‌كم هه‌بووه‌و له‌وه‌ی ئێستام جیاواز بوو، ئێستا من سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقم‌و ئه‌بێت به‌یه‌ك چاو ته‌ماشای عێراقیه‌كان بكه‌م، له‌سلێمانیه‌وه بۆ به‌سره به‌بێ جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی‌و مه‌زهه‌بی‌و تائیفی، وه‌هه‌وڵ بده‌م هه‌موو تاكێكی عێراقی خۆشگوزه‌ران بێت.
گۆڤارى بزاڤ: به‌ڕێزتان دوای وه‌رگرتنی متمانه وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق سه‌ردانی شاری سلێمانیتان كرد ئه‌و سه‌ردانه‌تان بۆچی بوو؟
حه‌یده‌ر عه‌بادی: به‌دڵنیایی سه‌ردانه‌كه‌م بۆلای جه‌نابی مام جه‌لال بوو، وه‌هه‌واڵ پرسینی ته‌ندروستی شاد بوون به‌دیداری به‌ڕێزیان بوو، چونكه به‌رێز مام جه‌لال یه‌كێكه له‌و شۆرشگێڕانه‌ی ته‌مه‌نی خۆی به‌خشیوه‌ته عێراق‌و منیش وه‌ك ئه‌ركی سه‌رشانم ئه‌و سه‌ردانه‌م ئه‌نجامداوه، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی هه‌ر له‌و سه‌ردانه‌دا چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كی گرنگمان ئه‌نجامدا له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتیمانی‌و بزوتنه‌وه‌ی گۆران.
گۆڤارى بزاڤ: له‌داوی سه‌ردانه‌كه‌ی به‌رێزتانه‌وه بۆ سلێمانی ئه‌وه روون بویه‌وه كه‌ره‌نگه به‌رێزتان نه‌تانه‌وێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ببن، ئه‌گه‌رنا بۆچی سه‌ردانی هه‌ولێرتان نه‌كرد له‌كاتێكدا په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت له‌و شاره‌یه‌و ئه‌كرا له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دیدارتان هه‌بوایه نه‌وه‌ك نوێنه‌ری حیزب؟
حه‌یده‌ر عه‌بادی: نا، ئه‌وه ته‌نیا گومانه‌و راست نیه، من سه‌ردانه‌كه‌م وه‌ك ئاماژه‌م پێدا بۆ هه‌واڵ پرسینی جه‌نابی تاڵه‌بانی بوو، هه‌رله‌وێش چه‌ند دیدار‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ك سازكرا، پێویست بوو زوو بگه‌رێمه‌وه به‌غداد چونكه هه‌مووان ده‌زانین كه له‌ئێستا عێراق پێویستی به‌ئێمه‌یه‌و له‌به‌رئه‌وه‌ش نه‌متوانی سه‌ردانی هه‌ولێر بكه‌م‌و له‌ئه‌جێندای سه‌فه‌ره‌كه‌شدا نه‌بوو، دواتر هه‌ركام له‌و به‌رێزانه‌ی كه‌من بینیومن له‌هه‌ر پارتێكی سیاسی بن بێگومان به‌شدارن له‌كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و پێگه‌و سه‌نگی خۆیان هه‌یه له‌كایه‌ی سیاسی‌دا، سه‌باره‌ت به‌چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان به‌غدادو هه‌رێم من وه‌ك پێشتریش وه‌لامم دایه‌وه ئێستا لیژنه رێكده‌خرێن بۆ ئه‌و كاره، ئیتر لیژنه‌كان به‌دواداچوون بۆ هه‌موو كێشه‌كان ده‌كه‌ن‌و هه‌رگیزیش خۆم له‌كێشه‌كان ناشارمه‌وه‌و ئه‌بێت چاره‌سه‌ریان بكه‌ین.
گۆڤارى بزاڤ: ئه‌كرێت بزانین ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌كه چی بوو، باس له‌وه ده‌كرێت كه كۆمه‌ڵێك راسپارده دراوه‌ته به‌رێزتان بۆئه‌وه‌ی جێ‌به‌جێیان بكه‌یت؟
حه‌یده‌ر عه‌بادی: له‌كۆبونه‌وه‌كان جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه‌ده‌بێت به‌هه‌موومان به‌ره‌نگاری داعش بینه‌وه‌و له‌عێراق بیانكه‌ینه ده‌ره‌وه‌و ئارامی بگێرینه‌وه بۆ عێراق، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی باسی چۆنیه‌تی میكانیزمی كاركردنمان كردوه به‌ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان به‌غدادو هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی نه‌وت‌و بوودجه‌و مووچه‌و ماده‌ی 140 و چه‌ند پرسێكی تر، ئیشه‌لا له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكیشدا چاره‌سه‌رییان بۆ ده‌دۆزرێته‌وه.
به‌روار: 18/12/2014
بینین: 2111
|