میژووی جیهان
  بەرکوڵە مێژوویەك لەسەر میسر و رووداوەکانی ..
ماکوان کەریم

پێغەمبەر(صلی للە علیە وسلم) دەفەرموێت(استوصوا بأهل مصر خيرا) واتا وەسێتان بۆ دەکەم بەرانبەر بە خەڵکی میسر باش بن..
لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت کە بۆ دەبێت بەرانبەر خەڵکی میسر باشبین؟
لەبەر ئەوەی میسر تاڕادەیەك ناوەندی هەموو جیهانە خەڵکێکی خاوەن ژیارو رۆشنبیری تێدا هەڵکەوتوە، بەدرێژای مێژوو لەسەردەمی فیرعەونەکانەوە خاوەنی شارستانیەتی تایبەتی خۆیان بوون ناوی هیچ وڵاتیك لە قورئان نەبراوە تەنها میسر نەبێت هەشت جار باس کراوە بە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ؛ لە هەموو سەردەمێك دا گرنگی تایبەتی هەبووە، هەموو پێغەمبەران دەبێت گرێبدرێنەوە بە میسرەوە هەر لە ئیبراهیم و یوسف تا موسا و ئینجا پێغەمبەری خۆمان –سەلامی خوا لە هەموویان بێت- تەنانەت محمد لە بنەڕەتدا میسریە و لە نەوەی ئیسماعیلە کە دایکی هاجرە خاتونە لە بنەڕەتدا میسریە، پاشان خێزانی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) ماریەی قیبتیە (ئیجبتیە) واتا خەڵکی میسر هەموو بە ئیجبتی هەژمارد دەکرێن.
کەواتە لە رووی ئاینیەوە پێگەو تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەموو زانایانی ئیسلامی و مەسیحی و تەنانەت جولەکەش جیاوازیان هەبوو لە گەڵ زانایانی تری دنیادا هەمیشە پێشکەوتوو بوون لە رووی فیکرو فەرهەنگەوە، ئەگەر بڵێم لە هەموو وڵاتانی ئیسلامی زیرەك ترن لەوانەیە زیادەڕۆیم نەکردبێت، لە کاتێکدا خاوەنی "ئەزهەرە" و پاشان خاوەنی کەنیسەی ئەسکەندەریەی لاهوتیە لەشاری ئەسکەندەریە کە مەرجەعی کەنیسەی شەرقیە لەدوای نەمانی قوستەنتەنیەدا، لە دوای رووخانی خیلافەتی ئیسلامی بۆ داڕشتنەوەی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی یەکەم وڵات بوون کە سەر لە نوێ شۆڕش و گروتینی ئیسلامی بخەنەوە ناو خەڵکی لە ڕێگای ڕێبەری گەورەی ئیخوان موسلمین شەهید "حەسن بەنا" و پاشان داڕشتنەوەی فیکری حاکمیەت لە لایەن شەهید" سەید قوتب". ئەمە تاڕادەیەك باسێکی ئاینی ئەو وڵاتە بوو کە کاریگەری لەسەر هەموو جیهان هەیە..
لە رووی کۆمەڵایەتیەوە میسر وڵاتێکی ناوازەیە، پێکهاتەی زۆری لە خۆ گرتوە فەرهەنگی زۆر جیاوازی تێدایە زۆر بە دەگەمەن رۆشنیری شارێکی لە شارێکی تری بچێت، هەر لە سەردەمی "کلێوپاتراوە" و پاشان "فسفسیانەوە" تادەگاتە "شەجرەتولدورە" خاوەنی تایبەتمەندی بووە لە هیچ گۆمەڵگایەکی ترنەچوە تەنانەت زۆربەی دابو نەریتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەفریقا وبەشێکی زۆری ئەروپا لە میسرەوە سەرچاوەی گرتوە هەر لە ژنهێنان و ناونانی منداڵ و مامەڵەکردن لەگەڵ دراوسێ و خەڵکی بە گشتی..تاد.
لە رووی سەربازیەوە چەندجار نەخشەی هەموو دنیای گۆڕیوە، ئەگەر میسر سەردەمانێك بووە جیهانی ئیسلامی هەمووی سونی مەزهەب بوون، بەڵام کە میسر بووە سەنتەری دەوڵەتی فاتمی بۆ دواجار هەموو جیهانی ئیسلامی لەمسەر بۆ ئەو سەر توانرا دەسەڵاتی شیعەی تێدا بڵاو بکرێتەوە تەنها هەندیك شوێنی کەم نەبیت، بۆ نمونە لە مۆریتانیاوە تا فەڵەستین شیعەی عوبیدی فەرمانڕەوای دەکرد، لە کەنداوی عەرەبەوە واتا لە باشوری ئێستای ئێران تا دەگاتەوە خەواریزم شیعەی ئیسماعلی فەرمانڕەوای کردوە، پاشان عێراق و بەشێکی زۆری ئێران نەوەکانی سامان و نەوەکانی بوهەئی فەرمانداری بوون، خیلافەتی عەباسی تەنها رەمز بووە تەنانەت زۆر جار لە ڕێگای شیعەیەکی وەك ئەلقەمی فەرمانڕەوای کراوە، یەمەن تاکو مککەو مەدینە شیعەی قەرامیتەو زەیدی دەسەڵاتیان هەبووە، بەڵام کە سەلاحەدینی ئەیوبی لەگەڵ شێرکۆی مامی دەسەڵاتی فاتمی لە ناو دەبەن لە سەردەمی "عازدا" دەیکەنە مەزهەبی ئیمامی شافعی ئیتر بۆ دواجار لە میسرەوە نەخشەی جیهان دەگۆڕن شیعە تا سەردەمی سەفەوەی هیچ دەسەڵاتێکی نابێت، لە دوای ئەوەی کە سەلاحەدین لە میسرەوە سوپا ئامادە دەکات بۆ جەنگی "حەتین" ئەوا نەخشەی خاچدروشمان لە جیهاندا گۆڕانکاری بەسەردا دێ تەنانەت لەسەردەمی "نەجمەدین ئەیوب"دا پادشای فەرەنسا "لویسی حەوتەم" بە دیل دەگرێت ئیتر بۆ سەد ساڵ خاچدروشمان خۆیان بۆ کۆناکرێتەوە، چونکە لە میسرەوە سەرچاوەی گرت، پاشان لە جێگایەکی تردا بە ناوی "عین جالوت" میسر توانی لە سەردەستی سەرکردەی بەناو بانگی "سەیفەدین قوتز" هەموو سوپای تەتار لە ناو بەرێت "کەتبوغەنوین" بکوژێت بە دەستی "جەمالدینی ئاقمیشی کورد" کە بۆ دواجار تەتار و مەغۆل نەیانتوانی سەردەربهێننەوە لەکاتێكدا هەموو جیهان لەبن دەستیاندا بوو، ئەویش سەرچاوەکەی میسر بوو توانی بیگۆرێت، خیلافەتی عوسمانلی تاکو کۆنترۆڵی میسری لەبەردەستدا بوو لەوپەڕی هێزو دەسەڵاتدا بوو هیچ کەس نەیدەتوانی نزیکی بکەوێت کە سوڵتان "سەلیمی قانونی"و "مـحمد بەربەرۆسی" لە ڕێگای کەناڵەکانی ئەسکەندەریەو دیمیاتەوە توانیان هەموو ناوچەکان بپارێزن لە سوپای فرنجەو نۆرمان، پاش ئەوەی کە محمد علی پاشای ئەلبانی توانی شۆڕشێکی گەورە دژی عوسمانلی بکات و ڕێکخراوی گەورەی جیهانی بە ناوی "ماسۆنی" پشتگیری کردو هاتنی ناپلیۆن بۆ میسر توانرا نەخشەی هەموو جیهانی ئیسلامی بگۆڕێت، پاشان فیکری عەلمانی بڵاو بکرێتەوە دوای ئەو "خدێوی ئیسماعیل" و ئینجا مەلیکەکان و بەتایبەت "مەلیك فاروق" و "جەمال عەبدولناسرو و ئەنوەر سادات و محمد حووسنی موبارەك" کە نزیکەی ٢٥٠ساڵ توانیان نەخشەی هەموو جیهانی ئیسلامی بگۆڕن فیکری ئیسلامی تاڕادەیەك سڕ بکەن ئەو ماوە دوورودرێژە ئەوان لەمیسرەوە ئاراستەی هەموو جیهانی ئیسلامیان دەکرد بە بەرنامەو ئاراستەی رۆژئاوایی، تەنانەت لە ساڵەکانی شەست دا زۆر بە دەگمەن موسڵمانی پابەند دەردەکەوت لە جێگاکاندا بەهۆکاری بیری هاوردەی عەلمانی و هزری نەتەوەچێتی، ئیسلام زۆر لاپاڵ و جەدوە کەوتبوو، هۆکارەکەی ئەوە بوو میسر ئاراستەی هەموو چواردەوری دەکرد، بەڵام ئێستا سەرلەنوێ لە دایك بوونەوەیەکی تر لە میسر دەستی پێك کرد بە شۆڕشی (یەنایەر) ناسراوە واتا (مانگی کانونی دووەم) یاخود "تەحریر" یان بە هاری عەرەبی هەرچەندە ناوی زۆری لێدەنرێت، بەڵام بە گشتی لە دوای دوو سەدە لە دایك بوونەوەیەکی نوێ دەست پێدەکات کەسەرەتای شۆڕش ئیسلامیەکانی میسر دەستیان پێکرد، بەڵام ئیخوان لەسەرەتادا هیچ تەبەنی نەکردو خۆی نەکردە خاوەنی ئەویش لە زیرەکیەکی بێ وێنە دەبوو، چونکە ئەوان ئەزمونی ٨٠ ساڵیان لەبەرچاو بوو ئەگەر شۆڕشەکە بزانرایە لە سەرتاوە سەرکەوتو نەدەبوو باش دەیانزانی قەسابخانەیەکی وەك بەشار ئەسدیان بۆ دروست دەکرا، بەڵام بەچەند رۆژێك لە هاتنە دەرەوەی خەڵکی لە مەیدانی تەحریری ئەو وڵاتە کە زیاد لە ملیۆنێك خەڵك بەشداری کرد ئینجا ئیخوان موسلمینی میسر بە سەدان لیژنەی دروست کرد بۆ خۆپیشاندانەکان کە بەشێوەیەکی زۆر ئیداریانە رێکیانخست و لە هەموو لایەکەوە ئیخوان ئاراستەی دەکرد، راستە لایەنکانی تری ئەو وڵاتە دەستیان لە ئاراستەی خۆپیشاندانەکاندا بوو بەڵام پشکی زۆر بەر ئیخوان دەکەوێت دەستی تەواوی هەبوو لە ئاراستەکردنیدا و زۆر بە سیستەماتیکانەو ئۆرگانیانە ئاراستەیان دەکرد، تەنانەت توانیان کاریگەری لەسەر سوپای میسر دروست بکەن کە بەهیچ شێوەیەك دەست وەرنەدەنە ناو دەزگاکانی، تەنانەت پشتگیر سەرۆکی پێشوی حوسنی موبارەك بەهیچ شێوەیەك نەکەن خۆیان لەو شەڕە بپارێزن، لەڕاستیدا سەرکەوتنێکی زۆر ناوازەیان بەدەست هێنا، لەگەڵ ئەو هەموو لەمپەرانەی خرانە بەدەم ئیخوان موسلمین و سەلەفیەکان و حیزبەکانی تری ئیسلامی، بەڵام زۆر سەرکەوتوانە توانیان خۆیان دەرباز بکەن.
لە کۆتایدا هەموو شەیتانەکانی دوونیا کۆبونەوە لەگەڵ شەیتانەکانی ناوخۆ بۆ لەناوبردنی ئەم دەستکەوتەی شۆرشی بەهاری ئیسلامی لە میسردا ، تا ئیستاش بەردەوامە بە سپۆنسەری فیرعەونی سەدەی ٢١ سیسی.
به‌روار: 17/05/2015
بینین: 1392